سەرۆکەکان نازانن کە سەرۆکن!!!

Sunday, 24/01/2010, 12:00

1404 بینراوە


سەرۆکەکان نازانن کە سەرۆکن!!!

کەمال چۆمانی
[email protected]
سەرۆکەکانمان نایانەوێ لە فۆڕمی سەرۆک یان ئەندام مەکتەب سیاسیی حیزبەکەیان بێنە دەرێ. هێشتاش زۆرجار مامەڵەکردنیان وەک سەرۆک حیزبە یا وەک ئەندام مەکتەب سیاسییە زیاتر لەوەی وەک سەرۆک کۆمار، سەرۆک هەرێم، سەرۆک حکومەت و سەرۆک پارلەمان بێ.
بەبۆنەی دامەزراندنی رۆژنامەی کوردستانی نوێ و کەناڵی ئاسمانیی کوردستان، سەرۆک کۆماری عێڕاق جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەم سالح و سەرۆکی پارلەمانی کوردستان کەمال کەرکوکی، نامەی پیرۆزباییان ئاراستەی کەناڵەکانیان کرد.
پیرۆزباییکردن لە ناوەندە حیزبییەکان و رۆژنامە و ناوەندە میدیاییە حیزبییەکان، ئەگەر بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر ئاسایی بوبێ، بۆ ئێستایەک ئاسایی نییە کە باس لە بەدامودەزگاییبونی دەزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێڕاق ئەکرێ. ئەمڕۆ لە کوردستاندا هەر رۆژنامە، گۆڤار و تەلەفزیۆنی حیزبیی نییە. بەڵکو، رۆژنامە و گۆڤاری ئەهلی و ناحیزبییش بونیان هەیە. ئەمە پێشێلکارییەکی پڕئاشکرای مافی هاووڵاتییبونی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، چونکە ئەوان تەنها پیرۆزبایی بۆ ئەوانە ئەنێرن کە سەر بە خۆیانن نەک بە چاوێکی یەکسان تەماشای هەمووان بکەن.
بۆ ئەوەی هەمووان هەست بەوە بکەن جەلال تاڵەبانی سەرۆک و نوێنەری هەمووانە لە بەغدا، ئەبێ بە یەکچاویش سەیری هەمووان بکا لە کوردستان. تاڵەبانی لە دوا بەیاننامەی سەرۆکایەتیی کۆماردا ئەڵێ "کاتێک ئەچمە بەغدا جلە کوردییەکانم فڕێئەدەم و سەرکردەیەکی عێڕاقیی ئەبم." ئەی چۆنە لە هەرێمی کوردستان ناتوانێ سەرۆکی هەمووان بێ و لێرەش جلە حیزبییەکانی خۆی فڕیبدات؟
مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمە. ئەگەر خۆی وا دابنێ و وا خۆی نیشانبدات خاوەنی گوتاری نەتەوەییە، ئەوا ئەبێ لە واقیعیشدا رەنگدانەوەی ئەمە هەبێ. رۆژنامە و گۆڤارە ئەهلییەکانی کوردستان، لە هەمو دەزگا، ناوەند، رۆژنامە، سەتەلایت و گۆڤارەکانی سەر بە دو حیزبەکە، نەتەوەییتر، نیشتیمانییتر، مرۆڤدۆستتر، شەفافتر، پڕۆفێشناڵتر و راستگۆترن. ئەبێ ئەگەر جارێک پیرۆزبایی بۆ دەزگایەکی میدیایی حیزبیی بنێردرێت، ئەوا ئەبێ دە جار پیرۆزبایی بۆ ناوەندە ئەهلییەکان بنێردرێت.
کەمال کەرکوکی سەرۆکی دەزگایەکی ئەوەندە گرنگە کە ئەبێ لە هەمووان زیاتر بەرپرسانە ئیشبکا. ئەو سەرۆکی پارلەمانە. ئەو لە دەزگایەکدا سەرۆکە، کە نوێنەری هەمو چین و توێژێک و هەمو ئایدۆلۆژیا و دینێکی تێدایە. کەواتە نابێ جیاوازی لەنێوان سەتەلایتی سپێدە، پەیام، کەی ئێن ئێن و کوردستان تیڤی بکا. نابێ جیاوازی بکا لەنێوان رۆژنامە یا گۆڤارێکی ئەهلی و رۆژنامەی کوردستانی نوێ.
بەرهەم سالح وا خۆی نیشانئەدا کە تەکنۆکراتترین و یەکسانخوازترین سەرۆک حکومەتێکە تا ئێستا هەرێمی کوردستان بە خۆیەوە بینیبێ. قسەی ئێمە لەسەر ئەوە نییە کە ئەوە رونبکەینەوە ئەو تا چەند توانیویەتی وابێ، بەڵکو ئەگەر وایە بۆچی پیرۆزبایی لە کەناڵێکی حیزبیی ئەکا و رۆژنامەیەکی ئەهلی پشتگوێ ئەخا؟
ماوەی رابردو، رۆژنامەنوسێکی کورد کە دەستەی دامەزرێنەری رۆژنامەی هاووڵاتییە و ئێستا بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئاوێنەیە، خەڵاتی جوبران توینی کە یەكێکە لە خەڵاتە گەورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ساڵی 2006ەوە یەكێتیی ڕۆژنامەنووسانى دنیا، ساڵانە خەڵاتێك بەناوى ئەو ئەداتە ئەو نوسەر و رۆژنامەنوسانەی‌ كە لە رۆهەڵاتی ناوەڕاست ‌و باكوری ئەفەریقادا داكۆكی لە ئازادیی رۆژنامەگەریی ئەكەن، وەرگرت. باشە ئەی ئەویش هەر هەمان هاووڵاتیی ئەو وڵاتە نییە، بۆچی ئەو بەڕێزانە پیرۆزباییەکیشیان بۆ ئەو نەنارد؟
لە چەند رۆژی رابردودا، زیاد لە 30 رۆژنامەنوس و نوسەری کورد لە تورکیا لەگەڵ راگەیاندنکارە تورکەکان کۆبونەوە. لەناو ئەو چەند نوسەر و رۆژنامەنوسەدا، هیچ دەزگایەکی ئەهلی تێدا نەبو. لە کاتێکدا، زۆرێک لەوانەی لەوێ بەشدار بون، نەیانئەزانی چەند پارتیی سیاسیی لە تورکیادا هەیە!!
ئەبێ میدیای ئەهلی چ دوژمنایەتییەکی لەگەڵ سیاسییەکانی ئەو وڵاتە هەبێ لەکاتێکدا زۆربەی ئەوانەی لەگەڵ میدیای ئەهلی و ئازاددا ئیشئەکەن، کەسانی نەتەوەپەروەر، خاوەن رابردوی پاک، نیشتیمانپەروەر، لێهاتو، دڵسۆز بۆ گەل و کارامەن لە کاردکردندا.
خۆزگە هەمومان وەک عومەری کوڕی خەتاب بیرمان ئەکردەوە. ئەو قسەیەکی پڕمانا ئەکا "رەحمەتی خوا لەو کەسە بێ کە عەیبەکانم بە هەدیە بۆ دێنێتەوە."
لە کوردستاندا ئەمە رێک پێچەوانەیە. سەرکردەکانی وڵاتی من هیچ حەزیان لێنییە عەیبەکانیان پێبگوترێ. زۆرێکیش قسەکەی ئیمامی عومەر پێچەوانە ئەکەنەوە.
پیرۆزبایی ناردن بۆ دەزگا راگەیاندنەکان، هیچ سودێکی بۆ کەس نییە. ئەو دەزگایانە بودجەیەکی زەبەلاحی ئەو گەلە ئەبەن. پێویستە سەرۆکەکانمان هەست بەوە بکەن لە چ ئاستێکەوە پیرۆزبایی ئەنێرن. ئەوان ئەبێ سەرۆکی هەمووان بن.
بەکورتی، ئەبێ ئەوان بزانن کە سەرۆکن. سەرۆکیش نەک هی حیزب، بەڵکو هی شوێنێک کە گەل ئەوانی بردۆتە ئەوێ.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە