چیرۆکەکانی چیا، مردنی دایکێک و کۆرپەکەی لە بێدەنگی شەودا (چیرۆکی ژمارە ١)

Sunday, 20/10/2013, 12:00

2517 بینراوە


چیاکە هێندە بەرز بوو، ڕێبەرەکەمان زوو زوو دەیووت هێندەی نەماوە هەر لەم گەلیە بەسەرکەوتین ئیتر شۆڕدەبینەوە بۆ ناو ئاوایی، لەوێ دەتوانین پشوی درێژ بدەین و خۆمان تێرکەین، ئەمەی بەر لە جێهێشتنی چەند گەلییەک پێووتین،

برسێتی و تینوێتی هەڕەشەی لێدەکردین، دەتووت یەکەمین جارە لەو دۆڵ و چیایانە وەربووین، کە بەنان و ئاو دەگەیشتین ئیتر بیرمان دەچۆوە چیمان لێ بەسەرهاتوە؟ چەندە پێویستیمان بەنان و ئاو بوو لەو سەفەرەدا؟ ئارەق ڕشتنێکی زۆر تر و گەیشتنمان بەگەلیەکی تر و داونی تر، بۆڵە بۆڵی کەسانێک لەناو ڕێچکە خوار خوێچەکەماندا هێندەی تری ماندوو کردبووین، هاوڕێیەکمان هاواری کرد "ئامان دەست لە ئەستێرەکانەوە نەدەن " هەموومان دەستمان کردە پێکەنین، ئاخر هێندە بەرز ببوینەوە بەڕاستی خەریک بوو دەگەشتینە ئاسمان . کە شۆڕبوینەوە لە ناو قەدی چیاکەدا دارچناری بەرزمان دی ئەوە مانای هەبوونی ئاوە کانیەک کە بەیاخیبوونی خۆی لەو ناو بەردەڵانەدا بۆ ڕێبواران هەڵقوڵابوو، مێژووی ئەم کانییە چەندە؟ داخۆ لەتەقینە گەورەکەوە یە کە زەوی لەهەناویدا دروست بووە ئەمیش بڕیاری داوە لێرە هەڵقوڵێ یان نا؟ گەرما پڕوکێنەکە چۆن ووشکی نەکردوە؟ داخۆ لەکوێوە سەرچاوەی گرتوە؟ کێ ناڵێ لەبەهەشتەوە نەهاتوە و لێڕە بۆ هەتا هەتایە هەواری هەڵنەداوە؟
من یەکەمین کەس بووم گەیشتمە سەر کانێکە دارێکی درێژی ڕێکیان لەناو قەدا قاش کردبوو هەڵیان کۆڵیبوو ئاوەکە بەناویدا دەهات و گوزەری دەکرد دەورو بەری کانییە سەوز بوو بەگیاکەڵە، منیش دەستەکانم درێژکرد تا ئاوەکە ماچ بکەم مارێکی قورس بەسەر هەردوو دەستما خۆی خشاند، من بیرم چوبۆوە، کە پێشمەرگەم، لەجێی خۆم ووشک بووم و بومە پەیکەرێکی ڕەق هەڵهاتوو، تا مارە گەورەکە ڕۆیست من هەر ئاوڕم دەدایەوە بۆلای مارەکە، ئەویش وەک من لە منی دەڕوانی و سەری دانەوان و بەسنگە خشکێ ڕۆیشتە ناو بەردەڵانەکە . من هەر تاسابووم، بیرم کردەوە داخۆ ئەو مارە پێوەی بدامایە چی دەبوو؟، بەر لەوەی تینوێتییەکەم بشکێنم دەمردم و دەبومەشەهیدێک بۆخاتری ئاو .
ئاو خورایەوە دەستمان کرد، بە یارییکردن بەئاوەکە، هێڵنجمان دا و مەتارەکانمان پڕ کردووە لەئاو، هەندێک نانە وردە لێرەو لەوێ لە ناو کۆڵە پشتەکانماندا هەبوو بەئیشتیهاوە خواردمان . ڕێبەرەکەمان پێی ووتین، ئیتر من دەگەڕێمەوە و جێتان دەهێڵم، نەڕۆن تا خۆر ئاوابوون گوندەکە لێمانەوە دیار نەبوو، بەڵام زۆریش دورنەبوو، سەرەو خوار ڕۆیشتن کارێکە سانایی، دووبارەی کردەوە : ئامان نەڕۆن، بۆ ئەوەی پایگاکە خومپارە نەگرێتە ناو ئاوای . پایگایەکی زەبەلاح لە بەرزییەکەوە دەبینرا و بەسەر ئاواییدا دەیڕوانی، ئێمەش وامان کرد ماینەوە تا دەمەو ئێوارەیەکی درەنگ لەناکاو بینیمان جوتیارێک هات لەناو ئاوایەوە، بە هێواشی پێی ووتین ئادەی کوڕینە بە دومدا وەرن، هەوڵ بدەن بێدەنگ بن، گەر بێدەنگ نەبن ئەوە لە پایگای پشتی ئاوایەوە بەدۆشکا تەقە لە ناو ئاوایی دەکات، تائێستا چەند کەسی لێ داغان کردووین و چەند ووڵاخە بەرزەشی کوشتووە . چەندین جار ڕیش سپی ئاوای چۆتە لایان و پێی ووتوون لەم ئاوایە دا پێشمەرگە نییە و دەزانن ئێوە هەن ڕوو لێرەناکەن . گەر کەسێکیش دوور و نزیک ببینن بەشەو ئەوە شوانە، یان ماڵات بزر بووە ئەویش بەدوویدا دەگەڕێت، بۆخاتری پەڕەکانی قورئان ئیتر تەقەمان لێ مەکەن و ماڵمان ووێران مەکەن.
بەناو کەندەڵان و دۆڵێکدا شۆڕبووینەوە، هەرچۆنێک بێت گەیشتینە ناو ئاوایی، گوندەکە زۆر گەورەنەبوو، بەڵام چڕی دارە گەورەکانی ماڵەکانی لەخۆیدا شاردبۆوە . ئەم ناوچەیە زۆرتایبەت بوو، چونکە فرە ئاینی تێدا بوو هەر بۆیە هیچ میوانێک کە دێتە ئەم گوندانە ڕوو لە مزگەوت ناکەن بۆمانەوە، جێگەیەک بۆ هەموو میوانەکان دیاری دەکەن، کە تێیدا بمێنێتەوە، ژمارەی ئێمە زۆر نەبوو، بۆیە دوای خواردنی نانی ئێوارە بەخۆمان و بەتانیەک یان لێفەیەکەوە بۆ ئەو سەربانە گەڕاینەوە کە لەچەپەکی ئاوایدابوو، سەربانێکی گەورەبوو نەمان زانێ داخۆ ئەم خانوە چییە؟ چونکە لەناو خانوەوکەدا پاشماوەی ژیانی تێدا نەبوو، تەنها سەربانێکی خوارو خێچ بوو دوو باگردێنی لەسەربوو لولەی زۆپایەکیش دەبینرا، چونکە ئەو کاتەی ئێشکم دەگرد بۆ دڵنیابوون بە نوکی شەوڕێکەم تاقیم کردەوە، خەڵکی ئاوایی پێیان ووتین تکاتان لێ دەکەین بەر لەوەی زەردە بدات دەبێ ئێرە چۆڵ بکەن، ئێمەش ووتمان باشە، زوو هەریەکەمان جێگەیەکی گرت و ڕوومان لەئاسمان کرد و لەسەر گازارای پشت لێی کەوتین، ئەو ڕۆژە بە تەواوەتی ماندووبووین شەوی پێشتریش هەر بەڕێوە بووین بۆیە ئیتر لەتواناماندا نەبوو زیاتر بڕۆین پشودانێک لێرە زۆر واتاداربوو بۆمان و تاڕادەیەکیش لەترسی شەڕ لەگەڵ دوژمن رەویبووینەوە، جێگەکەش جێگەیەک بوو شیاو بوو بۆ بەرەنگاری، دەزانین شەوی هاوین ئەستێرەکان وات لێ دەکەن کەسەیریان بکەیت، بەتایبەتی لەم تاریکستانییەی کە لە شەوی دەیجور دەچێت، بۆیە وات لێدێت بەچرکەش چاو نەتروکێنیت، ڕاستە ئێمە ڕێگەمان زۆر بڕی بوو بە ناو ترسا هاتبووین لە پەنا ترسێکی گەورەتردا ڕاکشابووین، کە پایگا نزیکەکەی پشتی ئاوایی بوو، بەڵام ئەستێرەکان لەوشەوەتاریکەدا وەک باخچەیەکی پڕ لە مرواری سەرە تاتکێان لەگەڵ دەکردین، من نازانم چۆن چاوم لێکنا و خەوتم نازانم، بیرمە مارەکەی هاوڕێشم لەگەڵما خەوت، بەڵام دڵنیای کردم گەر من ئەو ئازار نەدەم ئەویش هیچ ناکات، هەردوکمان سەیری ئەسترەکانمان دەکرد، هاوڕیەکەم هێواش بەئاگای هێنام کە کاتی ئێشک گرتنم هاتوە، ڕاچڵەکیم شیروان پێی ووتم ئەوە چیبوو بەدەم خەوە قسەت زۆر دەکرد . ووتم چیم ووت؟ ووتی بەڕاستی نازانم ئەو چوو لە جێگەکەی ڕاکشاو منیش تاقمی فیشەکدانەکەم بەست و تفەنگەکەم لەسەر کۆشم دا تۆزێک خۆم کشانەوە و بەکاوەخۆ هەستام بەتانێکەم کۆکردەوە شەوڕێکەم لەپێکرد و هێواش هێواش بەسەربانەکەدا دەهاتم و دەچوم لەناکاودا لەناو یەکێک لەماڵەکانەوە لۆکزێک داگیرسا دوای گوێم لە دەنگی زۆرتربوو، شەو دەنگ زۆرتر دەڕوات، من چاوم لە ناو ئاوای نەتروکاند . یەکێک لە شێوەی ڕاکردندا بۆلای ئێمە هات منیش چومە خوارەوە لایەکی سەربانەکە لەگەڵ زەوییەکە ڕێک بوو، چومە تاریکێکە، زانیم خەڵکی ئاوایە دەنگم نەدا، نهێنی ئەو شەوەمان "هاوڕێ جەبار" بوو، من بەرەو دەنگە چووم، پیاوێکی گەنج بوو، لایتێکم لەدەم وچاوی دا ووتم خێرە، ووتی کاکە گیان ژنەکەم منداڵی دەبێت دەبێ بڕۆم بۆ ئەو ماڵانەی خوارەوە پورە ی مامان بانگ بکەم . بەخێرای بەناو دارستانەکەدا شۆڕ بۆوە و لە چاو وون بوو . بیرم کردەوە ئێستا منداڵێکی تر دێتە ناو ئەو دنیا جەنجاڵەوە دەبێتە هاوڕێ ترس و قەدەر، منداڵان لە سکی دایکیاندا ناترسن، من قەت نەم بیستوە منداڵ لە سکی دایکیدا ترسابێت، یان لەخەمی پەیدا کردنی نان دابێت، ئەو لەبەهەشدایە و لەناو سکی دایکیدا وەک پاشایەک ژیان دەکات، بەڵام کە دێتە دەرێ ئیتر چیرۆکی پەرستن و نان و ترس وسەرماو گەرما و کۆچ دەست پێدەکات، کە منداڵ لە ماڵە خۆشەکەی سکی دایکیدا دێتە دەرێ ئیتر هەتیو دەکەوێت، دوایی ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان دەوری دەدەن و نایەڵن ژیان بکات، بەتایبەتی لەجێگەیەکی ئاوادا، کە تژیە لەترس و ڕووداو . نازانم بۆچی ئەو شەوە هەربیرم لەلەدایک بوون و ژیانی دوای ئەو منداڵە دەکردەوە، بۆ پێشبینی چیرۆکی ناخۆشم دەکرد . نازانم چەندی پێچوو، قیژەیەک بێدەنگێکەی گەورەترکرد، ئەم گوندە چارەنوسی وابوو دەبوو جگە لەترس دەنگ لەکەسەوە نەیەت، سەگەکانیش ڕاهاتبوون بێدەنگ لەبەرخۆیانەوە دەقروسکانەوە، ئەوت گوندی ناو فلیمێکی ترسناکە . کەسێکی تر دوانی تر سیانی تر هاتن بەرەو ڕوایان چوم . من ویستم بڵێم پیرۆز بێت ئەو کۆرپە تازەیە بۆ دنیا جەنجاڵەکەی ئاوای و نیشتمانە داگیرکراوەکەمان . بەرلەمن پیاوێک کە غەرقی ناو هەنسک و فرمێسک ببوو ووتی دایکەکە مرد "ئامین " مرد کوڕەزاکەم بێ دایک جێما کوڕە تاقانەکەم بێ هاوسەربوو، نازانم بۆ لەخەمی منداڵەکەدا بووم ووتم خاڵۆ گیان ئەی منداڵەکە چۆنە؟ سەلامەتە؟ ووتی خوا ڕەحم بکات نازانم، هیچ نازانم ژنەکان بەدیاریەوەن، وا ئێمە بەر لەوەی کوڕەکەم بێتەوە لەئاوایی خوارەوە دەچین گۆرێکی بۆ هەڵدەکەنین . هاوڕێکانم هەموویان هەستان گوندەکە پڕبوو لەدەنگ چەند پیاوێک بەرەو گۆڕستانی ئاوای ڕۆشتن . دنیا خەریکبوو ڕوونتر دەبۆوە لە کاتێکی وادا نەمان دەزانی چی بکەین چۆن هاوبەشی ئەم کۆستە گەورەیە بکەین؟ یان نەکەین؟ لەگەڵ ئەم گوندەدا، دەشێ پایگای پشتی ئاوای بزانن ئێمە لێرەین چۆن لولەی تاوانەکانیان بکەنە ئێرە ئەم پایگایە زۆر نزیک بوو لە سەربازخانە گەورەکەوە کە بەرەکانی شەڕی ئێران عێراق بوو . بۆیە گەر لێرە بدرایە لە چاوتروکانێکدا پڕ دەبوو لەسەرباز و لەجیاتی ژنێک دەیان مرۆڤی تر دەکوژن . ئێمە بۆخاتری ئەوەی هیچ ڕوو نەدات خەریکی بەستنی ڕێچکەیەک بووین بەرەو ئاوایی خوار تر، کە پاش کەمێکی تر دەڕۆین، ژنێک هات کۆرپەکەی بە باوەشەوە بوو، هێنای بۆ ناو قەرەباڵغێکە، ئەوت شانۆیەکە ڕێک خراوە، مرۆڤ هەمیشە ڕووداو فێری شتی دەکات ژنەکەی کۆرپەکەی لە باوەشدابوو کە گۆشتێکی ڕووتبوو لە جاجمێک پێچرابوو، ژنەکە ووتی "ئەمیش مرد ئەم نایەوێت دایکی تەنها بێت "، ئەمیش مردو دایکی جێ نەهێشت، ئاها ڕۆح لەگیانیدا کۆچی کردووە . بەڕێگەوە بووین، ئەڕۆیشتین لەبەرخۆمە ووتم خۆزگە دایک و کۆرپەکەیان لەناو یەك گۆڕ دەناشت . کۆرپەیەک بێناونیشان لە گوندێکی تەنراو بەترس لە سکی دایکی هاتە دەرەوە و گیانی دەرچوو کاتێک زانی ناتوانێت شیری مەمکی دایکی بخوات، ئەو واهۆگری دایکی ببوو نەی وویست بێ دایکی ژیان بکات . زۆر دورکەوتینەوە خۆرەکە لێی دەداین ڕێچکەکەمان بەردەوام بوو، هەموومان باسی چیرۆکی لەدایک بوونێکی کۆرپەکەو مردنی دایکە بەسەرمنداڵەکەوە داگیری کردبووین.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە