بەیاننامەی کۆمەڵێ پێشمەرگەی دێرینی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بەریتانیا

Monday, 31/01/2011, 12:00

2798 بینراوە


کۆمەڵی پێشمەرگەی دێرینییەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کاتێکدا کە خاکی کوردستان داکیرو دابەشکرا و کەرامەتی تاکی کورد و سەروەرییەکانی پێشێلکرا ،لەکاتێکدا کە بنەماڵەی بارزانی ئاشباتاڵیان بە شۆڕش کرد ولولەی چەکەکان سەروخوار کرانەوە ، خوێندکاران و ماموستایان و کرێکار و جوتیارانی ئەم گەلە قارەمانە کۆڵنەدەرە بەڵێنیان بە کوردستان دا کە بەخوێنی گەشیان بە هێزی بازوویان بە پتەوکردنی یەکێتی ڕیزەکانی گەل هەمو سنورەکانی دوژمنان ئەبەزێنن و لەو واقیعە تاڵە کە بەعسییەکان سەپاندیان بە سەر ووڵاتەکەماندا یاخی دەبن ، دەستە دەستە پۆل پۆل گەنجەکانی کورد چونە شاخ و چەکی بەرگرییان کردە شان و پێشمەرگە دروست بوو ،ڕێکخستنەکانی ناو شار پەیتا پەیتا خوێنی تازەیان بە شادەماری شۆڕشدا ئەبەخشی ، ڕۆژانە ژمارەمان زیادی ئەکرد ،هەرچەندە زیندانەکانی بەعس و ژوری لە سێدارەدان ببونە شوێنی شۆڕشگێرنی گەلەکەمان ،بەڵام ئازایەتی ئەوان وورەی زیاتریان دەبەخشییە پێشمەرگە 
دوای دەرچونی بەیاننامەکەی بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بەو قەیرانە ترسناکەی کوردستان ،هەردوو حیزبی دەسەڵات یەکێتی و پارتی خۆیان سازدا بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە شەخسییەکانی بنەماڵە (نەک میللەت) دەیان تەفسیری ناعەقڵانییان لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا بڵاوکردەوە ،کە بوەتە جێگای گاڵتەجاڕی خەڵک . ئەوەی کە بەلای ئێمەوە جێگای سەرنج بوو کە هەڵوێستەیەکی لە سەر بکەین ، بەکارهێنانی پێشمەرگەدێرینەکانە بۆ بەرگری لە خۆیان و ڕاکێشانی عەگف و سەرنجی ئەوانە ،لە ڕووی ئیعلامیشەوە ،هەردوو حیزبی دەسەڵات هەمو توانای ژەهراوی خۆیان خستوەتە گەڕ بۆ ناشرینکردنی ناوەرۆکی بەیاننامەکەی بزوتنەوەی گۆڕان .
ئێمە کۆمەڵی لە پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بەریتانیا پشتگیری تەواوی خۆمان دوبارە ئەکەینەوە بۆ ناوەرۆکی ئەو بەیاننامەیە و جەماوەری گەلەکەشمان دڵنیا ئەکەینەوە کە ئێمە و کوردانی ئەم ووڵاتە و هەمو ئەوروپا پاڵپشت و سەنگەرێکی تری ئەوانین لە دەرەوەی ووڵات ، هەر لەم ساتەوە بەیانننامەکەی بزوتنەوەی گۆڕان تەرجەمە ئەکەین و پێشەکشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەم ووڵاتەی ئەکەین بۆ دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی دەسەڵاتدارانی کوردستان بەتایبەتی تاڵەبانی و بارزانی کە ئیدعای دیموکراتی و قبولکردنی ئۆپۆزیسێون دەکەن وبەم شیوەیەش ڕوبەڕوی داواکارییە ئاساییەکانی خەڵک دەبنەوە.
ڕێزی زۆرمان بۆ برایان سەنگەرمان پێشمەرگە دێرینەکان ،ئەوانەی کە ساڵەهای ساڵ خەباتیان کرد لە پێناوی ئازادی و سەرفرازیدا .داواتان لێ ئەکەین کە سەروەرییەکانمان بپارێزن و مەیەڵن ئەم دزو جەردانە ئێوە بە کاربێنن و سوکتان بکەن لە بەرجاوی کۆمەڵانی خەڵکدا ،چیتر ئەم وەزعە قبوڵ مەکەن و بە فیتی وەستا فاروق و جەمیل هەورامی مەچنە سەر شەقامەکان وبە چەند دۆلارێک ناوی پیرۆزمان لەکەدار مەکەن ، ئێمە ماسی بوین و جەماوەریش دەریا کەواتە با شوێنی خۆمان بزانین و دەوری سەربەرزانەی میژوییمان درەوشاوەتر بێ ،
سەرکەوتوبێ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان
ڕاپەرین و ڕاماڵینی ئەم دوو بنەماڵەیە بکەنە ئامانجی سەرەکیتان
بژی جەماوەر بژی پێشمەرگە
٣١ ١ ٢٠١١
لەندەن
کۆمەڵی پێشمەرگەی دێرینییەکێتی نیشتمانی کوردستان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە