وەڵامێک بۆ ئیبراهیم جەلال، نووسەرى کتێبى (چەپکێک لە مێژووى کۆمەڵە)

Monday, 25/02/2013, 12:00

3308 بینراوە


نووسەرى کتیێبى ((چەپکێک لە مێژووى کۆمەڵە)) لە پێشەکى کتێبەکەیدا لاپەڕەى 9 ى کتێبە کەیدا زۆر ڕاشکاوانە هەموو ئەو خاڵە گرنگ و الزامیانەى باس کردوە کە ((ابن خلدون)) بە پەیڕەوێکى دروستى زانیون بۆ ئەو کە سانەى کە هەڵدەستن بە نوسینەوەى مێژوو، یان پێیان دەوترێت نوسەرى مێژوو.
کە دەبێت ئەو کەسەنە ئەم مەرجانەى تێدا بێت:-
- شارەزاى سیاسەتى ئەو ماوەیە بێ،کە مێژووەکەى دەنوسێ.
- شارەزەى بارودۆخى ئەو وڵاتە بێت کە مێژوەکەى لە سەر دەنوسێ.
- بێ لایەنانەو نوسەرى ڕاستى ڕووداوەکان بێت.
- باش بە باشى و خراپ بە خراپ هەڵسەنگێنێ.
- نەترس و خۆ بەرپرس زان بێت بەرامبەر مێژوو.

دەمانەوێت بڵێین، ئەو پێشەکیەى (ابراهیم جەلال) خۆشبەختانە زۆر ڕستەى جوان وشاوى تێدایە کە قسەى دڵى ئێمە بوو لە بارەى جەنابیەوە بیکەین بۆ ئەوەى بیرى بخەینەوە کە دەبوو لە نوسینەکەیدا هەموو ئەمانەى بپاراستایە و هاوکات خزمەتێکى باشیشى بە وەڵامەکەى ئێمە کرد، چونکە ئەمە بۆخ ۆى ئەو گومانانە دەڕەوێنێتەوە کە جەنابیان لە دەرەنجامى بێ ئاگاییەوە هەستاون بەم چەواشەکارییە بۆیە بەو سیفەتەى کە جەنابی شکور کەسێکى بە فعلى پێشمەرگە بووە ، بە ئاگابووە لە مێژوو هەر هیچ نەبێت دەبوو ئەو پێوەرانەى سەرەوەى وەک نوسەرێک بپاراستایە....؟
ئێمە زیاتر لە ناو شتە گشتیەکاندا نامێنینەوە، خوێنەر سەرقاڵ ناکەین، بۆیە ڕاستەوخۆ دەچینە سەرناوەڕۆکى وەڵامەکە،کە لەو بەشەى کتێبەکەیدا خۆى دەبینێتەوە کە پەیوەستە بە شەهیدکردنى شەهیدێکى قارەمانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان کە ئەویش شەهید (مام ئاراسە)، بەداخەوە ئێمە درەنگ (چەپکێک لە مێژووى کۆمەڵە) مان بینى، بەڵام هێشتا درەنگ نیە بۆ ڕاستکردنەوەى ئەو چەواشەکاریانەى کە مێژووى پێ دەشێوێنرێت و چەپکەکانى مێژووى شۆڕشى گەلەکەمان و ڕۆڵەکانى بێ هەستکردن بە بەرپرسیارێتى بە خوێن پێ ئاودەدەن ...!
ئێمە هەم وەک بنەماڵەى شەهید مام ئاراس، هەم وەک بنەماڵەیەکى بە ڕابردوو و ئێستاو داهاتوشمانەوە ئەندام و دۆستى(حسدک) بەئەرکى سەرشانى خۆمان زانى. ئەوەندەى باسەکە پەیوەندیدارە بە ئێمەوە وەڵاممان هەبێت و ڕیگا نەدەین هیچ کەسێک لە پێناوی بەرژەوەندى خۆیدا مێژووى شەهیدەکانمان و حزبمان و گەلەکەمان بشێوێنێ.
بۆیە وەڵامەکەمان لە چەند خاڵێک دەخەینە ڕوو:

نووسەر لە لاپەڕەى 125ى کتێبەکەیدا هەستاوە بە نووسینى کورتەیەکى مێژوویى لەسەر (پارتى سۆسیالیستى کورد) (پاسۆک) بەدیدى خۆى بۆ خەبات و سیاسەت شرۆڤەى خەباتى ئەو حزبەى کردووە ...!
دواتر لە دوو دێڕى کۆتایى لاپەڕەى 126 دێتە سەر ڕووداوەکانى ساڵى 1981ى شۆڕش و باس لە ڕووداوێک دەکات، وەک خۆى نووسیویەتى و ده‌ڵێت:
(لە دواى نیوەى ساڵى 1981 دا،سەرەنجامى هەست نەکردن، بە لێپرسراوێتى بەرامبەر مێژوو، دوا ڕۆژ هەڵە یەک لە ڕابەرە سیاسیەکانى یەکێتى و پاشان چارەسەر کردنى هەڵەش بە هەڵە لە لایەن پاسۆکەوە نەک هەر گرژى کەوتە پەیوەندى نێوانیان، بەڵکو هەر لەو کاتەوە تا ساڵى 1988 کە سەرەتاى هەنگاونان بوو، بۆ پێکهێنانى بەرەیەکى کوردستانى، لە سەنگەردا بون دژى یەک) .

تا ئێرە ئەگەر مەبەستى جەنابتان لە(پاسۆک) بێت ئەوا قسەیەکمان نیە و پێویست بە وەڵام ناکات لەلایەن ئێمەوە، بەڵام لەو جێگایەوە کە چەوەشەکارى دەستپێدەکات پێویستە بەئاگا بێیتەوە و بزانیت ڕاستیەکان خۆیان دێنە زمان.

باسەکەش بەدێڕى چوارەمى لاپەڕە 127 دەستپێدەکات تا دەگاتە پەڕەگرافەکانى ترى پێش کۆتایى. بەم شێوەیە نوسیویەتە:
(ڕووداوەکە بریتى بوو لە.کوشتنى چەکدارێکى پاسۆک بەناوى مام ئاراس (یاسە هەتیوو)، لە لایەن ڕابەر سیاسى هەرێمى قەرەداغ (مەبەست هەرێمى قەرەداغی یەکێتى یە).کە لە شارەوە ڕاپۆرتێکى بۆ هاتبوو لە سەر مام ئاراس کە سەر بە ڕژێمە و لە ناوچەکەدا جاسوسى بەسەر یەکێتییەوە دەکات)).

هەر بە بینینى ناوى شەهید مام ئاراس تێدەگەین لەوەى کە جەنابت نەک هەر شارەزاى مێژووى ئەو ماوەیەنیت کە مێژووەکەیت نووسیوە نەشتتوانیوە بێ لایەن و به‌ به‌رپرسیاریێتییه‌وه‌ بەرامبەر بە مێژوو وەک خۆت لە سەرەتاى کتێبەکەتدا ئەمانەت بە گرنگ زانیوە...؟ لە هەموو شى گرنگتر نەتتوانیوە ڕاستگۆ بیت بەرامبەر گێڕانەوەى ڕاستى ڕووداوەکان ، بە داخەوە ئەمە خاڵى جەوهەرى نووسەرى بوێرە.

- ئێمه‌ ده‌ڵێین به‌ڕێزتان شارەزاى مێژووەکە نیت : چونکە شەهید مام ئاراس جێگرى فارماندەى هەرێمى سێى شارباژێڕى حزبى سۆسیالیستى کوردستانى ئەو کاته‌ بوو، کە دەبێتە حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستانى ئێستا، نەک پارتی سۆسیالیستى کورد (پاسۆک) ، بە تەنهاش نەبوو، بۆیە پێمان باشە بۆت ڕون بکەینەوە کە ئەو ڕووداوە (بەداستانى سۆیلەمیش) ناسراوە. رووداوه‌که‌ش ئاوا بوو:

لە ئێوارەى 7-10-1981 لە گوندى سۆیلەمیش کە دەکەوێتە ڕۆژ ئاواى شارۆچکەى سید سادق، مام ئاراس و شەش پێشمەرگەى قارەمانی(حسدک) دەکەونە کەمینی مەفرەزەکانى یەکێتى و لە بەرە بەیانى 8-10-1981 کە هاوکات دەبێت بە یەکەم ڕۆژى جەژنى قوربانى پیرۆز بە شێوازێکى نا مرۆڤانە و دوور له‌ کلتورى کوردانە و ئاینیانە شەهیدیان دەکەن، مەگەر تەنها خەڵکى ئەو گوندە بتوانن سیناریۆى ئەو ڕووداوە وەک خۆى بگێڕنەوە و هەڵسوکەوتى پێشمەرگەکانى یەکێتى باس بکەن دواجاریش لەلایەن خەڵکى گوندەکەوە تەرمى پیرۆزى مام ئاراس و پێشمەرگەکانى کە دەکاتە حەوت شەهید دەبرێنە گۆرستانى حاسڵ لەنێوان گوندى سۆیلەمیش و حاسل بە ئەمانەت خاک دەسپێردرێن و دواتر لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە وەک دیارى دەستى برا پێشمەرگەکانیان و جەژنانەى دەستى غەدر و تاوان دەهێنرێنەوە بۆ گردى سەیوان و بەخاک دەسپێردرێنەوە.

کاک برایم جه‌لالی مێژوونووس دەتوانێت بۆ وەرگرتنى ڕاستی زیاتر لە سەر ڕووداوەکە سەردانێکى گوندى سۆیلەمیش و گوندەکانى دەوروبەرى بکات و مام ئاراس و ئەو پۆلە شەهیدەی پێ بنا سێنێنن و ووردەکارى زیاتری بۆ باس بکەن .
هەروەها لە پەڕەگرافێکى تردا زۆر بە ناشرینى باسى لە شەهیدکردن و کەسایەتى مام ئاراس دەکەیت و نوسیویەتە: (کوشتنى چەکدارێکى پاسۆک بەناوى (مام ئاراس) یاسە هەتیوو...).
ئێمه‌ دەپرسین ئاخۆ لەکاتى نوسینی ئەم دێڕەو ئەم تەعریفانەدا بۆ کوڕێکى لاوى کورد لەتەمەنى 25 ساڵیدا بووە قوربانى بۆ ئەم خاکە ئارەقەى شەرم و شورەیی جەستەو عەقڵى بە ئاگا نە هێنابێتەوە...؟
ئێوه‌ ووشەى (چەکدارت)ان بۆ مام ئاراس بەکار هێناوە، بەڕێز ئێمە نازانین جەنابت چەکدار بویت یان نا...؟ پێویستە بزانیت لە ڕووى زمانەوانیەوە دەشێت ووشەى (چەکدار) بۆ پیاوکوژێک، دزێک، چەتەیەکیش بەکار بێت نەک بۆ پێشمەرگەیەک، مام ئاراس و هەر لاوێکى ترى کورد کە چەکى نایە شان و چووە شاخ خەباتى کرد و سنگى خۆى کرد بە قەڵخان بۆ بەرگریکردن لە خاک و نیشتیمان و نەتەوەکەى هەرگیزا و هەرگیز ناشێت و ناگونجێت پێیان بوترێت چەکدار،چونکە ئەوانە بەحەق پێشمەرگە بون نەک چەکدار. هه‌مان وشه‌ی چه‌کدا رژێمه‌کانی یه‌ک له‌ دوای یه‌کی عیراق به‌ پێشمه‌رگه‌یان ده‌گووت و بۆ سووککردنی بزووتنه‌وه‌ و شۆڕشی کورد هه‌مان وشه‌ و پێناسه‌یان بۆی ده‌کرد.
لە هەمان پەڕەدا و دێڕى تەواوکەرى وەسفە بە ویژدانەکانتان، ناوى شەهید مام ئاراستان بە (یاسە هەتیوو) ناوبردووە.
دەپرسین ، ئاخۆ هەتیووى عەیب و شورەیی و شەرمەزارییە؟! ئەگەر وایە خۆ بە هەزاران رۆڵەى ئەم نیشتمانە بەدەر لەوەى بەدەستى ڕژێمى دیکتاتۆرى عێراق هەتیوکران ، لەئەنجامى خۆپەرستى و شەڕى براکوژى هەتیوکران و بیبەش کران لە نازى دایک و باوک، ئایا لێرەشدا هەردەبێت هەتیوەکان شەرمەزاربن ...؟
بەڵێ بەشانازیشەوە دەڵێین ڕاستە مام ئاراس بە هەتیوى گەورە بووە و دایکى بە نانکردنى ماڵان بەخێوى کردوە، جێگاى فەخر و شانازیە بۆ مام ئاراس و ئێمە و هەڤاڵەکانى و حزبەکەشى کە گەنجێک بەو شێوەیە گەورە بێت، بەڵام لێوان لێو بێت لە کوردایەتى و دڵسۆزى و ئازایەتى، بەڵام ئەوەى شەرمەزارە ئەو کەسانەن کە دەستیان بە خوێنى کوڕێکى کوردی وەها سور کرد ، لەوانەش شەرمەزارتر ئەوەیە مێژووەکەى بشێوێنرێ و هەوڵى ناوزڕاندن و کەمکردنەوەى ڕۆڵى بۆ بدات ، بەدرووستکردنى بوختان و ناونانى ناشرین یاخود گەمەى ناونان بە سەروەریەکانى شەهیدێک بکات. بەڵام ڕەنگە ئەم سلوکەى وەک ئەندامێکى کاراى کۆمەڵە دەرەنجامی ئەو بارودۆخە سایکۆلۆژیە نا جێگیرە بێت لاى هەندێکتان کە لە ڕووداوەکانى شەڕى براکوژیدا هەمیشە لە بیرى قوڵکردنەوەى ئاڵۆزییەکان و دروستکردنى بیرى تۆڵەسەندنەوەدا بووبن بەرامبەر مام ئاراس، یاخود ویستى سڕینەوەى ڕووداوەکانى پێشترى نێوان مام ئاراس و سەرکردەیەکى باڵاى کۆمەڵەدا بێت، کە ئومێد دەکەین جەنابتان وەک شارەزایەکى مێژووى ئەو سەردەمە، بوێرێکى خۆ بەبەرپرس زان بەرامبەر نەوەکانى داهاتوو ئەو ڕووداوانەش بۆ مێژوو تۆمار بکەن.
لە بەشێکى تردا نووسیوتە : ڕاپۆرت بۆ ڕابەر سیاسى هەرێمى قەرەداغی یەکێتى هاتووە گوایە مام ئاراس سەر بە ڕژێمە و لە ناوچەکەدا جاسوسى بە سەر یەکێتیەوە دەکات.
بە ڕاستى دەبوو ئەم بەشەتان بە ویژدانەوە بنوسیایە، یان بەڵگەتان هەبوایە بۆ تۆمەتبارکردنى شەهید مام ئاراس، چونکە مام ئاراس ئەو پێشمەرگەیە بوو کە چەندین گەنج و ئافرەتى گەڕەکى چوارباخی لە ڕیزی ڕێکخستنەکانى (حسدک) کۆکردبۆیەوە و خاوەنى چەندین چالاکى ناوشار و چەندین داستانى پێشمەرگانەى قارەمانێتی بوو، نەک پیاوى ڕژێم بووبێت. مام ئاراس ئەو کەسە بوو کە دائیرەى جنسیەى سلێمانى بردە شاخ ، دەستى بە سەر چەندین ئوتومبێل و چەکى ڕژێمدا گرت و گەیاندى بە شۆڕش، بۆ تەنیا چرکەیەکیش پەیوەندى بە هیچ کام لە پیاوانى ڕژێمەوە نەبووە.
ئەگەر مام ئاراس پیاوى ڕژێم بووە، کوا دۆسیەکەى...؟ کوا بەڵگە بۆ تۆماتبارکردنى...؟ تۆ بڵێیت دۆسیەکەى تێکەڵاوى دۆسیەى ئەوانە بووبێت کە ئەمڕۆ لافى شۆڕشگێڕى لێدەدەن و ئێمە نەمانزانیبێت؟ ئێمە بەڵێن دەدەین ئەگەر مام ئاراس بۆ تەنها چرکەیەک پەیوەندى بە ڕژێمەوە کردبێت ئەوە گۆڕەکەى لە گردی سەیوان دەخەینە بەردەم دادگاى گەل... ئەگەریش وەڵامێکى بەبەڵگەو ڕاست و دروستت لایە، بەسوپاسەوە بیخەرە بەردەم جەماوەرى کوردستان، گەر نا پێویستە داواى لێبوردن بکەیت.
بە تەنها لە ئێمەش نا لە هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانى مام ئاراس ، لە(حسدک) ، لە هەموو ئەوانەى بە پلان و چەواشەکارى بە هاوشێوەى مام ئاراس و هەڤاڵەکانى بوونە قوربانى .

بەڕێز لە کۆتایى هەمان لاپەڕەدا نووسیویەتە:
(لەڕاستیدا کوشتنى (مام ئاراس) نەک هەر کارێکى هەڵەبوو ، بەڵکو لە ڕووى شۆڕشگێڕى و یاسا و شەرعیشەوە نا ڕەواو ناڕاست بوو...، بێ ئەوەى بە شەرعى تاوانبار کرابێ).
لەڕاستیدا، جێگاى خۆیەتى بڵێین ئەم دەقە جوانترین دان پێدانانى جەنابتە بەرامبەر حەقیقەتى ئەو ڕووداوە، بەڵام هێشتا لەو ڕاستیە کەم ناکاتەوە کە ئەرکێکى گەورە و ئەخلاقی و مێژوویت لەیاد کردووە کە دەبوو بوێرانە ناوى ئەو کەسەت بۆ مێژوو بخستایە بەردەم خوێنەران کە ڕابەر سیاسى هەرێمى قەرەداغی یەکێتى نیشتمانى کێ بوو؟ کە وەک خۆت دەڵێیت ئەو خۆى کردبووە پۆلیس و حاکم و جێبەجێکەرى بڕیارەکە . کێ بوو لە پشتى ئەم ڕووداوە؟
ماوەتەوە بڵێین نووسینەوەى مێژوو کارێکى هەروا سادە و ئاسان نییە بەتایبەتی مێژووى شۆڕشى نەتەوەیەک کە پڕیەتى لە هەوراز و نشێوى، سەرکەوتن و شکست، داستانى پڕ سەروەرىی و خیانەتى ئازار بەخش. بەڵام ئەرکى نووسەرى حەقیقى مێژوو ئەوەیە ڕاستگۆ بێت بەرامبەر بە ڕابردوو و زانیارى بەخش بێت بە داهاتوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە