ئیسلامیزەكردن، فۆبیاو كاردانەوە

Friday, 10/05/2013, 12:00

1077 بینراوە






لیستى ئیسلامى، یان بەرەى ئیسلامى، بایەتێكى گەرمى ناو فەزاى سیاسى پێش هەڵبژاردنەكانە، كە بەشێوەیەكى گشتى بۆ هەر یەك لەلایەنە ئیسلامییەكان و تەنانەت كەسایەتییە ئیسلامییەكانیش بەهاى لێوردبوونەوەى هەبووەو مایەى هەڵوێستەكردن بووەو تەنانەت كار گەیشتۆتە ئاستى راپرسی ناوخۆیىو تاوتوێكردنى ئەو پرسە بەچەندان شێوەى جیاواز.
بەڵام ئەو پرسیارەى بۆ هەر چاودێرێكى سیاسى، لە پەیوەست بە لیستى ئیسلامىو بەرەى ئیسلامى دێتە پێشەوە ئەوەیە، كە ئایا دروستكردنى بەرەیەكى ئیسلامى لە دۆخى ئێستاى كوردستاندا زەمینەى دروستكردنى هەیەو ئیسلامییەكان دەتوانن دەستى بۆ بەرن؟
بۆ من ئەگەرى دروستكردنى بەرەیەكى ئیسلامى (لێرەدا بەرەو لیست وەك دوو مترادیف بەكاردەهێنم) ئەگەرێكى لاوازەو پێم وانییە هیچ یەكێك لە لایەنە ئیسلامییەكان بتوانن دەستپێشخەرى كارێكى لەو جۆرە بكەن. هۆكارى ئەمە ئەو دابەشبوونە جۆرییە نییە كە لایەنە ئیسلامییەكان هەیانە. راستە كە ئیسلامییەكان، چ ئەوانەى بەشێوەیەكى سەرەكى دابەشبوون بەسەر سێ لایەنى جیاوازداو بوونەتە هەڵگرى سێ شوناسى جیاوازو چ ئەوانەى بەشێوەى گروپو كۆبوونەوە لە دەورى كەسایەتییەك هەناسە دەدەن، كە مەلا كرێكارو دەستەكەى محەمەد بازیانى، لە جۆرە ئەوەن، هەڵگرى دیدى جیاوازو خاوەنى پێگەى جیاوازو سەرەنجام بەرژەوەندى جیاوازشیان هەیەو كۆكۆدنەوەیان لەدەورى یەكتر بۆ خۆى پێویستى بە یەك سەدە هەیە، بەڵام بەدەر لەمەش، هۆكارى سەرەكى ئاماژەكانى دروست نەبوونى بەرەیەكى ئیسلامى لە شوێنێكى تردایە. تەنانەت ئەگەر وایدابنێین، كە ئیسلامییەكان دەتوانن دەستبەردارى جیاوازییەكانى خۆیان بننو هەموویان لە دەورى ئەمیرێك، یان پەیامێك كۆ ببنەوە، هێشتا ئەوە بەواتاى ئامادەییان بۆ دروستكردنى بەرەیەكى ئیسلامىو بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكانى چەند مانگى داهاتووى كوردستاندا نییە.
ئەگەر ئیسلامییەكان وەك بەرەیەك بەشدارى بكەن، پەیامى بەرەیەكى ئیسلامى ناتوانێت یاریكردن بێت بە وشەكانى وەك "نەمانى گەندەڵىو چاكسازىو دروستكردنى دەسەڵاتێكى بەرپرس"و تەنانەت ناتوانێت بە پلەى یەكەم لیستێك لە چاكسازىو ریفۆرمەكان بخاتە سەر فلێكسێكى گەورەو بەڵێنى جێبەجێكردنیان بداتو داوا لە خەڵك بكات بۆ جێبەجێكردنى ئەم خواستانە دەنگیان پێبدەن، بەڵكو بەرەیەكى ئیسلامى لە كاڵترین واتایدا، دەبێت هەڵگرى پەیامێكى رادیكالانەى ئیسلامیانە بێتو بێ هیچ سڵمینەوەیەك لانى زۆربەى بەرنامەى خۆیان بخەنە روو. كەواتە بەرە یان لیستێكى ئیسلامى لە ئێستادا دەتوانێت مایەى كارەسات بێت بۆ خودى ئیسلامییەكان خۆیان، هەر بۆیە بەدڵنیاییەوە یەكەمین كەسانێك سلأ لە دروستبوونى ئەو بەرەیە دەكەنەوە ئیسلامییەكان خۆیاننو دزەكردنى باسە ناوخۆییەكانو دزەكردنى ئەنجامى راپرسییە ناوخۆییەكان بۆ دەرەوە دەتوانێت دەرخەرى ئەو ترسە بێت، لەوەش تێپەڕێت ئاماژەكانى ئەو دیوو ئەوەى دەوترێت "كۆمەڵگاى كوردى كێشەى چاكسازى هەیە نەك ئایدیۆلۆژى" دەتوانێت لایەنە تیۆریزەكراوەكەى ئەو ترسە بێت كە خودى ئیسلامییەكان لە دروستكردنى بەرەیەكى ئیسلامى بۆ هەڵبژاردنەكان هەیانە.
لەهەڵبژاردنەكانى رابردوودا، كۆمەلأو یەكگرتوو دەیانتوانى بەبێ حسكو زەحمەتكێشان بەشدارى هەڵبژاردنەكان بكەنو تەنانەت لە رووى تواناى راگەیاندنو پێگەى جەماوەریشەوە ئەو كارە هیچ سودێكى بۆیان نەبوو، ئەگەر نەڵێین مایەى زەرەر بووە بۆیان، لەگەلأ ئەمەشدا بۆكردنیان؟ بۆ كە ئەوانیان لەگەلأ نەما ئەمانیش بە جیا جیا دابەزین؟ بزووتنەوەى ئیسلامى بە دۆستایەتیان لەگەلأ پارتى سیمای حزبێكى دەستەمۆى وەرگرت، بەڵام بۆ هەر لەهەمان خولەكدا ماوەتەوە؟ لەدواى 17 ى شوبات جارێكى تر كۆمەلأو بزووتنەوە كەوتنەوە خولەكى گۆڕانو سەربارى هەموو تێبینییەكانیان لەسەر بزووتنەوەى گۆڕان بەڵام بۆ هێشتا لە خولەكى ئەو حزبەدا دەسوڕێنەوە؟ مەلا كرێكار كۆمەلأو یەكگرتوو و بزووتنەوە بە كۆمەڵێك بیجامە لەپێ دەزانێ كە ناتوانێت هیچ بۆ بزاوتى ئیسلامى بكەن، بەڵام بۆ خۆى بووەتە دەزگایەكى پروپاگەندە بۆ هێزێكى نا ئایینى؟ ئەوانەى لە خولەكى بزووتنەوەى ئیسلامیدانو ماوە ماوە لێى دەتۆرێن، نەك باس لە لیستى ئیسلامى ناكەن، بەڵكو جارێكى تر دەگەڕێنەوە بۆ یاریكردن بە وشەكانى چاكسازىو مترادیفەكانى ئەو وشەیە، بۆ؟ دەتوانرێت وەڵامى هەموو ئەمانە لەو راستییەدا بدۆزینەوە، كە بەرەیەكى ئیسلامى ناتوانێت بەرەنجامێكى باش بۆ خۆى ئیسلامییەكان بەدیبهێنتو زۆر بە خرایى دەیانخاتە بەردەم كاردانەوەیەكى فراوانى كۆمەڵگا.
بەراستى ئەوەى "فۆبیاى ئیسلامیزەكردن"ى هەیە، خودى ئیسلامییەكانن و بە هەڵە لەلایەن هەندێك رۆشنبیرى ئاڵودە بە باكگراوندێكى ئایینى دەدرێتە پالأ كەسانى دەرەوەى ئیسلامییەكان، چونكە خودى ئیسلامییەكان هەست بەو كاردانەوەیە دەكەن كە لە حاڵەتى دەركەوتنى بەرەى ئیسلامىو بە بەپەیامێكى ئیسلامیانە، بەرەو روویان دەبێتەوە، هەر بۆیە ئامادەن لاكەوتەترین حزبى سیاسى بكەنە هاوپەیمان تەنیا بۆ ئەوەى وەك "ئیسلامى" نا بەڵكو وەك "ئۆپۆزیسۆن" بناسرێن و وەك "خاوەن پەیامێكى ئیسلامى بۆ جێبەجێكردنى شەرعییەت" نا بەڵكو وەك "خاوەن پەیامێكى چاكسازىو فریادڕەس" دەربكەون.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە