پەرلەمان: نێعمەتێك بۆ گیرفان

Tuesday, 23/07/2013, 12:00

1187 بینراوە


پەرلەمان كە باڵاترین دەزگاى یاسادانانە لە هەرێمى كوردستاندا و شوێنێكە كە نوێنەرانى گەلى كوردستان تیایدا یاسا و بڕیار بۆ بەرژەوەندى گشتى دەردەكەن و چاودێرە بەسەر دەزگاى جێبەجیكردنەوە كە حكومەتى هەرێمى كوردستانە و، پێویستى بە كەسانى خاوەن بڕوانەمەى بەرز لە هەموو بوارەكان و خاوەن ئیرادەى لە بننەهاتووى نەتەوەیى و نیشتیمانى و كەسانى ڕابردوو پاك هەیە بچنە ئەوێ بۆ ئەوەى بەجدی نوێنەرایەتى ڕاستەقینەى گەلەكەیان بكەن.
بەڵام ئەوەی دەیبینی و هەستی پێدەكەین پێچەوانەیەو، كارە راستەقینەكەى پەرلەمانتاران لە پەرلەمانى كوردستاندا تەنیا وەرگرتنی موچەیەكى باش و ئیمتیازاتى زۆر و پۆزلێدان و پاراستنى بەرژەوەندى بەرتەسكى حزبى و شەخسى و شەرعیەت دانە بەو یاسایانە كە جێگەى نەهامەتی و دواكەوتوویى كومەڵگەى كوردى و گەورەكردن و گرەنتى كردنى كورسى و بەرژەوەندى هەندێ لایەن و كەسە، لەگەڵ دووركەوتنەوە لە نوێنەرایەتیكردنى راستەقینەى خەلك.
لە ناو پەرلەمانى كوردستاندا خەم و خولیای زۆربەى پەرلەمانتارەكان تەنیا ئەوەیە سەرى مانگ 7 ملیۆن و 500 هەزار دینار وەربگرێت و ئۆتۆمبیلێكی 40 هەزار دۆلارى لەسەر حیسابى پەرلەمان بە بودجەى میللەتی بۆ بكڕدرێت و، لە ڤێلا و شوقەیەكى زور باشیشدا نیشتەجێ بێت و جارجاریش بۆ بەسەربردنی كاتی خۆش بەخەرجكردنی نەسریەكی زۆر، سەردانى دەرەوە بكات و بە پۆز و لوت بەرزیشەوە بچێتە ناو خەڵك و خۆى بە خەڵك گەورەتر بزانێت، هەروەها لەكۆتایى چوار ساڵی پۆستەكەشیدا بە 6 ملیۆن دینار خانەنشین بكرێت و لە ماڵەوە بە موعەزەزى و موكەڕەمى دانیشێت و نەیكات و بیخوات، ئەمەو جگە لەوەى كە سێ پاسەوانیشی بۆ دابین دەكرێت تا جەنابیان پارێزراو بێت .
پەرلەمانێك كە جێگەی گەورەترین دەزگاى بەرهەمهێنانى مشەخوریی بێت و، تەنیا شەرعیەت بەو بنەما و پروژانە بدات كە دەبنە هۆى نەگبەتى و دواكەتنی كۆمەڵگە، كە خۆی لەبنیادنانی سیستەمێكى حوكومڕانى دواكەوتوو و دەركردنى یاسای دژ بەكۆمەڵگەو دیموكراسیدا دەبینێتەوە، تو بێلى ئەم جورە پەرلەمان و پەرلەمانتارانە چارەنوسى گەل و بەدیموكراتیزە كردنى كومەلگا و سیستەمی حوكومرانى و ئیرادەى گەل لە هەرێمەدا چى بەسەر بێنن؟
ئایا لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندییەكانی گەل و بەكارهێنانی خەڵك و دەنگەكانیان وەك ئامرازێك بۆ بەرژوەندیى شەخسى پەرلەمانتار و لایەنى سیاسى و، بەكەم سەیركردنى ڕاى خەڵك و درۆكردن لەگەل خەڵك و دەنگدەر و بە دیوەخانكردنى هۆلى پیرۆزى پەرلەمان بۆ هەندێ سەرۆك عەشیرەت و كوڕە ئاغا و موستەشار و كەسانى بێ ئەزمون و چەندین هۆى تریش، ڕۆڵی پەرلەمان و خزمەتكردن و نوێنەرایەتى كردنى گەلە؟
خولى داهاتووى پەرلەمانیش هەر لەئێستا ئاسۆیەكەى ڕوونە، كە زۆربەى كاندیدەكانى لایەنە سیاسیەكان پاشكۆى عەشیرەتیان بە ناویانەوەیە و دیسان كوڕە ئاغا و موستەشار و كەسانى بێ ئەزمون و بێ بڕوانامە و لەوەش نەگبەتتر كەسانى ئەوها هەیە، كە تەنیا هەر لە ئێستاوە خەمى زامنكردنى دواڕۆژیەتى لەسەر حیسابى دەنگ و داهاتى خەڵك، وەك زۆر جار بەرگوێَ ئەكەوێت كە سوێیان ئەبێتەوە بۆ پارە و ئیمتیازاتە خەیاڵیەكەى پەلەمانى كوردستان و پڕكردنى گیرفانیان، كە ئەكرێت بڵێین دیسانەوە هۆلى پەرلەمان كە ئێستا نۆژەنكراوەتەوە، دەبێتە شوێنى نمایشكردن و خستنەڕووی هەندێ سیماى تازە پێگەیشتوى مشەخۆر و، تەنیا دەست بەرزكەرەوە و پاشكۆى حیزب و بەرژەوەندى تایبەتین، كە جارێكى تریش شەرعیەتدان بۆ زاڵكردنى بەرژەوەندى حیزب و كەسایەتى لەسەر حیسابى بەرژەوەندى گشتى و بونیادنانى ئەو بنەمایانە كە بونەتە هۆى دروستكردنى سیستەمێكى حوكومرانى بەزور سەپێنرا و دیكتاتورى كە پێچەوانەی خواست و خەبات و قوربانیدانى خەلكى كوردستانە.
لەگەڵ رێزم بۆ هەموو كەسێك، بەڵام كە ناوى زۆربەى كاندیدەكانی ئێستاى پەرلەمان لە هەموو لایەنەكان و هەندێك بە ناو سەربەخۆم بینى، بەڕاستى ڕاچڵەكیم و سەرم سوڕما و وتم: ئەى قوڕى دونیا بەسەرمان، ئەمەش لە ڕابردووش مەهزەلەتر و نەگبەتتر و كۆمیدى ترە، بێگومان كەسانى زۆر باشیش هەن بەڵام ئەو كەسانە لە پەنجەى دەست تێپەرناكات و وەك خولى ئێستاى پەرلەمان تەنیا دەنگ بەرزكردنەوەو گرتنى دەبەى ئاو و بایكۆتكردنى هۆلى پەرلەمانیان پێدەمێنێت و دیسانەوە بە زۆرینە و كەمینە بودجە ناشەفافەكە و بە كۆنكرێتكردنى كورسى دەسەڵات بۆ هەندێ كەس لایەن و لەبەرچاو نەگرتنى كۆدەنگیى نیشتیمانیی بۆ ئەو پرس و یاسایانەى كە ڕەهەندى نیشتیمانیان هەیە تێدەپەڕێنرێت.
لە ئێستادا باس لەوە دەكرێت كە دەبێت گەنج بێتە پێشەوە و كاندیدەكانیش گەنجن، بەڵام كام گەنج؟ گەنجێك كە بێ ئەزمونە و هەموو ژیانى لە پێناو بەرژەوەندیى بەرتەسكى حیزبى و قبوڵنەكردنى ڕاى بەرانبەرە؟ یا هەندێ دەموچاوى عەرزكراوى شاشە كە لە راگەیاندنە ئاراستەكراوەكانى حزبەكان هەم لە ئوپوزسیون و هەم لە دەسەلات كاریان كردووە و تەنیا ئەركیان ئەوەبووە بو بەرژەوەندى بەرتەسكى حزبى و دوور لە كارى راستەقینەى میدیایى، كە بێلایەنیە لە گەیاندنى زانیارى بو خەلك كاریان كردووە و بە ویستى سەروى خویان جار هەبووە بە توندى و هەشبووە بە نەرمى پەیامە راگەیاندنەكەیان بو راى گشتى گەیاندویانە، كە ئەگەر ئەمانە بچنە پەرلەمان پێتانوایە لەوێ بتوانن یەكتر قبول كەن و هەول بو یەكریزى نێو مالى و كورد و قبول كردنى راى جیاواز بدەن؟
لە كۆتاییدا دەڵێم: ئاى لەو نەهامەتی و نەگبەتیەى بەسەر ئەم گەلەدا هاتووە و دێت، كە تەنها شەرعیەتدان بۆ ئەوە دەبێت كە بەرژەوەندى بەرتەسكى هەندێ كەس و لایەن كە خۆى لە پڕكردنی گیرفان و قۆرخكردنی كورسیدا دەبینێتەوە، بەرجەستە دەبێت و میللەتیش تەنیا نەگبەتى و پەشیمانى و دواكەوتوویى بۆ دەمێنێتەوە كە هۆكارە سەرەكیەكەشی هەر خەڵك خۆیەتى كە بەدەنگەكانیان شەرعیەت بەو كەس و لایەن و بنەمایانە دەدەن و باجەكەشى هەر گەل دەیدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە