هەڵبژاردن یان (هەڵبژاردنەوە)؟!

Sunday, 14/06/2009, 12:00

2245 بینراوە


لەناو هەموو ئەو كۆمەڵگایانەى كە بەفیعلى كۆى چەمكەكانى دیموكراسی پەیرەودەكەن وئەمڕۆ دەسەڵاتى كوردى بەناو تەقلیدیان دەكاتەوە شتێكى لەو جۆرە مومكین نیە كە حیزبێك تا ئەوڕۆژەى پارەى دەنگ كڕین و دەسەڵاتى دەركردن ونانبڕینى مەئمورەكانى ناوحیزب و حكومەتی هەبێت هەتاسەر لە ڕەهاترین لوتكەى حوكمڕانیكردندابمێنێتەوە.
بەدەر لەمانەش هاوكات لەبەر ئەوەى هیچكات ئەوانەى بەر لە ئێمە ناتوانن لەوە تێبگەن كە نەوەى دوای ئێمە چی دەوێت كەواتە پێویستمان بە دەستاو دەست كردنى دەسەڵاتە لە باوكەوە بۆ نەوەى نوێ و لە شۆڕش گێڕانەوە بۆ نەوەى دواى شۆڕش گێڕان چونكە شۆڕش گێڕ لە سەردەمێكدا دژی دەسەڵاتێكى پێش وەختەى خۆی شۆرشی كردووە و دەبێت لەوە تێبگات كە تیۆری شۆڕشەكەى تاسەر بڕناكات و دەبێت لێگەڕێت بۆ تیۆری نوێ و هەستی بەڕێوەبردنی نوێتر و بەم جۆرە پێشكەوتنە فەرهەنگیەكان دەست بە دەست دەچنە پێشەوە و بەڕێ دەكرێن ,بەڵام ئەم دەستاو دەستكردنەى دەسەڵاتى كوردى كەدواى 18ساڵ بەدەست یەكێتى وپارتیوە دەیبینین لە ڕاستیا ئاوەژوكردنەوەى ئەو دیموكراسیزمەیە كە خۆیان ووتەنى باسى لێوەدەكەن بەڵكو فەرمانڕەوایكردنێكى دەرەبەگایەتى خێڵەكیە كە بەدرێژاى دەستكەوتەكانى ئەو ئەزمونەى كەهاتۆتەبوون هەمووسەروەرى وداهات وقودسیەتەكانى قۆرخ كراوە لەلایەن دوو حیزبى دەسەڵاتدارەوە,"بەڵگەش بۆسەلماندنى ئەم ڕاستیە دەیان ڕاپۆرتى ڕێكخراو ڕۆژنامەو گۆڤارە بەناوبانگە بیانیەكانن".
هەندێ جار لێرەو لەوێ گوێبیستى ووتافاتى ووشك و بێبنەماى زۆرێك لەبەرپرسانى دووحیزبى دەسەڵاتدار دەبین كەباس لە مەسەلەى دیموكراسیزم وچۆنیەتى پەیڕەوكردنى ئەم چەمكە هەستیارە دەكەن لەكۆمەڵگەى كوردیدا گوایەئەمانیش هەمان تەبع و هەمان ستایل وهەمان ئەزموونى ئازادیان هەیەو بگرە بەپێچەوانەوە هەندێكجار خۆشیان بەپێشەنگى زۆرێك لە كۆمەڵگەكانى ناوچەكە دیموكراسیتر نیشان دەدەن ,بەڵام كێ لەئێمە بینیویەتى وبیستویەتى دەسەڵاتێك بەو چەشنە مومارەسەى ڕەهاترین دیموكراسی بكات كەچى لەكاتى هەڵبژاردنەكاندا دووحیزب لەڕیزى پێشەوەى كۆى هەموو قەوارەسیاسیەكانیتردابن لەڕووى هێز و دارایی و تەنانەت لەڕوى (جەماوەریشەوە وەك خۆیان باسی لێوەدەكەن),كەچى ئەم دوو حیزبە بەیەك لیست بەشدارى لەهەڵبژاردندا بكەن؟! ,یاخود دەبوایە بەوپەڕى شانازی و بێگوێدانە تەواوى حیزبە ڕكابەراكانیان بەتەحەداوە بەدوو لیستى جودا بهاتنایە مەیدانى هەڵبژاردن و هەریەك چاوەڕێى قورساى جەماوەرى خۆیان بكردایە؟! ,لێ ئەم جۆرە بەشدارى كردنەى ئەمڕۆى یەكێتى وپارتى بەیەك لیست ترسە لەهەڵبژاردن یان بانگەشەیەكى دیكەیە بۆ(هەڵبژاردنەوە)و دووبارە قۆرخكردنەوەى دەسەڵات؟.
دەسەڵاتێك لەماوەى 18ساڵ حكومڕانیكردندا كارى بڵاوكردنەوەى سیستەمى گێلكارى (دیماگۆجیەت) بێت بەناو كۆمەڵگەى كوردیدا هەرلەنەبوونى عەدالەتى سیاسی وئابورى وكۆمەڵایەتى ,نەبوونى شەفافیەت لەدابەشكردنى بودجەو بزربوونى داهاتى گومرگ و باجو خەراجەكانى هەرێم ,ناشەفافى گرێبەستە نەوتیەكان ,كۆى كۆبونەوە نهێنیەكانى حیزب وحكومەت ,سەفەرە دیبلۆماسی وسیاسیە نهێنیەكانى سەرۆك وسەركردەو وەزیر وگوزیرەكان ,داڵدەدانى تاوانبارانى ئەنفال وبزركردنى شەیتانەكانى كیمیابارانكردنى هەڵەبجەو ستایشكردنى بەرپرسە ژن كوژەكان ,ئاوەژووكردنەوەى كۆى چەمكەكانى دیموكراسی ,دروستكردنى پەڕلەمانێك كەبەهەر(111) ئەندامەكەیەوە سوڵتەى لق ومەڵبەندێكى نەبێت و دەرچوونى زۆرینەى یاساكانى ڕوو لەدەسەڵات وپشت لەجەماوەربێت ,زاڵبوونى هەیمەنەى حیزب بەسەر هەستیارترین دەسەڵاتى كۆمەڵگەدا كەدەسەڵاتى دادوەریە و ڕێگەگرتن لەسەربەخۆبونى دادگاكان ,چەندین بڕیارو كار و كردارى عەجائیب وسەیر وسەمەرەى دیكە,دواجار هەموو ئەم ناشرینیانەى دەسەڵاتێك كەپێكهاتەى دووحیزبى ناشافاف وتۆتالیتاریزمى تەنها بە ڕوكەش دیموكراسیزم بێت وئەمڕۆش هەمان ئەو دوو حیزبە بەیەك لیست بەشدارى لەهەڵبژاردنەكاندا بكەن ئایا ئەمە بانگەشەكردنە بۆهەڵبژاردن یان (هەڵبژاردنەوە)ى هەمان سیستمى سیاسی چەقبەستوى ڕابردوو؟!.

دەسەڵاتێك بانگەشەى كۆى چەمكەكانى دیموكراسیەت لەم هەرێمەدا بكات وئەمڕش وەك دەبینین كەوتۆتە بڕینى نان وموچەو بژێوى هەمووئەو كەسانەى كەهاوبیریان نین و بڕوایان بە لیستێك نەبێت كەدواى 18ساڵ نەیتوانیبێت سەرەتاترین مافى ژیان بۆتاكەكانى هەرێمەكەى دابین بكات و ئەمڕۆش كەوتۆتە سواڵى دەنگ بۆ دووبارە گرتنەوە دەستى سوڵتەو دووبارەكردنەوەى هەمان قۆرخكارى ,ئایا ئەمە بانگەشەكردنە بۆ هەڵبژاردن یان (هەڵبژاردنەوە)؟!.
یەكێك لەحیزبە دیارەكانى دەسەڵاتێك كەئەندامى سۆسیال ئەنتەر ناسیۆنالى جیهانى بێت وسكرتێرەكەشى جێگرى سەرۆكى هەمان ڕێكخراوبێت و لەسەروبەندى نزیكبونەوەى هەڵبژاردندا دەمانچە بەسەر كادرو هەوادارانى خۆیدا ببەشێتەوە ,ئایا ئەمە بانگەشەكردنە بۆ هەڵبژاردن ,یان هەڵبژاردنەوەیەك كەئەوسەرى دیارنەبێت لەوەهمى ئەو بۆنى خوێنەى كەئەمڕۆ مێشكى هەمووتاكێكى ئەم هەرێمەى پڕكردوە؟!.
یەكێك لەحیزبە هەرە خاوەن دەسەڵاتەكانى ئەم هەرێمە كەدەمى هەرئەندامێكیان بكەیتەوە سەرى زمان وبنى زمانى ووشەى دیموكراسى وئازادیە ,بەڵام لەهەندێك ناوچەى وەك (بلەوبارزان و بادینان و مەسیف وسەرى ڕەش وچەند ناوچەیەكى دیكە) دا نەك ئازادى لەمرۆڤەكان زەوتكردوە بەڵكو بۆى بكرێت ئازادى فڕین وهەڵسوكەوتى تەواوى ئاژەڵ وپەلەوەرەكانیش دەخاتە ژێركۆنتڕۆڵى خۆیەوە ,كەچى ئەمڕۆ لەگەڵ هەمان ئەوحیزبەى كەڕۆژانێك بوو هەمووئازارى میللەتەكەیان لەچوارچێوەى بەرژەوەندیە تایبەتەكانى خۆیاندا كۆكردبۆوە وبەهەزاران كوڕى كوردیان بۆسەرمەستى شەوە سوورەكانیان كردەقوربانى,بەڵام ئەمڕۆ زەمینەیەك هاتۆتە پێش كەدەتوانن هەموو خەونەكانى گیرفانپڕكردنیان بێ یەكتر كوشتن وقڕكردنى یەكترى لەتەنها شەوڕۆژێكدا بهێننەدى بەدابەشكردنى سەروەت وسامانى خەڵكى ئەم هەرێمە وخۆیان بەشیربراى یەكتر نیشان دەدەن و دەبێژن هاوپەیمانى ویەكڕیزی میللەتمان گەرەكە ,ئایائەمە بانگەشەكردنە بۆهەڵبژاردن یان (هەڵبژاردنەوە)؟!.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە