دەبێ سەرۆكى حكومەت(چات)ى نەكردبێت؟

Saturday, 06/06/2009, 12:00

3837 بینراوە


(چات) دیاردەیەكى بڵاوە لەناو گەنجانى ئەم وڵاتە بێبەرنامەو بێكارەى خۆمان,جاهەندێك لەگەنجان بەشێوەیەكى دروست و شارستانیانە ئەم خزمەتگوزاریەى سەردەم بەكاردەهێنن و هەندێكیش بەناوێكى دوور لە ئاكارە جوانەكان تیایدا ئەدوێن وەك چۆن سەركردەكانیان بە سیفەتى بەرپرسیاریەتى كاری نا بەرپرسانە و بازرگانى واى خەریك كردون كە هەندێ جار لێیان تێك ئەچێت و لەبری ئەوەى بڵێن فڵان وەزیرین یان بەرپرسی فڵان شوێنین دەبێژن فڵانى خاوەن كۆمپانیای فڵانین!
چات دیاردەیەكى باوە لە ناو گەنجەكانماندا و بازرگانیش دیاردەیەكى باوە لەناو بەرپرسەكانماندا بۆیە ڕەنگە لێك نزیك بوونەوەیەك هەبێت لەنێوان گەنجەكانى ئەم هەرێمەو بەرپرسەكان بەحوكمى چات كردنەوە,بەڵام چاتكردنى بەرپرسەكان جیاوازترە لەچاتكردنى گەنجەكان ,بۆنموونە گەنجەكان لەگەڵ ئەوەى ئەوپەڕى بێكارى وایان لێدەكات چات بكەن هاوكات سودێكى گەورەش لەو ئامێرە پێشكەوتوانەى سەردەمى ئەمڕۆى تەكنەلۆژیا دەبینن كەچاتى پێدەكەن ,من نموونەشم لاهەیە بۆسەلماندنى ئەم ڕاستیە كەزۆرن ئەو گەنجانەى نوزەیەك خوێندەواریان نییە بەڵام چێژو خۆشى چاتكردن وایان لێدەكات وابەستەى ئەم كارە دەبن وخۆیان فێرى چاتكردن دەكەن و دواى فێربونى كۆى (26)پیتەكەى چات ,تاڕادەیەكى باشیش تواناى خوێندنەوە و نوسین پەیدا دەكەن , "جائەگەر ئەوكەسە بەناوێكى ئەوپەڕى نەشیاوو ناشرینیشەوە چاتى كردبێت!",بەڵام بەپێچەوانەوە جگە لەوەى كەس هێندەى بەرپرسەكانى ئەم هەرێمە سودمەند نابێت لەچاتكردن لەڕێگەى حاسیبەكانى دەستیانەوە كەچاتى سەروەت وسامانەكانیانى پێدەكەن!,هاوكات هەندێك لەبەرپرسەكانى ئەم هەرێمە بەشەهادەیەكى تەزویر یاخود بەشەهادەیەكەوە كە بەهێندەى ئەوگەنجە خوێندەوارى نیە كە لەڕێگەى چاتكردنەوە كۆلكە خوێندەواریەك فێربوە كەچى باڵاترین پۆستى حكومى یان حیزبى پێدراوە و ئەمڕۆ بەرپرس وپێشەواى ئەم میللەتە قوڕبەسەرەیە!.
من بڕواناكەم بەرپرسەكان ئەمڕۆ تاقەتى چاتكردنیان هەبێت و ئەو دەرفەتەیان بۆ ئێمەى گەنج جێهێشتووە و نایەنەوێت مافی ئێمەومانان بخۆن و دەست بخەنە ئیشەكەوە بەڵام بەشی ئەوەى كە دەمى چات چیەكان تاقی بكەنەوە لەناو ژوورەكانی چاتدا پیاوى خۆیان هەیە ,بەس ئەوەندەى من ئاگاداربم سەرۆكى حكەمەتى هەرێمى كوردستان شەوانە كچان مەسجى خۆشەویستى بۆ دەنێرن (وەك خۆى لە چاوپێكەوتنێكى ڕۆژنامەوانیدا باسی كردبوو)جامن نازانم سەرۆكى حكومەت وەڵامی ئەو مەسجانە دەداتەوە یان نا؟ بەڵام لێرەدا ئەوەى جێگەى پرسیارە ئەوكچانە چۆن وابەئاسانى ژمارەى مۆبایلى تایبەتى(سەرۆك حكومەتیان) دەست دەكەوێت؟!.باشە بۆئێمەى ڕۆژنامەنووسان ژمارە تەلەفۆنى سەرى مارو مێرومان دەست دەكەوێت بەڵام ژمارەى تایبەتى سەرۆكى حكومەتەكەمان دەست ناكەوێت تا ئێمەش مەسجێكى بۆبكەین و پێی بێژین شكور بۆخواجەنابتان باوكى میللەتن ,لەسایەى خوا و سەرى جەنابتانەوە ئەوە كچێكمان دۆزیوەتەوە مەمنوون دەبین هەرئەوەندەى پارچە زەویەكى 100مەتروكەمان پێببەخشن و , باناوى خواى لێبێنین و حەرەكەت لەئێمەو بەرەكەت لە جەنابتان!.
بەڕێز سەرۆكى حكومەت مادام مەسجى خۆشەویستیت لەلایەن كچانەوە پێدەگات من پرسیارى ئەوە لەجەنابت دەكەم ,چەند خۆشە كچێك نامەى خۆشەویستیت بۆ بنێرێت بەڵام چەند ناخۆشە دواى ئەوەى كەخواكردى بەقیسمەت و بڕیارتدا ژیانى هاوسەرى لەگەڵدا دروست بكەیت كەچى ئەمڕۆ بێپلانى حكومەت وابكات كولانەیەك نەبێت ڕۆژى تێدابكەیتەوە و دواجار مرازى ئەو دوو عاشق و مەعشوقە حاسڵ نەبێت؟ ئەى ئۆباڵى ئەم بێ پلانیەى حكومەت بەئەستۆى كێیە؟.
بەڕێز سەرۆكى حكومەت ئێمەش وەك جەنابتان مافمان هەیەو كەم تازۆر خاوەن هەست ونەستین وحەزمان دەكرد شەوانە كچان مەسجى خۆشەویستیمان بۆبنێرن بەڵام ئێمە وەك جەنابتان خوا پێداو نین ,بۆیە شەو ڕۆژخەریكى چاتكردنین بەهەزار بەساقەو بەقوربان تا زەعیفەیەك لەچاتا ئەدۆزینەوە كوێرایمان دادێت بەدیار كۆمپیوتەرەوە,لەهەمووشى ناخۆشتر ئەوەیە كەمەوعیدى لێوەرئەگرین دواى هەزارو یەك دوعاو نزا وپاڕانەوە ئەوەى چاوەڕوانى دەكەیت وادەرناچێت!.
بەڕێزم سەرۆكى حكومەت ئەگەر دەرفەتت هەبوو ئەم بابەتە بخوێنیتەوە یەكێك لەچیرۆكەكانى چاتكردن كەخۆم لەنزیكەوە ئاگادارم لێتى ناشارمەوە وبەئینسافەوە بۆتى دەگێڕمەوە,هاوڕێیەكم دواى ئەوەى كچێكى زۆر بەڕێز وڕۆشنبیر و بەماناى ووشەجوانیشى لەڕێگەى چاتكردنەوە دۆزیەوە ,هەرلەیەكەم ژوواندا كەیەكتریان بینى لێك جیا بونەوە,كاتێك لەهاوڕێكەم پرسی ئەو پەیوەندیە سۆزداریە بەهێزەى نێوان تۆ وئەو خانمە بۆ لەیەكەم بینیندا كۆتاى پێهات؟
هاوڕێكەم لە وەڵامدا گووتى :ئەو كچە داواى زەواجى لێكردوم,بەڵام پێمگووتوە داواى لێبوردن ئەكەم من جارێ بۆخۆم زیادەم لەماڵەوە جا نۆرەى ئەوەیە تۆش بێیتە سەرماڵ!.
بەڕێز سەرۆكى حكومەت من بەپێچەوانەى زۆرێك لەڕاو بۆچونەكانەوە بەلامەوە زۆر ئاساییە ئەگەر جەنابتان سۆزدارى بكەن و , وەڵامى ئەومەسجە خۆشەویستیانە بدەنەوە كە لەلایەن كچانەوە پێتان دەگات (وەك خۆت لەچاوپێكەوتنێكى ڕۆژنامەوانیدا باسی لێوەدەكەیت) ,تەنانەت مەشغەڵەت لێگەڕێت زۆر نۆرماڵە ئەگەر وەك گەنجەكانى ووڵاتەكەت (چاتیش) بكەیت,وە بەحەقێكى یاساى خۆشتى دەزانم,بەڵام هاوكات لەو ساتەوەى جەنابتان سەرۆك حكومەتن و عاشقە چاتچیەكانى هەرێمەكەت چاوەڕێى دەستودیارى سەرۆك حكومەتە گەنجەكەیان دەكرد تابەرهەمى چاتكردنیان كە پێكهاتەى ئەو میهرو خۆشەویستی وسۆزە ڕاستەقینەیە لەڕێگەى چاتەوە لەنێوان كوڕو كچێكى هەرێمەكەى تۆ لەدایك بوە ودواجار ئەو هیواو ئاواتەیان نەمرێت وجەنابتان كەمێك كارئاسانیتان بۆ بكردنایە ,كەچى بەداخەوە ئەوا جەنابیشتان هەر دوسێ ڕۆژێكیترە بەدەستى خاڵى لە كابینەى پێنجەم باى بایمان لێدەكەیت,بۆیە منیش بەرەواى نازانم ئاوا لە ڕێگەى ماڵپەڕى ڕۆژنامەكانەوە سوێ ئەخەیتە دڵمانەوە لە ڕێگەى وروژاندنى شتە زاتیەكانى خۆتەوە دەڵێیت:"كچان مەسجى خۆشەویستیم بۆ دەنێرن",ئەى مەگەر جەنابتان نازانن ئەم خەڵكەش نەفسى هەیە؟.
ئەسەف سەرۆكى حكومەتەكەمان بەدرێژاى حوكمڕانیكردنت لەو پۆستە باڵایەدا چارەسەرێكت بۆ ئێمەى چاتچیەكان نەدۆزیەوە تاكو چیدى بەڕەبەنی نەسوڕێینەوە وماڵوحاڵێك بۆخۆمان پێكەوەبنێین وچیدى دەرو دراوسێش بەتەمەڵ وتەوەزەل ناومان نەبەن!.
ئەوەى لەكۆتایشدا ماوەتەوە باسی بكەین بەتەنها سەرۆكى حكومەت بەرپرسە لەم وەزعە نالەبارەى كەئەمڕۆ ئێمەى چاتچیەكانى تێكەوتوین ,چونكە ئەم خزمەتگوزاریەى تەكنەلۆژیا لەوادەى حكومڕانیكردنى كابینەكەى ئەودا زیاتر گەنجانى ئەم هەرێمە پێى ئاشنابوون و دەبوایە سەرۆك ئاوڕێكى جدى لەم مەسەلە هەستیارە بدایەتەوە و شتەكەى بەهەند وەربگرتایە.
من نازانم سەرۆكى حكومەت چاتى كردوە یان (نا) ,وەلێ ئەگەر لەنزیكەوە ئاگاى لە وەزعى گەنجە چاتچیەكانى هەرێمەكەى بوایە ,چیمان مەتڵەب بكردایە بۆى جێبەجێدەكردین چونكە مەگەر هەرخوا بزانێت تاكوڕو كچێك لەچاتا دەبنە هاوڕێو هاوسۆزى یەكترى ,كورد وتەنى(قیر دەڵێ چەق)پاشانیش خۆماڵى كچانى ئەم ووڵاتەم ئاواكرد لەیەكەم بینیندا یەكەم مەتڵەب وئاخیر مەتڵەبى (زەواجە) ئێ كوڕى قوڕبەسەریش چى جواب بداتەوە؟؟!!,بەهەرحاڵ بەڵام پێدەچێت جەنابی سەرۆكى حكومەت هێشتا درك بەوە نەكات گڕى عەشق چەند بەسۆیە بۆیە ئاوا پشتى كردۆتە چاتچیەكانى هەرێمەكەى؟!.

[email protected]















نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە