دەشنێ و لۆکە پەیوەندى خۆشەویستی هەڵکەوت و باخانیان تێکدا یان شتى تر؟‌.

Tuesday, 17/11/2009, 12:00

2516 بینراوە


دوای چەند ساڵ لە پەیوەندی خۆشەویستی نێوان هەڵکەوت زاهیری ئاوازدانەر و باخانی گۆرانیبێژ، لەو ماوەیەدا پەیوەندییەکەیان تێکچوو، باخان دەڵێ هەڵکەوت لە بەرامبەر ئاوازەکانی عەشقی لێم ویست، گۆرانیبێژێکی نزیک لە هونەرمەند هەڵکەوت زاهیریش دەڵێ باخان هەڵکەوتی خۆش دەویست و بە هۆی دەشنێ و لۆکەوەش غیرەی لێدەکرد و دایکی باخانیش دەڵێ دەشنێ کێشەی لە نێوان هەڵکەوت و باخان دروستکرد.
باخان هێندە حەزى بە گۆرانى گوتن کردووە تا ئەو رۆژەى لە وڵاتى هۆڵەندا لە کۆنسێرتێکدا هەڵکەوت زاهیرى ئاوازدانەر دەبینێ و داواى هاوکارى و ئاوازى لێ دەکات، لە 2007 یەکەم ئەلبومى گۆرانى خۆى لە پێکهاتەى ئاوازەکانى هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر بە ناوى (ڤالانتاین) بڵاوکردەوە، کە ئێستاش باخان بە "یەکەم منداڵ و قوتابى هەڵکەوت زاهیر" دەناسرێتەوە، بەڵام عەشق پاشان حەسوودى ئەو دووانەى لێکترازاند.
لە سەر گرنگى پێدانى باخان لە لایەن هەڵکەوت زاهیرەوە بووە هۆى دروست بوونى رەخنەیەکى زۆرى هونەرمەندانى ناوخۆى کوردستان، کە دەگوترا "لەبەر باخان و هاوشێوەى ئەو، هیچ هونەرمەندێکى ناوخۆى کوردستان هاوکارى ناکرێن و پشتگوێ خراون"، بەڵام ئێَستا بە پێچەوانەوە باخان لە لایەن هەڵکەوت زاهیرەوە پشتگوێ خراوە و ئەمجارەیان باخان ناڕازییە و رەخنە لە هەڵسوکەوت و چۆنییەتى کارکردنى مامۆستاکەى خۆى دەگرێ، کە بە قسەى باخان خۆى "لە بەرامبەر ئاواز و هاوکارییەکان، هەڵکەوت زاهیر عەشقى منى ویست"، هونەرمەندێکى ئاگادار لە کێشەکەى هەڵکەوت و باخان، کە نەیویست ناوى ئاشکرا بکرێ، بە (سڤیل)ى راگەیاند، پەیوەندییەکى خۆشەویستى لە نێوان هەڵکەوت زاهیر و باخاندا هەبووە، و گوتى "پێش بڵاوکردنەوەى یەکەم ئەلبومى خۆى، باخان داواى خۆشەویستى لە هەڵکەوت زاهیرى ئاوازدانەر کرد و دواى سێ مانگ وەڵامەکەى وەرنەگرتەوە، دواتر لە رێگەى هاوڕێیەکى خۆییەوە هەوڵیدا عەشقى خۆى بۆ ئاوازدانەرەکەى بنێرێ، ئینجا وەڵامى ئۆکەى لە ئاوازدانەرەکەى (هەڵکەوت زاهیر) وەرگرتەوە"، وەک ئەو سەرچاوەیە ئاماژەى بۆ ئەوە دەکات، کە هیچکات هەڵکەوت وەک عەشقێک مامەڵەى لەگەڵ باخان نەکردووە، کە ئەوەش زۆرجار وای کردووە ئەو کچە گۆرانیبێژە بە گوماناوى لە ئاوازدانەرەکەى بڕوانێ، بۆیە بۆ ناونیشانى ئەلبومى دووەمیشى کە هێشتا بڵاونەکراوتەوە و لەلایەن هەڵکەوت زاهیرەوە ئاوازەکانى بۆ ئامادەکراوە (گومان)ى هەڵبژاردووە.
ئەو سەرچاوەیەى (سڤیل) ئەوە ئاشکرا دەکات، دواى دەرکەوتنى دەشنێ و لۆکە و گرنگى پێدانیان لە لایەن هەڵکەوت زاهیرەوە، باخانى تووشى دڵەڕاوکێ کردوە، گوتى "بە دەرکەوتنى دەشنێ و لۆکە، بە تایبەت لۆکە، کە خاوەنى جوانییەکى سەرەنج راکێشە، باخان دڵگران بووە و گومانى ئەوەى کردووە، کە لە لایەن هەڵکەوت زاهیرەوە هەم عەشقیەتى و هەمیش ئاوازدانەر پشتگوێ بخرێ و مۆمەکەى دراوشاوەى بکوژێتەوە، کە هەردەم خۆى بە یەکەم کچى گۆرانیبێژى هەڵکەوت زاهیرەوە داناوە، لە دەرەوەى وڵاتیش چەندین جار هەوڵیداوە لۆکە و دەشنێ لە هەڵکەوت زاهیرى ئاوازدانەر دوور بخاتەوە، بەڵام دەرئەنجامى سەرنەکەوتنى ناچار بە گەڕانەوە بۆ کوردستان بووە"، ئێستا باخان ئەلبومى دووەمى لە لایەن هەڵکەوت زاهیرەوە بۆ ئامادە کراوە و هەموو کارە هونەرییەکانیشى تەواو بووە، لەو ماوەى ئەو سەردانەى بۆ کوردستان یەکێک لە گۆرانییەکانیشى بە ناوى (شێتى) کلیپ کرد، ئەو هونەرمەندە ئاگادارە گوتیشى "لە سەرەتاکانى گەڕانەوەى ئەمجارەى بۆ کوردستان باخان داواى لە هەڵکەوت زاهیر کردووە دەشنێ و لۆکە بە هیچ شێوەیەک سەردانى ماڵەکەى نەکەن و بە شێوەیەکى رەقیش لە ماڵەکەى هەڵکەوت مامەڵەى لەگەڵ دەشنێ و لۆکە کردووە، کە حەسوودى باخان بە ئاشکرا هەست پێدەکرا، بە تایبەت بەرامبەر بە لۆکە، کە زۆر لە جوانى لۆکە ترساوە"، ئەو هونەرمەندە دەشڵێ "لەبەرئەوەى بەردەوام هەڵکەوت لە ماڵەکەى خۆیدا پڕۆڤە بە گۆرانیبێژەکانى خۆى دەکات و بووەتە قوتابخانەیەکى هونەرى، داواکەى باخانى رەتکردەوە، کە ناکرێ رێگە لە دەشنێ و لۆکە بگیردرێ لە هەڵکەوت نزیک نەکەونەوە"، بەپێى زانیارییەکانى ئەو سەرچاوەیەى (سڤیل) ئەو رەفتارانەى کە بەردەوام باخان دووبارەى دەکردنەوە، هەڵکەوتى زاهیرى ناچار کرد، خۆى لە باخان دووربخاتەوە و کارە هونەرییەکانیشى لەلاى خۆى بوەستێنێ، ئەو سەرچاوەیە باسى ئەوە دەکات، کە هەڵکەوت پێى وابووە، "ناکرێ لەبەر خۆویستى و حەسادەتى باخان، کچە گۆرانیبێژەکانى دى پشتگوێ بخات، کە دەیەوێ گرنگى بە هەمووان بدات و لە ئایندەدا ژمارەى کچەکانى تریش زیاد بکات، کە ئێستا ناسلى و نیلیسا دوو کچى دیکەن، بەڕێوەن لە قوتابخانەکەى هەڵکەوت زاهیر پەروەردە بکرێن".
باخان لە یەکێک لە دیمانەکانى ئاماژەى بۆ ئەوە کردبوو، کە "هەڵکەوت زاهیر ئەلبومى دووەمى ئەوى راگرتووە و رێگرە لە بڵاوکردنەوەى"، (سڤیل) پەیوەندى بە هونەرمەند هەڵکەوت زاهیرەوە کرد و هەرچەندە ناوبراو ئامادە نەبوو لەو بارەیەوە هیچ لێدوانێک بدات، تەنیا ئەوەندەى گووت "خۆ باخان یەک دینارى بە من نەداوە تا پارەکەى بدەمەوە، بەڵکو ئەو ئەلبومە پڕۆژەى خۆمە، منیش ئازادم دەیدەم بە کێ"، بەپێى ئەو زانیاریانەى دەست (سڤیل) کەوتووە، هەڵکەوت زاهیر ئامادە نییە جارێکى دى کار بۆ باخان بکاتەوە، لەبەرئەوەى "هەڵکەوت ئێستا هەستى بە بێ وەفایى باخان کردووە و دوو سێ جار وشەى (بێ وەفا)ى بەرامبەر بە باخان بە کار هێناوە"، لە لێدوانێکدا بۆ (سڤیل)، دایکى باخان ئەو زانیاریانەى رەتکردەوە و ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، کە باخان داواى زەواجى لە هەڵکەوت زاهیر نەکردووە و دەڵێت "کاک هەڵکەوت کوڕێکى زۆر باشە و هیچ تەعلیقێکمان لە سەرى نییە، بەڵام ئەو باخان داواى زەواجى لە هەڵکەوت نەکردووە، بەڵکو باخان دەڵێ هەڵکەوت زاهیر مامۆستا و ئاوازدانەرى منە و حەز ناکەم زەواجى لەگەڵ بکەم، کە تەمەنیشى زۆر لە من گەورەترە"، دایکى باخان ئەوەشى ئاشکرا کرد، کە کچەکەى داواى ئەلبوم ناکاتەوە و وازیشى لە گۆرانى گوتن هێناوە و دەشنێ بە دروستکەرى ئەو کێشەیە دەزانێ و گوتى "زۆرجار باخانى کچم دەشنێ و هەڵکەوتى ئاشتکردوەتەوە، چونکە جارێکیان هەڵکەوت و دەشنێ بوو بە شەڕیان لەسەر هەندێ کار کە دەشنێ ئەنجامیدا بوو، بەڵام هەڵکەوت بە دڵى نەبوو، بە پێچەوانەوە باخانى کچم دەشنێ و لۆکەى خۆشدەوێ، بەڵام دەشنێ قسەى دروست دەکرد و حەزى لەو بەزمەى ئێستا بوو"، هەروەها دایکى باخانى گۆرانیبێژ دەشڵێ "هەڵکەوت زاهیر ئەو ژمارە کچەى لە خۆى کۆکردوەتەوە، دەبێ کەسێکى ئیداریش بێ، لەوانەیە ئەو کچانە لە نێوان خۆیان قسە دروست بکەن و کێشە بنێنەوە، ئێستا باخان حەز ناکات لە راگەیاندنەکان قسە لە سەر هەڵکەوت بکات، ئەوەى کە کرایشە قسەى راگەیاندنەکان خۆیانە، نەک باخان، چونکە ئەو بەردەوام رێزى لە هەڵکەوت زاهیر وەک مامۆستاى خۆى گرتووە و لە بەرامبەر ئەویشدا بێ وەفا نابێ".
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە