ڕاپەڕینی هەولێر ١٩٩١/٣/١١

Saturday, 06/04/2013, 12:00

2953 بینراوە


چەند ڕۆژێک پێش ڕاپەڕین، من بە سەردان چوبوم بۆ دوهۆک.

بەیانی زوو لە ١٩٩١/٣/١٠ بڕیارمدا کە هەول بدەم خۆم بە هەولێر ڕاگەێنمەوە پێشی تەقینەوەی جەماوەری بەڕوی ڕژێمی بەعسدا.

هاتمە گەڕاج سواری ئۆتۆمبێلێک بوم بۆ موسل، کە گەیشتمە موسل و چوم بۆ گەڕاجی موسل بۆ هەلێر، سەدان کەس لە گەڕاج مابونەوە و هیچ ئۆتۆمبێل نەدەچون بۆ هەولێرو خەلک هەمووی لەو گەڕاجە تێک دەهاتن و دەچون ئۆتۆمبێل پەیدا نەدەبون، هەر ئۆتۆمبێلێک لەو ناوە ڕادەوەستا، دەیان کەس بە یەکەوە لەبۆی دەچون و ئۆتۆمێلەکە ڕای دەکرد و هەلدەهات.

چارمان نەما، ئێمە چوار کورد گەیشتینە یەکترو دەگبیرمان کرد کە گەڕاج بەجێ بهێلین و هەول بدەین لە کۆلانەکانی دەوروبەری دەرگای ڕۆژهەلات (بابێلشەمس) شوفێرێک ڕازی بکەین بمان گەێنیتەوە هەولێر، هەر چۆن بێت تەکسیێکمان بە پارەێکی زیاد گرت و هاتین هەتا گەیشتینە بەرامبەر کانی قرژالە، لەوێ خەلکێکی یەکجار زۆر لەو دەشتە مابوونەوە و کەس نەیدەتوانی لە بازگەی ڕەشکینی دەرباز بێت بەرەو هەولێر، ناچار ئۆتۆمبێلمان بەجێ هێشت و بە پێیان کەوتینە ئەو دەشتایی و بە کانی قرژالەدا ڕۆیشتین و لە بازگەکە سوڕاینەوە و لە بەرامبەر سەربازگەی ڕەشکین هاتینەوە سەر جادە، لەوێش هەر بە پێیان بەرەو هەولێر هەتا گەیشتینە سەر شێست مەتری هەولێر، لەوێ زۆر هیلاک ببوین و خەریک بوو توانای ڕۆیشتنین نەمینێت، من دەستم بۆ ئۆتۆبێلێک ڕاگرت داوام لێ کرد کە بم گەێنیتە گەڕەکی ئازادی، ئەویش گۆتی هەتا جادەی ئازادی دەڕۆم بەلام ناچمە ناو ئازادی، چونکی ئۆتۆمبێلەکانی شورتە و ئەمن و ئیستیخبارات بە کۆلاناندا دەسوڕانەوە و بە بلندگۆ بانگەوازیان دەکردو داوایان لە خەلک دەکرد کە هەر کەسێک چەکی حکومەتی لەلا بێت، بیان بەن دەسلیمی مەرکەز شورتەکانی بکەنەوە، بەلام کەس گوێی پێ نەدەدان.

هەر چۆن بێت ئۆتۆمبێلەکە گەیاندمیە سەر جادەی ئازادی و لەوێ درەنگانی شەو بە شێوەێکی خۆشاردنەوە کۆلان بە کۆلان خۆم گەیاندە مالی خزمێکم بە ناوی عەلی شاهین لە ئازادی، زۆر هیلاک ببوم و بە پەلە پاروە نانێکم خواردو خەوم لێ کەوت.

بەیانی لە دەوری کاژێر شەش جەماوەر لە هندێک کۆلانان دەستیان بە ڕاپەڕین کردبوو، عەلی و جیرانەکانی پێش هەموو شتێک چوبونە سەر مەرکەز شورتەی ئازادی، بەلام کە چوبونە سەری، شورتەکان شەڕیان نەکردبوو، ئەوانیش مەرکەزیان پشکنی بوو، دو سندۆق کلاشینکۆف؛یان هینابوون لەسەر یەکتر دابەشیان کردبوون، کاتێک عەلی هاتە سەر سەرم و زۆر بە توندی بانگی کردم و گۆتی هەستە جەماوەر ڕاپەڕی و دونیا خراب بونە، منیش لە خەو ڕاپەڕیم و گۆتم ئەوجا بەبێ چەک چیبکەین؟ عەلی گۆتی من دو سێ کلاشینکۆفم هیناون، بەلام کەمێک تەلقەم بەدەست کەوتن، منیش هەستام هەردوکمان چوین بۆ لای جادەی شەست مەتری، بەڕێگاوە خەلک هاواری دەکردو دەیان گۆت هێرش بکەنە سەر بینای ئیستیخباراتی سەر ڕێگای کەرکوک، ئێمەش گەڕاینەوە بەرەو ئەو بینا ڕۆیشتین، بەلام کە گەیشتینە ڕیزە مالەکانی بەرامبەر بینای ئیستیخبارات، شەڕ زۆر گەرم بوو، دۆشکە لەسەر بان حەشوایی لە خەلکی ڕاپەڕیوی دەڕشاند و زۆر کەس لەوێ بونە قوربانی، ئێمەش چەند کەسێک بەناو ڕیزە مالەکاندا خۆمان گەیاندە بەرامبەر بیناکە، هەتا دەهات جەماوەر لە هەرچوار لایانڕا لەبۆیان دەهات و شەڕ گەرمتر دەبوو، ئەوانیش تەخمین دەکرا نزیکەی بیست هەتا سی کەسێکی شەڕکەر زۆر توند بەرگریان دەکردو خەلکێکی زۆریان پێکا، دیارە بەشێکیان بە ئومێدی خۆ بەدەستەوەدان دەستیان بەرز دەکردنەوە و کەت کەت لە دەرگای بیناکە دەهاتنە دەرەوە، بەلام کەس بە کەس نەبوو، ئەوانەی دەهاتنە دەرەوە لە هەموو لاێکەوە کوللە باران دەکران و دەرباز بونیان نەبوو، چەندێکیان بە بەرگی زەیتونیەوە کەوتبونە ناو ڕیزە ڕولکەکانی جادەی پێش دەرگای بیناکە، دیارە هندێک گەنجی خوێن گەرم و گیان فیداو چاو نەترس هەبوون، خۆیان گەیاندە ناو بیناکە و شەڕ کەوتە ناو ژوورەکان، وە چەند کەسێک لەسەر بان بەردوام بون بە دۆشکە لە شەڕ دژی جەماوەر، ئەو گەنجانەی گەیشتبونە ناو بیناکە، یەکێک لەوان خۆی گەیاندە سەربانی و ئەوانەی سەر دۆشکەی گوللە باران کردن و بۆ خۆشی پێکرا، بەلام چەند برادەرێکی بە برینداری خستیانە ناو ئۆتۆمبێلێک و بردیان، ئومێدەوارم لە ژیاندا مابێت و چاک بوبێتەوە، ئیتر لە هەرچوار لاوە خەلک خڕۆشانە ناو بیناکەیان و لەو ئان و ساتیش هندێک کەس هەبون هەر بەدوای ئۆتۆمبێل بردن و تالان کردنەوەبون، بەشێک ئاگریان بەردایە کابینەکانی فایل و کیتابات و ئەوڕاقان، بەشێکیش هەر بە دوای پاک کردنەوە و دۆزینەوەی ئەوانەوە بون کە خۆیان حەشار دابوو خۆیان شاردبوەوە، لەو کاتی دەنگۆ پەیدا بوو گۆتیان چەند کەسێک لە پلەدارەکان بەرگی کوردیان لەبەر کردووە و بە تەکسیێک خۆیان دەرباز کردووە.

هەر چەندە شەڕ لەو بینا کۆتایی هات، بەلام تەقە و گرمەی شەڕو خۆشی و گڕەی شێلکەی حەشوایی تێکهەلاو ببوو، زۆر کەس بەدەم ڕێگاوە بە گوللەی وێل دەپێکراو گیانی لەدەست دەدا. لەپاش گیرانی ئەو بینا، من و عەلی گەڕاینەوە بۆ ئازادی و من گۆتم دەبێ هەول بدەم خۆم بگەێنمەوە مالێ لە کەسنەزان و بزانم ئەندامانی خێزانمان چیان بەسەر هاتووە، عەلی گۆتی لێناگەڕێم بە تەنها بڕۆی، هەستاین من و عەلی بەرەو کەسنەزان ڕۆیشتین، لە جادەی سەد مەتری بۆ لای خەستەخانەی ئازادی و لەوێوە بۆ کەسنەزان ڕۆیشتین.

لە جادەی هەولێر بۆ کەسنەزان دەیان لاشەی سەربازەکانی ڕژێمی لێ کەوتبون.

ئێمە لەناو ئەو ڕاپەڕینەدا بووین هەتا ئەو گەڕەک و بنکە ئیستیخباراتانە تەواو لە ڕژێم پاک کرانەوە، ئەگەر بلێم یەک پێشمەرگەی ئاشکرامان نەبینی، درۆ نییە، مەبەستم ئەوە نییە لە ڕۆل و تێکۆشانی پێشمەرگە کەم کەمەوە، چونکی پێشمەرگەش داکێکە لە گۆمەلگا، ئەگەر بە ڕاستی پێشمەرگەو حیزبەکانیشیان تێکۆشا بن لە پێناو گەل و نیشتیمان، دەبێ شانازی بە ڕاپەڕینی جەماوەری کوردەوە بکەن و جەماوەریش گیان فیدایی و تێکۆشانی کەسانی دلسۆزیان لەبەر چاوە، بەلام بەداخەوە بۆ حیزبە خۆپەرستەکان کە هەردەم هەول دەدەن لە ڕۆلی گەل کەم بکەنەوە و تەنها ڕێبازە چەوتەکانی خۆیان بە خەبات بە گەل بفرۆشنەوە و خۆیانی پێ هەلکێشن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە