بزتنەوەى گۆڕان لەناوچە دابڕێنراوەكان دۆشداماوە نەدەسەڵاتە نە ئۆپۆزسیۆن

Wednesday, 29/05/2013, 12:00

1543 بینراوە





بوتنەوەى گۆڕان ئەگەرچى لە كوردستان هەنگاوى فیعلى و جدى هاویشتوە و شوێن پێى خۆى كردۆتەوە و بوتە جێگەى متمانە لاى بەشێكى زۆر لە خەڵكى كوردستان بەڵام لە ناوچە دابِرێنراوەكان بەپێچەوانەوەیە بەوپێیەى گۆڕان لەو ناوچانە نە دەسەڵاتە و نە ئۆپۆزسیۆن تەنانەت خۆشى نازانێت بەرەوكوێ هەنگاو دەنێت ئەمەش وایكردوە هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار ئەم ناوچانە وەكو كارت بەكارى بهێنن بەڕامبەر حكومەتى مەركەزى بەهێنانى هێزى پێشمەرگە و دروست كردنى فشار تا پارەى كۆمپانیا نەوتیەكانى پێوەر گرن لەبەرامبەر كشانەوەیان یان بەكار هێنانى ئەم ناوچانە وەكو كارتێكى تر بەرامبەر بە بزوتنەوەى گۆڕان و لایەنەكانى دیكە بەشێوەیەك نابێت لەم ناوچانە ئەگەر كەم و كوڕیش بەدى كرا دەنگ بكەن چونكە ئەم ناوچانە مەترسیان لەسەرە و دەیان بیانۆى دیكەى بێبنەما . ئەوكات چ بزوتنەوەى گۆڕان و چ یەكگرتوو كۆمەڵ مت دەبن و بێ دەنگى هەڵدەبژێرن هەروەكو چۆن لەبەرامبەر سیناریۆى دروست بوونى ئۆپەراسیۆنى دیجلە هەڵیان بژارد كە سیناریۆیى نێوان پارتى و حكومەتى عێراق بوو لەئێستاشدا كورد بەتایبەتیش پارتى داواى جێگرى فەرماندەیى ئەو ئۆپەراسیۆنە دەكات
لێرەدا دەتوانین چەند هۆكارێك دەست نیشان بكەین كە واى لە بزوتنەوەى گۆڕان كردوە لەم ناوچانە نە دەسەڵات بێت و نەئۆپۆزسیۆن.
1- داوى ئەو هەڵبژاردنانەى كە لەو ناوچانە ئەنجام درا گۆڕان كە نەیتوانى دەنگێكى باش بەدەست بێنێت ئەمە واى كرد كەمتر گرنگى بەم ناوچانە بدات هەرلەو كاتەوە ئەم ناوچانە لە چوارچێوەى ڕاگەیاندنەكانى ئەم بزوتنەوەیە كەمتر گرنگى پێدەدرێت تەنها ڕادیۆى گۆڕانى لێ بەدەر بێت كە پێچەوانەى دەزگا ڕاگەیاندنەكانى دیكە گرنگى باش بە ناوچە دابڕێنراوەكان دەدات
2- گۆڕان هەموو كارەكانى خۆى لە سلێمانى چڕ كردۆتەوە و دەتوانین بڵێین بزوتنەوەى گۆڕان لەسەر بنەماى سلێمان چێتى دروست بوە و تائێستاش بەردەوامە ئەو هەنگاوەش كە بەرەو هەولێر دەیهاوێ بەترسەوەیە دەیهاوێت نەك بە باوەڕ بەخۆبوون .
3- ئەو سەركردانەى كە خەڵكى كەركوكن لەناوبزوتنەوەى گۆڕاندا هەروەكو سەركردەكانى پارتى و یەكێتى ڕوویان لە سلێمانى كردوە و بەشێكى زۆریان كەركوكیان بەجێ هێشتوە دیارترینیشیان مام ڕۆستەم كە كەسێكى دیارى ناو بزوتنەوەى گۆڕانە .
4- بزوتنەوەى گۆڕان خاوەنى هیچ نەخشەو پلانێك نیە لە ناوچە دابڕێنراوەكان كە دەبوو چۆن لە كوردستان خاوەنى چەندین پاكێچە لە ناوچە دابڕێنراوەكانیش بەهان شێوە نەخشە ڕێگاى تایبەتى بەم ناوچانە هەبوایە .
5- كێشمەكێش و كێشەو گرفتى ناوخۆیى و دروست بوونى چەندین باڵ لەناو ئەم بزوتنەوەیە بەتایبەتیش لەناوچە دابڕێنراوەكان هۆكارێكى دیكەیە كە واى لە گۆڕان كردوە كەمتر گرنگى بەم ناوچانە بدات .
چارەسەر ....
1- بۆچارەسەر كردنى ئەو كێشەو گرفتانە كە باسمان كرد سەرەتا دەبێت لە ڕووى ڕاگەیاندنەوە گرنگیەكى باش بەم ناوچانە بدرێت كە تائێستا نەك گرنگى پێنەدراوە بەڵكو پشت گوێش خراوە لە ڕاگەیاندنەكانى بزوتنەوەى گۆڕاندا جگە لە ڕادیۆى گۆڕان . وە هەوڵبدرێت خەڵكى نوێى و گەنجى بەتوانا لەبەرنامە جیاجیاكان بانگێشت بكرێت ئەگەر بزوتنەوەى گۆڕان لەتوانایدا بێت هەوڵبدات كەناڵێكى تایبەت بە ناوچە دابڕێنراوەكان بكاتەوە كە ئەمەیان هەنگاوێكى باش دەبێت چ بۆ بزوتنەوەكە چ بۆ خەڵكى ئەم ناوچانە .
2- گۆڕان هەوڵبدات نەخشەڕێگایەكى تایبەت بەم ناوچانە پێشكەش بكات و ببێتە بەدیلى پاریتى و یەكێكى و هەوڵى دروست كردنى ئەو پردە ڕوخاوانە بدات كە لەنێوان نەتەوەكاندا نەماوە و بتوانێت ببێتە چەترى كۆكەرەوەى نەتەوەكان بە توركمان و عەرەب و مەسیحیەكان و سەرجەم نەتەوە و مەزهەبەكانى دیكە .
3- خۆداماڵێن لە نەریتى ناوچە گەرێتى كە ئێمە پارتى و یەكێتی پێ تۆمەتباردەكەین و بۆیە نەریتى ناوچە گەرێتى لە هەرحیزبێكى كوردستاندا بوونى هەبێت ئەوە نابێت لە بزوتنەوەى گۆڕاندا هەبێت چونكە ئەگەر وابوو ئەوە هیچى جیاواز نیە لە پارتى و یەكێتى بگرە لەوانیش خراپتر دەبێت .
4-هەوڵبدرێت لە ڕێگەى ڕاگەیاندنەكانیەوە بەڕاشكاوانە باس لە كێشەو گرفتە ناوخۆیەكانى خۆى بكات ئەمەیان باشترە لەوەى گۆڤارێك یان كەناڵى حیزبێكى تر ئەم بابەتە بورژێنێت دواتر ناكرێت بزوتنەوەى گۆڕان باس لە كێشەو گرفت و باڵباڵێنى حیزبەكانى تر بكات و ئەوەى خۆشى پەردەپۆش بكات بەشێوەیەك خۆى دەرخات كە بزوتنەوەیەكى بێ كێشەیە .
5- گەڕانەوەى ئەو سەركردە و هەڵسوڕاوانەى كە خەڵكى ناوچە دابڕێنراوەكانن چونكە ئەو كەسانە لە ناوچەكانى خۆیان باشتر دەتوانن كار بۆ بزوتنەوەى گۆڕان بكەن وەك لەوەى لە سلێمانى بن .


هونەر ئەحمەد - ڕۆژنامەنووس

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە