قەڵەمى كول بەرهەمى ئەقڵى كۆنە ! كاك تاهیر ساڵح شەریف ئەو هەموو بێ ویژدانیە بۆ ؟

Monday, 19/10/2009, 12:00

1593 بینراوە


*- سەرەتایەك وەك خۆى :
كەسە بێ ئاگاكان ئەوانەن كە وەك برادەرانى خەوتووى ناوئەشكەوت بە چاو و مێشكى رابردوو بەخەبەر هاتوون و هێشتا وەنەوزى ئەم خەوە بەرى نەداون ، من تێ ناگەم ئەم هەموو قەوانە سواوە بۆ لە زۆر بەى نوسینەكانتا دووبارە و چەند بارە دەبێتەوە ، كاتێ مرۆڤ دەیەوێت هەندێ لە نووسیەنەكانت بخوێنێتەوە هەر لە دووەم و سێیەم دێڕدا تاقەتى خوێندنەوەى تیا نامانێت ، بەقەبارەى دەفتەرێكى سەد پەڕى شتت لەسەر بەختیار عەلى نوسیوە بەڵام بڕوابكە تەنها رستەیەكى لەزەین و هزرى مرۆڤدا نامێنێتەوە ، نوسینەكانى جەنابتم وەك نوزەى راگەیاندنە پڕ مرخەمرخەكەى (مەكتەبى راگەیاندنى یەكێتیی و چاودێرەكەى مەلا بەختیار و قسەكانى حمەى مەلا قادر) م دێتە پێش چاو ، تۆیەك لەو دوورەوە هێشتا كەسێكى ناو دەسەڵات و بەرپرسێكى تڕۆ تەرفیع و دەهۆڵ ژەنێكى دەسەڵات مۆڕەیەكى لە نزیكەوە لێ نەكردووى تابزانى حەقیقەتى ئێستاو جۆرى پەیوەندى و تێروانینى یەكێتیی بۆ لیستى گۆڕان و لایەنگرانى ئەو لیستە چۆنە و لە چ ئاستێكدایە ، تۆ هێشتا شەوێك لەكاتى هەڵمەتى پڕوپاگەندە و رۆژانى دواى هەڵبژاردن لە ناو سلێمانیدا نەبوویت بۆیە ناحەقت ناگرم كە لەو دوورەوە بێ ئاگا و ناحاڵیانە لەچۆنیەتى و جۆرى ئەو ململانێ و ناكۆكیەى نێوان دەسەڵات و لیستى گۆڕان بەگشتى و نێوان یەكێتیی و لیستى گۆڕان گەیشتە چ ئاستێكى مەترسیدار بەتایبەتى بڕوانى و لێكیان بدەیتەوە !
قسەكردن لە سەر لیستى گۆڕان و پەیام و ئایندەى ، هەڵوێست و بۆچوون و خوێندنەوە و تێڕوانینى بۆ پرسە نیشتیمانى و نەتەوەیی وعێراقى و ناوچەییەكان شتێكەو ئەو مێژووە ى كە تۆ وەك شانامە بۆ نەیارەكانى لیستى گۆڕانیش هۆنیوتەتەوە شتێكى ترە ، ئێمە پەیوەندیمان بەو مێژووەوە نیەو مامەڵەو خوێندنەوە و داهاتووشمان لەسەر ئەو مێژووە پڕ هەڵە و لێكدانەوە نالۆژیكى و ڕووكەشەى كەتۆ داتتاشیوە هەڵناچنین و تەلارى دوارۆژو گەشەكردنى لە سەر سەروەریەكانى رابردوو دانامەزرێنیین بەڵكو خودى ئێستاو ئایندە لەبەرچاودەگرین و هەنگاوەكانمان لێرەوە دەست پێ دەكا ، ئەو رابردوە ، ئەو مێژووەى كەتۆش باست كردوە ئەوە هەرپێشكەش بەجەنابت و ئەوانەبێت كەوەك تۆ لێكدانەوە و شیكارى نادروست و نابەجێی لەپێناو چەند مەرامێكى تایبەتیدا بۆ ئەكات پیرۆزى بێت و پێشتریش زۆرێك لەوقەڵەمە هاوشێوانە لەم بابەتانە دواون بۆیە پێم وابێ ئەم نوسینەش لەهەمان كونە باو هەمان مێشكى كۆنى تازە بەخەبەر هاتوەوە نوسراوە ؟
ئەوەى كەزۆر سەیروجێگەى هەڵوەستە لەسەر كردنە ئەوەیە كە بەڕیشى كێ ڕەوایە كەسێكى وەك كاك نەوشیروان 40 چل ساڵ تەمەنى تێكۆشان و سەروەرى و نیشتمانپەروەرى خۆى بەم تەمەنەوە بكا بەقوربانى سەرلەنوێ ژیانەوەى چەندین بەرپرسى داوێن پیس و دزو تاڵانچى و پاراستنى سیاسەتى بەبنەماڵەكردنى حزب و حكومەت ، ئاخر چ ئەقڵ و ویژدان و بۆچۆنێكى مەنتیقى لەگەڵ بەیان كردن و خستنە ڕووى تێزێكى بێ ناوەڕۆكى وادایە گوایە بزووتنەوەى گۆڕان فێڵ و پلانە و بۆ هەستانەوە و رزگاركردنى جەلالیزم ؟ ئاخر ئەگەر ئەمە بەرهەمى لێكدانەوە و شیكارى ئەقڵێكى كۆن و مێشكێكى دابڕاو نەبێت لە لەو بارودۆخەو ژیانەناهەموارەى كە ئێستا بەسەر لایەنگرانى لیستى گۆڕان و هەوادارانیدا هاتوە ئەوە جگە لەو دژایەتى و مامەڵەناشیرینەى كەرۆژانە دەسەڵات لە گەڵ هەوادارنى گۆڕان لەلایەك و لەلایەكى تریشەوە لە كەناڵەكانى راگەیاندنەكانیەوە لەدژى لیستى گۆڕان بەرپاى كردوە ، مەگەر هەر لە خەڵكانێكەوە ڕابگەیەنرێ و بخرێتە بەر دیدەى خەڵك كە بەڕاستى لەو پەڕى بێ ئاگایی و دابڕانیەوە لەو بزووتنەوە و ئەو بارودۆخەوە بڕوانێ كە لەسایەى كۆمپانیاى وشە و لیستى گۆڕانەوە ئێستا دركى پێ ئەكرێ و تەواوى سیستەمى حكومڕانى و دەسەڵاتى دوو بنەماڵە خۆسەپێنەكەى هێناوەتە لەرزە ؟

*- هەرهێزێك رووەو ڕابردوو بڕوانێ ، دوارۆژى گەش نابێ !:
بزووتنەوەى گۆڕان ئەوەندەى پەیام و بەرنامەوبۆ ئایندەیە چارەگێكى ئەوە بۆ رابردوو ، بۆدواوە ناڕوانێ ، ئێمە لە بزووتنەوەى گۆڕان ئەوە ئەخوازین ، ئەوەمان زیاتر لامەبەستە چ ئەكەن بۆ داهاتوو ، جیاوازى و خاڵە جەوهەریەكانى ئەمان و لیستەكانى ترلەچیدایە وبۆچوون و تێڕوانینیان بۆ پرسە ناوخۆیی و دەرەكیەكان ، بۆ رێكخستنەوە و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەى تاكى كورد و شیرازە لەبەر هەڵوەشاوەكەى كۆمەڵگەى كوردى چی ئەكات و چی لەهەگبەى داهەیە ؟ گەڕانەوە بۆ رابردوو ، سەرلەنوێ شیكارو هەڵدانەوەى پەڕەكانى مێژوو، خۆ خەریككردن و گردبوونەوەمان لەدەورى چ كراوە و چۆن كراوە و بۆواكراوە و .... ؟ جگە لە راكێشانى خەڵك و سەرقاڵكردنیان لەنێو تێوەگلان و ئەستۆپاكى و سەرزەنشت ، لەنێوان كارە باش و خراپەكان و ... هتد ، لە وونبوون و نەبوونى میتۆدێكى زانستى و توێژینەوەیەكى وورد و ئەكادیمى كەزیاتر كارى لێكۆڵەرە مێژووییەكان و ئەوانەى بەو بابەتانە زیاتر پەیوەندار ، ئەگەر كارێكى زۆر زەحمەت و گرانیش نەبێ ، دڵنیام توشى كۆمەڵێ هەڵەولێكدانەوەى نادروستمان ئەكات جگە لەوەى ئۆباڵى مێژوویی ئەو هەڵە و كەموكورتیانەش ئەكەوێتە سەرشانى ئەوانەى كە بەم جۆرە كارانە هەڵدەستن و بێ پێڕەوكردنى شێوازە ئەكادیمى و زانستیەكان و بەمەرامێكى تایبەتى ولە گۆشەنیگایەكى تەسكەوە ئەكەونە شەن و كەوى ئەوبابەتە هەستار و ورژێنەرانە ! بۆیە ئەو بابەتەى كاك تاهیریش جگە لەهەوڵێكى بێ بەر و هەڵدانەوەى لایەنێكى بچووك و كەمى ئەو مێژووەیەیە كە ئێستا نەكارى ئەوە و نە بابەتێكە لە ئەجێنداى بزووتنەوەى جەماوەرى خەڵكى كوردستان ، وە بەتایبەتى لەم بارودۆخە هەستیارو پڕ ئەركەدا كە بزووتنەوەیەكى بەرهەڵستكارى جدى بەڕێبەرى لیستى گۆڕان و هاوكارى و ئامادەیی هەندێ لایەنى تر لە سەنگەرى بەگژداهاتنەوە و گۆڕینى فەلسەفە و سیستەمى سیاسی و دەسەڵاتى خۆسەپێنى پارتى و یەكێتیی دایە ، بۆیە باشترو بەجێ تربوو كە كاك تاهیر ئەوەندەى كات و خۆى بەو مێژووە پڕ برین و تراژیدیایە كە لە زەین و هۆشى نەوەى ئەمڕۆدا تاڕادەیەك نامۆیە وبەتایبەتیش لە سەروبەندى ئەوەداین كەنەوەى لەدایك بوانى راپەڕین ئەمساڵ زۆربەیان مافى دەنگدانیان هەیە و نەوەیەكە ئێستا كارو ماف و داواكارى ئەوێت و زۆر بەلایەوە گرنگ نیە تۆ چ بوویت و چیت كردوە و چەند سەنگەرت بەسەریەكا تەپاندوە ؟
بەڵكە ئەو ئەمڕۆ پێویستیە سەرەتاییەكانى ژیان و كارئاسانى و زەمینەسازى ئەوێت بۆ بەدەست خستن و بەكارهێن و لەبەردەستا بوونى ئامێرو ئامڕازە تەكنەلۆژیاى سەردەم و خواستیەتى وەكو كەسێك و لاوێكى وڵاتانى تر ئەو دەستكەوت و پێشكەوتنە تەكنەلۆژى و داهێناناى كەهەیە لەبەردەستى دابێت و رزگارى ببێ لە نەهامەتى و بێ بەشی و نایەكسانى و ئەو جیاوازیە چینایەتیە گەورەیەى كە رۆژانە ئەیبینێ و خەم و ئازارو ناخى ئەكرۆژێ ، بۆیە دووبارەو چەند بارە كردنەوەى ئەوەى چوو ، ئەوەى روویدا بۆ ئێستانابنە ئەو هۆكارو بابەتانەى كە خەڵك و بەتایبەتى ئەو نەوەیەیەى كە ئێستا لەمەیدانە و وەك گەنج خۆى نمایشكردوە ، شان بەشانى چین و توێژە هەرەبێ بەشەكانى گەلەكەمان داواو ئامانج و بەرژەوەندیەكانیان لەنێو تاوتوێ كردن و هەڵدانەوەى لاپەڕەكانى مێژوودا نادۆزنەوە و هەر هێزێكیش بۆ رابردوو بڕوانێ دڵنیابە ئایندەیەكى گەش چاوەڕێی ناكا ؟ بۆیە پێویست ناكا بمان گلێنیە ناو تۆڕێكى ئاڵۆزى واوە كە جگە لەسەر ئێشە و سەرقاڵكردن چ قازانج و خزمەتێكیش نەبەئێستا و نەبە ئایندە ناكات و هەركاتێكیش كەسانێك هەبن و سوور بن لەسەر هەڵدانەوەى ئەو مێژووەو تاوتوێ كردنى ئەوە دڵنیابە ئەوەى بەروو سوورى و سەربەرزى لێی دەردەچن لەوانەیە لە چەند نەوشیروانێك (وەك كەسێتێكى پاك) تێپەڕنەكەن !
*- كۆتایی :
لەكۆتایدا هیوادارم كاك تاهیر بەدڵێكى فراوانەوە ئەم رەخنەیەم وەربگرێ و نیازیشم برینداركردن و بەبچووك سەیركردنى كەس نیە ، بەڵام حەزم ئەكرد رەخنەى كاك تاهیر لە بزووتنەوەى گۆڕان (هەرچەندە خۆى ئەڵێ رەخنەم لە رووى تیۆریەوە لەبزووتنەوەى گۆڕان نیە) ، لەسەر بەرنامە و ئەجێنداى كار و ئەو شێوازە گەیاندن و ئەدایە بوایە كە لیستى گۆڕان لە م ماوە كەمەى تەمەنیدا ئەنجامى داوە بوایە و هەر ئەو ماوە كورت و تەمەنە نەكاتە پێوانەى هەموو بزووتنەوەكە و وا بێ ویژدانانە وسەرپێیانە تاوانى ژیاندنەوەى جەلالیزم و رێكخستنەوەى دیوارە داهێزراوەكانى ماڵى یەكێتیی نەخاتە ئەستۆى كاك نەوشیروان ! بەڵكو باشتر وابوو توێژینەوە و هەڵسەنگاندنەكانى لەسەر ئەو پرەنسیپ و بنچینەیە دابرشتایە كەتاچەند لیستى گۆڕان و لێكدانەوە و بۆچوونە سیاسی و فەلسەفى و یاساییەكانى كاك نەوشیروان لەكەناڵەجیاجیاكانى راگەیاندنەوە چ كاریگەرى و جۆش و خرۆشێكى ئومێد بەخش و رووناكى خستۆتە نێو هزرو بیرى خەڵكى ئازادیخواز و ئەوانەى خوازیارن یەكسانى و عەدالەتى كۆمەڵایەتى باڵ بەسەى كۆمەڵگەكەیاندا بكێشێ لەلایەك و لەلایەكى تریشەوە ئەوەت هێنابایە پێش چاو ئاخۆ دەسەڵات ، بەتایبەتى خودى دوو بنەماڵەى تاڵەبانى و بارزانى و سوودمەندەكانى دەورووبەریان تاچ رادەیەك تەنگاو بوون و بۆوا سەرسەختانە بەدرۆ و ساختەكارى و چەواشەكارانە كەوتونەتەخۆ لەبەرامبەر پەیام و لێدوان و بۆچوونەكانى كاك نەوشیروان مستەفا كە دڵنیام ئەوەى چاوێك بەلاپەڕە رووزەردەكانى كوردستانى نوێ و چاودێر و پیوكەى میدیا و سایتى چاوگێر و لێدوان و دەم تێكهەڵاتنى كۆلكە بەرپرسەكان بێت هەرلەیەكەم ساتەوە تێ ئەگات كە لیستە گۆڕان توشى چ دەردێك و چ سەرلێشێوانێكى فیكرى و سیاسی و یاسایی كردوون و چۆن ئەوەى ژێر بەرەكەى لێ هێناونەتە سەر بەڕەكە ، ئەوەى لاى كەس شاراوەنیە ئەوەیە كە چەند ساڵێكە چەند حزبێكى ترهەبوون و جارجارەش هەندێ قسەیان كردوە ، بەڵام هەموو ئەمانە نەبوونە هەڕەشەیەكى جدى و مەترسى لەسەر مانەوە وهێشتنەوەى بەرژەوەندیەكانى دەسەڵاتى ئێستا، بۆیە دەسەڵاتیش زۆر بەتوندى و بەبەردەوامى دژایەتى نەكردوون و هەرگیز نەگەیشتۆتە نیوەى ئەوەى كە ئەمڕۆ دژى لیستى گۆڕان پیادەى ئەكات ، ئەمەش ئەوە ئەسەلمێنێ كەبەراستى بزووتنەوەى گۆڕان و بەرنامە و سیاسەتى ، بۆچوون و لێكدانەوە و شیكار و هەڵسەنگاندنەكانى ، تێڕوانین وئەجێنداى كارى زۆر بەپێچەوانەو ئەو ئاڕاستەیەیە كە دەسەڵات بیرى لێ ئەكاتە و بۆى ئەڕوانێ و بزووتنەوەى گۆڕان و خودى كاك نەوشیروانیش لەوە زۆر گەورەتر و بڵند تر و بەهێزتر و دووربینترن كە بۆ خەڵكى ترو داپۆشینى پاشەڵی پیسى خەڵكى تر لە شاڕێی بەرنامە و ئامانجەكانى خەڵكى كوردستان دوور بكەوێتەوە و ئەو تەڵەكەبازى و فێڵ و فرتە لەوانە دەوەشێتەوە كە پێشتر و بەناو كوردایەتى كردنیانەوە لەگەڵ بەعس ورژێمەكانى دەرودراوسێ ئەنجامیان داوە و دەست و پەنجەیان لەگەلً نەرم كردوە ؟ هیواداریشم لەئایندەدا ووردتر ، كامڵانەتر پێشبینى و خوێندنەوەكانت بنوسیت و ئەوەندە نەكەویتە ناو بیرى تاریكى مێژووەوە ، بەڵكە لە ئێستا و بۆ ئایندە ووردببیتەوە ولەناو حەقیقەتى ئێستاى رووداو ژیانى مرۆڤەكانەوە سەرى تاڵە داوەكانى ئاسۆى دوارۆژ بدۆزیتەوە .





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە