بۆ مەسعود بارزانی، ئەوە دایکی من بوو نەک دایکی تۆ....

Tuesday, 18/03/2014, 12:00

3786 بینراوە


لە دوای راپەرین وە بە تایبەتیش دوای ئەوەی هێزە سیاسیە دەسەڵاتدارە کوردیەکانی باشوری ووڵات، بوون بە خاوەنی میدیای زەبەلاح و پڕئیمکاناتی مادی، مرۆی، تەکنیکی، بوون بە خاوەنی رادیۆ و ئۆرگانی تەلەفزیۆنی رەنگاو رەنگی فریکوینسی بەهێز، ئەرشیف وکڕینی پێنووسەکان. ئینجا دەستیان کرد بە گێرانەوەی مێژووی روداوەکانی ساڵانی رابردوو، بە تایبەتی گێرانەوەی روداوە سیاسی و سەربازیەکانی ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردووی وەکو، هێرشی دەسەڵاتدارانی حکومەتی بەغداد، بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە هەردوو شاخی هەندرێن و زۆزک. بە گوێرەی پەرتوکی (مسعود بارزانی " البارزانی والحرکە التعرریە الکردیە الجزو الپالپ پوره ایلول ١٩٦١-١٩٧٥) لاپەرە ١٧٥ کە مێژووی ئەو شەرە دەگەرێتەوە بۆ ٢-٣ ئازاری ساڵی ١٩٦٦.
لە لاپەرە ١٦٤ی هەمان پەرتووک بارزانی نوسیویەتی: خێزانەکەمان لە هاوینە هەواری کۆدو نزیک حاجی ئۆمەران نیشتجێ دەبن، حکومەتی بەغداد زانیاری لەسەر ئەوە پێدەگا، بۆیەش هەڵدەستێ بە ناردنی چوار فرۆکەی (هۆکەر هەنتر) بۆ بۆردومان کردنی شوێنەکە، بەڵام هیچ یەکێ لە ئەندامانی خێزانەکەم زیاندار نابن و بەبەر ئەو بۆردومانە ناکەون! تەنیا خەڵکی ناوچەکە زیانی زۆریان لێدەکەوێ وە زەرەرمەندی گیانی زیاتر لە نێو منداڵو ژن دەبێ.
لە دوای ساڵی ١٩٩١ دوای راپەرین، بە تایبەتیش دوای روخانی سەدام لە لایەن ئەمریکاوە، ساڵ لە دوای ساڵ لە کوردستان تیڤی و سەرچاوەکانی تری میدیای سەر بەو پارتە، دەکەونە یادکردنەوەی داستانی هەندرێن و زۆزک. بۆ ئەو مەبەستەش گەلێ لە نووسەرانی ئەو پارتە خۆیان لێهەڵدەکەن و ووشەی بریقەداری قەبەی بەقەد سەنگی دۆلارەکەی کە وەریدەگرن نووسینەکانیان دەرازێنەوە، ئینجا بڵاوی دەکەنەوە لە سەرچاوە میدیا پڕ دەرەمەتەکانی ئەو پارتە، هەر بەوەش ناوەستن، بەڵکو لە نووسینەکانیان دەکەونە پیرۆز کردن و بەرزنرخاندنی دەوری ئیدریس بارزانی لە تۆمارکردنی سەروەری ئەو داستانە لە مێژوودا!
ئەوەی لەوەش سەیر ترە کە نوسەری ئەو پەرتوکە لە یادیەتی، ئاماژە بەوە بکا کە دایکی لە هاوینەهەوارەکانی سەر سنوری ئێران نیشتەجی بوە، لەکاتی هەر روداوێکی کتوپڕ فرسەتی ئەوەی هەبوە بچێتە ئەو دیوی سنور، بەڵام ئەوەی لە یاد نیە کە بەیانی زووی٢- ٣ ئازاری ١٩٦٦، بە ئەمری بەدرەدین عەلی پاریزگاری ئەو کاتی شاری هەولێر، لە گەرەکی خانەقای ئەو شارە، هێزی سەربازی حکومەتی بەغداد دەورو بەری ماڵێک دەگرن، لە ناو حەوشەکە هەموو کەلوپەلیان دەسوتێنن ئینجا ژنێک بە دوو منداڵی ساوا لە ماڵ دەهێنە دەرەوە، بە پێش ئەو هێرشە سەربازیەی حکومەتی دەدەن کە بەرەو شەری هەندرێن و زۆزک بەرێ دەکەون.
لە لاپەرکانی کوردستان پۆستی متەوازیعی بێ دەرامەت، ئەو راستیە روون دەکەمەوە کە ئەو ژنە دایکی تۆ نەبووە بەڵکو دایکی من بووە، بەڵام بە پێجەوانەی دایکی تۆ، سەرەرای ئەوەی کە هاوسەرکەی پێشمەرگە بووە بەڵام لەناو جەرگەی مەترسیەکانی ناو شاری هەولێر لە ژێر رەحمەتی دەسەڵتدارانی بەغدای ئەو کات، لەگەڵ منداڵەکانی ژیانی بەسەر بردوە وە بە پێش ئەو هێرشە سەربازیەش دراوە کە بەرەو هەندرێن و زۆزک بەرێکەوتوون.
*********************************************
تێبینی: تەحەدای هەموو لایەنێک و کەسێک دەکەم لە راستی ئەو روداوە، هەتا ئێستا لە هیج دۆکیمێنتێکی ئەو پارتە و نووسەرەکانی ئەو بابەتە، ئەو راستیە نەهاتوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە لە تەلەفزیۆنی ئەو پارتە رۆژانە چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنێکی روسی دەکەن، تەنیا لەبەر ئەوەی کاتی خۆی شوویان بە پیاوێکی بارزانی کردوە! لە چلەکانی سەدەی رابردوو!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە