لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردیەوە بۆ سەندنەوەی متمانە لە نوری مالیکی!

Sunday, 10/06/2012, 12:00

2511 بینراوە










لە ١٣ی نیسانی ساڵی ١٩١٩دا و بە فرمانی جەنەڕاڵی بەریتانی ڕیناڵد ئێدوارد هاری دەیر نزیکەی هەزار هاوڵاتی هیندی لە جەلایانوالا باغ لە شاری ئەمریتسار کۆمەڵکوژ کران کە دواتر ئەم کارەساتە بە قەسابخانەی جەلایانوالا باغ ناوی دەرکرد، ئەمەو دوای تێپەرینی نزیکەی١١ ساڵ بەسەر ئەم کارەساتەدا و ڕێک لە ١٢ئازاری ساڵی ١٩٣٠دا گەلی هیندستان بۆ یادکردنەوەی ئەم کارەساتە بە ڕابەرایەتی مەهەتما غاندی ڕێپیوانێکی هێمنانەیان دەست پێکرد دژی باجی سەر خوێ، کە دەسەڵاتدارانی بەریتانیا بەسەر گەلی هیندستانیاندا سەپاند بوو، لە کاتێکدا ئەم خوێیە لە خاکی خۆیاندا بەرهەم دەهات!.
ئەم ڕێپوانە کە دواتر بە (ڕێپێوانی خوێ) ناوی لە مێژوودا تۆمارکرا، سەرەتا لەناوچەی سەبارماتی (ئەشرام)ی نزیک شاری ێحمدئاباد دەستی پێکرد و تاکو گوندی داندی کە دەکەوێتە سەر زەریای هیندی بەردەوام بوو، لەم ڕێپوانەدا غاندی هاوڕێکانی ٢٣ ڕۆژ بەپێ ڕۆشتنوو زیاتر لە ٣٩٠ کیلۆمەتریان بە پێ بڕی!، دوای گەیشتنیان بە گوندی داندی لەسەر کەناری زەرای هیندی، هەڵسان بە کۆڵاندنی ئاوی دەریاکەو توانیان خوێ دەستەبەر بکەن، لەو شوێنەدا غاندی هاواری کرد: ئەم خوێیە لە زەریای هیندەوە پەیدا دەبێت وهەموو هاوڵاتێکی هیندی دەتوانێت داوای ئەو مافەی خۆی بکات. ئەم هەواڵە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بەریتانیا بڵاو کرایەوە و بەم جۆرە وەسفی غاندیان: ئەو پیاوەی کە بەشێوازی نا توندو تیژی بەرەنگاری ئیمراتۆریەتی بەریتانی دەبێتەوە!.
دوای ئەمە بە هەزارانی خەڵکی هیندستان هەڵسان بە بەرهەمێنانی خوێ بەم ڕێگەیە، کە دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیمراتۆریەتی بەریتانیا بە خوێی نایاسای ناوزەندکرا، دەسەڵاتدارانی بەریتانیایی توشی شۆک کرد و لەبەرامبەردا هەڵسان بە هەڵمەتی دەستگیرکردنی ژمارەێکی زۆری خەڵک کە بە نزیکەی ١٠٠هەزار کەس مەزندە دەکران. ئەم کارەی دەسەڵاتدارانی بەریتانی وایکرد کە گەلی هیندستان خۆپیشاندانی مەدەنیانەی گەورەتر ڕێک بخەن و بەهەزاران ژن و پیاو بەشداریان تێدا بەکەن، خۆپیشاندانە تەنها بریتی نەبوو لە داواکاری بۆ بەرهەم هێنانی خوێ، بەڵکو ئەمە بیانوێکی گونجاو بوو بۆ بایکۆتکردنی بەکارهێنانی جلوبەگی دروستکراوی بەریتانی و وێرانکردنی هەموو ئەو دوکانانەی کە کەلوپەلی بێگان دەفرۆشن و قەدەغەکردنی بەکرێدانی زەویوزار بە ئینگلیزەکان.
دوای تێپەڕینی ساڵێک بەسەر ئەم بایکۆتەی گەلی هیندستان، کە بە هەموو شێوەێک ڕەتیان دەکردوە جلوبەرک لە بەریتانیا بکڕن و دەستیان کرد بە دروستکردنی جلوبەرگی خۆماڵی ئەگەرچی شتێکی سادە بوو، بەڵام لە ناوەرۆکدا کارێکی گەورە بوو بۆ ڕەتکردنەوەی کەلوپەلی بێگانە، لە کۆتایدا کاریگەری خراپی کردە سەر بارو دۆخی ژیانی دانیشتوانی بەریتانیا بە تایبەتیش ئەو کرێکارانەی کە لە کارگەکانی ڕستن و چنین کاریان دەکرد، چونکە یەکەمین گەورە بازاڕی ساغ کردنەوەی کەلوپەلەکانیان بریتی بوو لە وڵاتی هیندستان، ئەمەش بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتوانی هیندستان.
یەکێک لەو ناوچانەی کە بەهۆی ئەم بایکۆتەی گەلی هیندستان بارودۆخی ژیانیان خراپ بوو بوو، ناوچەی Lancashire بوو کە دەکەوێتە باکوری خۆرئاوای ئینگلاند. ئەم ناوچەیە، ناوچەێکی گرنگی بەرهەمێنانی لۆکە بووە و دانیشتوانەکەی بەم کاری ڕستن و چنین و بەرهەمهێنانی قوماشەوە خەرک بوون، لە شارەکانی بلاکبێرن و ئۆڵدهام و بۆڵتن و داروین و چەندین ناوچەی تر کارگەکانی ڕستن و چنین داخرابوون وخەڵکەکەی بێ ئیش مابوونەوە، بە شێوەێک کە ڕێژەی بێ کاری بەهۆی ئەم بایکۆتەی گەلی هیندستان گەیشتبووە نزیکەی ٣٠٠هەزار کەس. لە دوای ئەم بایکۆتەی گەلی هیندستان و بەردەوامی خۆپیشاندانی ئاشتیانەیان و بەردەوامی هەڵکشانی یەکێتی نێوان ڕیزەکانی گەل، حکومەتی بەریتانیای ناچارکرد بانگێشت نامەێک ئاراستەی پێشەوای بزووتنەوەی سەربەخۆی خوازی گەلی هیندستان (غاندی) بکات بۆ بەریتانیا بە مەبەستی گفتوگۆ کردن دەربارەی هەنگاوەکانی پرۆسەی سەربەخۆی هیندستان.
لە ١٢ی ئەیلولی ساڵی ١٩٣١دا غاندی گەیشتە شاری لەندەن و پاش پێشوازی گەرمی خەڵک و حکومەتی بەریتانیا، غاندی کە ماوەی نزیکەی ٢ مانگ لە بەریتانیا مایەوە، لەدوای کۆبوونەوەکانی بۆ پشوودان ڕەتی کردەوە بچێتە (هۆتێل)!. بەڵکو بڕیاریدا کە لەگەڵ هەژاراندا کات بەسەر بەرێت، بۆ ئەم مەبەستەش ڕووی کردە شوێنێک بە ناوی (kingly Hall) کە دەکەوێتە ناوچەی East End لە شاری لەندەن، ئەو شوێنە وەکو پەناگەێک بوو بۆ یارمەتیدانی هەژاران!. غاندی لەم سەفەرەیدا جگە لە دانیشتن و گفتۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی بەریتانیا دەربارەی هەنگاوەکانی پرۆسەی سەربەخۆی هیندستان، چاوی کەوت بە چەندین کەسیاتی سیاسی و ئاینی بەناوبانگی وەکو سیاسەتمداری گەورە لاید جۆرج ومەتڕان جۆرج بێرنارد شۆ مەترانی کانتەربێری کە باڵاترین دەسەڵاتی کەنیسەی ئینگلاندە، هەروەها غاندی چاوی کەوت بەئەکتەری کۆمیدی بەناوبانگ چارلی چاپلن.! هەروەها لەلایەن خەڵکی ناوچەی لانکەشێریش بانگێشت کرا بۆئەوەی لە نزیکەوە بارودۆخی دژواری ئەو خەڵکە ببینێت کە بە هۆی بایکۆتەکەی گەلی هیندستان بێ کار بوون و لە بارودۆخێکی زۆر هەژاردا ژیان بەڕێدەکەن، ئەمەش لە پێناو ئەوەی، بەڵکو غاندی بانگ لە گەلی هیندستان بکات بۆ ئەوەی بایکۆتەکەیان بشکێنن، بەڵام ئەوەی ڕوویدا زۆر پێچەوانەی ئەوە بوو غاندی لە وڵامی یەکێک لەوانەی کە پرسیاری لێ دەکات و دەڵیت: هەستت چۆنە کاتێ بارودۆخی ئەو هەژارانە دەبینیت؟ غاندی وڵامی دەداتەوە و دەڵێت: (بەڕێزەکەم تۆ هەرگیز نازانیت هەژاری چییە).! هەروەها لە وڵامی ئەوەی کە بەرپرسانی حکومەت بە غاندی دەڵێن: ئێمە ٣٠٠هەزار خەڵکی بێ ئیشمان هەیە بەهۆی بایکۆتەکەی ئێوەوە، غاندی دەڵێت: ئێوە ٣٠٠هەزار کەستان بێ ئیشە، منیش ٣٠٠ملیۆن.!
بەڕێزان
نامەوێت لەوە زیاتر لە ناوەرۆکی بابەتەکەم دوور بەکەومەوە کە بریتییە لە پرسی دەوڵەتی کوردی و بارودۆخی عێراق و لە ناویشدا بارودۆخی گەلەکەمان لە باشور، کە ئەمڕۆ بە قۆناغێکی زۆر شپرزەدا گوزار دەکات لە سایەی سیاسەتی نالۆژیکیانەی سەرانی کورد، بە تایبەتی لە بابەتی گەڕاندنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان و یەکگرتنەوەی ئیدارەی سلێمانی و هەوڵێر و پەرتەوازەیی پارتە سیاسیەکان و دابڕانی تاکی کورد لە هەستی وڵاتپارێزی و پەیوەندی بەرپرسانی کورد بە دەوڵەتانی داگیرکەر و کارکردن لەبەرژەوەندی مەرامەکانیان، کە لەهەمان کاتیشدا باس لە پرسێکی گەورەی وەکو ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی دەکەن!.
هەوروەکو هەموومان ئاگادارین، لە مانگی ئازاری ئەم ساڵدا و لە لەمیانەی وتارێکدا کە لەدووەمین کۆنفرانسی نەتەوەیی لاوانی چوار پارچەی کوردستاندا پێشکەشی کرد سەرۆکی هەرێم رایگەیاند "مانگی‌ ئازار مانگی‌ قەدەری کوردەو هەر لەم مانگەشدا مژدەی‌ گەورە بەڕێوەیە.! شتێکی سروشتیە کە هەموو ساڵێک لەگەڵ یادەکردنەوەکانی ڕاپەڕینی ١٩٩١ی گەلەکەماندا و هەمیش لەگەڵ یادەکانی تری نەورۆزو کارەساتەکانی تری وەکو ئەنفال و کیمایا باراندا، گەلی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان و تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش بەجۆرێک لە جۆرەکان هەستی خاوەن دەوڵەت بوونیان لا دروست دەبێت، بەڵام ئەوەی کە جێگەی داخە لە دوای ئەو مانگەوە ئەم هەستە بەرەو لاوازی دەڕوات، بۆ نمونە ئەو سەرۆکەی کە لە ئازاردا مژدەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کورد لە خەیاڵدا بوو ئەمڕۆ دەوڵەتی کوردی بیر جۆتەوە و هەموو تواناکانی خۆی و هاوپەیمانەکەی و تەنانەت دەوڵەتانی درواسێشی خستۆتە گەڕ بۆ سەندنەوەی متمانە لە نوری مالیکی، بە جۆرێک کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاوکرایەوە گوایە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تورکیا بەڵێنی داوە بە سەرۆک وزیرانی تورکیا تاکو پێنج ساڵی تر کورد باسی دەوڵەتی سەربەخۆ ناکات لەبەرامبەر پشتیوانی بۆ سەندنەوەی متمانە لە مالیکی و چەند گرێبەستێکی بازرگانی.!
سەیرو سەمەرەی ئەم سیاسەتە نالۆژیکیانەی سەرانی کورد لە باشوور لەوەدایە کە سەرۆکی هەرێم لە ناکاو و بێ هیچ پێشینەێک و زەمینەسازێک، بێ هیچ ڕاوێژکردنێک لەگەڵ لایەنەکانی تری کوردستان و هاوپەیمانە ستراتیژەکەی و تەنانەت پەرلەمانی کوردستانیش وەکو (گەورەترین مەرجعی یاسایی لە کوردستان)، ڕایگەیاند لەم مانگەدا مژدەێکی گەورە بۆ خەڵكی کوردستان بەڕێوەیە! هەر ئەو کاتە میدیاکان و خەڵکی ئاسایش ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم مژدەیەی سەرۆکی هەرێم برییتیە لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لە باشووری کوردستان، ئەم هەواڵە وای لە خەڵکی سادەی کوردستان کردبوو کە چرکەی کاتژمێرەکانیان دەژمارد تاکولە نەورۆزدا سەرۆکی هەرێم دەوڵەتیان بۆڕابگەێنێت، بەڵام ئەم مژدە گەورەیە ئەوەندەی نەبرد لە ئەمریکا و لەبەردەم ئۆبامادا بوو بە خەیاڵی ئەو شاعیرەی کە ساڵانێک پێشتر هاوپەیمانەکەی باسی دەکرد، لە ئەوروپاش بوو بە خەونی کڕینی چەک و دواتر سەرۆک گەڕایەوە بۆ وڵات و لەسەر خاکی نیشتیمانیش بینیمان و دەیبینین کە مژدە گەورەکە بوو بەسەرابێکی بیابانی عەرعەرو نەجەف و کەربەلا و لە خزمەتی سەدروعەلاویدا لە هەوڵیر دەستەو نەزەر ڕاوەستان و لە ئەنقەرەش لە خزمەتی ئەردۆغان و ئۆغڵۆدا بوو بە سیاسەتی بازرگانی نەوت و غازو لەناوبردنی پەکەکە، لە تارانیش لە بەردەم نەژادو خامنەیدا بوو بە سیاسەتی پاڕانەوە بۆ سەندنەوەی متمانە لە مالیکی، لە ناوخۆی هەرێمیشدا بوو بەسەردانی وەزیری سامانە سروشتەیکان بۆ لای سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن تاکو بە نهێنی گرێبەستەکانی نەوتیەکانی بۆئاشکرا بکەن لە جیاتی ئەوەی لە پەرلەمان بۆ ڕای گشتی ئاشکریان بکات.! ئەمڕۆش هەموومان دەبینین کە مژدە گەورەکە لە جیاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی بووە بە سەندنەوەی متمانە لە مالیکی.

ئێستا با چەند پرسیارێک لە خۆمان بکەین و بە دوای وڵامەکانیدا بگەڕێین وەکو؛ ئایە بە ڕاست سەرۆکی هەرێم مەبەستی بوو دەوڵەتی کوردی ڕابگەێنێت یان کارتێکی فشار بوو بەرامبەر نوری مالکی و لەهەمان کاتیشدا کارێک بوو بۆ جوڵاندنی هەستی خەڵک؟! یان بەڕاستی سەرۆکی هەرێم مەبەستی بوو، بەڵام نەیتوانی؟. ئایە سەرۆکی هەرێم دەتوانێت بەم باردۆخە شپرزەیەی کوردستان دەوڵەت ڕابگەێنێت؟. ئایە سەرۆکی هەرێم خاوەن ئەو هێزەیە کە لەیادی کیماباران وئەنفالدا وەکو غاندی بەڕێپێوانێک بەرەو شاری کەرکوک بڕوات و گەلی کوردستان بەدوایەوە بێت؟. ئایە سەرۆکی هەرێم خاوەنی ئەو جەماوەریەتەیە کە داوا لە خەڵکی کوردستان بکات چیتر کەلوپەلی وڵاتانی بیگانە بەکارمەهێنن و پشت بە بەرهەمی خۆماڵی ببەستن؟ ئایە سەرۆکی هەرێم کە دەچێتە ئەمریکا لەگەڵ هەژاراندا کات بەسەر دەبات یان لە خۆشترین هۆتێل؟ ئایە سەرۆکی هەرێم کە دەچێتە بەریتانیا هەوڵدەدات مستەربین ببینێت؟ ئایە ئەمڕۆ بۆ باسی دەوڵەتی کوردی ناکات و ئاوازەکەی گۆڕیوە بۆ سەندنەوەی متمانە لە مالیکی؟

با بەیەکەوە بزانین وڵامی ئەم پرسیارانە چین؛
لە وڵامی ئەو پرسیارەی ئایە سەرۆکی هەرێم بەڕاستی مەبەستی بوو دەوڵەتی کوردی ڕابگەێنێت، یان کاتی فشار بوو دژی ماڵکی و یاریکردنێکیش بوو بە هەستی گەلەکەمان، ئەوا دەتوانین بڵێین؛ کە نە سەرۆکی هەرێم و نەسەرۆکی کۆمار و نە هیچ سەرکردەێکی کورد لە باشووری کوردستان مەبەستیان نەبووە و نییە دەوڵەتی کوردی دابمەزرێنن، بەڵکو هەمیشە جەختیان لەسەر یەک پارچەی خاکی عێڕاق کردۆتەوە، بۆ نمونە؛ مستەفا بارزانی لە گرتە ڤیدیۆێکدا بەناوی هەموو گەلی کوردستانەوە دەڵێت: ئێمە هیچ کاتێک داوای جیابوونەوە ودامەزراندنی کورستانی سەربەخۆمان نەکردوە. ئەو لێدوانەی بارزانی بە ناوی هەموو خەڵکی کوردستانەوەیە، بێ ئەوەی ڕاپرسی کردبێت لە ناو گەلەکەیدا!، خۆ ئەگەرباس لەسەرکردەکانی تریش بکەین ئەوا دەبینین، چ لە دانوستانی ساڵی ١٩٨٤دا و چ لە دانوستانی دوای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ی نێوان حکومەتی عێڕاق و وەفدی بەرەی کوردستانیدا هیچ کام لەسەرکردەکانی کورد داوای سەربەخۆی کوردستانیان نەکردووەو لە دوای دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەساڵی ١٩٩٢دا، پەرلەمانی کوردستان لەڕێکەوتی ٤ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٢دا بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری فیدڕاڵیدا بۆ کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا، هاوکات لە ماوەی ٢٠ساڵی تەمەنی ئەو حکومڕانیە کوردیەشدا هیچ هەنگاوێک بە ئاڕاستەی سەربەخۆی نەنراوە و بگرە زۆر نا بەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ ڕووداوەکاندا کردووە بۆ نمونە؛ لە دوای ڕووخانی ڕژێمی عێڕاق لە سالی ٢٠٠٣دا جارێکی تر سەرانی کورد لە باشوری کوردستان لە جیاتی داواکاری بۆ سەربەخۆی کوردستان، عێڕاقی بوونی کوردستانیان لە دەستوری عێڕاقی نوێدا چەسپاند و خەونی دەوڵەتی کوردیان لە گۆڕنا، سەرەڕای ئەمەش بەشێکی زۆری خاکی کوردستانیان خستە گرەوکردنەوە لەژێر ناوی مادەێک بەناوی ١٤٠ کە ئەمڕۆ بە مردوو باسی لێ دەکرێت.

کەواتا لێدوانەکەی بارزانی بۆ مژدە گەورەکە ئەگەر مەبەست لێی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی بوو بێت ئەوا تەنها وتەنها کارتێکی فشار بوو دژ بە نوری مالیکی بەکاری هێنا و کارێکیش بوو بۆ جوڵاندنی هەستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەوەی کە سەرۆک دەیەوێت دەوڵەتی کورد ڕابگەێنێت ئەگەر بوار لەبار بێت، بەڵام پێویستە هەموو گەلی کوردستان ئەو ڕاستیە تاڵە باش بزانن کە دەوڵەتی کوردی لە گۆڕنراوە و سەرانی کورد لەجیاتی دەوڵەتی کوردی، سەرقاڵی کێشەی گرێبەستە نەوتەیەکانن، لە پێناو زیاتر دەستگرتن بەسەر سامانی گەلەکەمان و بەکار هێنانی بۆ بەرژەوەندی حیزب و باڵا دەستەکانی ناو حیزب و بنەماڵە، نەک وەکو غاندی هاورار بکەن کە نەوت لە خاکی کوردستانەو هەموو هاوڵاتێکی کوردستان مافی خۆیەتی داوای ئەو نەوتە بکات.
خۆئەگەریش سەرۆک مەبەستی بوو بێت و نەیتوانی ئەم کارە بکات، ئەوا هۆکار گەلێکی هەیە، لەسەر و هەمووشیانەوە یەکڕیز نەبوو گەلەکەمان، هەروەکو بینیمان لەیەکەم هەنگاودا سەرۆکی بزوتەنەوەی گٶران لە بەیاننامەێکدا بە شێوەێک لە شێوەکان ئەوەی ئاشکرا کرد کە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی زۆری ماوە و بۆ ئەمەش چەند هۆکارێکی باس کرد، لەسەروی هەموویانەوە نەگەڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکان و سەروەر نەبوونی یاسا و سەربەخۆی نەبوونی پەرلەمان و حکومەت و نەبوونی دەستوور...تاد، جگە لە گۆڕانیش پارتە هاوپەیمانەکەشی هیچ پشتیوانی خۆی بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کورد ڕانەگەیاند، لەسەر ئاستی ناوچەی و جیهانیش هەموومان ئاگادار بووین کە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژایەتی خۆی بۆ ئەم پرسە دەبڕی و جەختی کردوە لەسەر یەکپارچەی خاکی عێڕاق، بێگومانیش کە هەریەکە لە ئێران و تورکیا تا ئەوپەڕی توانا هەوڵ دەدەن ڕێگری بکەن لە هەر شتێک بەناوی دەوڵەتی کوردی.

لە وڵامی ئەوەی ئایە دەتوانرێت دەوڵەتی کوردی لەم بارودۆخە شپرزەیەدا ڕابەگەێنرێت، ئەوا هیچ گومانی تێدا نییە کە ناکرێت لە وڵاتێکدا کە هێشتا هێزی چەکدار و دەزگای هەوڵگری و هەموو کایەکانی تری دەوڵەت لە ژێر دەستی حیزب و لەناو حیزبیشدا لە ژێر دەستی کەسانی نزیک لە سەرۆکی حیزب و بنەماڵەدان دەوڵەت ڕابگەێنرێت، لە وڵاتێکدا کە هەزاران کەسی تاوانبارهەن ودەستگیر نەکراون، لە وڵاتێکدا کە نێوانی حکومەت و خەڵک ئاسمان و زەوییە، لە وڵاتێکدا کە پەرلەمان بە پێی یاسا مەرجەعی سەرەکی بڕیاردان و کەچی بێ دەسەڵاترین دەزگایە، لە وڵاتێکدا کە دادگا لەئەوپەڕی بێ دەسەڵاتیدایە، لە وڵاتێکدا کە گەندەڵی تاکو بینەقاقای دەزگاکانی حیزب و حکومەت هاتووە و کەس لێی ناپێچیتەوە، لە وڵاتێکدا کە هەر حیزبێکی سیاسی بۆ خۆی سەربە وڵاتێکی ترە و ئەجێندای ئەو وڵاتە جێبەجێ دەکات، بێگومان نەک ناتوانرێت بەڵکو کارەساتە دەوڵەت ڕابگەێنڕیت.
بۆ وڵامی ئایە سەرۆکی هەرێم وەکو غاندی خاوەن ئەو هێزەیە کە لەیادی کیماباران وئەنفالدا بەڕێپێوانێک بڕوات بەرەو شاری کەرکوک و گەلی کوردستان بەدوایەوە بێت، بۆ ئەوەی لە لاێک کوردستانی بوونی کەرکوک بسەلمێنین و لەلاێکی تریشەوە یەکرێزی گەلەکەمان پیشانی عەرەب و جیهان بدەین، ئەوا بێگومان دەڵێم نەخێر سەرۆکی هەرێم نەک هەرخاوەنی ئەم پێگەیە نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە تاکو ئەم چرکە ساتەش ئاسایشی پارتی و ئاسایشی یەکیتی لە شاری کەرکوکدا بوونیان هەیە و هەردوو لا کار بۆ حیزب دەکەن نەک کوردایەتی، ئەمڕۆ کە سەرۆکی حکومەت لای پارتیە خاوەنی ئەو پیگەیە نییە کە لە شاری سلێمانی بتوانێت کەسێکی تاوان بار دەستگیر بکات، بەهەمان شێوەش سەرۆکی پێشووی حکومەت کە سەربە یەکیتی بوو توانای ئەوەی نەبوو ڕێگە بگرێت لەو چەکدارانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامیان سوتاند، کەواتا ئەگەر سەرۆکێک یان حکومەتێک لەم بارودۆخەدا بێت چۆن دەتوانێت جاڕی سەربەخۆی خۆی بدات؟

خۆ لە پرسی بایکۆتی کردنی کەلوپەلی بێگەنەشدا ئەوا هەر باسی ناکرێت، چونکە ئەمڕۆ کوردستان لە سایەی حوکمی ٢٠ ساڵەی خۆماڵیدا خاوەنی هیچ بەرهەمێکی خۆمالی نیە و هەموو پێداویستیەکانی ڕۆژانەی خەڵک لە دەرەوە دێن، بەجۆرێک کە تاکی کورد شەوان لەسەر قەنەفێکی تورکی دادەنیشن و سەیری تەلەفیزۆنیکی دروستکراوی سینی و پەخشی زنجرە درامێکی تورکی یان ئێرانی یان کۆریای دۆبلاژکراوی کوردی دەکەن بەدەم خواردنی میوە و چەرەزاتی تورکی یان ئێرانی ، کاتی خەویش لەسەر دۆشەکێک یان سیسەمێکی تورکی و بە بەتانێکی ئێرانی دەخەون و سبەینانیش بە هاواری یاڵا سەمونی تورکی و بە ماستی ئێرانی ڕۆژ دەست پێدەکەن و پاشان کراس و پانتۆڵە تورکیەکە دەکەنە بەریان و قۆندەرە ئیتاڵیەکەیان بەسەر پێوە دەکەن و دواتر سلفی ئۆتۆمۆبێلە یابانیەکە لێدەدەن و لەبەنزینخانەی فڵان ئۆتۆمۆبێلەکەیان پڕدەکەن لە بەنزینی تورکی و بەرەو ساردەمەنی فڵان دەچن و مۆتەیان چلورەێکی یۆنانی دەخۆن و نیوەڕوانیش تەماتە و خەیاری سوری یان شوتێکی تورکی لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە و لەسەرسفرەی ماڵەوەش مریشکە بەڕازیلیەکە جوان برژاوە و برنجە هیندستانیەکەی وڵاتی غاندیش لەناو ڕۆنە تورکیەکەدا و لەسەر قاپیکی ئێرانی خۆی ڕاکێشاوە و بەدەم نان خواردنیشەوە باسی گەندەڵی و گۆڕینی نوری مالیکی دێتەوە گۆڕێ. دوای نانخوادنیش ئەگەر کارەبا هەبێت ئەوا کاتی داگیرساندنی سپلێتە سینیەکەیە و سەر خەوێکی بۆ دەشکێنن و ئێوارانیش پیاسەێکی تۆزاوی سەر شەقامە بێ درختەکانی بۆ دەکەن و لەگەڵ هاوڕێ کانیان باسی یاریەکەی بەرشەلۆنە و ڕیاڵ مەدرید دەکەن و پاشان بەرەو ماڵ دەبنەوە ئەگەر نەچن بۆ دیسکۆی کچە سینیەکان یان کچە عەرەبەکان و پاشان بە مەستی بەرەو ماڵەوە دەگەڕێنەوە ئەگەر لە ڕێگەدا بە ئۆتۆمۆبێلەکانیان خۆیان نەکێشن بە هاوڵاتێک و نەیکوژن.

بەڵێ ئەزیزان؛ ئەمڕۆ باشووری کوردستان بووە بە مۆڵگەی ساغ کردنەوەی کەلوپەلی بەسەرچووی دەوڵەتانی دراوسێ، ئەو دراوسێ ئێسک سووکەی کە هەرگیز نایەوێت گوێ بیستی ناوی کوردستان بێت، ئەمڕۆ دەبینین کە سەدان کۆمپانیای ئەو وڵاتە لە کوردستان خەریکی سەرمایە گوزارین و جگە لە دۆشینی سامانی گەلەکەمان خەریکی کاری سیخوڕیشن، لەو لاشەوە هێدی هێدی بۆمبی ناپاڵم و بەسەر خاکەکەماندا دەبارێنن و ناوە ناوەش ڕۆڵەی بێتاوانی گەلەکەمان بە بۆردومانی تۆپەخانەکانیان دەکەنە قوربانی و لەولاشەوە براکوردەکانمان بەچەکی قەدەغەکراوی کیمایی دەکوژن و چالاکوانانیش لە شارەکاندا دەستگیر دەکەن و لە سوچی زینداندا ئەشکەنجەیان دەدەن، ئەو دەوڵەتەشی کە ڕۆژانە پەتی سێدارە دەکاتە دیاری بۆ براکوردەکانمان، ووردە ووردە پێشانگای بازرگانی لە باشووری کوردستان دەکاتەوە ونەوتەکەمان بە قاچاغ لێ دەکڕێت و لەبەرامبەریشدا جار جارتۆپ بارانی خەڵکە کوێستان نیشەکانمان دەکات، ئەو کوێستان نشینانەی کەسەرچاوەی داهاتی ڕاستەقینەی نەتەوەکەمانن، ئەو کوێستان نشینانەی کە ڕۆژانێک خزمەتی ئەو سەرکردانەیان دەکرد کە ئەمڕۆ بوونەتە بازرگان.
بۆ وڵامی ئەوەی ئایە سەرۆکی هەرێم کە دەچێتە دەرەوە لەگەڵ هەژاراندا کات بەسەر دەبات یان لە خۆشترین هۆتێل؟ بێگومان نەک سەرۆکی هەرێم بەڵکوزۆریەنی ئەندامانی باڵای حیزب کە دەچنە دەرەوە لە خۆشترین هۆتێل و لەجوانتری دورگەکان کاتی خۆیان بەسەر دەبەن، سەرۆکی هەرێمیش کە دەچێتە هەر وڵاتێک نەک هەژاران نابینێت بەڵکو جگە لە ئەندام و هەوادارانی حیزبەکەی خۆی هیچ کەسێکی تر بواری بینینی نییە چ جای ئەوەی سەرۆک بچێت لە پەناگەێکی هەژاران بمێنێتەوە وەکو غاندی، بەرپرسانی حیزب ئێستا کە لەهەموو خۆشیەکانی ژیان تێربوون و بازیان داوەتە ئەوەی کە لە پارەی دزراوی گەلەکەمان خەریکی قومار کردنن و لەتەنها شەوێکدا ملیۆنان دۆلار دەدۆڕینن، نزیکترین نمونەش کوڕی سەرۆکی هەرێم بوو کە بەووتەی ڕاگەیاندنەکان لە وڵاتی قەتەر و لە یانەێکی شەوانە زیاتر لە ٣ ملیۆنی دۆلاری دۆڕاندوە، کەواتا با بپرسین کە سەرۆکێک خاوەنی کوڕێکی لەم جۆرە بێت چۆن دەتوانێت دەوڵەتی کوردی بۆ گەلێکی هەژار ڕابگەێنێت؟
ئێمە زانمان کە غاندی هاتە بەریتانیا جگە لە دانیشتن و گفتۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی بەریتانیا دەربارەی هەنگاوەکانی پرۆسەی سەربەخۆی هیندستان، چاوی کەوت بە چەندین کەسیاتی سیاسی و ئاینی بەناوبانگی وەکو لاید جۆرج ومەتڕان جۆرج بێرنارد شۆ مەترانی کانتەربێری کە باڵاترین دەسەڵاتی کەنیسەی ئینگلاندە، هەروەها غاندی چاوی کەوت بەئەکتەری کۆمیدی بەناوبانگ چارلی چاپلن.! هەرچەندە چارلی چاپلن هیچ پەیوەندی نەبوو بە سیاسەتەوە بەڵام ناوبانگی غاندی وایکردبوو کە هەموو کەسێکی بەریتانی تامەزرۆی بینینی ئەم کەسایەتەیە بن، کەچی سەرۆکەکەی خۆمان کە بڕیار بوو دەوڵەت ڕابگەێنێت هاتە بەریتانیا و هیچ ڕاگەیاندنێکی ئەم وڵاتە گرنگی پێ نەداو تەنانەت لە سەردێری هەوڵێکیشدا نەمان بینی باس لە هاتنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکرێت، چ جای ئەوەی میستەر بین داوای بینینی بکات، سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ وڵاتێکی وەکو ئیتاڵیا بۆلای کەسێکە بە ناوی سێرجیۆ دێ گرێكۆریۆ کە ئەمڕۆ بە تۆمەتی کاری مافیایی لە زینداندایە و پۆلیسی ئیتاڵیا بە گەورە مافیا ناوی دەبات، ئەو کەسە لە کاتێکدا خەڵاتی ئاشتی بەخشیە سەرۆکی هەرێم، کە لە کوردستان و لەبەردەم بارەگای حیزبەی بارزانی بەدەیان کەس خەڵتانی خوێن کادبوو بەدەستی چەکدارانی سەربە بارزانی، لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایە سەرۆکی هەرێم دەتوانێت بە پشتیوانی کەسێکی لەم جۆرە دەوڵەت ڕابگەێنێت؟

ئێستا سەرۆکی هەرێم بۆی دەرکەوتووە کە نوری مالیکی خاوەنی هێزە و پشت ئەستوور بە کۆمەلێک دەزگای یاسای و دەستووری داوا دەکات حکومەتی ناوەند ئاگاداری گرێبەستە نەوتیەکانی هەرێم بێت و ئاگاداری فرۆشتنەکەی بێت و داهاتەکەی بگڕێتەوە خەزێنەی حکومەتی ناوەند، هەروەها دەیەوێت حکومەتی ناوەندی سەرپەرشتی خاڵە سنوریەکان و فرۆکەخانەکان بکات، بۆ ئەوەی ڕێگە لە بەقاچاغ بردنی نەوت بگرێت و پارەی گومرگی خاڵە سنوریەکان بگەڕێنێتەوە سەر خەزێنەی دەوڵەت و ڕێگەش بگرێت لە چوونە دەرەوە و هاتنە ناوەوەی ئەو شتومەکانەی کە سەرانی کورد خەریکی خۆ دەوڵەمەند کردنن پێی، کە بە گوێرەی دەستووری عێڕاق حکومەتی ناوەندی دەسەڵاتی ئەوەی بەسەر هەرێمە فیدڕالیەکاندا هەیە، بەڵام سەرانی کورد بە هەموو جۆرێک ڕەتی ئەوە دەکەنەوە، چونکە بەرژەوەندیە ئابووریەکانیان دەکەوێتە مەترسیەوە، ئەگەر نا هیچ مەبەستێکیان تری وەکو گەڕاندنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانیان نییە، وەکو خۆیان بانگێشەی بۆ دەکەن. ئەگەرنا بۆچی چەندین ساڵە بەبێ خەمی سەیری جەلاولا و سەعدیە دەکەن کە ڕۆژانە کوردەکان لە ترسی هەڕەشەی عەرەبە شۆفێنیەکان ئەو ناوچانە چۆڵ دەکەن، هەروەها سەرانی کورد لە باشوور هیچ کاتێک ئامانجیان دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان نەبووە و هەمیشە جەخت لەسەر یەکپارچەی عێراق دەکەنەوە تاکو ئەو کاتەی بەرژەوەندیە ئابووریەکانیان دەکەوێتە مەترسیەوە و ئەو کاتە وەکو کارتی فشار بەرامبەر ناوەند بەکاری دەهێنن.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە