بەبێ هیچ گۆڕانكاریەك، ئەحمەد سالار گەڕایەوە رێكخراوى هونەرمەندان

Friday, 10/07/2009, 12:00

3512 بینراوە


هەولێر/ دواى دەست لە كاركێشانەوەى لە رێكخراوى هونەرمەندانى كوردستان، هونەرمەند ئەحمەد سالار دەگەڕێتەوە رێكخراوى ناوبراو، بەبێ دانانى هیچ مەرج و داواكارییەك.
دواى ئەوەى بە هۆى چەند هۆكارێك هونەرمەند ئەحمەد سالار سەرۆكى رێكخراوى هونەرمەندانى كوردستان دەست لە كار كێشانەوەى خۆى راگەیاند، لە لێدوانێكیدا هونەرمەند فەریدون دارتاش جێگرى سەرۆكى رێكخراوى هونەرمەندان رایگەیاند، بۆ جارێكى دیكە ئەحمەد سالار دەگەڕێتەوە رێكخراو و هەوڵى گۆڕانكارى دەدەن و گوتى "ئێمە وەك ئەنجومەنى رێكخراوى هونەرمەندانى كوردستان پێمناخۆش بوو كاك ئەحمەد سالار دەستى لە رێكخراو كێشایەوە هەرچەندە لەگەڵ بۆچوونەكەى ئەودا هاوڕاین، بەڵام دەست لە كار كێشانەوەكەى جۆرێك لە پەلەى پێوە دیار بوو، بۆیە داوامان لێیكرد بگەڕێتەوە ناو رێكخراو و وەك سەرۆك دەست بە كار بێتەوە، ناوبراویش داواكەى رەت نەكردینەوە"، هەروەها دارتاش ئەوەشى راگەیاند ئەو سەرۆكە دەست لە كار كێشاوەى رێكخراو لە بەرامبەر گەڕانەوەیدا بۆ نێو رێكخراو هیچ داواكارییەكى نەبووە، بەڵام هەوڵى گۆڕانكارى و چاكسازى دەدەین.
ئەوەى جێگاى سەرنجە بەبێ هیچ گۆڕانكارییەك و جێبەجێ كردنى هیچ یەكێك لەو داوایانەى كە لە كاتى دەست لە كاركێشانەوەكەى باسى كردبوو ئەو سەرۆكە رازى بە گەڕانەوە بووە.
لەوبارەیەوە هونەرمەند ئەحمەد سالار لە پەیوەندییەكیدا وێڕاى پشتڕاست كردنەوەى هەواڵەكەى راگەیاند، ئەنجومەنى رێكخراو داواى گەڕانەوەى كردووە، بەڵام بڕیارێكى كۆتایى نەداوە و وتى "من بڕیارى خۆمداوە، كە بەو هەموو كەموكوڕییەى رێكخراو رازى نیم و ناگەڕێمەوە، بەڵام زۆر لە برادەرانى رێكخراو داواى زۆریان لێكردووم و هاتنە ماڵەوە، منیش رێزم لێیان گرتووە، وا رێككەوتین تا كاتى كۆنگرەى رێكخراو وەك سەرۆك بمێنمەوە، بەڵام مۆڵەت، لەبەرئەوەى من داواى گۆڕانكارى و گەڕانەوەى دەسەڵاتم كردووە بۆ رێكخراو، هەر بۆیەشە دەستم لە كار كێشایەوە".
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە