تاوانی شەنگال: سکەنداڵ و شکستە سەربازیەکان و ئەگەرکانی دەربازبوون

Monday, 02.09.2015, 12:00

2506 بینراوە


سەرەتا
لەو وتارەدا هەوڵدراوە لەدیدێکی رەخنەگرانەوە چاوێک بە چۆنیەتی و پێکهاتەی دەسەڵاتی باشوری کوردستان بخشێندرێتەوە و ئاماژە بە کەموکوڕی، کێشە و تەنگژە رامیاری و ئابوری و بەتایبەتی سەربازیەکانی باشوری کوردستان بەکورتی بکرێت. پاشان هەروەستەیەک لەسەر هێرشی رێکخراوی تیرۆریستی دەولەی ئیسلامی (داعش) کراوە و پەنجە ڕادەکێشین بۆ کێشە زەقە رامیاری و سەربازیەکان و هۆکاری شکست و تێکشکانی هێزە چەکدارەکانی دەسەڵاتی هەرێم، وە هەندێ لە دەرهاویشتەی گرنگ نوسراون. دوای ئەوە ئاماژە بە ئەگەرەکانی دروستکردن و داڕشتنی هێزی سەربازی و پۆلیس و ئاسایش لەسەربنچینە ستاندارد و مۆدێرنەکان دەکرێت لەباری ئێستادا و تەنگژەکان لەمبارەیەوە هێمایان بۆ دەکرێت. لە کۆتاییدا ئەگەرەکانی دروستکردنی سوپا لەباری ئێستادا و هەروەها رێگەچارەی دەربازبوون لە کێشە و تەنگژەکانی بواری بەرگری و ئاسایش کە سیستەمی بنەماڵەیی و میلیتسگەرایی دایانهیناوە بەکورتی سەرنجیان دەدرێتێ.
هەر لێرەوە پێویستە ئەوە بگوترێت، کە مەبەستی ئەو وتارە بەهیچ شێوەیەک هێرش نییە بۆسەر ئەو پێشمەرگانەی بەمووچەی کەم و بە هەژاری لەبەرەکانی جەنگدا بەرگری لە کوردستان دەکەن، ئەوان بەئەرکی نیشتیمانی و کوردستانی خۆیان هەڵدەستن، جێگەی رێزگرتن و شانازین. رەخنەی ئەو وتارە ئاراستەی سیستەم و سترەکتوری میلیتسگەرایی و نانیشتیمانییە.
باشوری کوردستان لەسایەی گەندەڵی و پاوانخوازیی دەسەڵاتی زەرد و سەوزدا
باشوری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ ـەوە لەژێر دەستی دەسەڵاتی کورددایە، بەڵام تائێستا باشوری کوردستان هەرێمێکی تەواو یەکگرتوو نییە و خاوەنی دەسەڵاتێکی نیشتیمانی یەکگرتووی بەکردەوە نییە و لە توانایدا نەبووە ببێتە خاوەنی دەستورێکی مۆدێرن، هەروەها سیستەمی دیموکراسی بەناو هەیە و لەژێر چەپەڵۆکی بنەماڵە و پارتی دەسەڵاتداردایە، وە دەسەلاتداران کێشەی رەوایەتییان هەیە. لە باشوری کوردستاندا تائێستا بەرەی سەوز (ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) و بەرەی زەرد (ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان) هەیە، هەر بەرەیە خاوەن هێزی میلیتسی تایبەت بەخۆیەتی، هێزی بەناو "سوپا و ئاسایشی" تایبەت بەخۆیەتی. بوونی حکومەتی هەرێم و وەزارەتەکانی نەیانتوانیووە ئەو بارە بگۆڕن. لەساڵ ٢٠٠٣ ـەوە ناوە ناوە چەندین جار لە زاری سەرۆکەکانی هەردوو بەرەدا ئەوە گوتراوە کە یەکخستنی هەموو دامودەزگاکان کاتیان دەوێ و چەند ساڵێکی پێوسیتە، بەڵام دوای ١١ ساڵ بارەکە گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە و رەوتی تاکڕەوی میلیتسگەرایی و پاوانخوازی بەردەوامیان هەیە. سیستەمی بنەماڵەیی میلیتسگەرای گەندەڵ لەهەردوو بەرەدا لە ئارادایە، دیارە لەبەرەی زەردا سیسەمی بنەماڵەیی و خێلەکیاتی زۆر خەستتر بوونی هەیە. گەندەڵی لە ئاستی نزم و بەرزدا زۆر بە خەستی قورگی کۆمەڵگەی باشوری کوردستانیان گرتووە، هەروەها کۆمەڵگە و مرۆڤەکانی لەژێر چنگی ئەو مەرج و گەماڕۆیانەدان کە ئەو دوو بەرەیە هەریەک بەشێوەی خۆی سەپاندوویەتی. کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی لەسەر بنەما و بەها مەرجئامێز و پارتگەراکان بە نادروستی دامەزرێندراوە، کۆمەڵگە و مرۆڤەکانی لەگەڵ گەندەڵی گۆش و پەروەردە کراون، هەروەکو گەیشتن بە ئاستێکی بەرزتری گەندەڵی لای زۆر لە ئەندامانی کۆمەڵگە بووەتە ئامانج و هەوڵی سیستەماتیکیانەی بۆ دەدرێت، بۆنمونە پەیداکردنی نامەی دکتۆرا لە لوبنان بێت یا بە هەر شێوە و رێگەیەک بێت، کە یارمەتیدەرێکی گرنگە بۆ سەرکەوتن بۆ پلە باڵاکانی دەسەڵات و بەمجۆرە بەدەستهێنانی دەستکەوتی ماددی زیاتر. کۆمەڵگەی باشوری کوردستان تەنها بەڕوخسار گوزارشت لە ئاوەدانی و پێشکەوتن دەکات، بەڵام لە راستیدا گەندەڵیی دەسەڵات و دمەزراوەکانی لە ناوەرۆکدا لاواز و پووچکردووە.
لە باشوری کوردستاندا دامەزراوە سەربازیەکان بریتین لە کۆمەڵێ هێزی ژێر چنگی پارتی دەسەڵاتدار لەهەر بەرەیەکدا، هێزە تایبەتەکانی پارت و کەسیەکان، هێزەکانی ئاسایش، پیشمەرگە و زێرەڤان و تیرۆر هەر هەموویان لەژێر کۆنترۆڵی بنەماڵەی دەسەڵاتدار و حزبدان. ئەو هێزانە بەژمارە زۆرن و بەدەیان هەزار کەس لە خۆیان دەگرن، مانگانە پارەیەکی یەکجار زۆر لە بودجەدا بۆ ئەو هێزانە رۆیشتووە و خەرج کراوە. بەر لە پەیدابوونی هەڕەشەکانی داعش گوتنی رەخنەگرانە سەبارەت بەو هێزانە زۆربوون. بەپێی گوتن و هەواڵ و بەڵگەکان ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسانەی لە ریزەکانی ئەو هێزانەدا ناونوسکراون، وەکو فەوجە سوکەکانی سەردەمی بەعس تەنها بۆ مووچەوەرگەتن ناونوس کراون، بەشێکیان بۆ خزمەت و هاوکاری بەرپرسەکان بەکارهێندراون. بەسەدان و رەنگبێ بەهەزاران ئەفسەری پلەدار لە ئەفسەری ئاساییەوە بگرە تا دەگاتە پلە بەرزە سەربازییەکان بە گەندەڵی دروستکراون، ئەو ئەفسەرانە لەرێگەی خوێندن و پراکتیکەوە نەبوونەتە ئەفسەر و لە زانستی سەربازیدا زانیارییەکیان نییە، بەڵکو لەلایەن دامەزراوە کەسی و حزبیەکانەوە، لەرێگەی بەرتیل و واستەوە، بەنامە و تەلەفۆنێک کراونەتە ئەفسەر و پلەوپایەیان راستەخۆ پێدراوە، ئامانجەکەش بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی پرەستیژ و موچەی زیاترە لەچواچیوەی گەندەڵیدا و لە ژینگەیەکی گەندەڵدا. هەرئەوەنا بەڵکو بەسەدان و رەنگە بەهەزاران کەس کە پەیوەندیان بە بواری سەربازیەوە نییە لەسەر بنچینەی خزمخزمێنە و پارتگەرایی و دۆستایەتی بەپلەی باڵای سەربازی خانەنشین کراون. لە ئێراقدا کە باشوری کوردستانیش دەگرێتەوە بەپێی راپۆرتێک ساڵانە ٤٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ موچەی بندیواری ناو سوپا دەڕوا. ئەو دامەزراوە سەربازیانەی کە بۆ پێگەیاندنی سەربازی هەن لەژێر باڵی حیزبدان، ئاستی توانا و پرۆفیشنالیان لاوازە، زیاتر گرنگی بە روخسار و دەرکەوتنیان دەدرێت، لەوەی گرنگی بە ناوەڕۆک و چۆنایەتی کار و ئەرکەکانی ئەو دامەزراوانە بدرێت. بۆنمونە لەماوەی ساڵانی رابردوودا نمایشی سەربازی بۆ دەرچووان و خەڵات بەخشینەوە و پێداهەڵگوتنی تواناکاکی ئەو دامەزراو و هێزانە بەخەستی هەبووین. بەڵام مەرج نییە دەرچووی ئەو پەیمانگە و دامەزراوانە کەسانی پێگەیوو بن. هەروەکو گەندەڵی بەکوشندەیی یەخەی ئەو دامەزراوانەی گرتووە و گەیشتن بە پلە ئەفسەریەکان لەژێر گومانی زۆردان.
ئاشکرایە ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسانەی کە لە ڕیزی هێزەکانی پیشمەرگەدان و بەکردەوە بەرئەرکەکانیان هەڵدەستن، سەر بە خەڵکە هەژار و بێ پشت و پەناکەن، ئەوانە قورسایی هەموو بارەکەیان دەکەوێتە ئەستۆ، لە ئامادەییان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکە سەربازیەکانیان یا خزمەتکردنی بەرپرسانیان، بەڵام بە مووچەیەکی کەمی مانگانە کە خۆی لە دەوروبەری ٥٠٠ هەزار دینار دەدات، بەمجۆرە لە ئاستی هەژاریدا دەژین و گوزەرانیان لە بارێکی خراپدایە. ئەوە لە کاتێکدایە کە گەلێ لە بەرپرسەکان جگە لە کۆمەڵێک پاسەوان و یاریدەدەر، موچەی بەرز وەردەگرن و هەندێ موچە و دەستکەوتی دیکەشیان لەولا و لەملا هەیە، خاوەنی ڤێلا و چەندین پارچە زەوی و کێلگە و شتیرترن. گەلێ بەرپرس وەکو ئاغا فیودالانە ژیان بەسەر دەبەن، چەکدارەکانی بەردەستیشیان وەکو رەعیەت و دارودەستەیان سەیر دەکەن.
جگە لە کێشەی گەندەڵی و ناتەواوی پێکهاتە سەربازیەکان، هێزەکان لە هەر دوو بەرەی سەوز و زەردا هزر و بیروباوەرێکی پارتگەرا هەیە، بەرژەوەندیەکانی پارتی دەسەڵاتدار لە ناوچەکەدا جەختیان لەسەر دەکرێتەوە و گرنگیان پێ دەدرێت. هەرچەندە ئاستی دڵسۆزی لایەنگرانی پارتی دەسەڵاتدار بۆ بیروباوەر تەواو لاواز بووە، بەڵام ئێستاش بیروباوەڕی کلاسیکیانەی سەرۆک و پارتی پێشڕەو لە بیروهزری سەرانی هەربەرەیەکدا گرنگی هەیە. هەریەک لەو بەرەیە بەتێڕوانینی خۆی و لە روانگەی لێکدانەوەی ئەودا، ئەو هێزانەی کە دروستکراون و پێکهێندراون، هێزی نیشتیمانین و بۆ خزمەتی کوردستان و خەڵکەکەی دروستکراون. هەروەکو لەو ڕوانگەیەوە جودایی لەنێوان بەرژەوەندی پارت و گەلدا نییە، ئەوەی سەرۆک و پارت دەیکەن لەبەرژەوەندی گەل و نیشتیماندایە.
ئابوری کۆمەڵگەی کوردی بنەمایەکی دروست و یەکگرتووی نییە، لەسەر ستراتژیێکی ناسیونالیستانەی نیشتیمانیدا بنچینەی دانەڕشتراوە، بەڵکو دووبەرەیی کاریگەری بەسەردا هەیە و بەپێی بەرژەوەندیەکانی سەرۆک و بنەماڵە و پارتی دەسەڵاتدار بەڕێوە دەچێت (دیارە لەژێرناوی بەرژەوەندی گەل و نیشتیماندا)، وە سیاسەتی ئابوری لەلایەن بنەماڵە و پارتی دەسەڵاتدارەوە بە مەرجەکانیانەوە گەماڕۆدراوە و گەندەڵ کراوە. ئاستی بەرهەمهێنان لەکۆمەڵگەدا لاوازە، کۆمەڵگە بەهۆی گەندەڵی و موچەی مفتە و بەحزبیکردن خەسێندراوە. داهاتە ناوخۆییەکان و داهاتی گومرکی سنورەکان کراوە نین و بەشێکی دیاریان بۆ باغەڵی بنەمالە و پارتی خاوەن دەسەڵات دەڕوا. بەشێکی دیاری نەوت بە قاچاغ ئاوا دەکرێت و داهاتەکەی دیارنییە و نازاندرێ بۆ کوێ دەڕوات. بەشێکی دیاری بودجە بۆ پارت و بەرژەوەندیەکانی پارتی دەسەڵاتدار تەرخانکراوە. بنەماڵەی دەسەڵاتدار و بەرپرسانی باڵای پارتەکان خاوەنی سەرمایەی زۆر، کۆشک، زەوی و کێڵگە، کارگە و پڕۆژەی جۆراوجۆرن. دەسەڵاتی هەرێم بەشێوەیەکی سەرەکی وابەستەی بودجەیەکە کە لە بەغداوە بۆی دەنێردرێت، هەرکاتێ ئەو بودجەیە وەستا کوردستان دەکەوێتە ژێر قەیرانی ئابوریەوە. داهاتی سەرچاوە سروشتیەکان و نەوت لەژێر چنگی بنەماڵە و پارتی دەسەڵاتداردایە، لەو بابەتە بەرەی زەرد پشکی گەورەی بەردەکەوێت و کۆنتراکتە نەوتیەکانی کە لەگەڵ تورکیا و کۆمپانیا بیانیەکان مۆرکراون راستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتی و بەپێی بەرژەوەندیەکانی بنەماڵەی دەسەڵاتداری بەرەی زەردەوە کراون. دەزگاو و کۆمپانیاکانی بواری نەوت لەژێر چنگی پارتی دەسەڵاتداردان. لەمبارەیەوە گەندەڵی زۆر هەیە، کراوەیی نییە و زۆر پرسیاری بێوەڵام هەن. سیاسەتی نەوتی بەرەی زەرد سیاسەتێکی تاکڕەوانەی بنەماڵەییە پشت بە تورکیا دەبەستێت، ئەوەش کۆمەڵێ کێشەی هەیە و مەترسیدارە. ئەو یەکتر تۆمەتبارکردنەی ئەم دواییەی پارتی و یەکێتی سەبارەت بە قەیرانی دارایی و ئابوری، ئاماژەی روونە بە دوو بەرەیی و نانەتەوەییبوون و نانیشتیمانیبوون لە سیاسەتی دارایی و ئابوریدا.
بابەتێکیتر کە مۆرکی خۆی بەسەر هەردوو بەرەدا سەپاندووە و دەبێ سەبارەت بەو هێزانە و دەسەڵاتی سەوز و زەرد بەکورتی سەرنجی بدەین، دەسەڵاتی سەوزی یەکێتی پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا کە هێزێکی گەورەی شیعەیە هەیە، پرس و راوێژ بە ئێران دەکەن، هەنگاوەکانیان لەژێرکاریگەری ئێراندایە. دەسەڵاتی بەرەی زەردی پارتی پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ تورکیادا کە هێزێکی گەورەی سوننەیە هەیە، بەرژەوەندیەکانی تورکیا بەسەریاندا زاڵە، پرس و راوێژ بە تورکیا دەکەن. چەندین بنکەی سوپای تورکیا لەناو سنوری باشوری کوردستاندا هەن. رێککەوتنەکانی نێوان یەکێتی و ئێران یا پارتی و تورکیا چییە و چۆنە بەنهێنی ماوەتەوە و شتێکی ئەوتۆ لەبارەیانەوە نازاندرێ. هەردوو وڵات بوونیان لە باشوری کوردستاندا بەشێوەی جۆراوجۆر هەیە و خزاونەتە ناو کۆمەڵگەی باشوری کوردستان، وە کاریگەری یەکلاکەرەوەیان لەسەر بڕیارە گرنگە رامیاریەکاندا هەیە.
ئەو گوزارشتە کورتەی سەرەوە ئاماژە بە بوونی کۆمەڵێ کەموکوڕی، کێشەی کوشندە و قەیرانی رامیاری و سەربازی و ئابوری دەکەن کە کۆمەلگەی باشوری کوردستان پێیانەوە دەناڵێنێت. ئەو کێشە و قەیرانانە وایان کردووە، کە کۆمەلگە لەلایەنی رامیاری و سەربازی و ئابوریەوە لاواز و بێتوانا بێت. ئەو کێشانە بەجۆرێک قووڵ و کوشندەن کە دەربازبوون گۆڕانی رادیکالانە لە سیستەمی رامیاری و ئابوری و سەربازیەوە بەجۆرێ لە جۆرەکان دەخوازن.

هێرشی تیرۆریستانی داعش و زەقتربوونەوەی کێشە رامیاری و سەربازیەکان
سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێین گومان لەوەدا نییە کە لەبەرەکانی جەنگدا پێشمەرگە و گەریللای قارەمان گیانیان کردتۆتە قوربانی و جێگەی ڕێزلێنان و شانازین بۆ خەڵکی کوردستان. بۆیە ئەو وتارە مەبەستی ئەوە نییە لەو قارەمانییەی ئەو مرۆڤە ئازا و شۆڕشگێڕانە کەمکاتەوە، بەڵکو ناچارین دوای ئەو تاوان و کارەساتەی بەسەر ئێزیدیەکان و کاکەیی و شەبەک و کریستیانەکان بەتایبەتی هاتن و بەسەر باشوری کوردستاندا بەگشتی هات بەچاوی رەخنە بڕوانینە بارودۆخەکە و هەوڵ بدەین کێشەکان دیار بکەین.
کاتێ رێکخراوی تیرۆریستی دەولەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) هاتە ناوچەی عەرەبە سوننەکان و داگیری کرد، لە کوردستاندا لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بەپێی دوو دید و ستراتیژی جیاواز سەیری بوون و هەرەشەی داعش کرا. لەبەرەی زەرددا گوتن لە کۆتایی ماددەی ١٤٠ دەکرا و گوتن لە سەربەخۆیی باشوری کوردستان دەکرا، بەڵام لە ناوچەی سەوزدا دوودڵیەکی گەورە سەبارەت بە جیابوونەوە هەبوو و گۆڕانێکی ئەوتۆ لە گوتنەکانی پیشووی بەرپرسانیان نەبوو. لە کاتێکدا لەناوچەی سەوزدا لە سنورەکانی کەرکوک و جەلەولادا رۆژانە شەر و پێکدادان هەبوو و پێشمەرگە قوربانی ددەدا، بەڵام لەناوچەکانی ژێر دەستی پارتی لەیەکترنزیکبوونەوە لە نێوان دەسەڵاتی زەرد و داعشدا هەبوو، وەکو دەگوترا لە سنورەکانی پێشەوە ئاڵووێری شتومەک لەنێوان هەندێ لە هێزەکانی پارتی و چەکدارانی داعشدا هەبوو. دیارە گوتن لەسەر تێگڵانی قووڵی بەرپرسانی پارتی لە پەیوەندیان لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا لەژێر سەرپەرشتی تورکیادا دەکرێن، بەڵام ئەوە چۆن بووە و چەندی راستە جارێ نازاندرێ. ئەو جوداییە رامیاری و سەربازییە دەرکەوتنی ئاشکرای نایەکگرتوویی کورد بوو. بەڕوونی دەرکەوت کە کورد خاوەنی یەک ستراتیژی رامیاری و سەربازی نییە و دووپارچەییەکی دیار لەئارادا هەیە. لە راستیدا لە هەرێمی کوردستاندا ڕەوشی بانێک و دوو هەوا هەبوو.
لە باشوری کوردستاندا پارتی دەوڵەمەندترین پارتە و بەشی سەرەکی داهاتی کوردستان لەژێر چنگی بەرەی زەردایە، هەروەکو پارتی بەجۆرێ لە جۆرەکان فەرمانرەوایی کوردستانی بەدەستە و پۆستە سەرەکیەکان لەدەستی پارتیدان. لەلایەکیتر ناوچەی زەرد بەرووی ئەوروپا و جیهاندا ستراتیژیترە. وەکو دەگوترێت پارتی خاوەنی دەوڵەمەنترین هێزە چ بە ژمارە یا لە رووی چەک و تەقەمەنیەوە. بەرلەهێرشی داعش، وەکو هێزێکی پیشکەوتووی تۆکمە و لەشکان نەهاتوو سەیری ئەو هێزانە دەکرا، بەرپرس و ڕاگەیاندنەکانی پارتی پێیاندا هەڵدەگوتن و ریکلامی زۆر بۆ رێکوپێکی و توانای هێزەکان دەکران. گاڵتە بەهێزەکانی سوپای ئێراق و رووخان و شکانیان لە ئاست تیرۆریستانی داعشدا دەکرا.
دوور لە تێگەیشتن و پێشبینیەکانی پارتی، لە رێککەوتی ٣ی ئابدا تیرۆریستە ئیسلامیستەکانی داعش هێرشیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی بەرەی زەرد هێنا. ئەوەی لە دەم و رۆژەکانی یەکەمی شەڕ لە بەرەی زەرددا دەرکەوت، ئەو هێزە دەوڵەمەندە پڕ چەک و پۆشتەیە لە رەبیعە و شەنگال و زومار، گوند و شارۆچکە کریستیانەکانی کەنار موسڵ، دووگردکان، گوێر و مەخمور بە کورتی لەهەموو بەرەکانی جەنگ هەڵاتن و لەهەندێ ناوچە بێ تەقە شوێنەکانی خۆیان بۆ دوژمن چۆڵ کرد. ڕاکردنی هێزەکانی پارتی لە شەنگال گەورەترین کارەساتی بەسەر کوردە ئێزیدیەکاندا هێنا و راستەوخۆ کەوتنە بەردەم لەناوبردن و بەهەزارانیان بوونە قوربانیی تاوانی گەلکوژکارانەی تیرۆریستانی داعش. خۆ ئەگەر چوار پێنج کاتژمێر شەڕ بکرابوایە ژمارەی قوربانیانی خەڵکی سڤیل زۆر کەمتر دەبوو و خەڵک دەیانتوانی بەشێوەیەکی باشتر دەربازبن. دیارە ئەگەر گەریللاکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (ی.پ.گ) ی رۆژئاوای کوردستان فریای خەڵکە جێهێشتراو و لێقەوماوەکە لە چیای شەنگال نەکەوتبان ژمارەی قوربانیان زۆر لەوە زیاتر دەبوو و قەوارەی تاوانەکە زۆر گەورەتر و بەرفراوانتر دەبوو لەوەی ئێستا هەیە. جگەلە دەڤەری شەنگال دانیشتوانە کریستیانەکانی کەناری موسڵ و گوندەکانی ئەوێ هەموو ئاوارە بوون و ماڵەکانی خۆیان جێهێشت. لە ناوچەکانی تر وەکو گوێر و مەخمور بەر لەرۆیشتنی هێزەکانی پێشمەرگە خەڵک فریای ئەوە کەوتن بێ زیان رزگاربن و بڕۆن. لەبەرەی رۆژئاوادا بەنداوی موسل کە زۆر بە گرنگ و ستراتیژی دادەندرا ئەویش لەلایەن هێزەکانی پارتیەوە بۆ تیرۆریستانی داعش جێهێلدرا. دوای ئەو شکان و هەڵاتنانە هەولێر کەوتە بەر مەترسی راستەوخۆ و خەڵک دەستی بە جووڵەی ڕاکردن و دەربازبوون کرد. ئەمەریکا و رۆژئاوا هاتنە ناو کێشەکە و بەڵێنی هاوکاری کوردیان دا، هەروەکو بەرژەوەندیەکانی ئەوانیش لە مەترسیدا بوو. لە ناوچەی گوێر و مەخموردا هێزەکانی یەکێتی، پەکەکە، حزبی دیموکرات و هێزی تر هاتن و بەجۆرێ لە جۆرەکان بەرگرییەک دروستکراو زۆری نەبرد شارۆچکەی مەخمورئازاد کرایەوە. شایانی گوتنە ئەو هەڵاتن و شکانەی هێزەکانی بەرەی زەرد لە کاتێکدا بوو کە دوو مانگ بوو لە بەرەی جەلەولا شەر دژی ئیسلامیستەکانی داعش هەبوو و داعش نەیتوانیبوو لەوێ سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. دیارە دواتر جەلەولا لەلایەن داعشەوە گیرا، ئەوەش شکستێکی سەربازی هێزەکانی پیشمەرگەی ئەو بەرەیە بوو، بەڵام ئەو کشانەوەیە زیانی خەلکی سڤیلی لێنەکەوتەوە. چونکە شارەکە زۆر لەوەوپێش چۆڵکرابوو، وە داعش لەوە زیاتر نەیتوانی بێتەپێش.
هەرچۆنی بێت خۆشبەختانە هاوکاری هەمەلایەنە چ لەلایەن هێزە کوردستانیەکانەوە یا لەلایەن ئەمەریکا و رۆژئاواوە کاریگەری گونجاویان نواند و هێرشی تیرۆریستانی داعشیان وەستاند. دوای وەستاندنی هێرشەکانی داعش وردەوردە لێرەولەوێ پاشەکشە بە تیرۆریستانی داعش کرا و دەکرێن و ئومێدی رزگارکردنی ناوچەکان ریالیستانەن، بەڵام تا کاتی نوسینی ئەو وتارە نەتواندراوە شەنگال بەتەواوی و کۆمەڵێ ناوچەی دیکەی کوردستانی لە ژێر چنگی تیرۆریستانی داعشدا رزگار بکرێن. ئەوەی لەو پرۆسەیەدا جێگەی نیگەرانییە چارەنوسی ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکانە وەکو خورماتوو، جەلەولا و سەعدیە و گوندەکانی دەوروبەریان کە بەدەیان پێشمەرگە گیانیان لە پێناو ڕزگارکردنیاندا بەختکرد، بەڵام ئێستا هەندێ لەو شوینانە وەکو سەعدیە و جەلەولا لەلایەن هێزی میلیتسی شیعە و سوپای عەرەبی ئێراقەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، ئەو هێزانە پێشێلی مافی مرۆڤ دەکەن، کێشەی زۆریان ناوەتەوە و نیازیان بەرامبەر بە کوردستان و دانیشتووە کوردەکان باش نییە، بەئاگایانە ئاراستەیەکی دژە کوردانەیان هەیە.
جێگەی سەرنجدانە کە هێرش کرایە سەر ناوچەکانی ژێردەستی دەسەڵاتی زەرد، سەرۆکی هەرێم مەسعود بارزانی شەری دژی داعش راگەیاند و گوتی ئێستا شەرمان دژی تیرۆریستانی داعش دەستپێکرد، بەپێی ئەو گوتنە تا ئێستا شەر نەبوو بەڵکو ئێستا شەڕ دەستی پێکردووە. پێشتر لە بەرەی جەلەولا دوو مانگ بوو شەر بوو و رۆژانە قوربانی هەبوون، بەڵام واپێدەچی لای سەرۆکی هەرێم و بەرەی زەرددا ئەو شەرە گرنگیی نەبوو و وەکو شەڕی دەسەڵاتی هەرێم سەیری نەدەکرا. دووبارە نایەکگرتوویی هەڵوێست لە ئاستی بەرزدا لە باشوری کوردستاندا بە ڕوونی خۆی پیشاندایەوە.
هەروەها لێدوانی سەرۆک و بەرپرسانی پارتی سەبارەت بە هەڵاتن و شکانی هێزەکانی بەرەی زەرد جێگەی سەرنج بوون، ئەوان هۆکاری شکانی هێزەکانیان بۆ جودایی چەک دەگێرایەوە و دەگوترا کەوا داعش خاوەنی چەکی پێشکەوتوو و مۆدێرنە کە لە سوپای ئێراقەوە دەستیان کەوتووە، بەڵام هێزی پێشمەرگە ئەو چەکانەی نییە، بەڵکو چەکی پێشمەرگە چەکی سەرەتایی و سوکن. لەراستیدا بەرلە هێرشی داعش ئەو جۆرە گوتنانە نەبوون و بەڵکو رەتیش دەکرانەوە، ئامادە نەبوون ئاوڕ لە رەخنەکان سەبارەت بە کیشە و کەموکوڕیەکانی هێزەکانی هەرێمی کوردستان بدەنەوە. هەروەها لەم ساڵانەی دوایی گوتن لە پێشکەتوویی و بەتوانایی هێزەکانی پێشمەرگە دەکرا، واپیشان دەدرا کە ئیتر هێزی پێشمەرگە تەواو لە رووی ژمارە و راهێنان و چەک و تەقەمەنیەوە پێگەیشتووە و ئامادەیە. جگەلەوە کە تیرۆریستانی داعش دەستیان بەسەر ناوچەی سوننەدا گرت بەشێکی چەک و تەقەمەنی سوپای ئێڕاق وەکو دەڵێن هی دوو فرقە کەوتنە دەست هێزەکانی پێشمەرگە، واتە ئەو چەکانەی کەوتنە دەست داعش کەوتنە دەست هێزەکانی پێشمەرگەش. ئەوسا دەنگۆی ئەوە هەبوو کە ئەو چەکانە هەموو گواسترانەوە ناوچەکانی سەروو و دوور لە ناوچە سنوریەکان کە هەڕەشەی راستەوخۆیان لەسەر بوو. بۆیە ئەو جۆرە پاساو هێنانەوە و گوتنانە لەراستیدا راکردنە لە هۆکاری بنچینەیی و سەرەکی هەڵاتن و شکانەکە. هێزەکانی پێشمەرگە ئەو چەک و تەقەمەنییەیان هەبوو نەهێلێن تیرۆریستانی داعش بێنە پێش، بەڵام ئەو چەکانە بەکار نەهاتن و ئەو هێزانە هەڵاتن.
لەسەروبەندی شکستەکەدا لێرەولەوێ دەگوترا ئەو هێزانە بۆیە کشانەوە چونکە لەسەرووی خۆیانەوە فەرمانیان پێکراوە کە بکشێنەوە و شەر نەکەن، وەکو بیسترا یەکدوانێ لە بەرپرسەکانی پارتی شتێکی لەو بارەیان درکاندبوو. دیارە پارتی رەتی ئەوەی کردۆتەوە. ئێمەش نازانین ئەوە چەند راستی تێدایە. بەڵام گرنگە بگوترێت کە ئەوە کشانەوە نەبوو بەڵکو هەڵاتن بوو، بەجۆرێک لە هەندێ شوێندا هێزەکان هاوڕێکانی خۆشیان لە خەودا جێهێشت و بە دیلی کەوتنە دەستی تیرۆریستانی داعش. بەڵام ئەگەر ئەو گوتنە راستبێت، واپێدەچی فەرمانی کشانەوەکە لەناکاو و بێ ئاگاداری پێشکات بووە، چونکە لەبەر ئەو هۆیانەی پێشتر ئاماژەمان بۆ کردن پارتی چاوەڕوانی ئەو هێرشە لەناکاوەی سەر بەرەی زەردی لەلایەن داعشەوە نەدەکرد. لەلایەکیتر ئەگەر فەرمانی کشانەوە لەلایەن سەرووی ئەو هێزانەوە واتە لەلایەن سەرکردایەتی پارتیەوە درابێت، ئەوا ئامانجی پلانەکە هەرچی بووبێت، ئەو بڕیارە بێگومان پشتکردنە لە خەڵکی ئەو ناوچانە و ناپاکییە کە لەلایەن سەرکردایەتی ئەو هێزانە بەرامبەر بەو خەلکە کراوە. هەرچۆنی بێ و هۆکارەکە هەرچی بێت زۆرینەی ئێزدیەکان کە بەرەوڕووی تاوانی گەلکوژکارانە بوونەوە هەڵاتنی هێزەکانی پارتی بە هۆکاری تاوان و کارەساتەکە دەزانن و پێیانوایە ناپاکییان لێکراوە، لێرەولەوێ ئەوەشیان بە ئاشکرا لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە گووتووە، بۆنمونە ژنێکی ئاوارەی ئێزدی لەوڵامی رۆژنامەوانیکدا ڕکوراست و بێ یەکودوو گوتی "مەسعود مە فرۆت!".
جێگەی سەرنجدانە کە لەبەرەی سەوزدا هێزی چەکداری شیعەی سەر بەئێران هاتنە ناوچە شیعەنشینە سنوریەکان و وەکو دەڵین بەشداریان لە شەڕی داعشدا کرد، ئەوەش نارەزایی کوردەکانی ئەو ناوچانەی لێکەوتەوە، بۆنمونە یەکێ لە هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە دەیگوت: "ئیمە نازانین ئەو هێزانە کێن و لێرە چی دەکەن!؟ ئێمە لە زمانیان تێناگەین. ئێمە پێویستمان بە یارمەتی ئەوانە نییە، ئێمە خۆمان بەرگری لە خۆمان دەکەین، من سێ کوڕم لەبەرەی پێشەوەیە، ئەو هێزانە جێگەی مەترسین!؟" بەڵام کەس گوێی پێ نەدان. یەکێتی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لەمبارەیەوە رانەگەیاند. بەم دواییە سەرۆکی سوپای پاسداران قاسم سلێمان (دەگوترێت لە تیرۆرکردنی سەرۆکی حزبی دیموکراتی ئێران د. عەبدولڕەحمان قاسملو لەساڵی ١٩٨٩ دا دەستی هەبووە) لەنزیک بەرەکانی جەنگ لەگەل کۆمەڵیک پێشمەرگە وێنەی بڵاوکرایەوە. بەرپرسێکی یەکێتی ئاماژەی بە بوونی ئەو هێزانەی شیعە و ئێران کردوو و ئاماژەی بە ئەگەری مەترسی دەرهاویشتەکانی بوونی ئەو هێزانە لە داهاتوودا کرد. یەکێتی وەکو پێشوو لەسەر ئەو بابەتە بێ دەنگی هەڵبژاردووە.
بابەتێکیتر کە سەرنجی راکێشا، هێزەکانی پیشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە خۆبەخشانە هاتبوون بەرگری لە کوردستان بکەن و لەبەرەکانی شەڕدا بەشداریان کرد، لەسەر داوای ئێران لەلایەن یەکێتیەوە فەرمانیان پێکرا کە لە بەرەکانی شەڕ نەمێنن. ئەو هێزانە ناچارکران بەرەکانی جەنگ جێبهێڵن و هەروەها ئەو دەستکەوتانەی کە لە شەڕی داعشدا دەستیان کەوتبوو لێیان سەندرایەوە.
لەبەرەکانی جەنگدا دوو پارچەیی و نایەکگرتوویی هیزەکانی سەر بە بەرەی زەرد و سەوز هێندە بەزەقی دیاربوون، بەجۆرێک هەر هێزە بەشێوەیەک و پێچەوانەی یەکتر دەجوڵانەوە، بۆ نمونە لە گوێر و مەخمور هێزەکانی پارتی چۆڵیان دەکرد و دەکشانەوە، بێ ئەوەی هیچ شتێک بە هێزەکانی یەکێتی بڵێن و ئاشکرا بکەن، کە ئایا ئەو کشانەوە و هەڵاتنە لەبەرچییە و بۆ چییە. لەبەرەکانی شەڕدا زیاتر جموجۆڵی گروپی چەکدار و ترۆمبێلە دۆشکەهەڵگر و کاتیۆشەکان دەبیندران. مۆرکی گروپ گروپێنە زاڵ بوو، گووتن لە هێزی فڵان پارت و فڵان کەس سەبارەت بە هێزەکان لە هەموو ئەو ماوەیەدا زۆر زاڵ بوو و پارتگەرایی بە زەقی هەبوو. هەروەها میدیای پارتەکان لە چاویلکەی پارتەکانیانەوە روانیانە شەڕ و کیشەکانی جەنگ. لایەنگیری کەنالەکانی راگەیاندن روون و ئاشکرا هەبوو و ئێستاش بەردەوامە. ئێستاش بەرەکانی شەر لە بەرەی زەرد و سەوزدا بەسەر بەرپرسانی پارتی و یەکیتی هەر لایەنە لەبەرەی خۆیدا دابەشکراون.
لەبەرەکانی جەنگدا جگە لە دیاردەی پارتگەرایی، خاڵەکانی بەرەکانی شەڕ یا هێرشەکان لەژێر ناوی هەندێ بەرپرسی حزبی یا کۆنە پێشمەرگە ئەنجام دەدرێن. هەندێ لەو بەرپرسانە تەنها بۆ بەرژەوەندی و ریکلامی بنەماڵە و حزبی بەشدارن، هەندێ ئەندامی مەکتەبی سیاسین و شارەزاییەکیان لە بواری سەربازیەوە نییە، هەندێ کۆنە پێشمەرگەی قارەمانن و ئێستا لە پێشەوەی بەرەکاندا بەرگری دەکەن.ئەو بەرپرسانەی کە شارەزایی و توانای سەربازیان نییە و حیزب و بنەماڵەی دەسەڵاتدار سەپاندوویانن و چارەنوسی ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگەیان خراوەتە دەست، چارەنوسی سەربازەکان و ناوچەکەی ژێردەستیان لەمەترسیدایە. هێرشەکەی داعش بۆسەر گوێر و کوژرانی ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە بەڵگەی ئەو راستیەن. هەموو ئەوانە ئەوە دەردەخەن کە تائێستا لە کوردستاندا نەتواندراوە هێزێکی سەربازی لەسەر بنەماو پرەنسیپە سەربازیەکان بنیات بندرێت، ئەفسەر و فەرماندەی شارەزا و بەتوانای سەربازیی نوێ لە رێگەی زانستی سەربازییەوە پێبگەیەندرێن. چوونی فەرماندەیەکی قارەمانی سەردەمی شاخ بۆ بەرەکانی پێشەوە، سەڵماندنی ئەوەیە کە دوای ٢٣ ساڵ فەرمانڕەوایی نەتواندراوە سوپا و ‌هێزێک دروستبکرێت جێگەی پارتیزانەکانی سەردەمی شاخ بگرێتەوە.
بەهۆی وابەستەیی هێزە چەکدارەکان بە هەردوو پارتی دەسەڵاتداری پارتی و یەکێتی، ئەو پارتە خاوەن هێزانە بەجۆرێ لە جۆرەکان خۆیان بەسەر پارت و رێکخراوەکانی دیکەدا هەڵدەدەن و واپیشان دەدەن کە ئێستا ئەوانن بەرگری لە کوردستان دەکەن، دیارە هەر ئەوهاش لە رۆلێ خۆیان و هێزەکانیان گەیشتوون. ئەو خۆدەرخستنەی پارتی و یەکێتی، جۆرێک لەگوشاری بۆسەر پارتە بێ چەکدارەکان هێنا. هەندێ لە پارتە بێ چەکدارەکانی وەکو بۆنمونە بزوتنەوەی گۆڕان کێشەی ناوخۆییان لەسەر ئەو بابەتە هاتەپێش و هەندێ لە ئەندامانیان لایان وابوو دەبێ بزوتنەوەی گۆڕان هێزی چەکداری هەبێت و خاوەن هێزی تایبەت بەخۆی بێت. خۆهەڵکێشانی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی بەهێزەکانیان، پیشاندانی بەهێزیی رەوتی میلیتسگەراییە لە مەنتالی سەرکردەکان و بەرپرسانی ئەو پارتانەدا. لەراستیدا بوونی ئەو هێزانە و وابەستەییان بە پارتی دەسەڵاتدار لەبەرەی زەرد و سەوزدا دیاردەیەکی نامۆیە بە سیستەمی دیموکراسی و کۆمەڵگەی مۆدێرن. بۆیە ئەوان خۆیان بە دیاردەیەک بەرزدەکەنەوە کە لە راستیدا بوونی ناگوجاوە لە کۆمەڵگە ئازاد و دیموکراسیەکان. هەروەکو لە کۆمەڵگە ئازاد و دیموکراسیەکاندا ئەو هێزانەی بەرگری لە خاک و نیشتیمان دەکەن هێزی بەرگری بێلایەن و نیشتیمانین، بۆیە هێزی خەڵکن، بەمجۆرە سەربە بنەماڵە و پارتی دەسەڵاتدار نین.
ئەو کێشانەی لەو شەرەی تیرۆریستانی داعشدا دەرکەوتن گرنگترینیان دەکرێ لەو چەند خاڵەی خوارەوەدا کورتکرێنەوە:
یەکەم: نایەکگرتوویی و جودایی لەنێوان بەرەی سەوز و زەرددا بەمجۆرە بەرپرسانی دەسەڵاتی هەرێم سەبارەت بە ستراتیژی سەربازی و رامیاری، هەروەها ئاراستەی جموجۆڵیان لەگەڵ وڵاتانی ئێران و تورکیا.

دووەم: بوونی پەرتەوازەیی و نارێکی و ناڕێکخراوەیی جموجۆڵ و کاردانەوە سەربازییەکان، جوڵان و جموجۆلی نارێکخراو و نادامەزراوانە کە لەگەڵ پرەنسیپە سەربازیەکاندا ناگونجاون.

سێیەم: دەرکەوتنی مۆرکی پارتگەرایی و میلیتسگەرایی هێزەکان بەجۆرێک هەر هێزە لەلایەن پارت و دەسەڵاتە تایبەتەکەی خۆیەوە جوڵێندران و ئاراستەکران. سەرپەرشتی هێزەکان لەلایەن بەرپرسانی پارت و دەرکەوتنی جودایی پارتگەرایی لە بەرەکانی شەڕدا و یەکتر تۆمەتبارکردن لەسەر بنچینەی وابەستەیی پارتدا. هەروەکو بەرەی سەوز لەلایەن یەکیتیەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت و بەرەی زەرد لەلایەن پارتیەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت. ئەو راستییە دەرکەوت کە کوردستان خاوەنی سوپا لەسەر بنچینەی ستانداردە جیهانیەکان نییە، بەلکو هێزەکان سەر بە پارتن و دڵسۆز و وابەستەی پارتن.

چوارەم: زاڵبوونی میدیای حزبی و لایەنگیرانیان لە گەیاندنی هەواڵ و ریپۆرتاژەکاندا، هەروەها رێککەوتنی هێزەکانی بەرەی زەرد و سەوز لەگەڵ میدیاکانی سەر بە خۆیان سەبارەت بە رووماڵکردنی رووداوەکان، بەمجۆرە رێگەگرتن و کۆسپ دروستکردن بۆ کەناڵە نەیارەکانیان.

پێنجەم: بەفیرۆدان و بەهەدەردانی بەشێکی زۆری داهاتی نەتەوەیی لە رابردوودا. ئەو راستییە دەرکەوت کە ئەو ملیارەهایەی لە بودجەی داهاتی وڵاتدا لەو هێزانە کە لە ٢٣ ساڵی رابردوودا خەرجکراوە، بەفیرۆ و بەهەدەر دراوە. هەروەکو ئەو هێزانە لە ماوەی ٢٣ ساڵی رابردوودا بەشێکی گەورەی داهاتی خەڵکی کوردستانیان لێ خەرج کراوە، بەڵام ئەو هێزانە بێکەلک بوون و هەڵگری بەها نیشتیمانی و پرەنسیپە سەربازییەکان نەبوون.

شەشەم: ئەو هێزانەی بێشەڕهەڵاتن مەترسی راستەوخۆبوون لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی. بوونی ئەو هێزە فشۆڵ و گەندەڵە بووەهۆی روودانی تاوانی پاکتاو و کۆمەڵکوژی بەشێکی خەڵکی وڵات و بەمجۆرە مەترسی راستەوخۆیان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستان دروست کرد. ئەوەش دەرخستنی ئەو فاکتەرەیە ئەو هێزانە کە لەژێرناوی هێزی پاراستن و پارێزگاری نیشتیمان دروستکراون، لەراستیدا بۆمبێکی چێندراو بوون دژ بە ئاسایشی خەڵک و وڵات. ئەو هێزانە بەهەڵاتنیان هاوکاری دوژمنیان کرد و یارمەتی دوژمنیاندا کە بگاتە ئامانجەکانی و تاوانەکان ئەنجام بدات.

حەوتەم: هەڵاتن و شەرنەکردنی هێز ئەوە دەردەخات، کە ئەو هێزانە و سەربازەکانی ئەو هێزانە خاوەنی بیروباوەڕێکی نیشتیمانی یا نەتەوەیی نین، خاوەنی ئایدیا و ورەیەک نیین کە هانی بەرگری و خۆڕاگریان بدات. ئەو کەسانە لە مۆڕاڵ و بیروباوەری نیشتیمانی بەتال بوون و بڕوایەک یا شتێکیان نەبوو لە پێناویدا بجەنگن، هەروەکو ئامادە نەبوون گیانی خۆیان لەپێناوی پاراستنی خەڵکی ناوچەکان و نیشتیمانەکەیان بخەنە مەترسیەوە.

هەشتەم: تاوان و کارەساتەکانی کە بەسەر خەڵک هاتن، هەروەها ناتەبایی و پەرتەوازەیی و سەرگەردانی کە لەناوهێزە چەکدارەکاندا هەیە دەرئەنجامی بوونی سیستەمی گەندەڵی بنەماڵەیی و میلیتسگەرایە، بۆیە لەبوونی ئەو جۆرە سیستەمە رامیارییەدا چارەنوس و سەروەری گەل لە مەترسیدایە.

ئەگەرەکانی هێزی سەربازی و پۆلیس و ئاسایش بەپێی ستانداردی جیهانی لە باشوری کوردستاندا
ئایا دەکرێ هێزی سەربازی پرۆفیشنال لە کوردستانی نایەکگرتووی سەوز و زەرددا دروستکرێت؟ ئایا هێزە چەکدارەکانی سەر بە وڵات وەکو سوپا و پۆلیس، هەروەها دەزگای ئاسایشی هەواڵگری دەبێ چۆن بن؟ سەرەتا باشتروایە بزانین لە وڵاتێکی ئازاد و دیموکراسیدا ئەو هێز و دامەزراوانە چین و ئەرکیان چییە:
هێزی بەرگری و ئەرکەکانی (سوپا): هێزی بەرگری کە لە سوپا و هێزەکانی سەربە سوپا پێک دێت، ئامانجی پێشگرتنە بە ناکۆکی و شەڕ، پارێزگاری سەروەری وڵات دەکات و مسۆگەری بوون و یەکگرتوویی وڵات دەکات، کار بۆ پێشخستنی ئاشتی لە ناوچە و جیهاندا دەکات و رێز لە دەستور و مافەکانی مرۆڤ دەگرێت.
پۆلیس و ئەرکەکانی: دەزگای پاراستنی راگرتنی یاسایە، کە دەبێ کاربکات بۆ راگرتنی دڵنیایی، ئارامی، رێکراگری و ئاشتی لە کۆمەڵگەدا. پۆلیس ئەو تاکە دەسەلاتەیە کە مافی بەکارهێنانی هێزی هەیە بە مەبەستی مسۆگەرکردنی رێکراگری گشتی لە رێگەی پێشگرتن بە تاوان، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و بەدواکەوتنی تاوان هەروەها بەرەورووبوونەوەی ناکۆکی. پۆلیس بەپێی دەستور و یاسا کارەکانی دەکات.
دەزگای هەواڵگری و ئەرکەکانی: دەزگای ناسیونالی هەواڵگری و ئاسایشە. دەزگایەکە دەکرێ راستەوخۆ سەر بە پۆلیس بێ یا راستەوخۆ وەکو دەزاگایەکی سەربەخۆ سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بێت، کە پێکدێت لە کارمەند، پۆلیس، یاساناس و خەڵکی ئەکادیمی، ژمارەی کەسەکان زۆر نین کە لەوڵاتێکی وەکو باشوری کوردستاندا دەکرێ نزیکەی ٥٠٠ کەس کەمتر یا زیاتر بن. ئەرکەکانی بریتین لە ناساندن، چاودێریکردن، پیشپێگرتن و بەرەوڕووبوونەوەی کارێک کە بە مەترسی لەسەر ئازادی و دیموکراسی و سەروەری وڵات، هەروەها بەمەترسی لەسەر رێکراگری کۆمەڵگە دادەندرێت. ئەو دەزگایە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات لەسەریەتی بەرەوڕووی ئەو مەترسیانە ببێتەوە کە دەکرێنەسەر خەڵکی وڵات و بەرژەوەندیەکانی وڵات. ئەو دامەزراوە بەپێی دەستور و یاسا کار دەکات.
ئەگەر ئایدیالانە سەیری هێزی سەربازی و چۆنایەتی هێزی سەربازی لە وڵاتدا بکەین، ئەگەر وڵات وەکو خاوەن سیستەم و دامەزراوی گونجاو کە لە وڵاتی دیموکراسیدا هەن سەیر بکەین، ئەوا ستات خاوەنی سوپایەکی بێلایەن و نیشتیمانییە کە پارێزگاریی لە ئاسایش و سەروەری و سنورەکانی وڵات دەکات. هێزەکانی پۆلیس ئەرکی ئاسایشی ناوخۆی وڵات و راگرتنی یاسا دەگرنە ئەستۆ. دەزگای هەواڵگری دامەزراوێکی بە قەوارە بچوکی کاریگەری تایبەتە کە سەربە وەزارەتی ناوخۆییە و لەژێر چاودێری دەسەڵاتی وەزارەتی داد یا دادوەریدایە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ و وڵات لەناوەوە و دەرەوەدا بەگشتی لەرێگەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و چاودێریەوە دەگرێتە ئەستۆ. وەکو ئەو پێناسانەی سەرەوە. دەکرێ هێزی خۆبەخش و کۆماندۆ لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگریدا هەبن. هەموو ئەو هێز و دامەزراوانە بێلایەنن و پەیوەندیان بە پارت و کەسەوە نییە. ئەو هێز و دامەزراوانە بەگشتی لەژێر دەسەلاتی ستاتدان و بەپێی یاسا و دەستور کاردەکەن. بەمجۆرە پارت یا بەرپرسانی پارت کاریگەریان بەسەریانەوە نییە و ناتوانن فەرمانیان بەسەردا بکەن یا بیانجوڵێنن.
لەبەر رۆشنایی ئەو تێگەیشتنەی سەرەوەدا بوونی هێزی چەکداری سەر بە حزب، یا کەس یا خێل ناگونجاوە و دژی رێسا و پرەنسیپە دیموکراسیەکانن. هەموو ئەو گوتنانەی کە سەبارەت بە پێویستبوونی ئەو هێزانە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات یا فڵانە سەرۆک و بەرپرس و پارت هەن لە وڵاتێکی خاوەن سیستەمی دیموکراسیدا جێگەیان نابێتەوە. هەروەک لە ستاتی ئازاد و دیموکراسیدا، ئاسایشی خەڵک و وڵات لەلایەن هێزەکانی سەر بە ستاتەوە مسۆگەر کراوە. لە کۆمەڵگەی دیموکراسیدا پارت دامەزراوێکی رامیاری بێچەکە ملکەچی دەستور و کانونی وڵاتە. چونکە ئەگەر کۆمەڵگە لە چەک داماڵدرێت و یاسا سەروەر بێت، مرۆڤەکانی کۆمەڵگە لەهەر پلە و پایەکدا بن پێوستیان بە هێزی چەکدار و هێزی تایبەت نییە بۆ خۆپاراستن، چونکە هەرەشەی هێزی چەکدار و رێکخراو لە کۆمەڵگەی بێچەکدا بوونی نییە. ئەگەر بەرپرسێکی وڵات وەکو سەرۆکی وڵات یا سەرۆکی دەسەڵاتی بەڕیوەبەریی یا یاسادانان پێویستیان بە پاسەوانی تایبەت هەبێت، ئەوە ئەرکی ستاتە و لە چوارچێوە و قەوارەیەکی گونجاودا ئەو پێداویستییە دابین دەکرێت. چەکداربوونی ئاغا و سەرۆک خێل یا بەرپرسانی پارت یا هەبوونی هێزی چەکداریی پارت نائاساییە و دژ بەو پرەنسیپانەن کە کۆمەڵگە و ستاتی ئازادی لەسەر دادەمەزرێت. جگەلە بوونی هێز و دامەزراوە چەکدارەکانی سەر بە ستات کە بەپێی دەستور و یاساکانی وڵات بوونیان رەوا کراوە، بوونی هێزی چەکداریی خێل یا حیزب یا سەرۆک و بەرپرسان دیاردەیەکە نامۆیە بەسیستەم و کۆمەڵگەی دیموکراسی.
بوونی هێزی سەر بە خێڵ، یا بەرپرس و پارت یا هێزی میلیتس لەهەر جۆر و رەنگێکدابێت، لەژێر هەر ناوێکدا بن کۆمەڵێ ئاڵۆزی و کیشە بۆ ستات و دامودەزگاکانی دروست دەکەن. بوونی ئەو هێزانە جگەلەوەی مەترسی دەستدرێژی و پیشێلکاری دژ بە ئەندامانی کۆمەلگە دروست دەکەن، دەکرێ ببنەهۆی سەپاندنی باری مەرجئامێزانە بەسەر خەلکدا و هەروەها رێگەگرتن لە دامەزراو و هێزە فەرمیەکانی ستات لە هەلسان بە ئەرکی سەرشانیان. بەئەگەری زۆر دەبنەهۆی شەلکردن و لەکارخستنی دەزگا و دامەزراوە ستاتی و دیموکراسیەکان. ئەو هێزە کەسی و پارتگەرایانە وادەکەن کەناڵی نافەرمی و ناستاتی دەسەڵاتیان هەبێت، لە باری تایبەتدا بەرژەوەندیەکانی خۆیان بسەپینن و چۆنیان بوێ وا هەلسوکەوت بکەن. هەروەها دەکرێ ببنەهۆی شکاندنی سەروەری ستات لەرێگەی پەیوەندیکردن لەگەڵ رێکخراو و وڵاتانی دەرەکیەوە، هەروەها هێنانی کەس و هێز و دەسەڵاتی دەرەکی بۆ ناو وڵات. بوونی ئەو هێزانە هەڕەشەی راستەوخۆن لەسەر دامەزراوە ستاتی و دیموکراسیەکان کە لەباری بەهێزیاندا بەئاسانی دەتوانن دامەزراوەکانی ستات پوک بکەن و پەکیان بخەن، لەجیاتیاندا دامەزراوەی نادیموکراسی لەشێوەی جۆراوجۆر بسەپێنن، دەسەڵات و بڕیار بەشێوەی جۆراو جۆر بگرنە دەست. بەشیوەیەکی دیکە بوونی ئەو هێزانە ئاماژەیە بەلاوازی دامەزراوە ستاتیەکان، ئاماژەیە بەنەبوونی یا لاوازی سیستەمی دیموکراسی لە وڵاتدا، جگەلەوەی ئەو هێزە کەسی و پارتگەرایانە مەترسی و هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی هاوڵاتیان و ولات بەگشتی.
ئەو جۆرە هێزە کەسی و پارتگەرایانە لەوڵاتی نادیموکراسیدا هەن و بەپێی بەرژەوەندیەکانی بنەماڵە و سەرۆک و پارتی دەسەلاتدار بەکار دەهێندرێن. لە زۆربەی بارەکاندا بەهۆی ئەو هێزانەوە پارتی دەسەڵاتدار کۆمەڵگە و کەناڵەکانی دەسەڵات لە وڵاتدا دەخاتە ژێر چنگی خۆی. مەرج نییە لە کاتی هەرەشەدا بۆسەر وڵات، ئەو هێزانە کە بوونیان بە بەرژەوەندی گەلەوە دەبەسترێتەوە و رەوا دەکرێت، بە هانای خەلکەوە بێن یا بتوانن بەو ئەرکە هەڵسن. بەپێچەوانەوە دەکرێ زیان بەخش بن و کۆمەڵگە و وڵات بخەنە لێواری کارەسات و ماڵوێرانی.
لەکۆمەڵگەیەکدا کە گەندەلی قورگی گرتووە و میلیتسگەرایی زاڵە، بڕیارەکان لەدەستی بنەماڵە و پارتی خاوەن چەکدارە، ئەگەر بیر لە وەرگێرانی ئەو سیستەمە میلیتسگەرایە بکرێتەوە و نیازی دەسەڵاتێکی کراوەی دیموکراسی و بێچەک هەبێت، ئەوا پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە لە بنجوبناوانیەوە پێویستیەکی بێ ئەملاوئەولایە. ئەو پرۆسەی گۆڕانکارییە کە گۆڕینی بنەرەتیانەی سیستەمی رامیارییە لایەنە سەربازیەکەش بەخەستی دەگرێتەوە. ئەگەر پرۆسەی دیموکراتیزەکردن لەوبارەدا دەستی پێبکرێت هێزەکانی سوپا لەسەر ستانداردی مۆدێرنی وڵاتانی پیشکەوتوو دروستدەکرێنەوە. گەندەڵی لەناو سوپادا بنبڕ دەکرێت، هیچ کەسێک چ سەرباز یا ئەفسەر کە کار ناکات و بە ساختە موچە وەردەگرێت لە سوپا ناهێلدرێت. موچەی بندیوار و موفتە لەژێر هەر بڕوبیانوێک دابێت ناهێڵدرێت. هەموو ئەو ئەفسەر و پلەدارانەی بە بەرتیل و واستە لە رێگەی گەندەڵیەوە پلەی سەربازیان پێدراوە، لە سوپا دووردەخرێنەوە و پێویستە سانکشیۆنی هەمیشەییان بخرێتەسەر بەجۆرێک هەرگیز نەتوانن بێنەوە ناو سوپا.
هەروەها ئەو هێزە حزبیانەی کە لەژێر ناوی جیاجیادا هەن کۆتاییان پێدەهێندرێ و ناهێڵدرێن. بەرپرس و فەرماندە حزبیەکان لە سوپا دووردەخرێنەوە. هەموو ئەو سەرباز و ئەفسەرانەی پارت دایمەزراندوون لە سوپا دووردەخرێنەوە. دروستکردنی سوپا لە دەستێورەدان و کاریگەری پارت و سەرۆکی پارت دەپارێزرێت، بۆیە پێویستە هەموو ئەو بەرپرس و ئەفسەرانە لە سوپا دوورخرێنەوە کە ئەندامی کارای پارتەکانیانن، یا بوونیان لە سوپا گوماناوییە و دەکرێ سوپا بۆ بەرژەوەندیەکانی پارت بەکار بهێنن. هەنگاوێکی بنچینەیی لە کۆمەڵگەی میلیتسگەرادا ئەوەیە کە پارت لە چەک دادەماڵدرێت، هەروەکو پارت لە کۆمەڵگەی دیموکراسیدا رێکخراوێکی رامیاری بێچەکە و لەرێگەی پرەسیپە دیموکراسیەکان هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجە هەنوکەیی و دوورەکانی دەدات. هەروەها لە دەسەڵاتی پارتدا نابێ هێز دروست بکات و موچە بۆ چەکدارەکانی یا ئەندامانی ببڕێتەوە. جگەلە پرۆسەی دروستکردنەوە پرۆسەی پەروەردە و پێگەیاندنیش دەستپێدەکرێن، خولی پەروەردەکردنی سەربازی بۆ سوپا و هێزە چەکدارەکانی وڵات لەسەر بنچینە ستاندارد و مۆدێرنەکان دەستپێدەکرێن، دامەزراوە زانستییە سەربازییەکان بەپێی ستانداردە پیشکەتووەکان بە گیانێکی سەربازی و نیشتیمانی و دیموکراسیخواز مرۆڤەکان پەروەردە دەکەن. ئەوە ئەگەر ئایدیالانە سەیری پرۆسەکە بکەین، بەڵام ناریالیستانە نییە ئەگەر هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانە بدرێت.
لەراستیدا دروستکردنی سوپای راستەقینە و مۆدێرن لە کۆمەڵگەیەکی گەندەڵ و نادیموکراسی میلیتسگەرادا کارێکی زۆر سەخت و ئەستەمە، بەرادەیەک ناڕیالیستانەیە بیری لێ بکرێتەوە. بەڵام ئەگەر کۆمەڵگە لەژێر پرۆسەی دیموکراتیزەکردندا بێت دەکرێ هەنگاوی گۆڕانکارییە سەربازیەکان هاوتەریبی پرۆسەکانی دیکە بندرێن. لەو بارەدا پێویستە سوپا لەلایەن کەسانی شارەزای سەربازی و خاوەن پلەی بەرزی سەربازی، کە لە رێگەی خوێندن و پراکتیکدا گەیشتوونەتە ئەو ئاستە، لەژێر سەرپەرشتی شارەزایانی سەربازیی وڵاتانی پێشکەوتوو دروست بکرێت و بنیات بندرێت. پێویستە پەیوەندی تووندوتۆڵ لەگەڵ زانستگە سەربازیەکانی جیهانی پێشکەوتوو دروستکرێن، لەو رێگەیەوە پێویستە ئەفسەری سەربازی لە ولاتە پیشکەوتووەکان پێبگەیەندرێن و لەسوپادا سوود لە تواناکانیان وەربگیرێت. ئەرکی سوپا و هێزەکانی بەرگریش ئەو ئەرکانە دەبێت کە لەسەرەتادا ئاماژەمان بۆکردن.
ئەگەر سەیری کۆمەڵگەی باشوری کوردستان بکەین، ئەوا ئەو هەرێمە بەپرۆسەی دیموکراتیزەکردندا تێنەپەریوە و ئەو دامەزراوانەی لەژێر ناوی دامەزراوی دیموکراسیدا هەن بێ دەسەڵات و بێتوانان. لە کوردستاندا دامەزراوە دیموکراسیەکان بڕیار لەسەر پرسە گرنگەکان نادەن، بەڵکو دەسەڵات و بڕیار لەو بارانەدا لای سەرۆک و بنەماڵە و بیرۆی سیاسی پارتی دەسەڵاتدارە. بەکورتی باشوری کوردستان کۆمەڵگەیەکە کە دامەزراوە نادیموکراسیەکان هێشتا کاریگەری یەکلاکەرەوەیان تیایدا هەیە.
هەموو ئەو مەرجانەی کە گۆرانکاری لە هێز و چەکداری پارتگەرا و خێلەکیانە بۆ هێزی چەکداری بێلایەنی پرۆفیشنال دەخوازن و کە لەسەرەوەدا ئاماژەمان بۆکردن، پێویستە لە کۆمەڵگەیەکی وەکو باشوری کوردستاندا بهێندرێنەدی، دیارە ئەوەش بێ پرۆسەی دیموکراتیزەکردن، بەمجۆرە نەهێشتنی دامەزراوە بنەمالەیی و نادیموکراسییە پارتگەراییەکان ناکرێ و نایەتە دی. لەراستیدا لە ئێستادا لە باشوری کوردستاندا سەختە بتواندرێ هێزە چەکدارەکان بێلایەن بکرێن و بەپێی ستانداردە گونجاوە جیهانیەکان رێک بخرێن. لەباری ئێستادا ئەستەمە دەسەڵاتێک هەبێت بتوانێ بنەماڵە و پارتی دەسەڵاتدار لە چەک داماڵێت و هێزە چەکدارەکانیان لێ بکاتەوە. سەختە بتواندرێ لە کۆمەڵگەی کوردستاندا دیاردەی چەکداری و میلیتسگەرایی بنبڕبکرێت. بەمجۆرە سەختە بتواندرێ هێزی سوپا دروستکرێت و لەژێر کاریگەری بنەماڵە و پارتی دەسەڵاتداردا نەبێت.
دروستکردنی هێزی سوپا لەو هەڵومەرجەی ئێستدا دەکرێ بە دوو ئاراستەدا بچێت:
یەکەم: یەکخستنی هێزەکانی بەرەی سەوز و زەرد کە لە ژێرناوی هێزی ٧٠ و ٨٠ دا هەن، لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگریدا (وەزارەتی پێشمەرگە). هەردوو هێزی ٧٠ و ٨٠ هەریەکەیان لەژێرباڵی بەرەیەکدان، ئەگەر ئەو هێزانە بخرێنەژێر سەرپەرشتی یەک دامەزراوی وەکو وەزارەتی بەرگری، دلسۆزی و وابەستەیی ئەو هێزانە بۆ سەرۆک و پارتەکان گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نایەت، بۆیە ئەو یەکخستنە رواڵەتییە و لە پراکتیکدا هێزی دوو بەرەن، کە لەکاتی پێویستدا دلسۆزی خۆیان بۆ سەرووی تایبەتی خۆیان پیشان دەدەن. وەکو بۆ نمونە دروستکردنی ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان و یەکخستنی هەردوو دەزگای زانیاری و پارستن. ئەو یەکخستنە تەنها رواڵەتی بووە و بەکردەوە رێکخراوی هەواڵگری زانیاری لەبەرەی سەوزدا و رێکخراوی هەواڵگری پاراستن لەبەرەی زەردا وەکو پێشوو لە دڵسۆزیان بۆ سەرۆک و پارتی خاوەنیان لە چاڵاکیەکانی خۆیان بەردەوامن. بەکورتی ئەو یەکخستنەی دەزگای هەواڵگری لە کوردستاندا ماکیاژێکە کە هەوڵی داپۆشینی کێشەکانی بنەماڵەچێتی و پارتگەرایی دەدات، ئەو یەکخستنە رواڵەتییە ئەو دامەزراوەی نەکردۆتە دامەزراوێکی ناحیزبی و نیشتیمانی.
لە مانگی دیسەمبەردا هەواڵی ناتەبایی لە نێوان وەزیری پێشمەرگە مستەفا سەید قادر کە سەر بە بزوتنەوەی گۆڕانە و جێگرەکەی ئەنوەر حاجی عوسمان کە سەر بە بەرەی زەردە بڵاوکرایەوە، وزیر داوادەکات کە یەکە و هێزەکانی پێشمەرگە پابەندی بڕیارەکانی بن و گواستنەوە و ئاڵوگۆڕکردن بە کەسەکان بەبڕیاری وەزارەت بێت، بەڵام جێگری وەزیر بە فەرمی راکشاوانە ڕایگەیاند کە ملکەچی بڕیارەکانی وەزیر نابێت و بەردەوام دەبێت لەو ئاراستەیەی کە هەیە. مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان نوسراوێکی بڵاوکردەوە و داوا دەکات، حیزب دەست لە کاروباری وەزارەت و هێزی پێشمەرگە وەرنەدات، دابەشکردنی چەک بەپێی پێویستی بەرەکانی جەنگ دەبێت، پێویستە هێزی پێشمەرگە بە ڕێکوپێکی رێکبخرێتەوە کە حزبایەتی تێدا نەبێت و هتد. فەرماندەی هێزە چەکدارەکان لە نامەکەدا کۆمەڵێ فاکتەر لە راستیدا پشتگوێ دەخات، کە ئەو نوسراوە ناتوانێ بیانگۆڕیت، بۆنمونە کە هێزەکان سەر بەدوو بەرەن و سەر بەدوو حیزبن، بەرپرسانیان بەرپرسی باڵای حیزبەکانن و هێزەکان لەلایەن ئەو بەرپرسە حزبیانەوە دەجوڵێندرێن و لە ٢٠ ساڵی رابردوودا هەروابووین و لە شەڕی دژی داعشیشدا ئەو زەردی و سەوزییەی هێزەکان زۆر بە زەقی دیاربووە، هەروەکو سەرۆکی فەرماندە خۆشی لەو پرۆسە حزبییە دوو بەرەییەدا بەکردەوە بەشدار بووە، ئێستا وەزیرێکی سەر بە پارتێکی جیاواز کە نە پارتیەکان و نە یەکێتیەکان ئامادەنین ملکەچی بڕیارەکانی بن ئەگەر زیان بە بەرژەوەندیەکانیان بگەیەنێت، چۆن دەتوانێ ئەو وەزارەتە لە حزب داماڵێ و بیکاتە وەزارەتێکی رێکوپێکی بێلایەن!؟ دەبێ ئەو وەزیرە خاوەنی چ دار عەسایەکی سیحراوی بێت، تابتوانێت ئەوە بکات!؟. دیارە بەرپرسانی بەرەی سەوز پەسندی ئەو نوسراوەیان نییە و راشکاوانە دژی سنوردانان بۆ پارتەکەیان لە وەزارەتی پێشمەرگە یا وەزارەتی دیکە دەوەستنەوە، بۆنمونە مەلا بەختیار بەرپرسی باڵای یەکێتی دەڵێت "حزبێک نین خێرمان پێکرابێت به‌شداری له‌حکومه‌تدا بکه‌ین، تا به‌ناوی ئه‌م وه‌زاره‌ت‌و ئه‌و وه‌زاره‌ته‌وه‌ شه‌رت‌و شروتمان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت. بۆیه‌ هه‌رشتێک پێشتر له‌گه‌ڵ یه‌کێتی گفتوگۆی له‌سه‌ر نه‌کرێت، له‌هه‌ر وه‌زاره‌تێک، یان ناوه‌ندو ده‌زگایه‌که‌وه‌ ده‌ربچێت قبوڵی ناکه‌ین". هەرچۆنی بێت دەکرێ هەوڵەکانی وەزیر و سەرۆکی هەرێم لەباشترین باردا بگاتە ئەو ئامانجەی کە لە خاڵی یەکەمدا سەبارەت بە یەکخستنی هەردوو سوپای ٧٠ و ٨٠ ئاماژەمان بۆ کرد.
دووەم: دروستکردنی سوپایەکی سەربەخۆی بێلایەن لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگریدا. لەباری دروستکردنی ئەو سوپایەدا دەکرێ هەوڵ بدرێت هێزەکانی سەر بە پارت نەهێندرێنەناو سوپا، بۆیە لەو بارەدا هەوڵ دەدرێت سوپا لە ئەفسەرانی ناحیزبی دروست بکرێت، سەربازان لە رێگەی راکێشانی لەدایکبوانی ١٨ ٢٠ ساڵە، هەروەها خۆبەخشکەران، دەهێنێتە ناو ریزەکانی سوپا. لەو بارەدا هێزەکانی سەر بە پارت کەلەژێر ناوی جیاجیادا هەن هەر دەمێننەوە و هەڵناوەشێندرێنەوە یا ئەگەر دەستکاریش بکرێن گۆرانێکی بنەرەتی ئەنجام نادرێت و بەشی گرنگیان دەمێننەوە. لەو بارەدا چاوەڕوان دەکرێت کە ئەو سوپا بێلایەنەی سەر بە وەزارەتی بەرگری بەرەورووی کۆمەڵێ کێشە ببێتەوە. لەوانە تواناکەی سنوردار دەبێت و بەئەگەری زۆر سوپا لە هێزەکانی سەر بە پارت لاوازتر دەبێت، بۆیە لەزۆر بارودۆخدا بێدەسەڵات دەبێت و دەبێ شوین بۆ هێزەکانی سەر بە پارت چۆڵ بکات. ئەو سوپایە کاتێ دەتوانێ رۆڵی خۆی ببینێت، ئەگەر هێزی دیکە لەژێرناوی ئاسایش و بەرگریدا لە دەرەوەی دەسەڵاتی سوپادا نەبن و بەمشیوەیە سوپا بتوانێ بێکێشە بە ئەرک و کارەکانی خۆی هەلسێت. لەلایەکیتر پارتی دەسەڵاتدار کە لە هەرێمی ژێر دەسەڵاتیدا بەترادیسیۆن دژی پەیدابوونی هێزی دیکە بووە، چاوەڕوان دەکرێ دژی ئەو هەنگاوە بوەستێتەوە، کۆسپ دروستکات و رێگە بەو هەنگاوە نەدات. ئەگەر ئەو هەنگاوە سەربگرێ دەکرێ ئەو هەنگاوە لە کۆتاییدا چوارچێوەیەکی گونجاوی سوپا وەرگرێت و ببیتە سوپایەکی راستەقینەی خاوەن هێز و توانای سەربازیی لە ئەگەری دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە و نەهێشتنی هێزی چەکدار و میلیتسەگەرا لەداهاتوودا. بۆیە ئەو هەنگاوە دەکرێ هەنگاوێکی گونجاوبێ ئەگەرچی بەسەرەتایەکی لاواز و پڕ کێشە دەستپێدەکات. بەپێچەوانەوە ئەگەر رەوتی سیستەمی بنەماڵەیی، پاوانخوازی و میلیتسگەرایی بەردەوام بێت ئەگەرهەیە ئەو هەوڵە ئەگەر قۆناغەکانی سەرەتاییشی بڕیبێت، تەمەنی هێندە درێژ نەبێت، دوای ماوەیەک پووچکرێتەوە و هەرگیز بە داهاتوویەکی رۆشن نەگات.
جگەلە هێزی سوپا، ‌دامەزراوی پۆلیس لەوڵاتی خاوەن سیستەمدا وەکو پێشتر ئامەژەمان بۆ کرد ئەرکی پارێزگاریی و راگرتنی کانون لەوڵاتدا دەگرنە ئەستۆ، ئەرکی پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان دەگرنە ئەستۆ و رێگە بە پیشێلکاریی تاوانباران دەگرن. دەبێ کاربکات بۆ مسۆگەرکردنی ئارامی و رێکڕاگری لە کۆمەڵگەدا. دەبێ پۆلیس تاکە دەسەڵات بێت کە مافی بەکارهێنانی هێزی لەپێناوی راگرتنی یاسادا هەبێت. بەمجۆرە دروستکردنی هێز لەژێرناوی ئاسایشی سەر پارت یا ناوی دیکە و زەوتکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکانی پۆلیس بە کۆمەڵگەی خاوەن سیستەم و دامەزراوە دیموکراسیەکان نامۆیە و جێگەی نابێتەوە. هێزەکانی پۆلیس وەکو هێزی بێلایەنی سەر بە ستات دەتوانن ئەرکەکانی پاراستن و راگرتنی کانون و ئاسایشی هاوڵاتیان بگرنە ئەستۆ و لە ئاستی بەرپرسیاریدا بن. لەئەگەری دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەدا ئەو ئەرک و دەسەڵاتانەی لە پۆلیس سەندراوەنەتەوە بۆ پۆلیس دەگەرێندرێنەوە و ئەو هێزە حزبیانەش کە شوێنی پۆلیسیان گرتۆتەوە هەڵدەوەشێندرێنەوە و ناهێلدرێن. کاریگەری پارت و بەرپرسانی پارت ناهێلدرێن و ئەو دامەزراوە دەکرێتە دامەزراوێکی بەتوانای بێلایەنی نیشتیمانی. لە کۆمەڵگەی دیموکراسی و مۆدێرندا دامەزراوە زانستیەکانی پێگەیاندنی پۆلیس و پلەباڵاکان گرنگی زۆریان پێ دەدرێت. پێویستە لە وڵاتێکی وەکو باشوری کوردستان هەوڵی گەیشتن بەو ئاستە بدرێت، ئاستی خوێندن و زانستیی دامەزراوەکانی پێگەیاندنی پۆلیس بەرزکرێنەوە و سوود لە زانستگە رۆژئاواییەکان لەمبارەیەوە وەرگرن. دامەزراندنی دەزگایەکی بەتوانا و مۆدێرنی پۆلیس بەپێی ستانداردە پێشکەوتووەکان پیویستیان بە کەسانی شارەزای ناوخۆ و بەتایبەتی رۆژئاوایی هەیە و پێویستە ئەو لایەنە گرنگی تایبەتی پێبدرێت.
جگە لە هێزی سوپا و پۆلیس دەزگای هەواڵگری دەزگایەکی گرنگە و بوونی بۆ وڵات پێویستە، بەلام ئەو دەزگایە ناتوانێ بۆ بەرژەوەندی وڵات و پاراستنی ئاسایشی ناسیۆن کاربکات ئەگەر لەژێر چنگ و کاریگەری بەرژەوەندیەکانی بنەماڵە و پارتی دەسەڵاتداردا بێت. لە باشوری کوردستاندا هەردوو دەزگای زانیاری و پاراستن یا ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی دەزگای حزبین، لەژێر چنگ و کاریگەری بنەماڵە و پارتی دەسەڵاتداردان، بۆیە دەبێ نەهێڵدرێن و هەڵوەشێندرێنەوە. لەئەگەری دیموکراتیزەکردنی کوردستاندا دەکرێ ئەوە بکرێت.
دەزگای هەواڵگری دامەزراوێکە کە بە قەوارە بچوکە بۆ پارێزگاریی لە سەروەری ستات و بەرەوڕووبوونەوەی مەترسیەکانی سەر ئاسایشی نەتەوەیی و سیستەمی دیموکراسی بوونی هەیە، بۆیە دەبێ دامەزراوێکی پرۆفیشنالی بێلایەن بێت، جگەلە کارمەندە ئاساییەکان و پۆلیس دەبێ کەسانی یاساناس و ئەکادیمی لەخۆ بگرێت. لە ئەگەری پرۆسەی دیموکراتیزەکردندا ئەو دەزگا و هێزە حزبیانەی کە لەژێر ناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دروستکراون ناهێڵدرێن و هەڵدەوەشێندرێنەوە. دەزگای سەربەخۆی هەواڵگری بەهەموو شێوەیەک لە دەستی پارت و کەسانی سەر بە پارت دووردەخرێتەوە و رێگە بەهیچ کەلێنێک لەمبارەیەوە نادرێت. هەروەها ئەو دەزگایە ڕاوێژکاری دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و دەزگای دیکەی گرنگی وڵاتە سەبارەت بە پرسی ئاسایش و مەترسیەکانی لەسەر وڵات. لە دیموکراسیدا دەزگای هەواڵگری خاوەنی زیندانی تایبەت یا هێزی چەکداری زۆر و تۆقێنەر نییە، دەکرێ سەرجەمی ژمارەی کەسەکانی ناو ئەو دامەزراوە لە ٤٠٠ یا ٥٠٠ کەس تێنەپەڕن. بۆیە دەزگای هەواڵگری بەم جۆرە نییە کە لەوڵاتە نادیموکراسیەکاند دەبیندرێن. دەزگای هەواڵگری لەوڵاتانی نادیموکراسی و دیکتاتۆردا دەزگای خاوەن هێز و زیندانی ئاشکرا و نهینین، دەتوانن پیشێلی مافی مرۆڤ بکەن و بێئەوەی کەسێ بتوانێ سزایان بدات. ئەو دەزگایە وەکو دەزگای سەرکوتکردن و داپلۆسین و تیرۆرکردن لەناو خەڵکدا ناسراون، خەڵک لێیان دەترسێن و لێیان دووردەکەونەوە. لە دیموکراسیدا دەزگای هەواڵگری بەپێی یاسا کاردەکات و پێویستە لەژێر چاودێری راستەوخۆی وەزارەتی داد دابێ. لە وڵاتێکی وەکو باشوری کوردستاندا وەکو دامەزراوەکانی دیکە دامەزراندنی دەزگای هەواڵگری مۆدێرن پێویستی بە کەسانی شارەزای ناوخۆ و رۆژئاوایی هەیە، پێویستە لەشێوەی دەزگا هەواڵگریەکانی وڵاتانی دیموکراسی دروستبکرێت، چونکە بەمشێوەیە دەکرێ لەسەر بنچینەیەکی پرۆفیشیۆنالی بێلایەن بەپێی ستانداردە پێشکەوتووەکان دروستبکرێت.

پوختە
دوای ٢٣ فەرامنرەوایی باشوری کوردستان تائێستا بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە و دوو پارتی میلیتسگەرا هەریەکە لەناوچەکەی ژێر دەستیان کۆمەڵگەیان خستۆتەژێر مەرج و سنورەکانی بەرژەوەندیی پارتی دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیە. لەهەردوو بەرەدا گەندەڵی زاڵە بە کۆمەڵگەدا رۆچۆتە خوارەوە و هەموو یەکە و جومگەکانی گرتۆتەوە. کۆمەڵگەی باشوری کوردستان تا ئیستا خاوەنی کانون و دەستوری کوردستانیی نییە و دەسەڵات و دامەزراوەکانی لەناوەڕۆکدا لاواز و بێتوانان. هێزە سەربازییەکان هێزی جۆراوجۆری سەر بە پارتن کە گەندەڵی تەواو قوڕگی گرتوون. مووچەی موفتە و بندیوار لە ناوهێزەکاندا هەیە، ئەفسەر و پلەداریی ساختە زۆرن، دامەزراوە زانستییە سەربازیەکان لەژێر باڵی پارتدان، کێشەی توانایان هەیە و گەندەڵی کاریگەری زۆری بەسەریانەوە هەیە. جوداییەکی بەرفراوان لەنێوان سەربازی ئاسایی و بەرپرسانیان هەیە، لەکاتێکدا پێشمەرگەی ئاسایی مانگانە مووچەیەکی کەم وەردەگرێت و کۆلەمەرگانە دەژی، بەرپرسانیان خاوەنی مووچەی بەرز، مووچەی ئەملاوئەولا، ڤێلاو پارچە زەوی و کێڵگە و پرۆژەی بازرگانین. جگەلەوەی هەندێ لەبەرپرسان وەکو ئاغا هەلسوکەوت لەگەڵ پێشمەرگەکانی دەکات و بۆ بەرژەوەندیە تایبەتەکانی خۆی بەکاریان دەهینێت.
لە باشوری کوردستاندا ستراتژێکی نەتەوەیی نیشتیمانی یەکگرتوو بوونی نییە، هەردوو بەرەی زەرد و سەوز ستراتیژ و دیدی جیاوازی رامیاریان هەیە، بەرەی سەوز پشت بە ئێرانی شیعە دەبەستێت، بەرەی زەرد پشت بە تورکیای سوننە دەبەستێت. سەبارەت بە دەسەڵاتی بەغدا و داهاتووی کوردستان ناتەباییان هەیە و هەریەکەی لە ئاشێک لێ دەکات. هەروەها بەهەمانشێوە ئابوری کۆمەڵگەی کوردی بنەمایەکی دروست و یەکگرتووی نەتەوەیی و نیشتیمانی نییە. بەرەی زەرد کە خاوەنی پۆستە سەرەکیەکانە سیاسەتێکی تاکڕەوانەی بنەماڵەیی ئابوری پیادەدەکات، پۆلیتیکی نەوت لەژێر چاودرێری و بەپێی بەرژەوەندی تایبەتی پارتی دەسەڵاتدارە، ئەو پۆلیتیکە کە پشت بە تورکیا دەبەستیت، کێشەی زۆرە و نادیاری داهات پرسیارێکی بێ وەڵامە.
هاتن و هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر کوردستان کە بووەهۆی ئەنجامدانی تاوانی پاکتاو و گەلکوژی دژ بە کوردانی ئێزدی، کێشە و کەموکوڕی و قەیرانە رامیاری و سەربازیەکانی زیاتر زەقکردەوە. نایەکگرتوویی و جودایی لەنێوان بەرەی سەوز و زەردا سەبارەت بە ستراتیژی سەربازی و رامیاری هەروەها وابەستەییان بە وڵاتانی ئێران و تورکیا. پەرتەوازەیی و ناڕێکخراوەیی جموجۆڵ و کاردانەوە سەربازیەکان. دەرکەوتنی مۆرکی پارتگەرایی و میلیتسگەرایی هێزەکان، لایەنگیری کەناڵەکانی راگەیاندن و زاڵبوونی میدیای حزبی. بێتوانایی و بێکەلکی ئەو هێزانەی بەرەی زەرد کە بێ شەڕ هەڵاتن و خەڵکیان بۆ تیرۆریستانی داعش جێهێشت. دەرکەوتنی ئەو راستییەی کە بەشێکی زۆری داهاتی گەل کە لە رابردوودا لەو هێزانە خەرجکرابوون بەفیڕۆ و بەهەدەردراوە. ئەو هێزانە کە وەکو هێزی پارێزگاری هەبوون، لەراستیدا هەلگری پرەنسیپ و مۆراڵە سەربازیی و نەتەوەییەکان نەبوون، مەترسی راستەوخۆبوون لەسەر ئاسایشی خەڵک و وڵات، بۆنمونە بوونەهۆی روودانی تاوانی گەلکوژی دژ بە بەشێکی خەڵکی کوردستان.
لە وڵاتی خاوەن سیستەم و دامەزراوە دیموکراسیەکاندا ستات خاوەنی خاوەنی سوپایەکی بێلایەن و نیشتیمانییە کە پارێزگاریی لە ئاسایش و سەروەری و سنورەکانی وڵات دەکات. هێزەکانی پۆلیس ئەرکی ئاسایشی ناوخۆی وڵات و راگرتنی یاسا دەگرنە ئەستۆ. دەزگای هەواڵگری دامەزراوێکی بە قەوارە بچوکی کاریگەرە لەژێر چاودێریدایە و ئەرکی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ و وڵات لەناوەوە و دەرەوەدا بەگشتی لەرێگەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و چاودێریەوە دەگرێتە ئەستۆ. لە وڵاتدا هێز و چەکداری سەر بە پارت نین، هەروەکو پارتی رامیاری رێکخراوێکی بێچەکە و بۆی نییە هێزی چەکداری هەبێت. بەمجۆرە هێزی چەکداری سەر بە حزب، یا کەس یا خێل ناگونجاوە و دژی رێسا و پرەنسیپە دیموکراسیەکانن. بوونی هێزی سەربە کەس و خێل و پارت دەبنەهۆی بوونی مەترسی دەستدرێژی و پیشێلکاری دژ بە ئەندامانی کۆمەلگە، سەپاندنی باری مەرجئامێزانە بەسەر خەلکدا و هەروەها رێگەگرتن و کۆسپ دروستکردن بۆ دامەزراو و هێزە فەرمیەکانی ستات، هەروەها دەکرێ ببنەهۆی هەرەشە لەسەر سەروەری و ئاسایشی ستات.
لە باری ئێستادا لە کوردستانی نایەکگرتوو و میلیتسگەرادا دروستکردنی هێزی بەرگری لەژێرناوی هێزی نیشتیمانی لە رێگەی یەکخستنی هێزەکانی بەرەی زرەد و سەوز واتە هێزی ٧٠ و ٨٠ لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگریدا، ناتوانێ ئەو هێزانە بکاتە هێزی نیشتیمانی، چونکە وابەستەیی ئەو هێزانە وەکو پێشوو بە پارت و سەرووی خۆیانەوە بەردەوام دەبێت. دەکرێ هەوڵ بدرێت سوپایەکی سەربەخۆی بێلایەن لەرێگەی ئەفسەرانی بێلایەن و راکێشانی لەدایکبوانی ١٨-٢٠ ساڵە دروستکرێت. ئەگەر ئەو هەوڵە بتوانێ کۆسپ بەربەستەکانی بنەماڵە و پارتی دەسەڵاتدار ببڕێت، دەکرێ ئەو هەنگاوە هەنگاوێکی دروست بێ، ئەگەرچی کێشە و کۆسپی زۆری دەکەوێتەپێش. ئەگەر هێزەکانی سەر بە پارت هەلنەوەشێندرێنەوە ئەو سوپایە بەئەگەری زۆر سوپایەکی لاواز دەبێ، هەروەها لەخراپترین باردا لەژێر گوشاری پارتی دەسەڵاتدار و میلیتسگەرادا نامێنێت و هەڵدەوەشێتەوە.
کۆمەڵگەی باشوری کوردستان بەپرۆسەی دیموکراتیزەکردندا تێنەپەریوە و ئەو دامەزراوانەی لەژێر ناوی دامەزراوی دیموکراسیدا هەن بێ دەسەڵات و بێتوانان. لە کوردستاندا دەسەڵات و بڕیار لەسەر پرسە گرنگەکان لای سەرۆک و بنەماڵە و بیرۆی سیاسی پارتی دەسەڵاتدارە. دروستکردنی سوپای راستەقینە و مۆدێرنی بێلایەنی نیشتیمانی لە کۆمەڵگەیەکی گەندەڵ و نادیموکراسی میلیتسگەرادا کارێکی زۆر ئەستەمە و بەلكو ناڕیالیستانەیە. گۆڕانی بنچینەیی و نەهێشتی سیستەمی بنەماڵەیی و میلیتسگەرایی، هەروەها رزگارکردنی کۆمەڵگە لە داو و مەرج و گەمارۆکانی بنەماڵە و پارت دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەی باشوری کوردستان دەخوازن. لەئەگەری دیموکراتیزەکردندا دەکرێ کۆمەڵگەی باشوری کوردستان ببێتە خاوەن هێز و دامەزراوەی نیشتیمانی بێلایەن کە لەژێر کاریگەری پارت و بنەماڵەدا نەبن. لە ئەگەری دیموکراتیزەکردندا پێویستە سوپا و پۆلیس و هەواڵگری لەلایەن کەسانی شارەزای سەربازی، بەهاوکاری و لەژێر سەرپەرشتی شارەزایانی سەربازیی وڵاتانی پێشکەوتوو دروست بکرێن. پێویستە پەیوەندی تووندوتۆڵ لەگەڵ زانستگەکانی ئەو بوارانە لە رۆژئاوادا دروستکرێن، لەو رێگەیەوە دەکرێ خەڵکی شارەزا لەو بوارە سەربازیی و ئاسایشیانەدا پێبگەیەندرێن.