دەسەڵاتى به‌ناو كوردى و سیاسەتى ترس و تۆقاندن..

Friday, 17/06/2011, 12:00

1114 بینراوە


ئەو سیاسەتە ترس و تۆقاندنەى دەسەڵاتى كوردى دژى نەیارەكان و رێكخەرانى خۆپشاندانەكان پەیڕەوى دەكات مافیاكانى ئیتالیاى هەشتاكانم بیردەخاتەوە كاتێك هەموو ئەو تیمە پۆلیسى و دادوەرییانەیان كردبووە ئامانج كە بەدواى ئەو كەیسانەوە بوون. تەنانەت كار گەیشتبووە ئەوەى ئەو بێژەرانەش كە لە كەناڵەكانى راگەیاندنەوە ئەو چالاكییانە دەخەنە بەر باس و لێكۆڵینەوە بكرێنە ئامانج، بە جۆرێك دواتر لەو بەرنامانەدا لەجیاتى پێشكەشكارى هەواڵ و بەرنامە بوكەڵەیان دادەناو لە رێگەى هەندێك تەكنیكى تایبەتییەوە دەنگى بێژەرەكەیان دەگۆڕى تاوەكو نەناسرێتەوە. لەگەڵ ئەوەى كە باندەكانى مافیا توانییان چەندین پۆلیس، ئەفسەر، دادوەر و پێشكەشكارى بەرنامە تیرۆر بكەن بەڵام هەموو ئەمانە رێگرنەبوون لەوەى كە حكومەت بتوانێ گورزى توندیان لێبوەشێنێت و چەندین باندو سەركردەیان لێدەستگیربكات و تارادەییەكى باشیش چالاكییەكانییان كەمبكەنەوە. كۆتایى هەشتاكان بە رۆژانى سەخت لە چالاكى باندەكانى مافیا ئیتاڵییەكان ئەژماردەكرێت.
بۆیە ئەگەر دەسەڵاتى كوردیش پێیوابێت بەبەكارهێنانى هێزى میلیشیاى سەربازى، میلیشیاى رۆشنبیرى و میلیشیاى راگەیاندن دەتوانێت كۆتایى بە ناڕەزاییەكانى خۆپیشاندەران و هاوڵاتییان بهێنێت، بەبێ جێبەجێكردنى خواستەكانییان، ئەوا پێویستە وانە لە مێژووە دوورو نزیكەكانى ناوچەكە وەربگرێت. لێرەشدا هۆنراوەیەكى شاعیرى گەورەى گەلەكەمان (عبداللە پەشێو) بەبیر دەسەڵات دەهێنینەوە كە بەرامبەر شاڵاوى بەدناوى ئەنفال لە ساڵى 1988 دا وتوویەتى:
قوڕتان بەسەر
تا چراى ئێمە نەسوتێ
ئێوە هەرگیز رووناكایى نابینن بە چاوى خۆتان
تا ئێمە دیل و كۆیلە بین
هەر كۆت و نیر
تۆق و زنجیر دەكەین بۆتان
قڕمان دەكەن
قوڕتان بە سەر
گەر بشمرین
تەنیا دیلى دەدۆڕێنین
چ هەیە لە دیلى تاڵتر
گەر بشمرین هەر سەركەوتووین كوا لە كۆیلەى شەهید زاڵتر
قڕمان دەكەن
قوڕتان بە سەر
دواى مردنیش لێ ناگەڕێین
نیشتمانمان بكەن بە ماڵ
لێ ناگەڕێین
گۆشتمان بخۆن وەك قەل و داڵ
گەر هیچ نەبێ دەبین بە خاڵۆزەى بێستان
زیوانى ناو دەغڵ و دانتان
دەبین بە لم
دەچینە ناو پاروى نانتان
دەبین بە مار
پۆپكە دەكەین لە ناو نوێنتان
دەبین بە شێرپەنجەو میكرۆب
گەرا دەخەین لە ناو خوێنتان
دەبین بە كێچ
دەكەوینە كەوڵ و مووتان
وەكو مێروو
زاوزێ دەكەین
لە ناو كازەلەى مردووتان
دەبین بە كوان
هەردەمەو لە جێیەك دەردێین
دەبین بە زێرووى هەزار پێ
دەم گیر دەكەین لە گەرووتان
دەبین بە تامیسكەى سەر لێو
سیسكە سواوەى سەر پێڵووتان
قڕمان دەكەن
قوڕتان بە سەر
دواى مردنیش لێ ناگەڕێین
نیشتمانمان بكەن بە ماڵ
لێ ناگەڕێین گۆشتمان بخۆن
وەك قەل و داڵ
شایى بكەن
دەیكەین بە شین
پرسە دانێن
كاستان دەكەین بە پێكەنین
دەبین بە لەكەى زمان و تانەى سەر چاو
دەبین بە مووى ناو خۆراك و خڵتى ناو ئاو
قوڕتان بەسەر
تا چراى ئێمە نەسوتێ
ئێوە هەرگیز رووناكایى نابینن بە چاوى خۆتان
تا ئێمە دیل و كۆیلە بین
هەر كۆت و نیر
تۆق و زنجیر دەكەین بۆتان

لە كۆتاییدا دەڵێم هەموو ئەو دەسەڵاتانەى زەبرو زەنگییان بەرامبەر هاوڵاتییانى سڤیلى خۆیاندا بەكارهێناوەو لەبەردەم دوژمنى راستەقینەى گەلەكانیشیاندا ملكەچبوون دواتر زبڵخانەى مێژوو جێگایان بووە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە