دیکتاتۆرە بچوکەکان!

Monday, 15/09/2014, 12:00

1908 بینراوە







ئەو مرۆڤانەن لە ناوماندا دەژین ، بێ ئەوەی بەخۆمان بزانین یا بزانین بەڵام خۆمانی لێ کەڕ و کوێربکەین لەوانەیە خۆیشمان یەکێک بین لێیان! ئەم جۆرە کەسانە مەرج نیە توندوتیژی جەستەیی بەرامبەر کەسانی تر بەکاربێنن ، دیکتاتۆرە بچوکەکان مەرج نیە پلە و پایەی بەرزیان هەبێت لە ناو حیزب و حوکومەت و کۆمەڵگادا، مەرج نیە چەکداربن یا پاسەوانی پڕچەکیان هەبێت، تەنانەت مەرج نیە پارەدار و سامانداریش بن، لەوانەیە جگە لە خێزانی خۆیان کەس هەر نەیانناسێ. دیکتاتۆرە بچوکەکان هەمویان چەند ڕەفتار و نیشانە یەک کۆیاندەکاتەوە وەک : ئێشپێگەیاندن و بریندارکردنی دەرونی و ڕۆحیی و بەکارهێنانی ناڕەوا و زیانبەخشی دەسەڵاتەکەیان بەرامبەر کەسانی دەوروپشتیان لەو شوێنە تایبەتیەی هەیانە لە ناو خێزان و بنەماڵە و خێڵەکەیان یا لە گەڕەک یا لە فەرمانگە و شوێنکار(کارگە، بازاڕ،...) . دیکتاتۆرە بچوکەکان خۆپەرست و هەرخۆبین و خۆسەپێن و خۆبەزلزانن، بەچاوی سوک و نزم تەماشای بەرامبەر دەکەن، هەرگیز هەوڵنادەن بۆ جارێکیش بە خەیاڵ خۆیان بخەنە جێی بەرامبەرەکەیان، هەندێکیان دەیانەوێ هەمیشە لە سەر سەکۆی ژیان خۆیان بنوێنن و و گڵۆپی (هەزار وات) ی سەرنج بەردەوام بخرێتە سەریان ، ئەم جۆرە کەسانە ئیتر لە کوێ دەیان پەرژێ هەستێکی ناسک و ڕند بە بەرامبەرەکەیان بکەن و لێی بپرسن ئەرێ تۆ هیچ سەرنج و ڕەخنەیەکت لە سەر من هەیە؟ هەندێکیشیان لە تاریکاییدا کنە و کەتنی خۆیان دەکەن و حەزناکەن بناسرێن. دیکتاتۆرە بچوکەکان مرۆڤی ڕقاوی و کینەلەدڵ و تۆڵەئەستێنن، با بە ڕوکەش و شێوەی دەرەوەیان (ئوتۆمبیلی دوامۆدێل، کۆشک و تەلاری ڕازاوەی ماڵ،....) بەختەوەر بنوێنن، بەڵام لە ناخی خۆیاندا شاد نین و بە ژیانیان ڕازی نین بۆیە داخی دڵیان بە کەسانی تر دەڕێژن و شەڕیان پێدەفرۆشن، مرۆڤی شاد و لە ژیانی خۆی ڕازی بێوەی و بێزیانە ، خۆی دەژی و دەهێڵێ خەڵکیش بژی! دیکتاتۆرە بچوکەکان دیوێکیان بچوکی ونزمی و گوێڕایەڵیە هەتا ڕادەی زەلیلی و پەرستنی دیکتاتۆرە گەورەکانی سەروخۆیان ، دیوەکەی تریشیان کە من ناویدەنێم (دیوی تۆڵە) دیوی خۆسەپاندن و ئازاردان و ناڕەواییکردن و پەستان و گوشین خستنە سەر ئەو کەسانەی دەور و بەریانە کە بە جۆرێک یا چەندجۆرێک لە ژێرەوەی پەیژەی دەسەڵاتیانەوەن. دۆلار ملیۆنێرێکی خاوەن کۆمپانیا کە ئەگەر زەلیلی و چڵکاوخۆری و دزیی هاوبەشی لە سامانی خەڵک بۆ توێژی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی نەکردایە، هەر بە فەرمانبەرێکی ئاسایی بێناو وناوبانگ دەمایەوە ، بەڵام ئێستا ئەو دیکتاتۆرە بچوکەی لێدەرچوە کە تۆڵەی ڕۆژانی بچوکی و زەلیلی لە خەڵک دەکاتەوە و ئامادەنیە ناڕازیان و زیانپێکەوتانی کۆمپانیاکەی ببینێت و گوێ لە سکاڵا و پێشنیازەکانیان بگرێت. دیکتاتۆرێکی بچوکی تر کە مامۆستای زانکۆیەکی ئەم هەرێمە یە دەیەوێ سێکسی ناڕەوا لەگەڵ کچە خوێندکارێکی خۆی بکات، بە چەندین شێوە کچە دەخاتە ژێر پەستان و گوشینێکی ئاواوە کە کچەکە هەوڵدەدات خۆی بکوژێ! لە بواری شوکردن و ژنهێناندا دیکتاتۆرە بچوکەکانی ڕێگەگر لە خۆشەویستیی پاک و نیازپاکی کچان و کوڕانی ئەم گەلە و بەیەکشادبونیان، ڕەنگاو ڕەنگن و زۆرن زۆر! برا یا باوک یا ئامۆزا یا خاڵۆزا، یا دایک یا خوشکی گەورە یا تەنانەت خوشکی بچوکی خۆسەپێن و دەسەڵاتخواز. دیکتاتۆرە بچوکەکان تەنیا یەک چارەسەریان هەیە ئەویش بە هەڵگەڕانەوە لێیان و بەرخۆدان و بەرەنگاربونەوەیان، لە پێشدا بە شێوازی شارستانی و ناتوندوتیژ و یاسایی و کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆر، ئەگەر هەمو ئەمانە چۆڕبڕبون و سودیان نەبو ، ئینجا دەبێت بیربکرێتەوە لە شێوازی توندتر و کاراتر، دەنا ئەی دیکتاتۆرە گەورە خوێنمژەکانی مێژوی مرۆڤایەتی چۆن دروستبون؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە