فارگۆنی ستەمکاری دروست مەکەن

Monday, 13/02/2012, 12:00

1286 بینراوە



 
 


ماوەیەکە لە دەزگا راگەیاندنەکانەوە بە گشتی و لە دەزگاراگەیاندنەکانی دەسەڵاتەوە بە تایبەتی پرسی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی ئەوروژێنرێت ، کلیپی بۆ دروست دەکرێت، مانشێتی بۆ تەرخان ئەکرێ و بابەتی لەسەر دەنوسرێت. ئەڵبەتە دەوڵەت و کیانی کوردی خەونی زۆربەی زۆری تاکی کوردیە "بە خۆشمەوە" ، بەڵام پاراستنی ماف و ئازادی و ژیانی هاوڵاتیان و بەرژەوەندیە باڵا نیشتیمانیەکان و گێرانەوەی ناوچە داگیرکراوەکان لە دەوڵەت گرنگترە .
.
لەم بێسەرو بەرەی و بێ پلانییەدا دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی وەک چوونە ژوورەوەی خوێندکارێکە بۆ هۆڵی تاقیکردنەوەیەکی سەخت ، کە هەوڵکی زۆر کەمی دابێت ، بەدڵنیایەوە ئەگەری دەرچوونی کەمە و گەر دەریش بچێت نمرەیەکی کەم بەدەست دێنێت.

کورد ئەڵێ" جام چی تیابێ ئەوەی ڵێ ئەڕژێ" ، جامی حکومرانی ئێوەش لە دوای ڕاپەرینەوە تا ئێستا شەرابێکی هێند تاڵی تیایە کەسمان مەیلی تام کردن و خواردنەوەی ناکەین. هەموو ئاستەکانی ژیانی کۆمەڵگەتان پڕ کێشەو قەیران کردووە بەهۆی ململانێی پاوانکردنی دەسەڵات و پاراستنی بەرژەوەندیە حیزبیە نا نەتەوەیەکانتان.

هەر لە دوای ڕاپەرینەوە ئەودەمەی خەڵک لە برسێتیەکی تاقەت پروکێندا ئەژیا، پارەی گومرگ و داهاتی کوردستانتان لە کڕینی چەک بۆ شەری ناوخۆ و بۆ کوشتنی باوکە ماندوەکانی دوای شۆڕش و نەوەکانیان سەرفکرد،
لایەنگران وخێزانی شەرکەرەکانی یەکتریتان ،هێشتالە مانوێتی کۆرەوەکە نەحەسابوونەوە . جارێکی تر ئاوارە کردەوە ، هێزی تورک و فارس و عەرەبتان هێنا بۆ یەکتر سڕینەوە ، بەکورتی "پەشێو" گووتەنی (زیناتان لەگەڵ خاکدا کرد).
پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس و کرانەوەی دەرگای دۆلارەکان، بەکردارە بێ پلانەکانتان زۆرێک لە دێهاتەکان چۆڵ بوون ، جووتیارو شوان و خەڵکی دێیەکانتان بە لێشاو کرد بە فەرمانبەر و پۆلیسی سەرسنوور ، ئاسایشی خۆراکی کوردستان کەوتۆتە ژێر ڕەحمەتی بەرهەمی ئێرانی و تورکی و بیانی ، حیزبەکانتان بونەتە کۆمپانیایەکی گەورەی قازانج لەسەر حسابی بەناو پرۆژە کرچ و کاڵەکان بۆ میللەت ، ئەمە جگە لە پێشێل کردنی ماف و ئازادی خەڵک و خستنە لیستی ڕەشی شارەکانی کوردستان بە تەزویرە سەرسور‌هێنەرەکانتان و ئەشکەنجە دانی زیندانی و هێرش کردنە سەر ڕۆژنامەنووسان و سوکایەتی و نانبڕینی ئەوانەی وەک ئێوە بیرناکەنەوە و بوونەتە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندیە حیزبیەکانتان.
سەروەری یاسا و سەربەخۆی دادگاکان و ئاستی کۆمەڵایەتی و کلتووری و ئەخلاقی کۆمەڵگەش دوور نەبوون لە بێحورمەتی کردنەکانتان و بگرە بوونە داینەمۆی درێژەدان بە هێشتنەوەی ڕۆح و بیری خێڵەکی ، دەنگ کرین ودەمانچە و چەک دابەش کردن لە ئەولەویەتی کارەکانتانە لەسەروەختی هەڵبژاردنەکدا ، سەروەری یاسا بێ ئیرادە کراوە بەهۆی مەکتبە عەشایەری و خێڵەکیەکانتانەوە ، نیشتیمان ئیتر نەک " ئاوی کەوسەرو خاکی گەوهەر " نییە بۆ نەوەی نوێ بەڵکو بە هۆی بێ ئیشی و بێ پلانیەوە بۆ زۆرێک لە گەنجان سجنێکی گەورە زیاتر هیچی تر نییە.
رەنگە ئومێدێک کە خۆی خۆرسکانە وەک زەمینە سازیەک خۆی سەپاندبێ بۆ بوونی کیانێکی سەربەخۆ و ئێوە بەژدارنین تیایدا رەمزو سیمبوولە نەتەوایەتیەکان بن ، ئەگینا ئێستا لە بری سروودی "ئەی ڕەقیب" ستایشی سەرکردەو مەکتەب سیاسیەکانتان دەکردە سروودی نیشتیمانی و لەبر ئاڵای کوردستان رەنگی ئاڵای حیزبەکانی خۆتانتان ئەکرد بە ئاڵای نەتەوە ، پاش دوانزە ساڵ حکومرانیتان و تا دوای ڕووخانی بەعس زۆربەمان نەمان ئەزانی رەنگی ئاڵای کوردستان چۆنە.
ئەمانە مشتێکن لە خەرواری حکومرانیتان ، ئاخر ئێوە کەی خەونی مەزنی ئینسانی و نیشتیمانیتان هەبووە و زەمینە سازیتان کردوە تا شایانی دروستکردنی دەوڵەتێکی یاسا سەروەری و دادپەروەری بن!؟لێگەرێن نەوەی نوێ بێ بەریە لە عەقڵیەتی تۆڵەسەندنەوە و ململانێ خێڵەکی و ناوچەگەری وحیزبیەکانتان، ئەو خەونە جوانەمان ناشیرین و بێ بەها مەکەن.

دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بەم ئەقڵیەتی بەرێوەبردن ئیدارەدان وسیاسەت کرنەوە هیچ نیە جگە لە فارگۆنێکی ستەمکاری کە هەمان شەمەندەفەری ستەمی ناوچەکە ڕایکێشێت، خۆشبەختانەش پاش بەهاری عەرەبی چەند فارگۆنێکی ئەو شەمەندەفەرە وەک سەرکردەو پارێزەری ڕژێمەکانیان کەوتوون و لە چاوەروانی قەفەسی دادگا ئەکەن ، گەلەکانیشیان لە هەوڵی دروستکردن و گواستنەوەی فارگۆنێکی نوێن کە شەمەندەفەرێکی تر رایکێشێت تیایدا پاراستنی کەرامەتی هاونیشتیمانیان و سەروەری یاسا و ئازادی مرۆڤەکان باڵادەست بێت


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە