باڵى ڕیفۆرم دەیانەوێ بزوتنەوەى گۆڕان چۆن ئۆپۆزسیۆَنێک بێت؟!

Saturday, 16/10/2010, 12:00

1570 بینراوە


(بەشى یەکەم)
(گۆڕانێکى تر لێرەوە دەستپێدەکا کاتێ سزاى بیروڕا و تەشهیر دەبێتە پەرچەکردارى بزوتنەوەیەک!!!)
دواى نوسێنێکى سەباح عەلى قارەمان دەربارەى پرسى ڕێکخستنەوەى بزوتنەوەى گۆڕان و ڕوژاندنى هەندێ پرسیارى جدى کە نوسەر لە هەناوى خەڵکى گۆڕاخوازانەوە پرسیارەکانى دەرهێناوە، وەڵامێکى چاوەڕوانکراو و ئاراستەکراو تەوقیت و قورمیشکراو بۆ ئەو مەبەستە بڵاو کرایەوە بەڵام ڕووى لەسەباح نەبوو، بەڵکو لەسەردار عەبدوڵا و عەبەى مەلا نورى بوو، ئێمەومانان دیراسەتى وردمان هەیە بۆ ئەو پەرچەکردارانەو بەشێوازى دەربڕین و بیرکردنەوەیانەوە دەزانین کێن و لەچ مەرجەعێکەوە هەڵدەقوڵێن و تاچەندە ئەم ڕوحیەتە کە بەشێکى دەگەڕێتەوە بۆ باڵى ڕیفۆرمى جاران و گۆڕانخوازانى ئێستا ئامادەن لەپێناو جێبەجێکردنى مەهام و فەلسەفەى گۆڕان دا کۆڵ بدەن لەو جۆرە بیرکردنەوە کۆنەپارێز و کارەساتئامێزە کە لەمەڵبەند و کۆمیتە حزبیەکانەوە وەریانگرتوە،ئەم عەقڵیەتە بەحساب لەپێناو خۆجوانکردنەوەیان لەبەردەم مەرجەعەکانیان دا کە دڵنیام بەشێکى زۆریان وازیان لەوەداوە پێیانبوترێت ڕیفۆرم، پەنا دەبەنە بەر هەندێ نوسین لەسەر بازنەیەکى تایبەتى بەناوى خوازراوەوە تەنانەت وا خەریکە چەند حاڵەتێکى سەیرى نوسینى تر دەربکەوێ کە پێشتر بۆچەند مەبەستێک بڵاوکراونەتەوە، نوسینى ئەو برادەرە وایڵێکردم پەلە بکەم لەو توێژینەوە سۆسیۆسیاسیەم کە لەسەر چەند بزاوتێکى ڕیفۆرمخزانەیە لە کوردستان دا ، دەمویست لە ئایندەیەکى نزیکدا بڵاوى بکەمەوە بەڵام خۆشبەختانە کۆنەپارێزەکانى باڵى ڕیفۆرم لەناو گۆڕان دا کە هەندێ دیاردەى سەیرو سەمەرەى تریان داهێناوە بەحساب واتێگەیشتون ئەمەیان گۆڕانە کە ئەوان دەیکەن ئەم وتارە پێشبخەم و بڵاوى بکەمەوە. جا لێرەدا بە ئومێدم برادەرەانى باڵى ڕیفۆرم وەک کادیرە ناوەنجیەکان و پیاوەکانیان کە کاتى خۆى لە مەڵبەند و ڕێکخستەکانى ینک دا بەو ناوەوە دروست دەکران چیکەلانیان توند نەبێتن و بتوانن بە ئەمانەتەوە وەڵامى چەند پرسێارێکیشمان بدەنەوە کە پێویستە ئێستا بکرێن و کاتیشى هاتوە بۆ ئەوەى گۆڕان بەدەردى حزبەکانى تر نەچێت و بەڕاست ببێتە ئۆپۆزسیۆنێک کە خەڵک خاوەنى بێت نەک تەنیا گروپ و تاقم و کەمینەیەک.
باڵى ڕیفۆرم بۆ دروست بوو؟ بۆچ پاڵپشتى گۆڕانیان کرد؟ئێستا دەیانەوێ بزوتنەوەى گۆڕان چ جۆرە ئۆپۆزسێۆنێک بێت؟
کاتێک نەوشێروان مستەفا باڵى ڕیفۆرمى وەک گروپێکى نیمچە فەرمى لەناو مەکتەب سیاسى ڕاگەیاند و دواتر کارى بۆ کرد، خەتەرترین کار بوو نەوشێروان مستەفا دەستى پێکردبێت، چونکە نەوشێروان پێخۆش بێت و نەوێ و بڕواى هەبێت و نەبێت پریشکى ئەو ئاگرەى (یەکێتى ئەمانەى بە ئاگر دەزانی،چونکە هەندێجار بوێر بون و دەستیان دەبرد بۆ شکاندنى بتەکان) بە حساب بۆ چاککردنى یەکێتى و دواتر گۆڕینى سیستەمى وڵات بەنیازى بوو وا ئێستا دەستى خۆى دەسوتێنێ و ئاسەوارى ئەو کارەى بەجێماوە،ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێک:
1-لەڕووى سۆسیۆسیاسیەوە کاتێک دیاردەیەکى چ سیاسى و چ کۆمەڵایەتى دروست دەبێت تەوازنێکى ڕۆحى بۆ ئەو دیاردە دروست دەبێت و هەرچەندە کاتیشى بەسەر بچێ خەڵکانێک دەمێننەوە شەڕى مانەوە لەگەڵ ئەو دیاردەدا دەکەن و هەندێجاریش دەگاتە ڕادەى قوربانیبەخشین، بەتایبەتى ئەگەر دیاردەکە لەسەر بنەمایەکى فیکرى و فەلسەفى قوڵ دانەمەزرابێت ئەوکات مانەوەى ئەو دیاردەیە وەکو دەرمانى ئێکسپایەرى لێدێت زیانى زیاتر دەبێت و وەک لە سود و قازانج، باڵى ڕیفۆرمیش لەسەر بنەماى یەکێک لە قوتابخانە فیکریەکان دانەمەزرا ، دیراساتى درێژ و هاوسەنگکردنى بیرۆکەى ڕیفۆرمخوازى لەگەڵ واقیعى کوردى دا نەکرا، بەڵکو کۆمەڵێک کەس لە مەکتەب سیاسى عاتیفانە وە دوى نەوشێروان و پرۆژە بچوکەکەى کەوتن و زیاتر پابەند بوون بە ڕابردوى نەوشێروانەوە نەک داهاتوى، چونکە ئەگەر برادەرانى باڵى ڕیفۆرم بایەخیان بۆ بەرنامە داهاتوەکەى نەوشێروان و گۆڕانخوازان هەبوایە ئێستا ڕێگە نەدەدرا جارێکى تر باڵى ڕیفۆرم وەک کەڵچەرێکى بەسەرچوى بێتام، هەڵگرى مەنتیق و بیرکردنەوەى هەمان ڕێکخستەکانى جارانى حزبەکەیان کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم گۆڕان دروست بکەن، لە هەڵوەشاندنى ڕەگ دا نەوشێروان فریاکەوت نەیهێشت ئەوانیش ببنە سێبەرێکى تر بۆ بزوتنەوەکەى، هەڵگرانى بیرۆکەى ڕەگیش پییانخۆشبوو ببنە پەرلەمانتار و کۆڵ بدەن لە وێب سایتێک و کۆمەڵیەک بەیانى وشک.
2- مەیدانیەن باڵى ڕیفۆرم لەناو یەکێتى دا بەشێکى زۆریان خاوەن پلەو پایەى حزبى و حکومى بوون، دواى چونە دەرەوەى نەوشێروان چەند کەسێک مانەوە لەناو مەکتەب سیاسى ینک دا بە گروپ یان ڕاستر بڵێن باڵى ِیفۆرم دەناسران، ئیدى فەلسەفەى ڕیفۆرمکردنى یەکێتى ، لە سود وەرگرتن لە خاوەن بیرۆکەکە کە بە شێوازێکى سیستەماتیک دەگەڕێتەوە بۆ مارتین لۆسەر، و دواتر چەند قوتابخانە و ئاڕاستەیەکى گرنگى ڕیفۆرمخوازانەى تر کە دەکرا قوتابخانەیەک لەو تیوەرانە دابمەزرایە و بۆ هەنگاوە عەمەلییەکان لەکوردستان دا،بەڵام هەنگاوەکان گۆڕا بۆ ئیتاعەتکردنى چەند ڕەمزێک و تەقدیس کردنیان لەپێناو دەستکەوتنى پاروویەکى بژێوى دا، ڕەنگە خۆم گەندەڵترین کەسبم کە نەمتوانیوە کاریگەرى دابنێم لەسەر ئەو برادەرانە و قەناعەتیان لا دروستبکەم ئەوەندە شەڕى قەناعەت و هۆشیارى گرنگە ئەوەندە نزیکخستنەوەى ئەو کادیرە بەڕێزانە گرنگ نیە کە دیارە بۆ ئیمتیازاتێک باسى ڕیفۆرم دەکەن ئەگینا زۆربەیان هەر نازانن پێناسەى ڕیفۆرم چییە، زۆریشیان لەکاتى خۆ ساغکردنەوەدا بیریانچو کە ڕیفۆرمخوازن ڕەنگە ناهەقیان نەبێت چونکە ئەم حزبانە وایانکردوە حزبایەتى یەکسان بێت بە نان پەیدا کردن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە