کارەکتەری سیاسی لە بزووتنەوەی گۆڕاندا

Monday, 30/06/2014, 12:00

1501 بینراوە





دەڵێن: لە ژیانی ئاساییدا بە پێی رەوتی شەپۆلەکان مەلە بکە، بەڵام کە هاتە سەر پرەنسیپ ئەوا وەک بەرد ببە !

بزووتنەوەی گۆڕان توانیتی رێبەرایەتی شکاندنی چەند بەستەڵەکێکی سیاسی بکات لە کوردستاندا. ئەو بەستەڵەکانە دیارن و هەموان دەیزانین و پێویست بە باس کردنیان ناکات. ئەوەی کە بزووتنەوەی گۆڕان نەیتوانی تێکی بشکێنێ و بگرە بووە بەرهەمهێنەریشی جۆرێک لە کاراکتەری سیاسیە. ئەوەی من دەمەوێ لێرەدا باسی بکەم ئەو کاراکتەرە سیاسیەیە کە لەگەڵ بزووتنەوەی نوێی سیاسی کوردیدا لە دایک بووە. لە دایک بوونێک کە هەر لەگەڵ پێ گرتنیدا مۆرکی کاراکتەری بوونی خۆی سەپاندووە بەسەر کاری سیاسەت کردن لە وڵاتی ئێمەدا. . ئەو شێوازە لە کاراکتەرە سیاسیە لەگەڵ سەرهەڵدانی دەستپێکردنەوەی شەڕی چەکداری بووتنەوەی کوردایەتی، لە دوای ساڵانی حەفتاکانەوە، تاکو ئێستا درێژەی هەیە. لەم کاراکتەرەوە دەتوانین سەرجەم کایە سیاسیەکانی تری هەر قەوارەیەکی سیاسی کوردی تەماشا بکەین. لەو دەمەوە هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی دروست بووبێت ئەم شێوازە لە کاراکتەرە سیاسیە نەک هەر بۆتە روحی بووزتنەوەکە و بەڵکو بۆتە بەشێک لە عەقڵی سیاسی وڵاتیش کە پاشماوە و کارکردەکەی نەوە دوای نەوە لاسایی دەکەنەوە. بزووتنەوەی گۆڕان دواترین کارخانەی بەرهەم هێنانی ئەم جۆرە لە کاراکتەری سیاسیەیە.
وەکو رەخنەیەکی سیاسی، کاتێک لە ژیانی فکری-سیاسی، چ نووسینەکانی یان ژیانی سیاسی شاخ و شاری، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ورد دەبیەوە ناتوانی هێڵێکی سیاسی دیاریکراو یاخود بیروئادیایەکی رۆشن بدۆزیەوە. هەر لە دانپێدانانی خۆیەوە دەتوانی ئەوە ببینی، ئەو دوای چەندان ساڵ لە سکرتێری کۆمەڵەیەکی مارکسی، کەچی رایبگەێنی کە هەرگیز مارکسی نەبووە و باوەڕی بە خوا و ئاین هەبووە، ئەوە نیشانەیەکی ئاشکرای ئەو نەبوونی هێڵە سیاسی و فکریەیە. تەنانەت خودی جیابوونەوە لە یەکێتی لەسەر بنەمای هەندێ ئیشکالیاتی ئیداری حزبی و سیاسی بووە. ئەو تێکەڵیە، پاشماوەیەکی شکستخواردووی چەپێتی و دەست بۆ بردن بۆ ئاین وەک مەرامێکی سیاسی، شۆڕ بۆتەوە بۆ ناو تەواوی پەیکەری بزووتنەوەکە. سەرهەڵدانی کارەکتەری سیاسی لەم جۆرە کە لە ناو گۆڕاندا بوونی هەیە ئیلهامی لە مێژژوی سیاسەت کردنی رێکخەری گشتیەوە وەرگرتووە. ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان جوڵانەوەی ئەو کارەکتەرەیە چونکە پیادەکەری عەقڵی سیاسی کەسێتی رێکخەری گشتیە کە دەتوانن بە ئاسانی جێگەیان ببێتەوە لە بزووتنەوەیەکی وەهادا. هەر کارەکتەرێکی سیاسی تر گەر ئاوها نەبێت، واتە وەک رێکخەری گشتی بیر نەکاتەوە، ئەوا یان جێگەی نابێتەوە لە گۆڕاندا یاخود ناتوانێ بچێتە پلە بەرزەکان. کارەکتەری هۆشیار و بە هەڵوێست و خاوەن مۆراڵ و سەربەخۆ لە بیرکردنەوە و ئازاد لە قسەکردن و رادەربڕیندا هەرگیز جێگەی نابێتەوە یاخود ناتوانێ کاری سیاسی لە تەک سەرکردە و قەوارە سیاسیە کوردیەکاندا بکات. ئەوە راستیەکی حاشا هەڵنەگرە و پێویستی بە هیچ بیرکردنەوە و بەڵگەیەک نیە.
بێ مۆراڵی لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیدا و خۆ مەڵاسدان لە پاڵ ئادیۆلۆژیا و بەرنامە و تەرحە شۆڕشگێڕیەکان خاسیەتیەکی بنچینەیی ئەو کاراکتەرەیە. لەم کاراکتەرەدا هەموو پرەنسیپە علمانی و باوەڕە ئاینی و نیشتمانیەکان سەرەو خوار دەبنەوە. دەمامکی دوو سیمایی و دوو فاقەیی لەسەر ئەو کاراکتەرە سیاسیە لەگەڵ یەکەم هەنگاوی سیاسیدا دادەماڵرێت. ئەو کاراکتەرە نەک هەر تەنها ماڵوێرانیە بۆ بوون و کەسێتی خۆی بەڵکو ماڵوێرانیە بۆ کۆمەڵگەش. نێوەندی سیاسەت کردن بەشی شێری لەو خەرابەیە بەردەکەوێت. چۆنێتی کاری سیاسەت کردن یەکێکە لەو بوارە هەر گرنگەی ژیان کە بەهۆی ئەم کاراکتەرەوە خراوتر تێکچڕژاو دەبێ بەسەر یەکدا، چونکە زۆرێک لە خەڵکە راستگۆ و بە هەڵوێستەکان یان بێ ئومێد دەبن لە سیاسەت کردن یاخود جێگەیەک نابێتەوە بۆ سیاسەت کردن کە مۆراڵ تێیدا دەورێک بگێڕێ. بوونی کەسێتی سیاسی ئاوها بەردەوامی بەو رەوتە نابەجێ سیاسیە بێ مانا و وێرانەییە دەدا کە سەراپای کاری سیاسی لە کوردستاندا داگیر کردووە.
لە نیوەی یەکەمی ساڵانی نەوەدەکانەوە تاکو دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان ئەم کارەکتەرە لە سوڕی مت بوونی خۆیدا بوو. ئەو چەپە شیوعی و مارکسیە کۆمەڵەیی و کۆمۆنیستە تازە دەرکەوتووەکانی ئەو دەورەیە کەم نەبوون کە چوونە ناو حزبە تەقلیدیە کوردیەکانی وەک یەکێتی و پارتی. لە ناو بزووتنەوەی گۆڕاندا ئەم جۆرە لە کارەکتەری سیاسی بە لێشاو بوونی هەیە، بەڵام ئەم چەپەی کە هاتۆتە ناو گۆڕانەوە جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەو چەپانەی دەورانی کۆن. ئەگەرچی ئەو ئیسلامیەی کە سەنگەری گواستۆتەوە بۆ ناو گۆڕان هەمان ئەو ئیسلامیەیە کە لە ناو قەوارە ئیسلامیەکاندا بووە، واتە هیچی لە بیروئاکاری ئسلامییانەی خۆی نەگۆڕیوە جگە لە گواستنەوەی سەنگەرە حزبیەکەی. بەڵام کەسە چەپەکە هەموو نرخ و بەها و بایەخێکی مرۆیی و سیاسی خۆی لە دەست داوە. ئەو کە لەسەر حسابی داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی فەقیر و هەژار گەیشتە پلە و مەعاشی فیرعەونی؛ یاخود بۆ چرکەیەک باوەڕی بە دین نەبووە و ئێستاش بە ناوی دینەوە خۆی دەگەێنێتە پلەوپایەی سیاسی، وێنەیەک لە قێزەوەنی کاری سیاسی لە کوردستاندا نیشان دەدات. ئەم کەسێتیە لە هیچ قسەوباس و تێکستێکی فەلسەفی و سیاسیدا بوونی نیە یاخود ناتوانی بە دوایدا بگەڕێیت و بزانین ئاخود فەلسەفەی سیاسی لە ئاستی ئەکادیمی و زانستی سیاسیدا چی لە بارەوە گووتووە. ئاست نزمی ئەو کارەکتەرە هێندە لە خوارە لەوانەبێ لە بچوکیدا نەبینرابێت تاکو قسەی لە بارەوە بکرێ. بەڵام دەتوانرێ لە دنیای ئێستەی سیاسی و وڵاتێکی وێران-سیاسی وەک کوردستان ببینرێت.
کاتێک دەڵێین "کارەکتەری سیاسی ناو گۆڕان" زۆرتر مەبەستم لەو دەستە چەپە کۆمۆنیستەی دوو دەیەی دواییە کە ئێستا لە ناو گۆڕاندا کاری سیاسی دەکەن. هەندێک لەوانە چالاک نین بەڵام هەندێکیان بواری چالاکیان فراوان بووە. لە سیفەتەکان ئەم کارەکتەرە سیاسیە: هەلپەرستە، بەرژەوەندخوازە، خۆدەرخەرە، ناڕاستگۆیە، ناوچەگەرە، شەیدای پارەیە، کەم جەسارەتە، فرەبڵێ و لەب لەبانە لە قسەکردندا. ئەوەی لە بوون و بیری ئەو کارەکتەرەدا نیە "داواکاری و بەرژەوەندیە باڵاکانی خەڵک و دادپەوەریە" لە کوردستاندا.
لێرەدا دوو جۆر لەو خاسیەتە باس دەکەم کە ئەم کەسێتیە سیاسیە هەیەتی. خۆدەرخستن و دروستکردنی سەرچاوەیەکی دارایی بۆ ژیانی شەخسی ئەو دوو هۆکارە سەرەکیەن کە ئەو کارەکتەرە دەجوڵێنێ. تێ نەگەیشتن یاخود خۆگێل کردن لە مەسەلەی پرەنسیپی فکری-سیاسی، بێ ئومێد بوون لە کاری سیاسی دەورەی چەپ و نەدۆزینەوەی شوێنێک بۆ سیاسەت کردن لێی، بنەما سەرەکیەکانی ئەو زەمینەیەن کە ئەو کارەکتەرەی سەرگەردان کرد و روو لە هەر جێگەیەک بکات کە خاسیەتەکانی خۆی تێدا ببینێتەوە. بزووتنەوەی گۆڕان هێشتا لاوە و دەستی بە هەندێ بەرنامەی سیاسیەوە گرتووە کە لە ئێستادا قسەی دڵی خەڵکن. ئەو بزووتنەوەیە پێویستی بە کادری گەنج و قسەزان هەیە، بە مەرجێک ئەو کادرە بۆی نەبێ قسە لە بڕیار و کردارەکانی رێکخەری گشتیدا بکات.
لاری لەوەدانیە گەر کەسێک بیروباوەڕی بگۆڕێت بۆ ئاینی بوون، بەڵام گەر ئەم باوەڕە ئاینیە بۆ مەرامی سیاسی بەکاربهێنرێت، بەتایبەتی گەر کەسێک لە بنەڕەتدا باوەڕی پێی نەبێ، ئەوا ئەوپەڕی هەلپەرستی و درۆ لەگەڵ خۆکردنە. جا کەسێک فێڵ و تەڵەکەبازی لە بیروباوەڕی خۆیدا بکات و بەرماڵێک بدا بەشانیدا تەنها بۆ دەنگ کۆکردنەوە و بوون بە ئەندام پەرلەمان، ئاخۆ جگە لە سیفەتی خۆدەرخستن چی تر لە پشتیەوە وەستاوە. پرسیار ئەمەیە، ئاخۆ دوو سبەی چارەنوسی سیاسی وڵات و سەروەت و سامانی نیشتمان و کەرامەتی مرۆیی کۆمەڵگەی بکەوێتە دەست دەبێ چی بکات و چی نەکات. ئەو دەم گەرمیەی لە جێگە جیاوازەکاندا یاخود ئەو شۆڕوشەوقە لە کاری سیاسی ئەم کەسێتیە سیاسیە نیشانی دەدات جگە لە هەلێک بۆی رێک کەوتووە خۆی تێدا دەربخات هیچی دی نیە، چونکە گەر کەسێک درۆ و فێڵ و فەرەجە لەگەڵ پرەنسیپی فکری و هەڵوێستی سیاسی خۆیدا بکات ئاخۆ چۆن درۆ لەگەڵ بزووتنەوەیەکی سیاسی و خەڵکیدا ناکات. داماڵینی دەمامک لەسەر کەسایەتی ئاوها کاتی زۆری ناوێ و هەر لە ئێستاوە دەمامکەکە دیارە بەڵام بارودۆخی نائارامی خەڵک لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا جارێ لەوانەیە ئەم کارەکەتەرە سیاسیە بەتەواوی نەناسێ.
وەک پێشتر گوتم وەرگەڕانی چەپی لەم جۆرە جیاوازی هەیە لەو شیوعیانەی چوونە ناو پارتیەوە، جیاوازی هەیە لە مارکسیە شاخەکان کە چوونە ناو یەکێتیەوە چونکە ئەمانە هەر هیچ نەبێ نەبوون بە پڕوپاگەندەکەری ئیسلام و بیروباوەڕی پان عەرەبیزمی ئیسلامی ، بگرە هەندێکیان بوون بە سیمایەکی مەدەنیخوازی ناو یەکێتی و پارتی. ئەمە داکۆکی نیە لە سەنگەر گواستنەوەی شیوعی و مارکسیەکان بۆ ناو پارتی و یەکێتی بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئەو کۆمۆنیستە هەڵگەڕاوانەی ناو گۆڕان ئەمان زۆر روو سوورتر دەرچوون.
پەرلەمانتار کێیە لە کوردستان؟ ئەو کەسەیە کە بە پلەی سەرەکی مەسەلەی بە دوای خۆدەرخستنی سیاسی و دەستکەوتنی سەرچاوەیەکی دارایی باشە بۆ ژیانی شەخسی خۆی. بۆ زۆربەی زۆریان و بگرە زیادەڕۆیی نیە گەر بڵێم هەموویان، لەمە زیاتر هیچ مەبدەئێکی تر لە پشت بە ئەندام پەرلەمان بوونی کوردستانەوە نیە. لە نێو بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری ئەوەڵ و ئاخیر بەدەستی رێکخەری گشتیە و کەسیش ناتوانێ قسە لە قسەیدا بکات. ئەو دەم گەرمیەی لە لای هەندێک پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەماندا هەیە دوو سبەی بە ئاماژەیەکی رێکخەری گشتی ساردەبێتەوە هەر وەک خودی رێکخەری گشتی خۆی. ئەو گڕەی لە زمانی بەڕێز نەوشیروان مستەفاوە دەردەهات لەسەرەتاوە ئێستا نەک هەر دامرکاوەتەوە، بەڵکو هەر نەماوە. ئەمە چیرۆکێکی ترە و لە شوێنێکی تردا دەتوانرێ باس بکرێ.
کاتێک ئەو کارەکتەرە سیاسیە مەعاشێکی فیرعەونانە وەردەگرێ و دواتر فیرعەونانە خانەنشین دەبێ لەسەری، ئاخۆ دادپەوەری و بەرژەوەندی خەڵک چ مانایەکی دەبێ لای ئەو! گەر ئەو مەعاشەی بە بەرواور لەگەڵ عامەی خەڵکدا بکرێ هەر پێوانە ناکرێ، ئەمە ئەو سیحرەیە کە پاڵی بەو کارەکتەرە سیاسیەوە ناوە بەهەر نرخێک بێت خۆی بگەێنێتە پەرلەمان. ئەو پەرلەمانەی کە هەموو بەهایەکی سیاسی و فکری و مۆراڵی بۆ لەدەستدا. لێرەدا ئەو کاراکتەرە توشی مڵۆزمێکی تری مۆراڵی دەبێ، گەر باوەڕی بە دین هێناوە و پڕوپاگەندە بۆ دین بکات ئاخۆ ئەو خودا و ئەو ئاینە تا چەند ئەو نادادپەروەریە لە مەعاشەکەیدا قبوڵ دەکات؟ لەوانەبێ بڵێت: هژا من فچل ربـی!

بە دوو نموونە کۆاتیی بە باسکەم دێنم و تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنەکەی بۆ خوێنەر بەجێدەهێڵم.
یەکەم: "ئیڤۆ جۆزیپۆڤیچ"ی کەسی سیاسی وڵاتی کرواتیا لە هەڵبژردنە سەرۆکایەتیەکەی ساڵی ٢٠١٠ خۆی بۆ سەرۆکی وڵاتی کرواتیا هەڵبژارد. روو بەرووی هێرشێکی توندی نەیارەکانی، بە تایبەت مەسیحەکان و کڵێسا، بۆیەوە بەوەی کە ئەم کۆمیستە و علمانیخوازە. ئەو پێی لەسەر ئەوە داگرت کە ئەوە راستە ئەو کۆمیستە و علمانیخوازە بەڵام ئەو گەندەڵ نیە و سیاسەتیش دەکات بۆ لە ناوبردنی گەندەڵی و باش کردنی وڵات و ئاینیش بەکارناهێنێ وەک مەرامی سیاسی. ئەوەبوو هەڵبژاردنەکەی بردەوە بوو بە سەرۆکی وڵاتی کرواتیا لە ساڵی ٢٠١٠ەوە تاکو ئێستا.
تێبینیەکی بچوک: ئیڤۆ جۆزیپۆڤیچ، راستگۆ بوو لەگەڵ خۆی و خەڵکەکەی، گەر نەشی بردایەتەوە راستگۆیی خۆی نەدەدۆڕاند. بەڵام ئەم کارەکەتەرە سیاسیەی گۆڕان هێشتا هیچ وەهای نەکردووە کەچی خۆی و هەموو شتێکی تری دۆڕاند.
دووەم: سهیر رمزی، ئەکتەری ناسراوی ئیغرای میسری کە ئێستە موحەجەبەیە، جارێکیان گلەیی لە عادل ئیمام کرد کە بۆ واز لە فیلمی ماچ و موچ ناهێنێ و با کاری "الخیرات" بکات باشترە. عادل ئیمام لە وەڵامدا وتی ئەو "الخیرات"ەی کە تۆ ئێستا دەیکەیت هەمووی بە پارەی فیلمەکانی جارانت کۆت کردوونەتەوە، وا باشترە قسە لە ژیانی خەڵکدا نەکەیت.
تێبینیەکی بچووک: ئەو پلە سیاسی و مەعاشە فیرعەونییەی چەپەکانی ئێستا هەیانە و یان لاف و گەزافی بە موسڵمان بوون لێدەدەن هەمووی بەهۆی ئەو دەم گەرمی و قسەزانییەوە کە لە دەورەی ژیانی چەپێتی فێری بوونە.

ئیدریس مستەفا
جوڵای ٢٠١٤


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە