دەسەڵاتی كەمینە و ئیرادەی زۆرینە

Monday, 30/05/2011, 12:00

1551 بینراوە


دوژمنەكانی عەدالەت ,حەقیقەت, ئازادی زۆر بە تۆكمەیی یەكگرتون,پارەی باشیان هەیە,زۆر ڕێخكراون.پێكهاتەی دەزگایی دەسەڵات,كە ئایا ناوخۆیی بێ‌,نەتەوەیی بێ‌, یان جیهانی بێ‌ میكانیزمی زۆر كاریگەریان هەیە كەلەڕێیەوە گروپە باڵادەستەكانی حوكمڕان كاریگەری خۆیان لەسەر كۆمەڵگا بەجێدەهێڵن.ئەم گروپە كەمایەتیانە كەلەسەر حوكمن لە نێو خۆیاندا تەبان و ڕێكەوتون,هەمیشە غەسلی دەماغی كۆمەڵگا دەكەن و كۆنتڕۆڵی خۆیان لەسەر زۆرینە و كۆمەڵگا بەگشتی ئەچەسپێنن,ئەم گروپە دەسەڵاتدارانە كە خۆیان لە شێوەی بنەماڵە و سەرمایەدارەكانی وڵاتانی جیهاندان هەمیشە هەیمەنەی خۆیان دەسەپێنن بە سەرزۆرینەی بێ‌ دەسەڵاتی كۆمەڵگا ئیتر ئایا لە شێوەی(فۆرمی) زانكۆكان (حكومی و ئەهلی),كابینەی حكومەتەكان,كۆمپانیا زەبەلاحەكان,سەربازگەكان,دەزگا سیخوڕی و موخابەراتیەكان,ڕێخراوە ناحكومیەكان,میدیاكان,ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان,گروپ و كۆمەڵە خۆبەخشەكان,دەزگا خێرۆمەندەكان تەنانەت ناوەندە دینیەكانیش بێت بۆ ئەوان فەرقی نیە گرنگ ئەوەیە ئەوان ئەم ناوەندانە بەكاردێنن بۆ كۆنتڕۆڵكردن و داگیركردنی سەروەت و سامانی هەموو كۆمەڵگا و وڵاتەكە بەگشتی بۆ خۆیان.ئەم داگیركاریەی دەسەڵاتداران ئیتر ئایا لەڕێگەی ئایدۆلۆجیاوە بێت یان بەشێوەی فیزیكی بێت وەك داگیركردنی موڵك و ماڵی گشتی فەرقی نیە و هەمان كاریگەری لەسەر كۆمەڵگا هەیە كە ئەویش ئەوەیە كە داگیركراوان هەمیشە ئەچەوسێنرێنەوە و ستەمیان لێ‌ دەكرێت.ئەم دەسەڵاتدارانە لەڕێ‌ پڕكردنی بانكەنێودەوڵەتی و ناوخۆیەكان جا ئەهلی بێ‌ یان حكومی بەپارەی میللەت دەست بەسەر سەرجەم جومگە و كایەكانی ژیانی تاك بەتاكی كۆمەڵگا دەگرن و ئەوان بڕیادەری ئەوەن چەندە پارە لە گیرفانی من و تۆدا بێت.ئەم كارەش بەكۆمەڵەدەزگایەكی تایبەت و كۆمەڵە كەسانێكی پسپۆر و شارەزا دەكرێت لەبواری ئابوریدا كە كار بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتداران دەكەن و نەخشەو ڕێگەی گونجاویان بۆ دادەنێن. لەمێژووی هەموو مرۆڤایەتیدا هەرگیز ڕووینەداوە وەك ئێستا حاڵی حازر كە كەمینەیەك بتوانێت وابەئاسانی زۆرینە كۆنترۆڵ بكات لەسەر ئاستی جیهانی و ئیقلیمیدا.وە هەرگیز نەبوە لە مێژوی مرۆڤی گۆی ئەم زەمینەدا كەواكەمینەیەك وا دەوڵەمەند و زۆرینەی جیهانیش وا نەبوو هەژار بێت. هەرگیز ڕووینەداوە لە مێژوودا كە بەشێوەیەكی وا موتڵەق كۆنترۆڵی ڕەهای گشتی كۆمەڵگا كرابێت و هەرگیز میكانیزمی وا گونجاو نەبوە لەبەردەستدا بۆ چەوسانەوە و بە كۆیلەكردنی %98 ی دانیشتوانی گۆی زەوی لەلایەن %2 ەكەی تری دانیشتوانی زەویەوە كە دەسەڵاتدارن.
ئیمە ئێستا (كۆمەڵگایەكی نوێ‌) مان هەیە كە تا دێت حكومەتەكان لەدەرەوە ئیمپریالست دەبن ولەناوەوە میلیتاریست(واتەچەكدارن وعەسكەرتاریەتن), وە حكومەتەكان تا دێت پۆلیس ئاسا كۆمەڵگای مێگەل دەبەن بەڕێوە لەژێرناوی ئاسایشی ناوخۆ خەڵك دەچەوسێننەوە,ئەم حكومەتانە كە چەند كەسێكی كەم لەسەرمایەدارەكان ئەیانبەن بەڕێوە بەبیانوی پاراستنی خەڵكی لە تیرۆریستان حوكمڕانی دەكەن,ئەم هێزانە بەناوی پۆلیس و ئاسایشەوە لە ڕاستیدا بونیان تەنها بۆ پاراستنی سەر و ماڵ و ژیانی بەهێزەكانە نەوەك كۆمەڵگا. بۆیە تا دێت مافە مەدەنیەكان و ئازادییەكانی كۆمەڵگا پێشێل دەكرێن.خەڵكی لە سەرانسەری وڵاتانی دونیا بۆمباران دەكرێن,چەك و تەكنەلۆژیای نوێیان بەسەردا تاقیدەكرێتەوە, زانست و تەكنەلۆژیا زیاتر بەكار دێت بۆئەوەی باشتروكاریگەرتر مرۆڤەكان قەتڵوعامبكرێن بەتایبەت هەژارانی دونیا و داگیربكرێن و بڕوتێنرێنەوە.تەكنەلۆژیا بۆجاسوسی كردن بەسەرخەلكەوە بەكاردێت بەبیانوی پاراستنی ئەمن و ئاسایش,هەموو هێڵەكانی ئینتەرنێت بەبەردەوامی چاودێری دەكرێت لەلایەن دەسەڵاتەوە,پەیوەندیەكانی مۆبایل هەمووی تۆمار دەكرێت,كامێراكان نەك تەنها بەكاردێن بۆ وێنەگرتنی مرۆڤەكان بەڵكو بەكاردێن بۆ وەرگرتنی بایۆمەتری و بەسەمات (جێچەنجەكان) و تەنانەت بۆ خوێندنەوەی سیما و دەربرینە جیاوازەكانی مرۆڤ و هەست و سۆز و تەنانەت بۆ خوێندنەوەی بیركردنەوەكانی مرۆڤ سودی لێوەردەگیرێت,ئێمە لە دونیایەكا ئەژین كە ئەگەر بێت و ڕۆمانی "برەیڤ نیو وێڵد" ی ئەدۆڵس هەسڵی لە گەڵ ڕۆمانی "1984" ی جۆرج ئۆروێڵدا تێكەڵ بكەین ئەوا دونیایەكمان بۆ دەردەچێت كەبەشێكی لە چیرۆكی زانستی خەیاڵی و بەشەكەی تریشی لە دونیای تۆتاڵیتاری زوڵم و ستەمە. چونكە تەكنەلۆژیا بەشێوەیەكی زۆر بەرفراوان ئەم فەزایەی هێناوەتە بوون و تا ئێستا ڕێخۆشكەر بووە بۆ ئەوەی حكومەتێكی پۆلیسی گەردونی حوكمی جیهان بكات و ئەمە یەكەمین جارە لە مێژوودا مرۆڤ هەست بەوە بكات كە سەرجەم كایەكانی ژیانی كۆنتڕۆڵ ئەكرێت لەلایەن دەزگا سیخوڕی و موخابەراتیەكانی دەوڵەتەوە كە ئەوانیش لە دواجاردا لە خزمەت بەرژەوەندی كەمینەیەكی زۆر كەمن كە ئەوانیش لە لوتكەی دەسەڵاتن .بەڵام هێشتا هیوا هەیە بەوەی كە مرۆڤایەتی ڕزگاری بێت لەم قەیرانەی حوكم و ستەمكاری,بەڵێ‌ هێشتا هیوایەكی زۆر گەورە ماوە.ئەڵێم هیوا ماوە چونكە راستە كە شۆڕشی تەكنەلۆجیا ڕێخۆشكەر بوە بۆ ئەوەی لەماوەیەكی زۆر كەمدا دەزگاكانی دەسەڵات سودمەند بوون لە داهێنانە نوێكانی زانست و تەكنەلۆجیا و بەكاریان هێناوە بۆ زیاتر قۆرغكردن و چەوسانەوە و كۆنترۆڵكردنی ژیانی خەڵكی بەگشتی ,بەڵام لەهەمان كاتدا بەهەمان خێرایی و ماوەیەكی كەم تەكنەلۆژیا ڕۆڵی هەبوە لە بەئاگاهێنانەوە و هۆشیاركرنەوەی سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگا بەوەی دەستیان بەزانیاریە نوێكان بگات و ئامادەسازی بكەن بۆ هەر ڕووداوێك كەلەپێشە.بەتایبەتی تەكنەلۆژیا سودی زۆری بەسەرجەم كۆمەڵگا ژێردەستەكان گەیاندوە و هەموو ئەوانەی كە دەسەڵات ڕۆژێك چەوساندونیەتەوە بەخەبەرهێناوەتەوە و بوە بەفاكتەری سەرەكی شۆڕش و خۆپیشاندانەكان بەوەی كە چیتر هیچ مرۆڤێك ناتوانرێت لەڕێ‌ ی میدیای چەواشەكاریەوە فریو بدرێت,بەڵكو بەهۆی دەستگەشتن بە تەكنەلۆجیای ئینتەرنێتەوە تاك بەتاكی كۆمەڵگا پێش دەسەڵاتدارن ئاگایان لەروداوەكانی جیهان بوەتەوە.هەر بەهۆی ئینتەرنێتەوەیە كە دەزگا تەقلیدیەكانی وەك رادیۆ و تەلەفیزۆن وبڵاوكراوەكانی ڕۆژنامە و گۆفارو بەیاننامەكانی دەسەڵات پێگە و مۆنۆپۆلی كۆنتڕۆڵی خۆیان لەدەست داوە لەسەر زانیاری و پەیوەندیەكان.چیتر ئەو زەمەنە نەما كە زانیاریەكان وەك نهێنی لای كەمینەیەك بن و لەم رێیەوە دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن.بەڵكو ئێستا بروسكە ئاسا زانیاریەكان دەگات بە هەموو كەسێك.بۆ نمونە لە سینارۆی كوشتنی بنلادن حكومەتی ئەمەریكا سێ‌ جار كەوتە هەڵەوە بەوەی كە نەیانتوانی نهێنی چۆنیەتی كوشتنی بنلادن بپارێزن ئەمەش هەر بەهۆی تەلەفۆن و ئەنتەرنێتەوە بوو كە كۆشكی سپی ئەو ئۆپەراسیۆنەی چەند جارێك دارشتەوە و لە راگەیاندنەكانەوە باسی لێوە كرا.بۆیە هەروەك چۆن ئەكرێت ئەنتەرنێت بۆ كاری جاسوسی كردن و كۆنترۆلكردنی خەڵكی بەكار بێت بەهەمان شێوە ئەم ئامێرە ئەتوانرێت ببێتە هۆی ڕوخانی حكومەتەكان و ئاشكراكردنی نهێنیەكانیان وەك لە میسر و ئەمەریكا بینیمان بەتایبەتی ماَڵپەڕی ویكیلیكس.لەكاتێكدا كە چینی دەسەڵاتدارانی حاكمی دونیا پارە و ئیمكانیەتیان لەبەردەستدایە و بەسەنتەركراون و پێكەوە بەستراون,باقیەكەی هەموو خەڵكی تر ئیمكانیەت و وەسیلەكانی خستنی ئەو دەسەڵاتانەیان لەبەردەستایە ئەگەر بتوانن لێ‌ ی سودمەند بن,بەڵام ئەمان بەسەنتەر نەكراون و پەیوەندیان پێكەوە نیە و پەرش و بڵاون.لەكاتێكدا دەسەڵاتداران كەمینەن,خەڵكی زۆرینەیە,ئینتەرنێت و میدیای كۆمەڵایەتی دەتوانرێت سودی زۆری هەبێت بۆ بەهێزكردنی خەڵكی حوكمكراو كە زۆرینەن و خەبات بكەن لەدژی دەسەڵاتداران و نهێنیەكانی دەزگاكانی حاكمەكان بخەنە ڕوو,بەم شێوەیەش ڕێگەچارەی ئازادی راستی دێتە دی و خەڵكی مافخوراو و حەق خوراو بەماف حەقی خۆیان شاد ئەبن.گرنگی ئەم میدیای تەكنەلۆژیە لەوەدایە كە بەبەلاشە واتە فریە و لە كەمترین كاتدا دەگات بەزۆرترین كەس و تێچوی نیە.من پێم وایە لەڕێ‌ ی كیبۆردەكانی كۆمپیوتەرەكانمانەوە ئەتوانین بگەین بە ماف و ئازادیەكان,جاران لەڕێگەی جەك و تفەنگەوە بوو بەڵام ئێستا لەڕێ‌ مەعریفە و زانین و ڕاستگۆی و حەقبێژیەوە. من پێم وایە كە بۆ ئەوەی زانیاری راست و دروست بڵاوبكەینەوە و زۆرترین خەڵك ئاگاداربكەینەوە و لەهەمان كاتدا هاوڵاتی بپارێزین لەو چەواشەكاری و بەگێلكردن و میگەلكردنی كۆمەڵگا دەبێت نوسەرەكان,ڕۆژنامەنوسەكان ڕۆڵی گەریلاكانی جاران بگێڕن لەبوێری و راستی وتندا.دەبێت خۆشمان لەو راستیە نەشارینەوە كەوا ئێستا جیهان لەبارێكی نائاسایی سیاسی و ئەمنی و ئابوریدایە و مرۆڤ بۆ ئەوەی بژی پێویستی بەكارێك هەیە كە بیكات و بەڵام ئەمە نابێ‌ ببێتە ڕێگری لەوەی كاتەكانمان تەرخان نەكەین بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاری بەسود و راست و دروست بۆ گەشتن بە ئایندەیەكی نوێ‌ بۆ هەموو تاكی كورد ئیتر ئایا لەهەر گۆیەكی ئەم دونیایە بێت.
.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە