شاسوار مامە

https://www.facebook.com/shaswarmame21


فێستیڤاڵی بەبازاڕکردنی ژنی کورد!

Sunday, 06/10/2013, 12:00

5074 بینراوە



لە شەوی ٢٧ی ئەیلول شاجوانی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٣ لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا و لە کۆی نزیکەی ٥٠ کچی کورد ١٢ کچ بۆ کێبڕکێ لەسەر ئەو نازناوە هەڵبژێردرابوون، سەرەنجام کچێکی نیشتەجێی ئەوروپا نازناوی سەرەکی شاجوانی کوردستانی پێدرا و ٥ کچی دیکەش بە شاجوانی (ئاشتی، زەوی، ئەنتەرنێت، گەشتیاری، جلی کوردی) هەڵبژێردران.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە هەڵبژاردنی شاجوانی کوردستان لەلایەن کۆمپانیایەکی بازرگانی بەڕێوەدەبرا و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ڕێگەی پارێزگای هەولێر و دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم هاوبەشی چالاکییەکە بوون کە ناویان لێنابوو فێستیڤاڵی بەبازاڕکردن. من ڕاستەخۆ لە تەلەفزیۆنەکانەوە سەیری تەواوی ئاهەنگەکەم کرد کە هەستم نەکرد فێستیڤاڵێکی کەلتوری یان فۆلکلۆری یان شکۆمەندبێت بۆ ژنانی کورد و چاندی کوردی، ئەوەی دەبینرا هەوڵێکی پاکتاوکردنی چاند و کەلتوری کوردی بوو لەگەڵ بێ بەهاکردنی شکۆی ژن، ئەوەی لە هەمووی سەرەکیتربوو ژن لەو فێستیڤاڵە وەک کاڵایەک نمایش کرا و کۆی ئاهەنگەکە بارگاوی بوو بە بازرگانی و سەرمایە. سەرەتا با چەند تێبینیەک بخەمەڕوو لەسەر بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە:
1. هەڵبژاردنی شاجوانی کوردستان لەژێر ناوی فێستیڤاڵی بەبازاڕکردن بوو کە تیایدا ژنی کورد وەک کاڵایەک بە جلی مۆدێرن ڕازێنرانەوە و ئەو سوکایەتی کردنەش وەک دەستکەوت و داهێنانی کورد پیشانی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان درا.
2. لە بەشی گۆرانی ووتنی ئاهەنگەکە، گۆرانیبێژانی عەرەب و ئەلبانی و یۆنانی لەگەڵ سەمای یۆنانی، و گۆرانی تورکی و عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی بە دەنگی چەند بەچکە گۆرانبیژێکی دەنگ ناخۆشی کورد شانۆکەیان داگیرکردبوو و زۆر چاوەڕوانیم دەکرد گۆرانبیژێکی کورد دەرکەوێت بە موزیک و ئاوازی کوردی شادمان بکات و سەروەتی هونەری و کەلتوری ئەم نیشتیمانە پیشانی میوانە بیانییەکان بدات بەڵام بەداخەوە نەمانبینی و موزیکی بیانی بەسەر کۆی ئاهەنگەکەدا زاڵ کرا! کە سەیری ئەو دیمەنانەم دەکرد ئەو پرسیارە لام دروست دەبوو "دەبێ ئێستا هەستی میوانە بیانییەکان چی بێت؟ تۆ بڵێی گاڵتەمان پێبکەن، یاخود تۆ بڵێی وا هەست بکەن کە ئێمە بێ موزیک و بێ گۆرانی و بێ ئاوازی ڕەسەنی کوردین، یان ڕەنگە پێیان وابێت ئەوە شەوە ئاهەنگێکی چەند سەرمایەدارێکە و کچانیش بۆ خۆشکردنی کەشوهەوای ئاهەنگەکە وەک نمایشکار بەکاردەهێنرێن، لە بنەڕەتیشدا هەڵبژاردنی شاجوان مۆدێلێکی ڕۆژئاواییە و لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە بۆ بەکاڵاکردنی ژنان.
3. لیژنەیەکی قەرەباڵغ پێکهێنرابوو بۆ دەستنیشانکردنی شاجوان، ئەوەی سەیروسەمەرە بوو ئەوەبوو لەناو لیژنەکە کەسانێک لەژێر ناوی شارەزا لە زانستە ڕامیارییەکان و ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر هەبوون، نازانم ئەو شارەزاییانە چ پەیوەندییەکیان بە هەڵبژاردنی شاجوانەوە هەیە!
4. هەڵبژاردنی شاجوان گوایە بەتەنها لەسەر بنەمای جوانی ڕوخسار نییە، بەڵکو ڕەچاوی هۆشیاری و زمانزانی و بڕوانامە و پڕۆژە بۆ خزمەتی کوردستان دەکرێت، بەڵام ئەو بنەمایانە بەگشتی بەدی نەدەکران، چونکە لە وەڵامی پرسیارەکانەوە دیاربوو کە توانای فەرهەنگی بەشداربووەکان زۆر لە ئاستێکی نزمدابوو، بۆ نمونە؛ یەکێک لە ئەندامانی لیژنە پرسیاری لە یەکێک لە کچە بەشداربووەکان کرد و ووتی؛ ئەگەر ببیت بە شاجوان پڕۆژەت چییە بۆ بواری گەشتیاری لە کوردستان؟! کچەکە تووشی شۆک بوو و وەک ئەوەی قەت بیری لەو پرسیارە نەکردبێتەوە و ووتی؛ بە هەر چوارلای جیهاندا دەگەڕێم و کەلتوری کوردی بە دەرەوە دەناسێنم! ئێ ئازیزی من گەڕانت بە جیهاندا چ سودی هەیە بۆ گەشتوگوزاری کوردستان، ئەوە تەنها سودی بۆ گەشتوگوزاری خۆت هەیە، جگە لەوەش تۆ لە یەکەمین دەرکەوتنت پشتت لە کەلتوری کوردی کرد و چۆن دەتوانی دوایی باس لە چاند و هونەری کوردی بکەی؟!
ئەوەی منی تووشی شۆک کرد ئەوەبوو فێستیڤاڵێک ئەگەر بۆ بەبازاڕکردن و پێشخستنی کەرتی گەشتیاری سازدەکرێت، بۆ دەبێ خانمانی ئێمە ببنە کاڵا و نمایش بکرێن تەنها لەپێناو بەرژەوەندی ئابووری، یان بۆچی کۆمپانیایەکی بازرگانی بەو کارە هەڵدەستێ و سەرنجی خەڵک ڕادەکێشن گوایە شاجوانی کوردستان هەڵدەبژێرن نەک هەوڵی پێشخستنی گەشتیاری، یاخود ڕاستیەکەی ئەوەیە ئێوە کچانی کورد بەکاردێنن و وەک کاڵا نمایشیان دەکەن بۆ ئەوەی گەشتیاران نرخیان لەسەر دابنێن و سەرنجی گەشتیاران ڕابکێشن و کە سەردانی هەرێمیان کرد پرسیاری کڕینی کچی کورد بکەن. من تێنەگەیشتم چ پێشکەوتن و شارستانیەت لە نمایش کردنی ژنان دا هەیە و بۆ بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ کچانی نازداری ئەم وەڵاتە دەکرێت، نەدەکرا لەبری ئەو بێ ڕێزییە توانا و وزە شاراوەکانی کچان و ژنان بەگەڕبخەن و هانی کچانی کورد بدەن لە بوارە جۆراوجۆرەکان خزمەتی خۆیان و کۆمەڵگە بکەن؟!
یەکێک لە سەمەرەکانی دیکە ئەوەبوو؛ شاجوانی زەوی و گەشتیاری و ئینتەرنێت و جلی کوردی و ئاشتی دیاری کران بەبێ ئەوەی ئەندامانی لیژنەکە ئاگاداری ئەو بابەتە بن، یەکێک لە ئەندامانی لیژنەکە بە ئاشکرا ووتی ئێمە لەو بابەتە ئاگادارنەبووین کە چەند شاجوانێکی دیکە دیاریکران! من سەرم سوڕماوە و هەرچەندە بیردەکەمەوە نازانم شاجوانی ئینتەرنێت مانای چییە! ڕەنگە ئەو شاجوانەی کوردستان ببێتە لۆگۆ بۆ ڕیکلام کردن لەسەر ئینتەرنێت! یان تۆ بڵێی شاجوانی ئاشتی ببێتە هۆی ئەوەی لە بەشەکانی کوردستان ئاشتی بەرقەرار ببێت! یان تۆ بڵێی شاجوانی جلی کوردی بە جلی بیانی چی بۆ خزمەتی جلی کوردی بکات؟! یاخود شاجوانی گەشتیاری و زەوی مانای چی دەگەیەنن و دەتوانن چی بکەن بۆ ژنانی بەشمەینەتی ئەم وەڵاتە، خۆ ڕەنگە ئەو هەموو "شا"یانە کۆببنەوە و بڕیاربدەن کە لەژێردەستی زیهنیەتی پیاودا بمێننەوە و لە بەرامبەر ئەو نرخەی بۆیان دانرا لەژێردەستی پیاواندا بەردەوامی بە ژیان بدەن.
کارەسات ئەوەیە لەم وەڵاتەدا بەدەیان ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و مافی ژنان بەتایبەت بوونیان هەیە، بەڵام درک بەوە ناکەن ئەو یاری کردنە بە کچی کورد و بەکاڵاکردنیان چەندە بێ ڕێزییە و لەکەدارکردن و ناشیرینکردنی شکۆی کچی کوردە. دەبوایە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان هەڵوێستیان هەبێت و ڕێگری بکەن لە سوکایەتی کردن بە مێینە نەک خۆشیان ئاسانکاری بکەن بۆ ئەو بێ ڕێزییانەی بە کچی کورد دەکرێت. بەڕای ئێوە ئەگەر حەپسە خانی نەقیب و لەیلا قاسم و شیرینی عەلەم هولی لەژیاندا بوان و ئاگاداری بابەتی هەڵبژاردنی شاجوانی کوردستان و بەکاڵاکردنی شاجوانەکانی کورد بوان کاردانەوەیان چی دەبوو؟!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە