حه‌یرانێك به‌یادی سه‌رده‌شت عوسمانه‌وه
Thursday, 03/03/2011, 12:00
1365 بینراوە
له‌سه‌رده‌ست عوسمانه‌وه فێربووین كه تامابین له دژی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری و پاوانخوازی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م ووڵاته بێده‌نگ نه‌بین، له سه‌رده‌شت عوسمانه‌وه فێربووین كه تامابین ئازادیخواز و هه‌ڵگری په‌یامی دیموكراسیی و پێكه‌وه‌ژیان بین، له سه‌رده‌شته‌وه یه‌ك دنیا په‌یام و هه‌لوێستی جوان و مه‌ردایه‌تی فێربووین. سه‌رده‌شت ته‌نها شۆرشگێرێكی قه‌ڵا و مناره نه‌بوو، ئه‌و هه‌ڵگری په‌یامێكی پیرۆز، پیرۆزتر له پیرۆزی سه‌رۆكی وڵاتێك كه هه‌ناسه جوانه‌كان ده‌كوژێت و گه‌نجه ئازادیخوازه‌كان زینده به‌چاڵ ده‌كات.
به‌ر له ساڵیادی شه‌هیدكردنی كاكه سه‌رده‌شتی هه‌ڵگری ناسنامه‌ی ئازادی و په‌یامی جوان په‌رستی، ئه‌مێستاكه هه‌ولێر شانازی به رۆله‌یه‌كی قاره‌مانی وه‌ك تۆ ده‌كات كه له ناو جه‌رگه‌ی قه‌ڵا و به‌رزی مناره‌كه‌ی چۆلی هاوارت ده‌كرد: نا بۆ گه‌نده‌ڵیی و دیكتاتۆری..نا بۆ پاوانكردنی ده‌سه‌ڵات و دزینی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و گه‌ڵه. ئه‌مێستاكه هه‌ولێر داوای لێبوردنت لێده‌كات له‌وه‌ی بكوژان و تاوانبارانی تۆ له‌و شاره باڵا ده‌ستن و به ئوتومبێله جام ره‌شه‌كانیانه‌وه جه‌بانانه به به‌رده‌م ده‌رگای ماڵه‌كه‌ت دێن و ده‌چن.. شاری هه‌ولێر به‌گه‌وره‌یی خۆی به 5 هه‌زاره‌ی مێژووه‌كه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار داوای لێبوردن له‌رۆله‌یه‌كی خۆی ده‌كات و سه‌ری رێز نه‌وازش بۆ سه‌رده‌شته‌كه‌ی داده‌نوێنێت.
بیرمه ئه‌وكاته‌ی له مه‌خموری مه‌غدووره‌وه رووم له شاره‌كه‌ی پیره هه‌ولێر كردوو به ده‌نگێكی به‌رز ده‌مووت: (هه‌موومان سه‌رده‌شتین.. هه‌موومان ئازادیخواز و مرۆڤ دۆستین). ئه‌مڕۆكه‌ش بۆ جارێكی دیكه و بۆ ده‌یان جاری تریش هه‌ر ده‌ڵێن هه‌موومان سه‌رده‌شتین.. ئه‌وه‌ی تۆیان له خاچ دا.. ئه‌وه‌ی كوڕه خوێن شیرین و ده‌م به‌خه‌نده‌كه‌ی حه‌ی عومال و كۆلیژی ئادابی هه‌ولێریان خنكاند.. ئه‌گه‌رچی ئه‌مڕۆكه رێگه به په‌یكه‌رێكی تۆ ناده‌ن و ته‌نانه‌ت له په‌یكه‌ره‌كه‌شت ده‌ترسن، دڵنیاین رۆژێك دێت جگه له ریسوایی بۆ بكوژانت شتێكی دیكه به فریایان ناكه‌وێت و جگه له‌سه‌رشۆری له لاپه‌ره‌ی مێژووی ره‌شیان شتێكی دیكه‌یان بۆ نانوسرێت.
دیاره زۆرن ئه‌وانه‌ی به درێژایی مێژوو هه‌وڵیان داوه بۆ به‌رز راگرتنی ئه‌و شاره‌و جوانتركردنی هه‌ولێری پایته‌خت، به‌ڵێ زۆرن ئه‌وانه‌ی گیان و ماڵی خۆیان له پێناو پیرۆزی هه‌ولێر به‌خت كردووه، به‌ڵام تۆ ئه‌ی سه‌رده‌شته‌كه‌م له ریزی پێشه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه له‌م شاره‌دا قوربانیان داوه و گیانی خۆیان له پێناو ئازادی و خۆشگوزه‌رانی پێشكه‌ش كردووه. تۆ ئه‌ی سه‌رده‌شته‌كه‌م باڵات به قه‌د باڵای مناره‌كه‌ی چۆلییه و مێژووی جوامێری و هه‌قبێژی تۆ له‌ته‌ك مێژووی پڕ سه‌روه‌ری هه‌ولێر ده‌نووسرێت.
باسكردنی ئازایه‌تی و بوێری تۆ به دێرێك و دووان و سه‌دان دێریش ته‌واو نابن، به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئازایه‌تی و مه‌ردایه‌تی تۆ منێكی له‌ده‌ڤه‌رێكی فه‌رامۆشكراوی كوردستان هێناوه‌ته گۆ، خۆزگه‌م ده‌خواست تۆ ئه‌ی (سه‌رده‌شت)، خه‌ڵكی مه‌خمورو قه‌راج و كه‌ندێناوه بویتایه تاوه‌كو په‌یكه‌رێكم له به‌رده پیرۆزه‌كانی چیای قه‌ره‌چوغی سه‌ركه‌ش دروست بكردایه، دواتریش له به‌رده‌م گومبه‌ته‌كه‌ی برایماغا دامنابایه. ئینجا حه‌یرانێكم به‌ناوی تۆوه بهۆنیبایه دواتریش هه‌ڵمبدایه له‌زوورگه‌زراوی خۆمان، له‌كه‌ندی كه‌ندێناوێ له گاوه‌ره و كه‌نداری، ناوه‌ڵا له ته‌له‌رخێم و مه‌لاقه‌ره‌ی تاده‌گاته قه‌راجی دڵ بریندار و قه‌ره‌چووغی بلباسان، له‌وێشه‌وه به‌ره‌و پیره قه‌راتی هه‌ولێری تا ده‌گاته سه‌فینه شێتی خۆشناوان..ئینجا به‌ناوه پیرۆزه‌كه‌ی تۆ (سه‌رده‌شت) سه‌رووبه‌ند و دوابه‌ندی حه‌یرانه‌كه‌م كۆتایی پێ بهێنایه.
له‌كۆتاییدا ئاواته‌خوازم له‌دوای تیرۆركردنی هه‌ناسه‌كانی سه‌رده‌شت، هه‌رچی رۆحی پیس و ناشیرینی ناپاكان و بكوژانی ئه‌وبوایه بهاتبوایه ده‌رو به درێژایی شه‌قامه شه‌ست مه‌ترییه‌كه‌ی هه‌ولێر خه‌ڵك بوه‌ستانایه‌و به ده‌نگێكی به‌رز نه‌فرتیان له‌و رۆحه ناپاكانه بكردایه. من دڵنیام هه‌موو شار و شارۆچكه‌یه‌كی ئه‌م سه‌ر گۆی زه‌مینه ئه‌گه‌ر ئازایه‌تی و بوێری سه‌رده‌شتیان پێ بگه‌یشتایه ئه‌وا خۆزگه‌یان ده‌خواست كه تۆ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ی ئه‌وان بویتایه، به‌ڵام ئه‌مڕۆكه شاره‌كه‌ی تۆ هه‌ولێر له‌نێوان (شانازی و لێبوردن)ه‌وه چاوه‌رێی نه‌وه‌كانی دوای تۆ ده‌كات كه بۆ هه‌تا هه‌تایی رووره‌شی بكوژانی تۆ بخاته نێو زبڵدانی مێژووه‌وه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست