سیناریۆکەی نێوان گۆڕان و یەکێتی بۆ لەبیربردنەوەی داواکارییەکانی خەڵکی ناڕازی کوردستانە...؟؟

Saturday, 26/05/2012, 12:00

1561 بینراوە








وەک لە میدیاکانەوە بڵاوکراوەتەوە گۆڕان و یەکێتی دانیشتنیان کردووە و لەیەکتر نزیک دەبنەوە...!! لە ڕاستیدا ئەم کۆبوونەوانەی نێوانیان ڕووداوێکی تازە نی یە، لەبەرئەوەی گۆڕان و یەکێتی لەگەرمەی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی پار و ڕۆژانی دواتریش بە ئاشکرا و بە نهێنی هەرکۆبۆنەوەیان کردووە و کەسیش نەیزانی نەوشیروان مستەفا و کۆنە هاوڕێکانی لە ناو یەکێتی لەو کۆبوونەوانەدا لەسەر چی ڕێکەوتوون...!؟

دانیشتنەکانی ئێستایان بەرهەمی پەیوەندی یەکانیانە بە نهێنی و بە ئاشکرا کە دەمێکە لە نێوانیادا هەیە...!؟

گەر پەیوەندی یەکانی نێوان گۆڕان و یەکێتی وا بڕوات ئەوا ئەگەری ڕوودانی چەند سیناریۆیەکی تردەبێت لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا، بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەکاندا بە یەک لیست دابەزن، یان ئەوەتا لە ساڵی ٢٠١٣ دا کە جارێکی تر هەڵبژاردنی پەرلەمان کرایەوە لە کوردستان ببنە هاوپەیمانێکی نوێێ و پێکەوە حکومەت دروست بکەن، لەو کاتەدا یەکێتی بۆ ڕزگارکردنی خۆی واز لە پارتی دەهێنێت و بە هۆی نەوشیروان مستەفا و گۆڕانەوە دووبارە خۆی هەڵدەستێنێتەوە، بەمەش پارتی و بارزانی یەکان بچوک دەبنەوە و دەبنە ئۆپۆزسیۆن....!؟

سیاسەتکردن ماتماتیک نی یە و زۆر سینارێۆی چاوەڕوان نەکراو دەکرێت ڕووبدات کە پێشتر بە خەیاڵیشماندا نەهاتوون...!!؟؟



یەکێتی و گۆڕان بەحسابی خۆیان لەسەر چەند خاڵێک ڕێکەوتوون، دووان لەو خاڵانە دەستگیرکردنی تاوانبارانی ١٧ی شوباتی پار و ڕۆژانی دواتر و گەڕانەوەی نانبڕاوەکانە بۆ سەرکارەکانیان...!؟ ئەو دووبڕیارەش لە لایەن یەکێتی یەوە دەرکران،نەک لەلایەن بە ناو حکومەت و پەرلەمان و دادگاکانەوە، ئەی پێمان ناڵێن ئیشی ٣ دەسەڵاتەکەی هەرێم چی یە...؟؟؟

لەهەمان کاتدا لە هەولێریش مەکۆی سەرەکی گۆڕان کرایەوە کە پێش ١٥ مانگ لەمەوپێش لە لایەن پارتی یەوە سووتێنرا...!؟ دوو ڕووداو لەیەک کاتدا لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا بە ڕێکەوت نەهاتوونەتە پێشەوە ، بەڵکو ئەوە بەرهەمی چەند دیدار و ڕێکەوتنێکی نهێنی نێوان سەرکردەکانی گۆڕان و پارتی و یەکێتی یە، واتا ڕێکەوتنی نهێنی نێوان بارزانی و نەوشیروان مستەفا و تاڵەبانی، کە هەمیشە پەیوەندی یان هەیە و ئاگاداری بڕیارەکانی یەکترین....!!!؟؟؟

ئەم گۆڕانکاری یانە لە کوردستان .... گۆڕان نی یە لە سیستمی دەسەڵاتدا بەڵکو ئاسایی کردنەوەی بارودۆخەکەیە لە نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی تر، تا پێکەوە دەسەڵات و سامانی کوردستان وەک برا بەشبکەن و خەڵکی ناڕازیش بەم چەند داواکاریانە دەمکوت و چاوبەست بکەن...!؟

لیستی گۆڕان ٧ خاڵەکەی خۆیی و پاکێجەکەی ئۆپۆزسیۆنی بیرخۆی بردەوە و بەتەمایە بەم دوو داخوازی یانە و چەند داخوازی یەکی ڕووکەشی تر وەک لێپێچینەوە لە هەندێک وەزیر، خۆڵ بکاتە چاوی گۆڕانخوازانەوە، لە کاتێکدا خەڵک هاتە سەرشەقام و دەنگی ناڕازی بەرزرکردەوە لە دژی سیستمی بنەماڵەیی و نایەکسانی و پێشێلکردنی ماف و ئازادی یەکانی خەڵکی کوردستان بە گشتی و پێشێلکاری یەکانیان لە دژی نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی ئازا و بوێر و ڕەخنەگر لێیان...!؟



دوای زیاتر لە ١٥ مانگ تازە یەکێتی بڕیار دەردەکات کە تاوانبارانی ١٧ی شوبات دەبێت بگیرێن،لەکاتێکدا ئەوە ئەرکی دادگا و پۆلیس بوو کە هەر زوو لە کاتی خۆیدا بە و ئەرکەیان هەڵبستانایە...ئەمەش دووبارە دەریدەخاتەوە کە پەرلەمان و حکومەت و دادگاکانیان کارتۆنین و هیچ دەسەڵاتێکیان نی یە...!!! ئەم بڕیارەی یەکێتی دووبارە ڕووی ڕاستی دەسەڵاتی بنەماڵەیی یانی دەرخستەوە، کە خۆی لە خۆیدا سەرچاوەی زۆربەی کێشەکانی کوردستانە....!! خەڵک هاتە سەرشەقام و خۆپیشاندانیان کرد لە دژی سیستمی دەسەڵاتی هەردووبنەماڵە و ئەو دزی و بێمافی و تاوانانەی کە کردوویانە بەرامبەر بە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان....!! بەس تەنها بەگرتنی چەند تاوانبارێک کێشە و قەیرانی دەسەڵات لە کوردستان چارەسەر ناکرێت...! بە ڵکو بە دانانی سیستمێکی شارستانی و مۆدێرن زۆربەی کێشەکان چارەسەر دەبن....؟ لیستی گۆڕان بەشداری ئەم سینارێۆیە تازەیە دەکات، وەلێ ناتوانن کێشە بنەڕەتی یەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەربکەن!؟

ئەم فلیمەی لە ڕۆژی ١٧ ی شوباتدا لەبەردەم لقی چواردا گیراوە و زۆر وێنەی سەرنج ڕاکێشی تیایە....پێش تەقەکردنەکەی لقی چوار لە خەڵکی ناڕازی دەبینرێت هێزێکی چەکدار لەبەردەم لقی ٤ دا وەک تەماشاکەر وەستاون و هیچ کاردانەوەیەکیان نی یە....یان ئەوەتا بەرگری لە خەڵك بکەن یان نەهێلێن ئەو چەکدارانە تەقە بکەن و بە ئیشی خۆیان هەڵستن...واتا پارێزگاری کردنی ئاسایش و سەلامەتی خۆپیشاندەران...! ئەمەش جێگای گومانە کە دەستێک هەبووە بە ئاشکرا ڕووی خۆپیشاندەرانی گۆڕیوە بۆ لقی چوار، لە کاتێکدا یەکێتیش بەشدارە لە حکومەتەکەی هەردووبنەماڵەدا بە پێ ی ڕێکەوتنی ستراتیجی یان....!؟

ئەی بۆچی یەکێتی لەو ڕۆژەدا بە ئاشکرا هێرشی نەکرایە سەر وە پارتی...؟


بە بروای من ئەوانەی کە ئەم پلانەیان داڕشت تاوانبارن وەک ئەوتاوانبارانەی کە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و ئەوانەش تاوانبارن کە لەسەرکردایەتی یانەوە گڵۆپی سەوزیان بۆ داگیرساندن...تا کوێرانە و بەعس ئاسا تەقەبکەن لە خۆپیشاندەران...!؟



ئێستاش بە حسابی خۆیان گەر ڕاستبکەن بە تەمان چەند پیاوێکی تاوانباری ناو ڕیزەکانی خۆیان بکەنە قوربانی لە پێناو جوانکردنەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و گەندەڵیاندا، بەهاوکاری نەوشیروان مستەفا و لیستەکەی!؟ ئەم سینارێۆیە زۆر ترسناکە گەر بێت و گۆڕانخوازان و خەڵکی ناڕازی نەیەنە دەنگ و دووبارە داوای جێبەجێکردنی داخوازی یەکانی شەقام نەکەن؟ داخوازی یەکانی شەقامیش دوای ١٧ ی شوبات لە نەخشە ڕێگای چارەسەری قەیرانی دەسەڵاتدا خرایە ڕوو، کە داوای دەست لە کارکێشانەوەی هەرسێ سەرۆکایەتی یەکەی هەرێمیان کرد و خوازیاری دانانی سیستمێکی نوێی و شارستانی و دیموکراتی بوون، کە تیایدا یاسا و دەستوور سەروەربێت و دادگاکانیش سەربەخۆیانە کارەکانی خۆیان بکەن، نەک ببنە کۆیلەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و لە سینارێۆیەکی نوێدا بە ناوی جێبەجێکردنی ىریارەکانی دادگاوە تاوانبارانی ڕاستەقینە بپاریزن...؟؟



فیدیۆ کلیپێکی ١٧ی شوبات لەبەردەم لقی چواری پارتیدا
 http://www.youtube.com/watch?v=7hTJryQd3Ic&feature=related


 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە