ئەمریکا قسەی خۆی کرد

Tuesday, 21/10/2014, 12:00

1747 بینراوە





تورکیای ئیمرۆ، یەكێ لە پای سێکوچکە بە‌هێزەکەی رۆژهەڵاتی ناوەراست هەژمار دەکرێ، کە خۆی و ئیسرائیل و ئێرانە. لە هێزی تەرازووی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست سەنگی هەیە، قسەو گفتی لەلای بڕیار بەدەستانی زلهێزەکانی دونیای هەنوکە هەژماری بۆ دەکرێ، بۆیە زۆربەی رایەکان پێیانەوە دیاربوو وە پێیان وابوو، کە تورکیا هۆکارێکی گرنگ دەبێ لە وەرگرتنی هەڵویستی سلبی لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپا بەرامبەر بە گەماڕۆی شارۆچکەی کۆبانێ لەلایەن داعشەوە.
یەپەدە بە لقیکی پەکەکە ناسراوە لەسەر ئاستی ووڵات و ناوچەکە. وەکو هێزێکی سیاسی کوردی، ئیمرۆ لە رۆژئاوای ووڵات دەوری سەرەکی و کارێگەری هەیە لە بە گروپ کردنی دەنگی نارەزایی کورد و یەکخستنیان بۆ کاری رێکخراوەیی و سەربازی. هەر لەسەرەتای تەمەنی بەهاری، ئەو پارتە زۆر بەبارو دۆخی ناهەموار رەت بوو، تووشی کێشە و ململانێی زۆر بوو لەگەڵ حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم، حکومەتی تورکیا، سووریا و هێزە توندڕەوە ئیسلامیە عەرەبیەکان بە تایبەتی داعش.
لێپرسراوی یەکەمی پارتە سیاسیەکانی بەشداربووی دەسەڵات لە حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم، هەر لە سەرەتاوە یەک هەڵوێست بوون بەرامبەر بە یەپەدە. هەموو کاتێک قەڵسیان پێوە دیار بووە بەرامبەر ئەو پارتە. نارەحەتی حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم لەو پارتە زۆر بە روونی دیار بوو لە خۆ مات کردنیان لە شەرەکانی ئەو هێزە سیاسیە لە ساڵانی رابردوو لەگەڵ پارتە ئیسلامیە توندرەوە عەرەبیکان کە بوونیان هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و کوردستان، بە تایبەتی بۆ گەمارۆێ شارۆچکەی کۆبانی لەلایەن داعش. ئەو راستیە لە یەکەم ساتەکانی دەست پێکردنی شەر ی یەپەگە دژ بە داعش لەو شارە روون بوو وە مێژوو تۆماری کرد.
زەقکردنەوەی نزیکی یەپەدە لە پەکەکە، کە هێزێکی سیاسیە ناوی خراوەتە لیستی تیرۆر لەلایەن زلهێزەکانی دونیا، بوو بە چەکی دەستی ناحەزانی ئەو پارتە بۆ پروپاگەندە کردن دژی و بڵاوکردنەوەی لە میدیاکان و راکێشانی سەرەنجی زلهێزەکانی دونیا بە تایبەتی ئەمریکاو ئەوروپا بۆ ئەو خاڵە، بە هیوای ئەوەی بتوانن دەوریان هەبێ لەسەر رای گشتی زلهێزەکان و بڕیاریان، لە پشتیوانی نەکردن لەو هێزەو بە تایبەتی لە گەمارۆکەی شارۆچکەی کۆبانی لەلایەن داعش.
پارتی و یەکێتی، کاتێ پشتیوانی ئەمریکا، ئەوروپا، ئێرانیان بەدەست هێنا، بۆ دروست کردنی هەیکەلی سیاسیی نیوە چلی هەرێم لە باشووری ووڵات، لە پاڵیدا دەستیان کرد بە نەوت فرۆشتن و بوون بە جاشی ئێران و تورکیا، ئەو کاتانە بوو کە پارتی و یەکێتی ناویان لە لیستی تیرۆر بوو، بۆیە ئەمە ناتوانرێ هیچ خەونێکی لەسەر بینا بکرێ کە هێزی تر لە پارچەکانی تری کوردستان، ئەگەر ناویان خرابێتە لیستی تیڕۆر بەڵام زەمان، شوێنەکان، رووداوەکان، بەرژەوندیە سەربازی و ئابووریەکانی زلهێزەکان لە ناوچەکە و دونیا، تەحەکوم بەوە دەکا، کە کێ کاتی ئەوەی هاتووە وە پێویست دەکا ناوی لە لیستی ڕەش دربهێندرێ و بجێتە ناو هاوپەیمانیەتی لەگەڵیان.
ئەمریکا زۆر بە ووردی لە شەرەکەی کۆبانی ڕاما، بڕیاری خۆی دا، کە ئەو هێزە ئیمرۆ بۆ ئەوە دەشێ، ئەگەر ئەمریکا بیەوێ لەگەڵی بچێتە ناو هاوپەیمانیەتی بۆ جەنگ دژی داعش لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست. یەکەم هەنگاوی ئەو ووڵاتە دوای هێرشی ئاسمانیەکانی بۆ سەر داعش لە شارۆچکەی کۆبانی، ئەوە بوو رەزامەندی خۆی دەربڕی کە یارمەتیەکانی بەر فرەوانتر بکات و چەک بدا بە یەپەدە و لە میدیاکان گلەیی و گازاندەی خۆی بەرامبەر تورکیای هاورێی نەشارێتەوە.
بۆ هەندێ نووسەر وتویژەر و چاودێرانی سیاسی لە نێو میللەتی کورد، گەرانی ئەمریکا بۆ هاورێی تر لە کوردستان و ئەو هەڵوێستەی هەنگاوێکی چاوەروان کراوبوو، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەوە لەلایەن میللەتەکە تەنیا وەکو خۆزگە دەبینرا، شان بە شانی ئەوەش دەسەڵاتدارەکانی پارتە سیاسیەکانی بەشدار بووی حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم لەپاڵ حکومەتی تورکیای هاورێیان، ئاواتاخواز بوون کە هەڵوێستی ئەمریکا بە پێچەوانەی ئەوە بێ، کۆبانی بە زووترین کات لەناو بچێت، یەپەدە لەو ئاستە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێ وە خۆیان تەنیا تاقانەی زلهێزەکان بمێنەوە لە کوردستان.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە