پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا دامەزرا

Tuesday, 15/04/2014, 12:00

3028 بینراوە






لە ڕۆژانی "3 و 4 و 5"ی نیسانی 2014 و لە ژێر فشاری مەسعود بارزانی‌دا چوار حیزب بە ناوەکانی :- پارتی دیموکراتی کوردی سوریا "الپارتی"(بە سەرۆکایەتی عبد الحکیم بەشار) - پارتی ئازادی کوردی سوریا(بە سەرۆکایەتی مستەفا جومعە) پارتی ئازادی کوردی سوریا(بە سەرۆکایەتی مستەفا ئۆسێ) - یەکێتی کوردستانی(بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم برۆ) یەکیان گرت بۆ دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا. بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-

http://welati.info

لە ڕابردوودا "الپارتی" بریتی بوو لە باڵی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و سێ پارتەکەی دیکەش دوژمن بە الپارتی و موچەخۆری بارزانیش بوون . هۆی کۆکردنەوەی ئەم چوار حیزبە لە چوارچێوەی یەک حیزبدا بۆ خزمەتی دۆزی کورد نییە لە ڕۆژئاوادا بەڵکو بۆ ئەوەیە تاکو ببنە هێزێک لە بەرامبەر پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە"دا ، تاکو بەو یەکگرتنەیان هەم ببنە لەمپەر لەبەردەم پێشکەوتنەکانی ئەو حیزبە و هەم ببنە ڕێگریش لەبەردەم سەقامگیری کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا .
تا چەند ئەم پیلانەی مەسعود بارزانی سەرکەوتوو دەبێت جێگەی ئەم باسە نییە ، چونکە ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ دوا ڕۆژی ناوچەکە بە گشتی و ڕۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی . بەڵام ئەوەی جێگەی ئەم باسەیە پەیوەستە بە ژیانی بەرپرسانی هەردوو پارتی ئازادی و یەکێتی کوردستانیەوە . چونکە من لەو باوەڕەدا نیم سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ڕێگە بەوە بدات لە نێو باڵەکەی خۆیدا کەسانێک هەبن کە خاوەنی کوتلەی خۆیان و تەنانەت خاوەنی کەسایەتی خۆیشیان بن .

بۆ نموونە :- لە ساڵی 1993دا یەکگرتنێک لە باشووری کوردستان ڕوویدا لە نێوان چوار حیزب کە بریتی بوون لە :- پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق(بارزانی) حیزبی سۆسیالیستی کوردستان(حسک) پارتی سۆسیالیستی کورد(پاسۆک) پارتی دیموکراتی گەلی کوردستان(پارتی گەل) ، لە ئەنجامی ئەم یەکگرتنەدا پارتی تازە بەرهام هاتوو ناوی لێنرا "پارتی دیموکراتی کوردستان-یەکگرتوو" و مەسعود بارزانیش بوویە سەرۆکی .

ئەم حیزبە تازە پێکهاتووە لە زۆر بارەوە ببوویە ژانە سەر بۆ بارزانی ، چونکە لە لایەکەوە بەرپرسانی هەر سێ حیزبی(حسک و پاسۆک و پارتی گەل) خاوەنی پێگە و کوتلەی خۆیان بوون لە نێو حیزبی تازە پێکهاتوودا بە تایبەت(سامی عبد الرحمن و سەعد عەبدوڵا) ، لە لایەکی دیکەشەوە هەم ناوی یەکگرتوو ببوویە بەڵایەک بۆ پارتیەکان و هەم بەرواری دامەزراندنی پارتیش کەوتبوویە ژێر پرسیارەوە .
کات هات و چوو ، تا لە ڕۆژی جەژندا تەواوی بەرپرسە کاریگەرەکانی پارتی گەل و (هەردوو سۆسیالیست) لە وێنەی سامی عبد الرحمن و سەعد عەبدوڵا بۆ جەژنە پیرۆزە کۆکرانەوە و بە قودرەتی قادر تیرۆریستێک خۆی گەیاندە ناویان و سەرجەمیانی کوشت بەبێ ئەوەی لەو تەقینەوەیەدا تەنها یەک کەس لە پارتەکەی بارزانی برینداریش بوبێت .
پاش کۆمەڵ کوژی ئەم بەرپرسە کاریگەرانە ، بە فەرمانی بارزانی چەند کەسێک لە خانەوادەی کوژراوەکان بەرپرسیارێتی ڕۆتینیان پێدرا کە لە ژیانیاندا نەیان زانیبوو سیاسەت چییە ، وەک کردنی بەیانی کچی سامی عبدالرحمن بە نوێنەری بارزانی لە بەریتانیا و دانانی چناری کچی سەعد عەبدوڵاش بە وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان .
پاش ئەم کۆمەڵکوژیە هەم بارزانی ڕزگاری بوو لە کەسانێک کە خاوەنی کوتلە و بیری جیاوازبن لە نێو حیزبەکەیدا و هەم پارتیەکانیش ڕزگاریان بوو لە پاشناوی "یەکگرتوو" و هەم ڕۆژی دامەزراندنی پارتیشیان وەک سەردەمی پێش یەکگرتنەکەیان لێکردەوە ، واتە (هەم ناوی پارتە نوێیەکە بوویەوە بە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و هەم ڕۆژی دامەزراندنی پارتەکەش هەمان ڕێچکەی 16ی ئابی گرتەوە بەر) . لە هەمان کاتدا لە جێگەی بەرپرسە تیاچووەکانی (هەردوو سۆسیالیست) و پارتی گەل کەسانێک دانران کە زۆربەیان بریتی بوون لە کەسە نزیکەکانی بارزانی و چەند کەسێکی دیکەشیان تەواو کۆیلە و غوڵام بوون بۆ بنەماڵە .
لە نێو ئەم پارتە تازە دامەزراوەشدا(پارتی دیموکراتی کوردساتانی سوریا) ، بەرپرسەکانی هەردوو پارتی ئازادی و یەکێتی کوردستانی خاوەنی کوتلەی خۆیانن جیاواز لە باڵەکەی بارزانی . ئایا دەبێت چارەنووسی ئەم بەرپرسانەش هاوشێوەی چارەنووسی بەرپرسە کاریگەرەکانی "هەردوو سۆسیالیست" و پارتی گەلی ڕابردوو بێت ؟؟؟
وەڵامی ئەم پرسیارە دەمێنێتەوە بۆ دوا ڕۆژ . چونکە ڕێکخراوی تیرۆریستی القاعیدە خاوەنی کۆمەڵێک بەرپرسی بازرگان و کۆمەڵە چەکدارێکی مێگەلن ، کە بەرپرسەکانیان باش دەزانن بازرگانی بە چەکدارە مێگەلەکەیانەوە بکەن و زۆرترین خەرجی بۆیان وشەی "جیهادە" و دەسکەوتەکەشی ئەو پەترۆدۆلارەیە کە لە ئەنجامی پێکهاتنی بازرگانەکانی القاعیدە و سەرکردەی پارت و دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان وەری دەگرن بۆ کوشتنی نەیارەکانی خۆیان لە نێو حیزب و دەوڵەتەکاندا ، هەرچی چەکدارە مێگەلەکەشە کە لە نەتەوە جیاوازەکان پێکهاتوون خاوەنی هیچ بیرکردنەوەیەک نین تەنها خەیاڵی ئەو بەهەشتە نەبێت کە لە ژیانیاندا نایبینن ، واتە ئەم چەکدارە مێگەلانە چاوەڕوانی فتوای بەرپرسە بازرگانەکانیان دەکەن بۆ خۆ تەقاندنەوە ، بەرپرسەکانیشیان لە چاوەڕوانی دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەدان تاکو بکەونە معامەلەکردن بۆ زیاتر گیرفان پڕ کردن بە خوێنی ئەو مێگەلانەی کە مشتیان لە بەهەشت خۆش کردووە .

لێرەدا دوو پرسیار دەکەم بۆ دوا ڕۆژ :-
1- بۆ کوشتنی بەرپرسەکانی "هەردوو سۆسیالیست" و پارتی گەل ، ڕاستەوخۆ پەنجەی تۆمەت بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستی القاعیدە درێژکرا بەبێ ئەوەی باس لە ئاڵو وێڵی نێوان بازرگانەکانی خوێن بکرێت ، ئەی ئەگەر ڕووداوێکی هاوشێوە بەرپرسەکانی "هەردوو پارتی ئازادی" و یەکێتی کوردستانی گرتەوە ، دەبێت ڕاستەوخۆ پەنجەی تاوان بۆ هەمان ڕێکخراوی تیرۆریستی القاعیدە درێژ بکرێت یاخود وەک تەقینەوەکەی بازاڕی زاخۆ پارتێکی کوری پێ تاوانبار دەکرێت ؟

2- بە کوشتنی بەرپرسەکانی "هەردوو سۆسیالیست" و پارتی گەل مەسەلەکە دیزە بە دەرخۆنە کرا بە هێنانە پێشەوەی چەند کەسێکی سیاسەت نەزان لە خانەوادەی کوژراوەکان ، ئەی ئەگەر ڕووداوێکی وەها لەم پارتە تازە دامەزراوەدا ڕوویدا مەسەلەکە چۆن دیزە بە دەرخۆنە دەکرێت ؟

تێبینی :-
لە پارتی تازە دامەزراودا (پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا) جێگە بە هیچ ژنێک نەدراوە ، لە کاتێکدا کە دەنگی چەند ژنێکی کاندیدکراو زیاتر بووە لە دەنگی زۆربەی ئەو پیاوە کاندید کراوانەی کە بوونەتە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی . کە بە باوەڕی من لەوانەیە لە پیلاندا بێت کە کەسە خاوەن پێگەکانی ئەم حیزبە تازە دامەزراوە لەناو بەرن و جێگەکانیان بە کچەکانیان پڕ بکەنەوە بۆ شوێن بزرکردنی ڕووداوێکی لەو جۆرە . بڕوانە ئەم دوو لینکەی خوارەوە :-
http://www.aranews.org

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە