ڕاستی شەق وەشاندنی قایمقامەکەی چەمچەماڵ

Tuesday, 05/03/2013, 12:00

1339 بینراوە








په‌یامنێری کوردستانپۆست له‌ چه‌مچه‌ماڵ

پاش ئەوەی پزیشکان و رای گشتی زۆر بە توڕەییەوە ئەو هێرشە دڕندانەیەی قایمقایمی چەمچەماڵ تاریق ڕەشیدیان بۆ سەر دکتۆر ئەدیب عومەر ریسوا کرد و ناڕەزاییەکی زۆری بەدوادا هات قایمقام سەرباری نکۆڵیکردن  وای دەربڕیوە کە ڕەنگە دکتۆر ئەدیب سەری دابێت بە دەرگای قاوشەکانی خەستەخانەکەدا ـ هەروەها چەندین دەسەڵاتدارانی یەکێتی هەوڵی ڕاستەوخۆیان داوە کە کێشەکە بە نهێنی بمێنێتەوە یان چارەسەری عەشایەری بۆ دەستدرێژیەکەی قایمقام و پاسەوانەکانی بکەن و بێدەنگی لێ بکرێت ـ
ڕاستی مەسەلە لە سەرچاوەیەکی زۆر نزیك لە ڕووداوەکەوە بەم شێوەیەی خوارەوە باس کراوە:

هاوڕێیەکی قایمقام لەگەڵ نەخۆشێکی بەتەمەندا کە نەخۆشی ڕەبۆ و زەختی دەبێت دەچنە خەستەخانەی پێشڕەو لە چەمچەماڵ، دکتۆر و فەرمانبەرانی خەستەخانەکە وەکو هاوڵاتیەکی ئاسایی مامەڵەیان دەکەن و مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵدا ناکەن، هاوڕێکەی قایمقامیش کە دەیەوێت بخرێتە پێش نەخۆشەکانی ترەوە تەلەفۆن بۆ قایمقام دەکات کە لە خەستەخانەیە لەگەڵ هاوڕێیەکیدا و کەس نایەت بە لایانەوە و پشتگوێ خراون. زۆری پێناچێت قایمقام، کە لە میواندارییەکی خواردنەوە دەگەڕێتەوە بە خۆی و پاسەوانەکانی هەڵدەکوتنە سەر خەستەخانەکە و هەر لەگەڵ هاتنە ژورەوەیاندا دەکەونە جنێودان بە دکتۆر و تەواویی ئەو کارماندانەی کە لە خەستەخانەکەدا دەبن. دکتۆر ئەدیب بە هێمنی بە قایمقام دەڵێت کە پێویست بە تورەبون ناکات ئەو نەخۆشەی ئەو باسی دەکات چارەسەری بۆ کراوە و ئێستا باری تەندروستی سەقامگیرە. قایمقام ڕاستەوخۆ لە دکتۆر ئەدیب دەچێتە پێشەوە و دەستی بادەدات و چەند بۆکسێکی لێدەدات ، بەدوای ئەودا دە کەس لە پاسەوانەکانی قایمقام بە شەق و بۆکس دکتۆر ئەدیب لەسەر زەویدا دەخەن و لێی دەدەن، پاشان دەیبەن بۆ بنکەی پۆلیس و لەوێش دووبارە لێی دەدنەوە و سوکایەتی پێ دەکەن و دەستی بەسەردا دەگرن. برایەکی دکتۆر ئەدیب بە ناوی مامۆستا محەمەد بە زوویی خۆی دەگەیەنێتە بنکەی پۆلیس، هەر لەوێ لە مامۆستا محەمەدیش دەدەن و دەیکەنە دەرەوە، پاشان دکتۆر ئەدیب ئازاد دەکەن، بەڵام پێش جێهێشتنی بنکەی پۆلیس پێی ڕادەگەیەنن کە پێش ئازادکردنی پێویستە تا ئەوەندەی بۆی دەکرێت خۆی و جل و بەرگەکانی پاك بکاتەوە لە خوێن و خۆڵ و تۆزی گەوزاندنی لە زەویدا، ئەگەرچی دکتۆر ئەدیب لە میدیاکاندا تەنها سەرشکاندنی پێوە دیارە، بەڵام تەواویی لەشی شین بۆتەوە و بە ئاشکرا شوێنەواری لێدانن. دکتۆر ئەدیب و بنەماڵەکەی لە دادگای چەمچەماڵ سکاڵا لەسەر قایمقام تۆمار دەکەن بەڵام دادوەر کامیل لەبەر ئەوەی کەسێکی سەر بە پارتیە و لە ناوچەی سەوزدا دەستی ناڕوات تاکو ئێستا جورئەتی نەکردووە فەرمانی گرتن بۆ قایمقام دەربکات، لەوەش گاڵتەجاری تر ئەوەیە کە بە دکتۆر ئەدیبی ڕاگەیاندووە وا باشترە سکاڵاکەی لە دادگای سلیمانی تۆمار بکات، شایانی باسە کە کامێرای خەستەخانەکە تەواوی ڕوداوەکەی تۆمار کردووە و کاسێتەکەش دراوە بە دادوەر کامیل ، ئێمەش لە هەوڵداین بۆ بەدەست خستنی کاسێتەکە و بڵاوکردنەوەی لە میدیاکاندا .
عیماد ئەحمەد بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ دەستی وەرداوەتە مەسەلەکەوە و داوای لە دکتۆر ئەدیب و بنەماڵەکەی کردووە کە کێشەکە گەورەنەکەن و خۆمان عیلاجی دەکەین.
مامۆستا جەلال بریکاری وەزارەتی ناوخۆ ئەویش خۆی دەخاتە کێشەکەوە و تەلەفۆن بۆ بنەماڵەی دکتۆر ئەدیب دەکات و پێیان ڕادەگەیەنێت، کە چ پێویستێك ناکات ئەو مەسەلەیە بەو ڕادەیە لەسەر کاك تاریقی قایمقام گەورەبکەنەوە و ناڕەزابووە لەوەی کە ڕوداوەکە گەیشتۆتە ڕاگەیاندنەکان و رای گشتی.
عەقید سمکۆش کە خزمێکی نزیکی قایمقامە لە لای خۆیەوە هەوڵی داوە کێشەکە لە ڕەوتی یاسایی خۆی لابدات و بە شێوازی عەشایریانە چارەسەربکرێت و ڕیسواییەکانی بەرپرسانی حیزبەکەی یەکێتی نیشتیمانی پەردەپۆش بکات. بۆیە بە بنەماڵەی دکتۆر ئەدیبی ڕاگەیاندووە هەرچیەكیان دەوێت دەیخاتە سەرچاوان و بۆیان جێبەجێ دەکات ئەگەر تنازلی یاسایی لەو کێشەیە بکەن.
قایمقامی چەمچەماڵ تاریق ڕەشید بەکەسێکی ناسەقامگیر و دڕندە و نەزان ناسراوە لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا چەندین جێگۆڕکێی پێکراوە ، لە سەرەتادا قایمقامی چەمچەماڵ بووە پاشان گوێزراوەتەوە بۆ دەربەندیخان لەوێشەوە گوێزراوەتەوە بۆ کەلار دوا ویستگەی گوێزانەوەکانی دوبارە چەمچەماڵ بووە.

دکتۆر ئەدیب و بنەماڵەکەی بە کەسانێکی هێمن و بێ گیروگرفت و بەرێز لە چەمچەماڵ و ناوچەکەدا ناسراون تەواوی بنەماڵەکەیان دورن لە پەیوەندیە حیزبایەتیەکان و بە بێلایەن و تەکنۆکرات ناسراون.
مامۆستا محەمەدی برای مامۆستای پەیمانگای تەکنیکیە لە جەمچەماڵ ، نەسرینی خوشکی مامۆستای سەرەتاییە، لەتیفی برای ئەفسەری پۆلیسە و بە هۆی ئەوەوەی کە کوێستانی هاوسەری بە ئەندامی پەرلەمانی ئێراقی لەسەر لیستی گۆڕان هەڵبژێردرا عەقید لەتیف بە بێ ئەوەی کە خۆی ئەندامی گۆڕان بێت چەندین ساڵە نان بڕاو کراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە