بۆچی پارتی بابەتەكەى شكاندەوە بەسەر گۆڕاندا؟

Wednesday, 26/05/2010, 12:00

1330 بینراوە


دیارە مەبەستی بەندە لەشكاندنەوەى بابەت، مەبەست لەبابەتب ناڕەزایەتییە جەماوەرى و رۆشنبیرییەكانە بە لای گۆڕان و بە موڵككردنی ئەو بزووتنەوەیەو تۆمەتباركردنی.
چەند پرسیارێك لێرەداو لەنێو ئەم بابەتە هەستیارو گەرم و ویژدانییەدا زەرورە بكرێت و بزانرێت كە هۆكاری شكاندنەوەى كۆدەنگهەڵبڕینی جەماوەری كوردستان سەبارەت بە تیرۆركردن و كوشتنی سەردەشت عوسمان بەسەر بزووتنەوەى گۆڕان و بەموڵككردنی ئەو بزووتنەوەیە.
ئایا بزووتنەوەى گۆڕان ئەو بابەتەى بۆ خۆی قۆستەوە یان ئەوە كارى جیدی و حەقیقی هەموو راگەیاندنێكە سەبارەت بە هەر بابەتێكی لەو شێوە؟، ئایا لەكاتێكدا خەڵكی كوردستان پرسیارو ناڕەزایەتییەكانی ئاڕاستەى حكومەت و سەرۆكی هەرێم و وەزیرى ناوخۆو لایەنە ئەمنییەكان كردووە چ پێویست دەكات پارتی بەو شێوە فراوان و زەبەلاحە بیشكێنێتەوە بەسەر خۆیدا؟، گریمان ئاڕاستەى پارتی كرا خۆ كارێكی خراپ و كفر نەكراوە، چونكە ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت یان پارتی بیەوێت و نەیەوێت حزبێكی دەسەڵاتدارە لەسەر ئاستی كوردستان و سوپەر دەسەڵاتیشە لەشاری هەولێرو خودی پارتیش باش ئەوە دەزانێت كە لەو شارەدا چۆلەكە بە بێ پرسی ئەو نافڕێت، ئیتر خۆ بەرۆكی زەحمەتكێشان ناگرین!.
دەبوایە پارتی زۆر بە دڵێكی فراوان ئەو رەخنانەى وەربگرتایەو وەڵامی بەم شێوەیە بوایە بۆ خەڵك (بەڵێ ئێوە راست دەكەن و وەكوو حزبێكی دەسەڵاتدار پەرپرسیارێتی دەخەینە ئەستۆی خۆمان و بەڵێن دەدەین بەجیدی لێكۆڵینەوە ئەنجام بدەین و داواكردنتان بۆ لێپرسینەوە لەوەزیری ناوخۆو ئاسایش و پۆلیس مافی خۆتانە، نەك ئەو هەڵەیە بكات مەسەلەكە لەقازانجی گۆڕان بشكێنێتەوە، دواتر هەر پارتی بابەتەكەى لەقازانجی گۆڕان شكاندەوەو بوو بە هۆكارێك كە خەڵك چیتر متمانەى زیاتر بە گۆڕان بكات كە بە جیدی بەرگری لێدەكات، هرەچەندە بەندەو دەیان رۆژنامەنووسی سەربەخۆی دیكە ناڕازی بوو لەوەى ئەو بابەتە لەقازانجی هەر رێكخراوو حزب و بزووتنەوەیەكی تر بشكێتەوە.
هاوكات دەبوایە بارەگاو ئەندامانی خوارەوەى خودی پارتی لەگەڵ خەڵك و ئەو بزووتنەوە جەماوەرییەدا دەنگی ناڕەزاییان بەرز بكردبایەتەوەو داوایان لەسەرەوەو سەركردایەتی حزبەكەیان بكردبایە كە بەڵێ خودی حزبەكەمان دەسەڵاتدارەو بەرپرسیارێتی لەئەستۆى ئەودایەو دەبێت چ زووە كارەكتەرو بكەرەكانی ئاشكرا بكرێ، نەك لەخۆیان لەبابەتەكە كپ بكەن و گوومانی تەواو لەسەر حزبەكەیان دروست بكەن، كە لەسەدا نەوەدی ئەو خەڵكەى ناڕەزایی دەربڕیوە پارتی بە بەرپرسیارو تۆمەتبار دەزانێت.
لایەنی دەسەڵات بە تایبەت بەشە زەردەكەى بەردەوام قەوانی تۆمەتباركردنی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆنی لێدەدایەوە، بریا بزووتنەوەى گۆڕان رێكخەری ئەو ناڕەزایەتییانە بوایەو بەردەوام كارى لەو وێنەیەى بكردبایە كە هەمیشە كارى ئۆپۆزسیۆن خۆی لەو شێوازە ناڕەزایەتییانەو رێكخستنی دەبینێتەوە نەك تەنها كارى ووتن و قسەكردن و گلەیی بێت، بەڵام بەداخەوە دەبینین گۆڕان و لایەنی بە ناو ئۆپۆزسیۆن نەیتوانیوە بە كارى حەقیقی خۆی هەستێت كە هێنانە سەرشەقامی خەڵكییە بەرامبەر بە دەسەڵات و حكومەت، لێ گۆڕان و بە ناو ئۆپۆزسیۆنەكان هێندەى لەتۆمەتی دەسەڵات (یەكێت و پارتی) دەترسن و حساب بۆ گازندەو وتەكانیان دەكەن، حساب بۆ لایەنی دراوەكەى دیكە ناكەن كە خەڵك و تاكەكانی كۆمەڵگەیە.
هاوكات بێدەنگبوونی یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی و تەواوى حزبەكانی دیكە جگە لەشیوعی كە لەیەك دوو شوێن بە بەیاننامەو خۆپیشاندان و گردبوونەوە ئیدانەى ئەو تراژیدیایەیان كرد، نقەیان لەدەمەوە نەهات و رووى راستی خۆیان بۆ هەموو لایەك دەرخست كە ئەوان تەنها گیرفانی خۆیان و خزب ەكانیان لا مەبەستە نەك من و سەردەشت و تەواوى كۆمەڵگە.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە