تەححا لە هۆمەرى دزەیى

Monday, 09/11/2009, 12:00

1625 بینراوە


من ئەوكاتە زانیم هۆمەرى دزەیى بەتەنها هونەرمەند نییە،و سیاسییەكى لێهاتوە، كەهاتەوە بۆكوردستان، لەجێى ئەوەى گۆرانى (شۆڕەژن و لێوبمژم) بۆ گەنجى كورد بڵێ، كەچى خۆیكرد بە دیوەخانەكەى تاڵەبانى لە بەغداد و بو بە گوێڕایەل و بەندەى مامۆستاى ماستاوى سیاسى، كەخۆیى بە سیاسەتى ریئالیستى ناویبردوە.
هۆمەرى دزەى لەچیرۆكى ئەویندارییەوە*، دێت و بەكۆڵێك رەشبینیەوە، بە نەوەى نوێ ئەڵێت، (راوەستن ئێوە گۆڕان مەكەن چونكە گۆڕان خۆی دێت و پەلەشتان نەبێت،و ئێوە هەرچى بكەن لە تاڵەبانى باشترتان بۆ نایەتە خوارەوە لە ئاسمان) خوارەحمى كرد غاندى لە بزوتنەوەى گۆڕان نەبو، ئەگینا بە پێوەرى مامۆستا هۆمەر، غاندى نە سەركردەیە و نە رابەر وبگرە كەسێكى خەیاڵیشە، تەنها لەبەر ئەوەى ئامادە نییە و نەبوە چۆك بۆ دژمنان دابدات و بازرگانى بە خوێن و سەرمایەیى كیللەتەوە نەكردوە، و لەگەڵ ئازار و خەمەكانى میللەتەكەیدا ژیاوە، دڵنیام مامۆستا دزەیى ئەگەر غاندى بیر بوایە لەكاتى نوسینەكەیدا، ئەوا هەرزو ئەوەى بۆ پیاهەڵدانى تاڵەبانى و بارزانى نوسیوە رێك پێچەوانە دەبویەوە، بەڵام دیارە كاك هۆمەر كە دەمێك راوێژكارى تاڵەبانى بو لە بەغداد، قەل و قەرەخەرمان و ماسى ئەبى نەواس و هەمو خواردنە بەتام و لەزەتەكانى دونیا و هەندێ جاریش سۆزانى، كە خۆى هەمیشە نەیشاردۆتەوە عاشقى ئەو بەزمانەیە، گومڕاترى كردوە و ئاگای لە هاوڵاتیانى گەرمیان و هەڵەبجە و شوقەكانى قالاوە و شوێنە هەژار نشینەكان نییە.
هۆمەرى هونەرمەند و عاشقى ریبازى ریئالیستى ماستاوى سیاسى نایشارێتەوە كوردستان چى خەرابەیەكە،بەڵام پێیوایە كورد هەر ئەوەى لە ئێستادا پێدەبڕێت، و ئەوش لەسایەى حیكمەتى تاڵەبانیدایە، نەك هەلومەرجى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى، ئەو هەندێجار ئەیەوێت راستى بڵێت بەڵام هێندە عاشقى سیاسەتى تاڵەبانییە ناتوانێت.
ئەى هۆمەرى هونەرمەند، تۆ یەكەم كەسیت كە تاڵەبانى پێى وتیت ئەو كوردستانەى تۆ دەیان لاپەڕەت بۆ نوسیوە، خەونێكى شاعیرانەیە، و هەرچى ئەو خەون و خولیا و ئارەزوەى تۆ هەیە خستیە دەریاى ناوەراستەوە لە ئەستەنبول، و تۆش تەفسیرت بۆى سیاسەتى ریئالیستى و قسەى قۆڕە، ئاخر كام ریئالیست، كە ئەو سەركردە جوانەى تۆ دێت و هەرچى ئەوەى كە تاكى كوردى ئومێدى لەسەر هەڵچنیوە و بنەما و خواستى دەرونى هەمو مرۆڤێكى كورد پێك ئەهێنیت و بونەتە بەشێك لە روحى ناسیونالیستى كوردى بەرامبەر دوژمنان، بیخاتە ژێر پێى خۆى و ئارەزوەكانى، و لەناو دڵى دوژمنەكەتدا بڵێت دەوڵەتى كوردى خەونى شاعیرانەیە(هۆمەرانەیە)، تۆى هۆمەرى شاعیر و هونەرمەندیش نەوتوانى بە شیعرێكى ئەویندارى وەسف و سەناى ئەو وتە روخێنەرەى تاڵەبانى بكەیت، بەڵام دێیت و بەزمانێكى سیاسى پیاهەڵئەدەى.
هۆمەر دزەیى باسى مێژوى هەندێك لەو وڵاتانە ئەكات كە شۆڕش و خەبات تێیاندا ماڵوێرانى لێكەوتۆتەوە، هەموى ئەگێڕێتەوە بۆ ئەوەى كە گۆڕان پەلەى تێدا كراوە یان بەدۆخى سروشتى خۆیدا تێنەپەڕیوە، بەڵام من هۆمەر و هاوچەشنەكانى دڵنیا ئەكەمەوە،(سەدام و ناپلیۆن و ستالین...) دەیان كەڵە هونەرمەند و شاعیر و سیاسەتمەدارى هاوشێوەى جەنابت دروستیانكرد، ئەو هونەرمەندە دەربارانەى هەمیشە دیكتاتۆر دروست ئەكەن، تۆششششششششش لەسەدەى بیست و یەكدا تاڵەبانى و بارزانیت والێكردوە، دڵنیا بە ئەوەى تۆ ئێستا بەجوانى وەسفى ئەكەى رۆژێك دێت لەلاپەڕەكانى مێژودا لەریزى ئەو ناونەى سەرەوەن كە خۆت بە مایەى ماڵوێرانى داتناون، هۆمەر دزەیى نمونەى چەند وڵاتێك ئەهێنێتەوە كە گۆڕینى سوڵتە بوەتە هۆى نەهامەتییان، من لێرەدا لەو هۆمەرە نازدارە ئەپرسم، باشە باشە بۆ باسى گەشەى ئەو وڵاتانە ناكەیت كە لەماوەى كەمتر لە 25 ساڵدا توانییان بونیادى كۆمەڵێكى پێشكەوتو بدەن و بەراستیش ببنە شەعبوڵاى مختار لەوانە هەریەكە لە وڵاتى ژاپۆنى دواى جەنگى دوەمى جیهان و كۆریایى باشور.
من هەرئەوەندە ئەڵێم خۆت جوانت وتوە لە 1948 ەوە هاوڕێى تاڵەبانیت، لەوكاتەوە سیاسەت ئەكەن، توخوا تو ویژدانت، كام سەركردە و رابەرى ئەو وڵاتانەى كە جەنابت لەماوەى 40 ساڵى رابردوى تەمەنتا سەردانت كردون 61 ساڵ(1948-2009) سیاسەت بكا و هەر خۆیى سیاسى و رابەر و ژیر و دانا و زانا و بێوێنە و لەكەسنەچو و هەمو شتێك بێت، وەكو تاڵەبانى و بارزانیەكەى لاى تۆ؟
ئەگەر بڕوات وایە كە كورد لە تاڵەبانى و بارزانى سیاسەتزان و سەركردەترى تێدا نییە، ئەوا تۆ لەكەس ناچیت لەوانە نەبێت بە شیعروشانامە سەركردەكان توشى گومڕاى ئەكەن و دڵنیابە بەو شێوە كارەت تۆشششش بەرنەفرەتى رقى جەماوەرى خێرلەخۆنەدیو و گەنجى توڕەى ئەم كوردستانە ئەكەویت، و گۆڕەكەت ئەبێتە سەراى سیاسیە درۆزنەكان نەك عاشقە هەست ناسكەكان وەك ئەوەى لە كتێبى چیرۆكەكانى ئەویندارییەوە من وات لێتێگەیشتم بەڵام ئەفسۆس.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە