بە بڕیارێكى ئەحمەد حەسەن بەكر، مافى فۆتۆگرافێكى كورد دەخورێ

Monday, 18/05/2009, 12:00

2108 بینراوە


 هەولێر/ دواى ئەوەى لە ساڵى 2006 لەلایەن رۆژنامەنووسێكەوە بەبێ ئاگادارى خۆى شەش وێنەى شارى هەولێرى لە كتابێك بڵاودەكرێتەوە، فۆتۆگرافەر جەنگیز محەمەد داوایەكى یاسایى تۆمار كرد، بەڵام بە یاسایەكى كۆنى ئەحمەد حەسەن بەكر هیچ مافێكى نەكەوت.
لەوبارەیەوە جەنگیز محەمەدى وێنەگر راگەیاند، دواى ئەوەى لە بازاڕ شەش وێنەی كۆنى خۆى لە كتابێك بە ناوى (هەولێر لە نێوان ئەمرۆ و دوێنێ) بینى كە بڵاوكراوەتەوە، داواى بینیى خاوەن كتێبەكە كرد، گوتى "كاتێك ئەو وێنانەى خۆم بینى بڵاوكراونەتەوە پێم سەیر بوو، چونكە ئەو وێنانە جگە لە لاى خۆم لە هیچ شوێنێكى دیكە نییە، كە لە ساڵانى حەفتاكان گیردراون، چەند جارێك داوام كرد خاوەنى ئەو كتێبە ببینم، بەڵام ئەو ئامادە نەبوو"، ئەو فۆتۆگرافە ئەوەشى راگەیاند، بە هۆى خۆ دزینەوەى بەرامبەرەكەى ناچار بووە، پەنا بۆ دادگا ببات، دەڵێ "چووم بۆ دادگا داوایەكم تۆمار كرد، پاشان ئەوەى لێكۆڵینەوەیەكى ورد كرا، دەركەوت كە ئەو وێنانە هى منە، بڕیاردرا بە قەرەبووكردنەوەى حەوت ملیۆن دینار، بەڵام لە ئیستنیاف بە بڕیارێكى كۆنى ساڵى حەفتاكانى ئەحمەد حەسەن بەكر پێنج وێنەى رەفز كررایەوە، گووایە ئەو وێنانە لە ژێریان نووسراوە (مەجهول)، لە كاتێك خاوەنەكەى دیارە"، جەنگیز محەمەد ئاماژەى بۆ ئەوە كرد دادگا بڕیاریدا تەنیا لە یەك وێنەدا قەرەبوو بكرێتەوە، بەڵام ئەو پێیوایە دادگا بە بڕیارێك كە ناوى هیچ یاسا و بڕگەیەكى قانوونى نەبردووە و پشتى بە لێژنەیەكەوە بەستووە.
فۆتۆگرافەرى ناوبراو باسى ئەوە دەكات بەپێى قانوونى نوێى 2004 هاتووە نابێت بە هیچ جۆرێك بابەتى كەسێك بەكاربهێنى بەبێ ناوهێنانى سەرچاوە، بۆیە ئەو گوتیشى "دادگا بڕیارێكى بۆ من دەركردووە، كە وێنەگر پێویستى بە بە پاراستن و قەرەبووكردنەوە نییە، بەبێ ئەوەى ئاماژە بە هیچ یاسا و بڕگەیەك بكات، تەنیا پشتیان بە لێژنەیەكەوە بەستووە، كە ئەسلەكەى وا نییە و لە پێش من پێیان راگەیانرا تەنیا بڕیار لەسەر یەك وێنە بدەن، نەك هەر شەش وێنە بدەن"، جەنگیز محەمەد داوا لە دادگاى تەمیز دەكات، چاو بەو بڕیارە بخشێندرێتەوە، كار بە یاساى نوێ بكرێت، بۆئەوەى مافى هەموو هونەرمەند و نووسەر و فۆتۆگرافێك پارێزراو بێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە