بەبێ وتنەوەى وانە لە كۆلیژى هونەرە جوانەكان كاوە شێخ 11 ملیۆن دینار بە ناوى مامۆستایەتى وەرگرتووە

Wednesday, 29/04/2009, 12:00

1942 بینراوە


بەپێى ئەو رێككەوتنەى كە لە نێوان كاوە شێخ و سەرۆكایەتى زانكۆى سەڵاحەدین و كۆلیژى هونەرە جوانەكان هەیە، كاوە شێخ بە ناوى مامۆستایەتى لەو كولیژەدا بڕى 11 ملیۆن دینارى وەرگرتووە و بەبێ ئەوەى بوونى هەبێت، راگرى ئەو كۆلیژیەش رایگەیاند "بەپێى ئەو زانیاریەى كە هەمە كاوە شێخ لە دەرەوەى كۆلیژ وانەى گوتۆتەوە".
سەرچاوەیەك ئاگادار لە كۆلیژى هونەرە جوانەكان كە نەیویست ناوى ئاشكرا بكرێ راگەیاند بە میدیاى، بە هۆى نەبوونى مامۆستاى دەنگ لە كۆلیژى هونەرە جوانەكانى زانكۆى سەڵاحەدین لەسەر داواى سەرۆك بەشى مۆسیقا لە كۆلیژى ناوبراو لە شارى هەولێر، گڕێبەستى یەك ساڵ بۆ هونەرمەند كاوە شێخ كراوە بە بڕى یەك ملیۆن دینار بە مەبەستى وانە گوتوونەوە بۆ یەك وانە، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەى بۆ ئەوەشكرد هونەرمەندى ناوبراو لە كۆى یەك ساڵ لە كۆلیژى هونەرە جوانەكان بوونى نەبووە و مانگانەش بڕى یەك ملیۆن دینارى وەرگرتووە، كە ئەوەش "پێچەوانەى یاساكانى سەرۆكایەتى زانكۆى سەڵاحەدینە".
جەوهەر فەتاح راگرى كۆلیژى هونەرە جوانەكانى شارى هەولێر لە لێدوانێكیدا رایگەیاند، بە هۆى نەبوونى مامۆستاى دەنگ گرێبەستیان لەگەڵ كاوە شێخ كردووە، چونكە ئەو پێیوایە "كاوە شێخ زانیارییەكى باشى هەیە لە بوارى دەنگ، ئەوەش لەسەر داواى سەرۆك بەشى مۆسیقا دكتۆر محەمەد زازا ئەو گرێبەستمان لەگەڵ ئەو هونەرمەندە كردوە"، راگرى كۆلیژ ئەوەشى ئاشكرا كرد بە حوكمى نەبوونى ستۆدیۆى دەنگ لە كۆلیژیەكەیان، قوتابییەكان لە دەرەوەى كۆلیژ و لە كەناڵى زاگرۆس وانەیان وەرگرتووە، ئەوەش لەسەر رەزامەندى ئەوان و كەناڵى ناوبراو كراوە، قوتابیەكى كۆلیژى هونەرە جوانەكان لە بەشى موزیك كە نەیویست ناوى ئاشكرا بكرێ راگەیاند، تاكو ئێستا مامۆستا كاوە شێخى نەبینیوە و ناشى ناسێت و دەڵێ "من نەمزانیوە مامۆستایەكمان هەیە بە ناوى كاوە شێخ، بەڵكو تائێستا وانەى دەنگمان نەخوێندوە".
دكتۆر جەوهەر فەتاح لەوباریەوە گوتى "لێپێچینەوە دەكەم، چۆن لە كەناڵى زاگرۆس وانەى نەگۆتوەتەوە، ئەوەندەى من پرسیومە قوتابییەكان هەموو هەفتەى رۆژێك لە كەناڵى زاگرۆس وانەیان وەرگرتووە"، بەڵام كاوە شێخ لەوبارەیەوە هەواڵەكەى بە ناراست وەسف كرد و راگەیاند "وانییە، من لە نێو كۆلیژ و زاگرۆس وانەم گوتۆتەوە، با راگرى كۆلیژ لێپێچینەوە بكات".
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە