سوێندخواردن بەچی و چۆن؟!

Thursday, 20/08/2009, 12:00

1717 بینراوە


سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە 09.8.20 وەک بڕیار بوو، لیستە براوەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا لەوێدا بێجگە لە چەند کەسێک زووربەی زۆری کاندیدکراوەکان سوێندیان خوارد، و پەلەوپایەکانیان دیاریکرد. گەرماوگەرم چەند خاڵم تۆمارکرد، بەم شێوەیە:

ئەو سوێندخواردنە کە دەڵێ: سوێند بێ بەیەزدانی مەزن، پارێزگاری لەیەکێتی گەل و خاکی کوردستان عێراق و بەرژەوەندییە باڵاکانی دەکەم. ئەو وشەییـ (...دەکەم...)ە لەنگە و نادروستە، دەبێت لەبری بڵێن: (... بکەم...). چوونکە لەدوای سوێند خواردنەوەکەوە ئەو سوێندە جێبەجێ دەکەن. شایەنی ئاماژەیە ژمارەک لەوانە وشەی (... بکەم ...) بەکار هێنا.

لایەنێکی تری ئەو سوێندخواردنە، قالبیکی ئاینی پێوە دیار بوو، دەکرێت بڵیم لەگەڵ کۆمەڵی کراوە و ئازاد و دیموکرات نایەتەوە و نوقسانە، بەوەی لە نێو هەرێمدا، تەنها ئاینی ئیسلام نییە، ئاین و ئاینزا و بیروباوەری نائایینی زۆری تریش هەیە. یان نەدەبوایە کتیبی ئاینێکی دیاریکراو دابنرایە، کەسەکان دەستیان نەخستبایە سەر، باشتر بوو سوێندیکی وا دابنرایە کە لەو نێوەدا کەس مەغدوور نەکات.

یەکێک لە لیستی گۆڕان سەپرایسی خولقاند، وێرای سوێندە تەقلیدییەکە، سوێندی بەپارێزگاریکردن لەسیستەمی دیموکراتیش خوارد.

باشە بۆ کەمەنەتەوەییەکانی دی هەرێمی کوردستان لەو سوێندخواردنانە، بەزمانی خۆیان تێکستەکەیان نەدەخوێندەوە؟! تەنها یەک لەتورکمانەکان چەند وشەیەکی زیادی دوای سوێندەکە، بەزمانی خۆی بۆ زیاد کرد.

لەپێشی پێشەوە، یەکێک لەدانیشتووەکان بەبەرگی سەربازی دیار بوو! پێدەچێت وا بزانێت کە لە ناو سەربازگاکەی خۆیدایە! قسە لەوەیە بۆ ئەو کەسە بەو شێوەیە ئامادە بووە و هاتووە؟ کە دیارە پلەوپایەیەکی گەورەی هەیە، بۆ بەرگی تەشریفاتی لەبەر نەکردووە! کە وەک ئسوڵ بۆ ئامادەبوون لە مەراسیمێکی شکۆدار و فەرمی وادا، دەبێت ڕعایەتی ئەو خاڵەی بکردایە، وەک چۆن لەوڵاتی خۆیاندا دەیکەن!!!! 09.8.20


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە