شەڕی بە پارێزگا بوون گرنگە یان شەڕ لە پێناو دابین کردنی ژیانێکی شایستە بەهەموان!

Thursday, 20/03/2014, 12:00

1969 بینراوە



کاتێک قورسایی ژیان کردن بگات بە ئاستێک هێند زەحمەت بێت، وەک پەندە کوردیەکە دەڵێت(نان لە قوڕگی شێردایە و چۆن دەری دەکەیت، ئەوە مەسەلەیەکی ترە) لەم شێوە ژیان کردنەدا، ژیان کردن مانایەکی نیە. چونکە لەئاوا حاڵێکدا، پانتاییەک نابینرێتەوە بۆئەوەی گشت وەک مرۆڤ ببینرێن، هێندەی بەشێک وەک شێر(من دڕندەیی گیان دارەکان ناشوبهێنم بە دڕندەیی مرۆڤ، چونکە ئاژەڵەکان بە غەریزە بەهێزن یان لاوازن، بەڵام مرۆڤ بە پلان بۆ داڕشتن دەگاتە ئاستی دڕندە بوون) بەڵام ئەو پەندە کوردیانە بۆخۆی مانای تایبەتی خۆی هەیە. چونکە ئەوی تریش ناتوانیت ببێت بەشێر و بەشخوراو دەمێنێتەوە.
لەم بابەتەدا دەمەوێت پرسی بە پارێزگا بوونی شاری هەڵەبجە کە ماوەیەکی زۆرە لە نێو میدیاکاندا قسەوباسی لەسەرەو هەر حیزبێکی حاکم و ناحاکم، بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆیان لێکدانەوەی بۆ دەکەن و حکومەتەکەی مالیکیش لە بەغداد، ڕازیە و هەندێک کات ناڕازی. دیسان ئەوانیش بەپێی قورسایی بەرژەوەندیە شۆڤێنیە نەتەوەییەکانی خۆیان بیری لێدەکەنەوە. بۆخەڵکی هەڵەبجەش، بەپارێزگا بوونی شارەکەیان وەک دیارییەکی پڕ لەبەها دەبییننەوە، لەوەی کە ئەوانیش وەک شارەکانی دیکە کە مافی پارێزگا بونیان هەیە و بەهرەمەندن لە خزمەت گوزاری زیاتر لە چاو ئەو شاروگوندانەی دیکە کە پارێزگا نین! لێرەدا هەقمانە بڵێین ئاخۆ گەر ژیانێک وادابین بکرێت بۆخەڵکی عێراق و باشوری هەرێمی کوردستان، کەوایە مافی گشت شارۆچکە و گوندێک نیە تا ئەوانیش داوای بەپارێزگا بوونی شاروگوندەکانیان بکەن؟ ئاخۆ لەنێو ئەو شارانەی کە مافی بەپارێزگا بونیان هەیە و کراون بە پارێزگا، تا چەند پرەنسیپەکانی مانای شار و ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین کراوە بۆ گشت لایەک لە دانیشتوانەکەی؟ تا ئێستا لە هەرێمی باشوری کوردستاندا، بەپێی ئەو بودجە زەبەلاحەی هەیەتی، هێشتا ژیان کردن لە سنورێکی زۆر ناهاوسەنگدایە لەنێو دوو چینی کۆمەڵگادا، یان باشتر وایە بڵێین لە چینی سەرەوەی خاوەن حیزبەکان و چینی خوارەوەی ژێر دەستەکراودا! ئالێرەدایە، بەپارێزگاکردن، بەهرەمەندیەکەی و ئاستە بەرزەکەی لە چاو ئەو شارانەی پارێزگا نین لە کوێدایە، بە پارێزگا بوونی شارەکان و خۆپیشاندانی جەماوەری بۆئەوەی شاریان بۆ بکرێت بە پارێزگا، لە دیدی خۆمەوە بەکارێکی سەرکەوتوانە نازانم، چونکە ئەو خەبات کردنە، لە دوادەرئەنجامدا، تەنها بە قازانجی بەرژەوەندی کۆمەڵێک یان چینێکی خاوەن حیزبی ملیۆنێر تەواو دەبێت و باقی دانیشتوانی شار هەر هەمان ژیانی پێش بەپارێزگا بونیان دەبێت.
شەرکردن لە پێناو ژیانێک کە شایستە بێت بەمرۆڤ و کەس موحتاجی ئەوی دی نەبێت لەوەی لەتەنگانەدا قەرزێکی پێبدات یان بەهانایەوە بچێت، یان ملکەچی ئەوی تر بیت کە خاوەن هێز و دەسەڵاتە، زۆر مەزنترە، لەو شەڕەی کە دەکرێت تا ئەوەی شارەکان بکرێن بە پارێزگا. لێرەدا دەکرێت سەرنج بدەین بە ئەرک و بەرپرسیاریەتی حکومەت و پەرلەمانی بەناو هەڵبژێردراوی نێو دەنگەکانی کۆمەڵگا، ئاخۆ گەر ئەوان لە خزمەت بەرژەوەندیە گشتیەکانی کۆمەڵگادان، بۆ نەیان توانیوە کارێکی وا ئەنجام بدەن، کە ئاستی جیاوازیە بژێوی و دەرونیەکانی نێوان ئەو شارانەی پارێزگان و ئەو شاروگوندانەی پارێزگا نین، کەم بکەنەوە یان هەر نەیهێڵن؟ ئاخۆ گەر ئەو دەسەڵاتە تەنها لەبەرژەوەندی چینی دەست ڕۆشتودا نین، بۆچی تادێت جیاوازیە چینایەتیەکان زەقتر و گەورەتر دەبن؟ ئاخۆ گەر ئەو دەسەڵاتە لەپێناو پەروەردەی گشتی کۆمەڵگادا بوایە، نەدەتوانرا تا ئەم ساتە، زۆر کاری مەزن ئەنجام بدرایە لە پێناو ئاراستە کردنی کۆمەڵگادا، بەرەو ئاڵوگۆڕی ڕیشەییانە تا چیتر ئەو کارە نامرۆڤانەیەی ڕۆژانە دەیبیستین، دەرهەق بە ناعەدالەتیە کۆمەڵایەتیەکان، چیتر بونیان نەبوایە؟
دەسەڵات کاتێک کۆمەڵگا دابەش دەکات بۆ دوو چینی جیاواز، لەڕوی ژیان و گوزەرانەوە، ئەوکات، گەر گشت شارو شارۆچکەکان و تا دەگات بە گوندەکانیش بکرێن بە پارێزگا، هیچ سودێکی گشتی تێدا نیە. تەنها ئەو سودەی هەیە، کە بۆخاوەن سەرمایە و خاوەنانی حیزبە خاوەن دەسەڵاتەکان، بوارێکی زیاتر دەڕەخسێت تا زیاتر قازانج و سودەکانی خۆیانیان تێدا گەورەتر بکەن، بۆ خەڵکی هەژارکراویش، هەر مایەی بەدبەختی و ڕۆژ ڕەشی دەبێت. ببینن، بزانن لەم ماوەی ڕابردوەدا، کە دەڵین بانکەکان پارەی تێدا نەماوە و حکومەتی ناوەندیش لەوێدا دەکرێت بە تاوانباری سەرەکی و حکومەتە کوردیەکەی هەرێمی باشوری کوردستانیش لە ژێر ناوی کوردایەتی و خەبات لە پێناو کورد بوندا خۆی لەمەسەلە سەرەکیەکان کە پەیوەستە بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە چۆن خۆی لێ بێبەری دەکات. ئاخۆ لێرەدا کێ زەرەر مەندی سەرەکیە لەم نێوەدا؟ ئایا تەنها ئەو کۆ مرۆڤانە نین ڕۆژانە کار ڕادەپەڕێنن و سەر بە چینی خوارەوەی کۆمەڵگان؟ ئاخۆ خاوەندارانی سەر بە حیزبەکان، هیچ خەمێکیان هەیە لەوەی سفرەی ماڵەکانی ئەوانیش وەک جاران نیە؟ یان ئەوان بۆخۆیان لەسەرەوە تێرن و یاری بە ئیحساساتی تاک بە تاکی کۆمەڵانی ژێر دەستەی خۆیان دەکەن، لە ژێر ناوی کوردایەتیدا؟ ئالێرەدایە، کە خەبات کردن لە پێناو دابین کردنی ژیانێکی یەکسانیخوازانەدا کە چیتر من لەتۆ بچوکتر نەبم، زۆر بەبەهاترە، لەوەی ئێمە خۆمان بدەین بەکوشت تا شار و شارۆچکەکەمان بکەین بە پارێزگا و، دواتر ئەوی کار بەدەستی سەرەوەی ئێمە لێی بەهرەمەند بێت.
کۆمەڵگای هەرێمی باشوری کوردستان، لەژێر سایەی سەری ئەو پەروەردە شکستخواردوەی هەردوو حزبی باڵا دەست و ئەحزابی ئۆپۆزیسیۆنیشدا، نەک ناتوانێت بگاتە ئەو خواست و ئامانجە مرۆییانەی هەیەتی، بەڵکو دەتوانم بە یەقینەوە بڵێم، ڕۆژ بەڕۆژ، دەکەوێتە نێو ئەو تەپوتۆزەی کە سەرانی حیزبی باڵادەست هەڵیان کردوە و لەوێدا ناتوانێت تەنانەت بەردەم هەنگاوەکانی خۆیشی ببینێت. ڕێگای چارەسەر و گونجاو، تەنها، خەبات کردنە لە پێناو ژیانێکی دیموکراتیانەی یەکسانیخوازیدا، تا ئەوەی گشت تاکی کۆمەڵگا زۆر بەسادەیی هەست بەبونە مرۆی یەکەی خۆی بکات و بتوانێت ئەو توانا مەزنەی هەیەتی بەکاری بهێنێت لە پێناو بەرەو پێشەوەچونی ژیاندا. خۆشی ژیانکردن تەنها لەم سەرزەمینەدایە، لە هیچ شوێنێکی تر ژیان بەدەست ناکەوێت، بۆیە دەڵێم مرۆڤ تەنها یەک جار دەژی، بۆیە ژیانێک خۆشە، کە مرۆڤ خاوەن کەرامەت و ڕێزی خۆی بێت، نەک چینێک لەسەرەوە حاکم بێت و چینێکی تر ژێر دەستە و کۆیلە و گوێ لەمستی سەرانی چەوسێنەر بن!!!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە