یەکێتی پارتێکی سۆسیال دیموکراتە یان پارتێکی بنەماڵەیی و ئاغایەتیە!

Tuesday, 18/02/2014, 12:00

1808 بینراوە



یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەردەم ئەو پڕوپاگەندەی بۆخۆی کردوە کە ئەو جیاوازترە لە پارتەکانی دیکەی باشوری کوردستان، بەو هۆکارەی ئەوان پارتێکی بەبنەما سۆسیال دیموکراتن و کۆی بنەما دیموکراتیەکان لە نێو ئەو پارتەدا جێگیر کراوە یان بونی هەیە. یەکێتی بەو پروپاگەندەییەی هەر لەسەردەمی دروست بونیەوە کە گوایە ئەو ، تەنها پارتی دروستە لە خزمەت چینی ڕەنجدەر و پاڵە و زەحمەتکێشی کوردستاندایە تا دەگات بە عێراقیش، بەم شیعارەیەوە بەربەرەکانێی پارتی و حیزبی شیوعی و پارتەکانی دیکەی دەکرد، وە لەڕوی کرداریشەوە توانی خەڵکێکی زۆر لە ئازادیخوازان و چینی زەحمەتکێشی شار و گوندەکان بخاتە شوێن خۆی و ئەو پارتەیان لەلا بکاتە ڕزگاریبەخشی یەکجاری. ڕاستیەکانیش بەپێچەوانە هاتنەوە لە نێو مێژوی ئەو پارتەدا، داواجاربۆ زۆرینەی خەڵکی زەحمەتکێش و تەنانەت خودی ئازادیخوازنیش، ئەو پشتی پەردەیە ئاشکرا بوو، کە ئەم پارتە نەک لە خزمەت ئەو شیعارانەی خۆیدا نەبوو، بەڵکو بۆخۆی بوو بەو چینە باڵادەستە چەوسێنەرەی، کە جارێکی تر پێویستی ڕێکخراوبونی کۆمەڵایەتی و چینایەتی وا دەخوازێت پارتێکی شۆڕشگێڕ لەبەرانبەر ئەودا سەر دەربێنێت و لە دژیدا خەبات درێژە پێبدات. چونکە ئەوەی یەکێتی نیشتمانی جیادەکاتەوە لە بنەما ئازادیخوازیەکانی کە ئیدیعای بۆدەکات، ئەو خۆگرێدانەیەتی بە توخمەکانی بنەماڵەچیەتی و ئایدۆلۆژیا ی ئاغاواتەکان.
خۆگەر وانەبوایە، دەکرا تا ئێستا و دوای زیاتر لە ساڵێک نەخۆش کەوتنی تاڵەبانی بۆ چەندین جار لە ڕێی کامێراکان و میدیاکانەوە ببینرایە و بۆخەڵکی و هەوادارانی ڕوون بایەتەوە کە ئەو پارتە ئاغاواتی نیەو سەر بەبنەماکانی پارتێکی مۆدێرنی سۆسیال دیموکراتیە! ئاخۆ خۆخەڵەتاندن نیە بۆ مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی ئەو پارتە کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ناتوانن بچنە لای سەرۆکیان و لە نزیکەوە بیبینن، بە غەیری خانمی یەکەمی عێراق نەبێت؟ ئیتر ئەبێت سۆسیال دیموکراسی چ مانایەک بگەیەنێت!!!!!! ئاخۆ جێگای شەرم لە خۆکردن نیە بۆ پارتێکی خۆبەسۆسیال دیموکرات، بۆ کێشمەکێش و ململانێکانی نێوانیان لە غیابی تاڵەبانیدا، دەوڵەتێکی چەوسێنەری وەک ئێران ببێتە نومایندەیان و کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات؟ ئەو دەوڵەتەوی ڕۆژانە گیانی دەیان ئازادیخواز چ فارس بێت یان کورد و نەتەوەکانی دیکە دەکات بەپەتی سێدارەدا و لە ژێر ناوی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە، ژیانی کۆمەڵگای خستۆتە ژێر هەڕەشەیەکی ترسناکەوە؟ ئاخۆ گەر ئێوە پارتی سەر بەبنەما سۆسیال دیموکراتە بۆرژوازیەکانیش بوایەن، چۆن ڕێگاتان بەخۆتان دەدا، سەرۆکی هەرێم بێت کێشەکانتان بۆچارەسەر بکات، لەکاتێکدا کۆی خەڵکی کوردستان دەزانێت ئەوان سەر بەبنەما ئاغایەتیەکانن و هەڵگری ئەو ئایدۆلۆژیایەن کە دەبێت ئەوان پیرۆزکراو بن و بپەرسترێن، دیارە ئەو بیرکردنەوەیەش بۆ خەڵکی ئازادیخواز و پارتێک خۆی بەنزیک لە چەپی بۆرژوازیش بزانێت، دەزانێت ئەو شێوازە لە بیرکردنەوەیە تا چەند کۆنەپەرستانەیە و ناکرێت کەسێک هەڵگری ئەو بنەمایە بێت، بێت و کێشەکانی پارتێکی خۆ بە سۆسیال دیموکرات چارەسەر بکات؟
دواجار بۆ هەموان ڕون و ئاشکرایە، بنەماکانی پارتێکی سۆسیال دیموکرات، دەکرێت هەڵگری ئەو کۆ چەمکانە بن، کە بنەماسەرەکیەکانی دیموکراسیەت پێک دەهێنن، یانی خۆنەسەپاندنی عەقڵیەتی خێڵ گەرایی و خێزان گەرایی بەسەر پانتایی بیرکردنەوە گشتیەکانی حیزبدا. بەڵام لە باشوری کوردستاندا، نەک هەر یەکیەتی نیشتمانی، بەڵکو پارتەکانی دیکەش، بێجگە لە پارتی چارەسەری، دواباقی، کراون بە پارتی خاوەن بنەماڵە و خاوەن عەقڵیەتی ئاغایەتی، دواجار، ئەوە بەرهەمی ئەو تێکشکاندن بوونەی ئەم پارتانە بوو لە خۆبەدرۆخستنەوە و خەڵەتاندنی جەماوەردا، کە نەتوانرا ئەو شیعارانەی پێشتر ئیدیعایان بۆدەکرد ببەنە سەرو، کۆمەڵگا پەروەردە بکەن بەو بنەما فیکری و دیموکراسیایانەی کە وا دەکات کۆمەڵگا ئیرادەی سیاسی خۆی بناسێت، بوون بەو هۆکارەی کە پارتێکی وەک پارتی دیموکراتی بتوانێت سەرەرکەوتوو بێت بەسەر گشتیاندا و دواجار هەر هەموشیان ناچار ببن بۆ چارەسەری کێشەکانیان پەنای بۆ ببەن. ئاخۆ ناکرێت بڵێین دەک ڕوتان ڕەش بێت بۆ گەیاندنی ئاوا پەیامێک کە هەر ئێوە بوون دواجار ڕوی ئایدۆلۆژیای ئاغایەتیتان سپی کردوە بەڕوی کۆمەڵگادا؟
ئاخۆ گەر ئێوە کەسانی سۆاسیال دیموکرات بن و پارتەکەتان ئەندام بێت لە پارتی ئەنتەرناسیۆنالی سۆسیال دیموکراتەکانی ئەمڕۆی بۆرژوازی جیهاندا، چۆنە تا ئێستا لەژێر ئەو کاریگەریەدان گەر مامە کۆچی دوایی کرد ئیتر دنیا وێران دەبێت و ژیان کۆتایی پێدێت؟! ئاخۆ گەر مامە ئەو فریاد ڕەسەیە، ئەوە خێرە لەو هەموو تەمەنە سیاسیەیدا نەیتوانی تەنانەت ئێوەش پەروەردە بکات کە دوای خۆی هیچیتان لێ نەیەت و گورگانە خواردوو نەبن؟! ئاخۆ گەر مامە نەمردوە و ماوە، ئەوە بۆ سەرۆکی هەرێم نەیتوانی وێنەیەکی لەگەڵدا بگرێت کاتێک چوو بۆسەردانی کردنی، ئاخۆ لەبیریان چوو بوو کە کامێرا و میدیاکان لەگەڵ خۆیاندا بەرن؟؟؟؟؟؟؟؟؟
بەڕێزینە، تازوو دەست لەو خۆخەڵەتاندنە بەردەن، درەنگە بۆتان، وا شکست بەردەرگاتانی گرتوە و ئیتر نازانرێت چارەنوسی ئایندەتان چ زەرەرێکی تر لە خەڵکی بێدیفاعی کوردستان دەدات! گەر دیموکراسیەتان بوونی هەبوایە، دەبوا وێنەی پەکەکە و پەیەدە، خاوەن ئەنجومەنی گەل بونایە و دوای نەمانی سەرۆکیش هەر سەرکەوتن و پەروەردەی مەزن پێشکەش بەکۆمەڵگا بکرایە، بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە ئێوە هەر لەسەرەتای دروست بونتانەوە سەر بەبنەماکانی ئایدۆلۆژیایی ئاغایەتی بوون نەک هەڵگری ئەو چەمکانەی کە نزیکایەتیان هەیە لەگەڵ بەرژەوەندیە گشتیەکانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسخوازدا!!!!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە