گوللەى لیژنەكانى كوشتن ئەمجارەكام قەڵەم خوێناوى دەكەن

Wednesday, 22/07/2009, 12:00

2670 بینراوە


عەبدول خالق مەعروف و بەكر عەلى و كۆمۆنیستەكان و عەبدول ستارشەریف و سۆرانى مامە حەمە , قوربانى دەستى كام جەهلن , قوربانى دەستى كام بیركۆڵى ترساو لە وشە ئازادن ؟
لەسەردەمى حكومەتى شێخ مەحمودى مەلیكدا تەنها كوشتنێك یان تیرۆركردنێك لەسەر بیروڕاى جیاواز , مێژوى بۆمانى بگێڕێتەوە تیرۆركردنى ( جەمال عیرفان) بوە وكوشتنەكەى (عیرفان) یش لەو سەردەمەدا چیى بەرهەمێكى بەخشیە بیر تەسكى ئەوانەى لە ووشە دەترسان ؟ ئایا تیرۆركردنى وشە لەو كاتەدا نابێتە سەرەتایەك بۆكوشتنى بەردەوامى هێزى (وشەى ئازاو ئازاد) لەئێستاماندا ؟ ئایا باگراوندى كوشتنى وشەى ئازاد لەسەردەمى حكومەتە جیاوازەكاندا لەگۆڕەپانى سیاسى و كۆمەڵایەتى كوردیدا سەرەتاى ستنوێكى درێژخایەن نیە بۆپەرەپێدانى بیرى كوشتن و تیرۆركردنى ئەوانەى لەدەرەوەى هەیمەنەى هێزەباڵادەستەكانەوە , كۆمەڵگاو كایەجیاوازەكانى ترى كۆمەڵگا بەرەو ئاراستەیەكى تردەبەن كە دەخوازێت لەبازنەى بیرتەسكى و ئەجنداى دەسەڵاتەوە بیانكاتەدەرەوە و ڕێڕەوەى ئایندەى هاوڵاتى بون و دروستكردنى تاكى ئازاد سەربەستانە لە پانتایى یەكى تردا دروست بكات و كەرامەت بۆئەو مرۆڤانە بگەڕێنێتەوە كە جەبەروتیەتى دەسەڵاتى پاوەنخواز , تەواوى بونەورەكانى لەپێكهاتەیەكى تەواو تەندروستەوە تێكشكاندو وەو بۆمەبەستى سەرخستنى پرۆژە جەهەنمیەكانى خۆى مۆنۆپۆلیان دەكات ؟ ئایا كوشتنى مرۆڤ لەسەر فیكرو دەربڕینى جیاواز, یان ئەو پرسیارانەى كە دەستەواژەى (بڤە) ى بۆ داداشراەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە چی مانایەك دەبەخشێت ئەگەر ئێمەتەنها ماناى دیكتاتۆربون و مرۆڤ كوژ و ژیان كوژى نەبەخشینە خودى ئەو دەسەڵاتە ؟
بەرلەڕاپەرێن و لەدواى تیرۆركردنى (عەبدولخالق مەعروف) ەوە بەدەستى بیرتاركەكان و كوشتنى (بەكر عەلى) و كۆمەنیستەكان لەدواى ڕاپەرێنەوە لەلایەن لیژنەكانى كوشتنەوە و تەواوى ئەوكەسانەى تر كە (لیژنەى ئیغتیالات) ى حیزبەكوردیەكان لەسەر دەربڕینى بیروڕاى جیاواز, قیزەونانە ئەنجامیاندا و بەدەیان كەسى تریان بریندارو كەم ئەندام كردو بەسەدان كەسى تریش لەترسى (گوللەى لیژنەكانى كوشتن) وڵاتیان بەجێهێشت , هەوڵێكى جدیى ئاراستەكراوى لیژنەكانى كوشتن نەبو بۆسڕینەوەى ئەو دەنگانەى دەیخواست كە لەبرى هێزى گوللە زمانى گوڵ ڕوكارانە گوتارى سیاسى و ئیدارى لەوڵاتدا بەرجەستەبكات ؟ئایا بەدەرلەوەى شەڕەى ناوخۆ ئەگەر بەدیوێكدا ئاكارى یەكتر قبوڵكردن نەبو لەلایەن حیزبەكانەوە , هەوڵێَكى ترى جدى ئەو حیزبە بەشەڕهاتوانە نەبو بۆ فراوانكردنى كارى لیژنەكانى ئیغتیالات بۆكوشتن و سڕینەوەى نەیارو دژە بیروباوەڕەكانیان لەو سەردەمەدا كە كوردستان لە نائامادەى هێمنى و پاشكۆبونى یاسادا گوزەرى دەكرد ؟
لەدواى پرۆسەى ئازادى عێراق و یەكگرتنەوەى هەردو ئیدارەى سلێمانى و هەولێر, ئەو هەمو سوكایەتى پێكردنە بەرامبەر بە گەنجانى كوردو ماناكانى دیموكراسیەت و حكومكردن دەرئەنجامى كام لەو هۆكارەكانە بو , لەكاتێكدا كوردستان پێى خستە قۆناغێكى جیاوازترەوە و لیژنەكانى كوشتنى حیزەكوردیەكان بەئاشكرا بوارى ئەوەیان بۆنەمایەوە كە نەیارەكانى خۆیان لەسندوقى ئۆتۆمبیلى مەرگدا قایم بكەن و لەشوێنێكى نادیاردا وەك دەیان كەسى شوێن بزر بەروە چارەنوسێكى نادیارى ببەن ؟ ئایاكوشتنى (سۆرانى مامەحەمە) و (عەبدولستارتاهیر شەریف) لەسەر دركاندنى حەقیەت و ئازادكردنى وشە پەنگخواردوكانى گەرویان , بانگەشەكانى سەركردایەتى سیاسى كورد بۆ ئازادى و دیموكراتیزەكردنى سەرجەم كایەجیاجیانى كۆمەڵگاى كوردى دەخاتەژێركام لەو پرسیارانەوە كە خودى دەسەڵاتەكەى پێ قەڵسدەبێت ؟ ئایا كوشتنى سۆرانى تازە پێگەیشتو گومانێكى وەها دروست ناكات كە ئەو ئازادیەى بانگەشەى بۆدەكرێت جگەلە حیكایەتێك هیچ مانایەكى تر بۆخۆى هەڵبگرێت ؟ كوشتنى ڕۆژنامەنوسێك لەسەر دەربڕینى جیاواز و هەڵدانەوەى نهێنى ناخى بەرپرسانى گەندەڵ و شەهوەتبازەكانى ناو كایەجیاجیاكانى دەسەڵات لەبن دەستى دوو ئاسایش و ئەو هەمو هێزەكوردیەدا لە شارێكى وە كو كەركوكدا چیى دەبەخشێت جگەلە زیندوكردنەوەى هەناسەكانى لیژنەى ئیغتیالات نەبیت ؟
لەدواى یەك ساڵ لە تیرۆركردنى سۆرانى مامەحەمە دەپرسم , كام لیژنەى ئیغتیالاتى حیزبەكوردیەكان (سۆران) یان كوشت ؟ كام لەو بەرپرسانەى كەناوەكانیان لاى سۆرانە و لەگەڵ سۆزانیەكانى كەركوكدا دەستیان تێكەڵ كردبو (سۆران) یان بەوشێوە ترسنۆكانەیە لەژیانى گەنجێتى بێبەشكرد؟ كوشتنى سۆران چیى مانایەكى دەبەخشێت بە ئەجنداى كارى بكوژەكانى ؟ ئایا لەبیركردنەوەى ئەواندا كوشتنى سۆران بێدەنگ كردنى تەواوى خاوەن قەڵەمە ئازادەكانە ؟ یان كوشتنى سۆران سەرەتاى هەرەس هێنانى ئەو پانتایە ئازادەیە كە سەركردایەتى كورد لەخەیاڵدانى خۆیدا وێناى كردوە و لەڕاگەیاندن و گوتارەكانیاندا بانگەشەى بۆدەكات و لەحەقیقەتدا هیچ بونێكى نیە ؟ یان بكوژان و جەلادان لە ڕێگەى كوشتنى ( سۆران) ە وە پێمان دەڵێن (گەندەڵى و چەتگەرایى و شەهەوەت بازیى و خیانەتكردن) پرۆژەمانە و كەس ناتوانێت ڕێگرمان بێت و هەر هاوڕێ یەكى (سۆران) یش وەك سۆران (ووشە یەك) دورلەخواستى ئێمە بكاتەهەوێنى نوسینى (وتارێك) وەك سۆران لەجامەتاریكەكانى ئۆتۆمبیلەكانمانەوە (گوللە) بارانى دەكەین ؟
لەدواى یەك ساڵ لەكوشتنى سۆرانى مامەحەمە , حكومەتى هەرێم و دەزگا ئەمنەیەكانى
تاچەندكاریان لەدۆسیەكەیداكراوە وبكوژەكانیان سەربەكام بەرى لیژنەكانى كوشتنن ؟ لەساڵ یادى تیرۆركردنى سۆرانى مامەحەحەمدا ئایا تەنها یادكردنەوەو ئەنجام دانى مەراسیم و دەركردنى چەند بەیاننامە یەك دەبێتە ڕێگر لەبەردەم لیژنەكانى كوشتندا تابۆئەوەى لەسەر بیروڕاى جیاو چەند قەڵمێكى تر خوێناوى نەكەن ؟ كامەن ئەوگرنتیانەى حكومەتى هەرێمى كوردستان , بۆپارستنى كەرامەت و سەلامەتى ژیانى نوسەران و ڕۆشنبیرانى ئازادى خواز لەبەرامبەر گوللەى لیژنەكانى ئیغتیالاتەوە, لەكاتێكدا هێشتا بكوژانى سۆران و هاوڕێكانى یاسایان بەسەردا جێبەجێنەكراوە ؟.
تێبینى " ئەم وتارە لە ڕۆژنامەى (هاوڵاتى) ژمارە (544) بڵاو كراوەتەوە .




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە