کێ شیاوە بۆ خەڵاتی زێڕینی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، خێزانی عومەر شێخموس یان؟

Thursday, 20/02/2014, 12:00

1957 بینراوە


ئەڵین کاتێك مرۆڤ دەکەوێت باردۆخێکی دەروونی ناجێگری و رووبەرووی چەندان کێشە دەبێتەوە. پەنا بۆ زۆر کار و کردەوەی سەیرو سەمەرە ئەبات، کە ئەبن بە جێگای سەرەنج و تێڕامانی دەوروبەرەکەی و بە کەسێکی نائاسایی دائەنرێت. ئەگەر سەیری ئەمرۆکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەین، ئەبینین کێشە و گرفتە ناوخۆییەکانی یەکێتی وەها سەری لە یەکێتی شیواندووە ئەستەمە بزانی ئەم حزبە چی ئەکات و خەریکی چیە، پەنا بۆ کۆمەڵێ شتی سەیر ئەبات کە جێگای بەزی پێیاهاتنەوە، لە هەمانکاتیش پێکەنینە.
سەیری هەواڵەکانی تەلەفیزیۆنی گەلی کوردستانم ئەکرد، لە نەکاو هەواڵێکم بینی و کە باس لە خەڵاتی زێرێنی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکات بۆ خێزانی عومەر شێخموسی ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی، کە ناوی (ئەگنێتە)یە، گوایە چەند مانگێک لەگەڵ هاوسەرەکەی لە ناوزەنگ بووە لە سەرەتای هەشتاکاندا. ئەم خەڵاتەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی لە ماڵەکەی خۆی لە ستۆکهۆڵم پێشکەشی کراوە لەلایەن دڵپاك تاهیری بێژەری کۆنی تەلەفیزیۆنی کەرکوکی ساڵانی هەشتاکان.
ئەم هەواڵە بۆمن بۆ جێگای پرسیار، ئەبێت ئەم ئەگنێتە خانمە چی کرد بێت تا لە پای ئەوە ئەم خەڵاتە زێڕینەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێشکەش بکرێت، بۆیە یەکسەر بیرم لە هاورێیەکی سەردەمی پێشمەرگایەتی خۆم کردەوە کە سەرەتای هەشتاکان لەگەڵ ئەم سەرکردانە لە ناو زەنگ کۆنە پێشمەرگەیەك ژیاوە. کاتێک تەلەفۆنم بۆکرد و بۆم باسکرد، پێکەنی گوتی، منیش بەم هەواڵە هەم گریام و هەم پێکەنیم،بەرلەوەی تۆش تەلەفۆن بکەی لەگەڵ خێزانەکەم باسی ئەم هەواڵەمان دەکرد. گوتی، ئەم ئەگنێتایە بە هەمووی ٥ تا ٦ مانگ لە ناوزەنگ بووە، بوونەکەشی زیاتر لە سەفرە ئەچوو، چونکە ژیانی لە ژیانی ژنی پێشمەرگە نەدەچوو ، خواردنی پێشمەرگە و خێزانی پێشمەرگ و منداڵی پێشمەرگەی نەدەخوارد، ئەو خواردنی تایبەتی قوتووی بۆ دەهات لە ئێران، لە هەمان کات هیچ کارێکی سیاسی و حزبی بۆ یەکێتی نەدەکرد کە بتوانێت قازانجی بۆ یەکێتی هەبێت، تەنیا هاوسەری عومەر شێخموس بوو و بەس.
پاشان وەک عومەر شێخموس لە کتێبەکەی (پشکۆیەك لە خۆڵەمێشدا) باسی ئەم ئەگنێتە خانمە دەکات کە بۆ چەند ساڵ دەچیت مانگی بە ٥٠٠ دۆلار لەلایەن یەکێتییەوە خانەنیشینکراوە لە پای ئەو پێنج مانگەی کە وەک سەفرە لە شاخ بووە.
من ئەپرسم، ئەرێ لەبری ئەمە یەکێتی خەڵاتی زێرین ئەم بکات، نە ئەکرا ئاوڕێک لەو سەدان و هەزاران ژنانە باتەوە، کە بە هۆی پێشمەرگایەتی و کوردایەتی هاوسەرەکانیان و بنەماڵەکانیان دوچاری هەزاران کێشەو گرفت و نەخۆشی و زیندان و ماڵوێرانی بوونە، تا ئێستا نەك خەڵات نەکراون، هیچ پاداشت و ئاوردانەوەیەکیان لێنەدراوەتەوە کە تێاندایە زیندانی بووە، یان بۆ چەندان ساڵ لە شاخ بووە وهاوکار پشتیوانی هاوسەرەکەی بووە یان لەبری هاوسەرەکەی منداڵەکانی بەخێوکردووە. ئایا ئەوانە مستەهاقن یان ئەگنێتەخان؟
کۆنە پێشمەرگەیەك

لینکی هەواڵەکە:



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە