با بچین بۆ لاى گۆڕان بەڵكو بووین بە شتێك

Sunday, 26/07/2009, 12:00

1746 بینراوە


ئەوەى من رۆژانە دەیبینم و بەرچاوم دەكەوێت، مرۆڤی پاك هەست بە بێزارى و نائومێدی دەكات، بە تایبەت دڵگرانی و خەفەتخواردن بۆ ئەو خەڵكەى كە بە پارەى خۆی و هەست و جەستەى خۆی یارمەتی ئەو لیستەى دەداو كارى بۆ سەركەوتنی دەكرد، كەچی ئێستا دەیان گەنجی ئاژاوەگێڕو خەڵكی ناپاك و رێگرو دژە یاسا خۆیان دەكەن بە بارەگاكانی گۆڕانداو دەلێن یەكێتی و پارتی هیچی بۆ نەكردین، بەڵكو ئەمان كردیانین بە شتێك، تەنانەت چەند كەسێك وتویەتی خۆم ئامادەكردووە بمكەن بە ئەندام كۆمیتە، وای لێكداوەتەوە كە گۆڕانیش وەكوو یەكێتی و پارتی دەست دەكات بە دروستكردنی كۆمیتەو ناوچەو لق و مەڵبەند، كە ئەو وتەیەش جێی گومان و تێڕامانە بەوەى وادیارە گۆڕانیش بە تەماى دروستكردنی حزب و هاوكات كردنەوەى دەیان بارەگایە لەكۆڵانەكادا لەشێوەى ئەو دوو حزبە تەقلیدی و كۆنەپەرستەى پێشوو (یەكێتی و پارتی) كە بە سەدان ملیۆن دۆلاریان بۆ ئەو بارەگایانەو ئەندامە پارەپەستەكانیان تەرخان و سەرفدەكردو كردووە، بەڕاستی ئەگەر گۆڕانیش ئەو كارە بكات دەبێت قبوڵ نەكرێت.
ئێستا هەندێ كەس لەو نوسینگایانەى گۆڕاندا دەبینرێت و بەرچاو دەكەون پێشووتر تەنها كاریان مرۆڤ كوشتن و رێگری و تەقەكردن و شەڕكردن بووەو ناخ و دەروون و جەستەیان پڕە لەناپاكی، نەك بە تاك و دووان، بەڵكو زۆر زۆریشن، ئەگەر گۆڕان ئەوانە بە لایەنگرو دۆستی خۆیان بزانن و لەنوسینگەكانیاندا پەنایان بدەن، دەبێت هەر لەئێستاوە ئەلفاتیحای بۆ بدەین و رەحمەت لەزەردو سەوز بكەین، بۆیە دەخوازم گۆڕان هەر لەئێستاوە لەشێوەی بزووتنەوەكانی رۆژئاوا بە تایبەت ئۆروپا خۆی وەكوو بزووتنەوەیەكی جەماوەورى دەربخات و بارەگاكانیان لابەرن و ماڵی خەڵك و رۆحی تاكەكان بكەن بە شوێنی كاركردن و بارەگا، ئەگینا لەمەڵبەندو كۆمیتەو لق و ناوچەو هەزارەها بارەگاكانی ئەوان باشتر نابێت و هەر زوو بەر نەفرەت دەكەون.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە