شێرکۆ بێکەس لە نێوان هەڵوێستی و ناشتنی لە پارکی ئازادی

Sunday, 11/08/2013, 12:00

2437 بینراوە










کۆچکردن دوا مەنزڵگا و وویستگەی ژیانی هەموو مرۆڤ و زیندەوەرێکە، درەنگ بێت یان زوو هەردەبێت بیگەینێ. سەربەرزیمان لەوەدایە کە بە ئازادی و ئازایی و بووێرانە بگەینە ئەو دوا وویستگەیەمان.

ناشتنی تەرمی کۆچکردوو شێرکۆبێکەس لە پارکی ئازادی، بەشێکی ترە لە گەندەڵیەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان، لەبەرئەوەی هیچکەسێک مافی ئەوەی نیە لە هەرچ پلەو پایەیەکدا بێت کە تەرمەکەی بە ئارەزووی خۆیی و لە هەرکوێیەکدا وویستی بە خاکی بسپێرن، چۆن دەکرێت هەرشوێنێکیان وویست بیکەنە گۆڕستانی خۆیان و نوخبەیەک کە نوخبەی دەسەڵات دروستیکردوون و بەکاریان دەهێنێت بۆ قازانجی تایبەتی و سیاسی خۆیان، تا لە ڕێگایەوە هەست و نەستی زۆربەی خەڵکی کوردستان کۆنترۆڵ بکەن و بۆ قازانجی خۆیان بەکاریانبهێنن ...!؟

گەر کۆچکردوو شێرکۆبێکەس یەکێتی و سەرۆکی دەزگای سەردەم نەبووایە و ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕەخنەی تووندی لە دەسەڵاتداران و سەرانی یەکێتی و پارتی بگرتایە، ئەوا نەک مەراسیمێکی گەورەی ئاوایان بۆ رێکدەخست و پارکی ئازادیان بۆ دەکرد بە گۆڕستان، بەڵکو سەدەها تۆمەتی ناشرینیشیان بۆ ڕێکدەخست و پشتگویان دەخست و بەو شێوەیە گرنگیان پێنەدەدا ..!؟
یان ئەوەتا وەک سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە دەکرایە قوربانی نەبوونی ئازادی، لەبەرئەوەی ڕەخنەیان گرتبوو لە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و سەربە هیچ لایەنێکیان نەبوون.. !!؟؟





هەموو کەسێک بێ جیاوازی مافی ژیان و مەرگێکی مرۆڤانەی هەیە و ناکرێت ژیان هەر بۆ نوخبەیەک بێت و گۆڕەکانیشیان بکرێتە شوێنێک وەک پەرستگا و سەرگەرمکردنی گەنجان...!؟
گەر بڕیارە گۆڕەکەی شێرکۆبێکەس نەکرێتە پەرستگایەک، بۆچی پارکی ئازادی دەکرێتە پەرستگایەک بۆ ئەو...!؟
بۆ هەموو مرۆڤێک زۆر گرنگە کە لە نێوان لە دایکبوون و کۆچی نادیاریدا کار و کردەی دیار و هەڵویستی جوانی مرۆڤانەی لە ناو خێزان و گەڕەک و شار و کۆمەڵگاکەیدا ئەنجام دابێت... !؟
بۆ نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانی خاوەن هەڵوێستی کورد زۆر گرنگە کە بە نووسین و هۆنراوە و گۆرانی گوزارش لە ئازار و ستەمەکانی خەڵکی ستەمدیدە و هەژارانی کوردستان بکەن، لە هەمان کاتدا ستەمکاران دەستنیشان و ڕسوا بکەن، .بێ چاوپۆشیکردن لەوەی کە ئایا ئەو ستەمکارانە عەرەبن تورکن فارسن کوردن یان سەر بە نەتەوەیەکی ترن...!؟ نەک ئازاری ستەمدیدەکان بکەنە کەرەستەی کاسپی سیاسی و هونەری و ئەدەبی بۆ خۆ گەورەکردن و دەستکەوتی خۆیی، بەڵام لەو لاشەوە لە ژێر سێبەری ستەمکاراندا ژیانێکی شاهانە بەسەربەرن...!؟

لە ژێر دەسەڵاتی بەعسی سەدامی فاشی و ستەمکاردا، هەندێک کەڵە نووسەر و شاعیر و هونەرمەندی ئازا و بوێر بوونە سیمبۆڵی هەڵوێست و جوانی، لەبەرئەوەی بە نووسین و هۆنراوە و موزیک و گۆرانی سەلماندیان کە ئەوان دژی چەوساندنەوە و ستەمکارانی بەعس بوون، بەڵام بە داخەوە لە ئاست ستەم و چەوساندنەوەی ستەمکارانی کوردی و خۆماڵیدا کەڕ و لاڵ و کوێر بوون....!؟

لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و کشانەوەی دام و دەزگاکانی بەعسی فاشی لە ٣ شاری کوردستان و پاشان دروستبوونی دەسەڵاتێکی کوردی پڕ لە ستەم و پڕ چەوساندنەوە کە ئازادییەکانی مرۆڤی کوردی بەرتەسککردەوە و دەسەڵاتی حیزبی و بنەماڵەیی بەسەر هەموو کایەکانی کۆمەڵگادا زاڵکرد، زۆرێک لەو نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانەی کە دژی ستەم و چەوساندنەوەی بەعسی سەدامی فاشی بوون، نەک تەنها چاوپۆشیان لە هەڵە و تاوان و ستەم و نایەکسانیەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردی کرد، بەڵکو خۆشیان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوون بە بەشێک لەو سیستمە گەندەڵە و وەک کۆیلە و پارێزەری ئەو سیستمە بنەماڵەییە گەندەڵەی سەرانی یەکێتی و پارتی ..!؟ بە بە هانەی ئەوەی کە ئەم دەسەڵاتە کوردییە ساوایە و نابێت ڕەخنەی توند بگرین لێی، لەبەرئەوەی گەندەڵی لە هەموو شوێنێک بوونی هەیە...!؟
لە کاتیکدا بە بەرچاوی ئەوانەوە ئەو دەسەڵاتدارانەی کورد شەڕی بەدناوی ناوخۆی نێوان سەرکردەکانی یەکێتی و پارتیان بە خوێناویترین شێواز کرد وە هەروەها تیرۆری سیاسیان لە دژی نووسەران و ژنان و چالکوانی سیاسی ئەنجامدا و سەدەها کەسیش لەو شەڕە نامرۆڤانەیەیاندا بوونە قوربانی یان سەرنگوومکران و تا ئێستاش کەس و کاریان وێڵن بە دەوای چارەنووسی نادیاریانەوە...!؟
بە اخەوە یەکێک لەو شاعیرانە کۆچکردوو شێرکۆ بێکەس بوو، تا مردن هەر بڕوای وا بوو کە تاڵەبانی کەسێکی پاک و بێگەرد و بێ تاوان بووە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان، بەمەش شێرکۆ بێکەس خۆی خاڵیکردەوە لە بەها و گیانی بەرەنگاربوونەوە لە دژی ستەم و نا یەکسانی...! لەبەرئەوەی هەرتاڵەبانی بوو لە ١٩ی نیسانی 2011 دا بە هێزی چەک سەرای ئازادی داگیرکرد و خۆپیشاندانی لە شارەکەی شێرکۆ بێکەس قەدەغەکرد و گەنجانی دڵ پڕلەهیوایان بێ هیوا کرد....!؟

شێرکۆبێکەس دەیتوانی وەک شاعیرێکی بەرەنگاربوونەوە بمێنێتەوە، گەر بێت و نەچوایەتە پاڵ دەسەڵاتێکی ستەمکار و ئاواش بە شان و باڵی تاڵەبانیدا هەڵینەدایە..؟
ئاخر کەسێک بەڕاستی دژی ستەمی بەعسی سەدامی عەرەبی بووبێت، چۆن دەتوانێت چاوپۆشی بکات لە ستەمی بنەماڵەیی تاڵەبانی و بارزانی بە زمانی کوردی...!؟

فەرهاد پیرباڵ کاتێک بە شان و باڵی مەسعود بارزانیدا هەڵیدا و کردیە سەرکردەی خۆیی و تاکە سەرکردەی کورد، خۆی خاڵی کردەوە لە هەموو ووتە و کردارە جوانەکانی پێشتری خۆی، بۆیە لە سەرای ئازادی لە ساڵی 2011 دا گەنجانی تووڕە لە دەسەڵاتی هەردووبنەماڵە فەرهاد پیرباڵیان لە سەرای ئازادی دەرکرد و ڕسواکرد...!؟
بەڵام لە کاتێکدا شێرکۆبێکەس چووە سەرای ئازادی بە چەپڵە ڕیزان پێشوازی لێکراو توانی ووتارو هۆنراوەکەی خۆی بخوێنێتەوە...!؟

بۆ من ئەم دوو ڕووداوە بووە جێگای تێڕامان و پرسیار بۆیە هەر لە کاتی خۆیدا بابەتێکم لەسەر نووسی. لە خوارەوە دەتوانیت کلیکی لینکی بابەتەکە بکەی بۆ خوێندنەوەی!
نابێت ئەو ڕاستیە لە یاد بکەین کە شێرکۆبێکەس لە تەکنیک و گوزارش و وێنای هۆنراوەدا تاقانە بوو، کە خزمەتێکی گەورەی ئەدەب و هۆنراوەی کوردی کرد، .بەڵام لە ڕاستگۆیی و هەڵویستدا، تا کاتی ڕاپەڕینی بەهاری 1991 بڕیکرد، بۆیە کاتیک کۆچی دوایی کرد، جگەلە هۆنراوەی پڕتەکنیکی جوان، هیچ هەڵوێستیکی ئازایانەی لە دژی ستەمکارانی کورد بۆ بەجێنەهێشتین، کە شایانی ئەوەبێت بکرێتە شاعیری چەوساوەکانی کوردستان بە گشتی و گەنجانی خیر لە خۆنەدیووی هەڵەبجە و کەس و کاری ئەنفالکراوی کوردستان....!؟ لەبەرئەوەی کۆجکردوو هۆنراوەی زۆری بۆ ئەو دوو کارەساتە نووسیبوو!
مرۆڤەکان بە ئەندازەی باڵای هەلوێست و کردارەکانیان پێوانە دەکرێن نەک بە ئەندازەی باڵای دەربڕین و کتێبەکانیان...!
لە کاتێکدا نووسەران و شاعیران و هونەرمەندان خۆیان پێچەوانەی قسە و نووسینەکانیان هەڵسوکەوت دەکەن، نابێت لە هەڵەکانیان ببوورین بە بیانووی ئەوەی ئەوان نوخبەن و لە دەرەوەی بازنەی ڕەخنەن!؟
هیچ کەسیش بێ هەڵە نیە، بە مەرجێک لە هەڵەکانمانەوە وانەی نوێ فێربین، بەڵام دووبارەکردنەوەی هەڵە بە هۆشیارانە، دەمانکاتە بەرپرس بەرامبەربەو هەڵانەی کە خۆمان دووبارەمان کردۆتەوە...!
چاوپۆشیکردنیش لە ستەم و چەوساندنەوەی ستەمکارانی کوردی لە پێناو دەستکەوتی ماددی و خۆیدا دەمانکاتە بەشێک لەو سیستمە گەندەلەی کە دروستکەری ئەو ستەمەیە...! لەبەرئەوەی:

"چەوساندنەوە هەر چەوساندنەوەیە، ئەگەر بەعس بیکات یان دەسەڵاتی کوردی".



نامەکەی شێرکۆ بێکەس پێش مەرگی بۆ تاڵەبانی:

-------------------------------
به‌درێژای‌ هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ی‌ که‌ له‌نزیکه‌وه‌ تۆم تیاناسیوه‌ ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌م لاجێگیر بووه‌ که‌ تۆ هه‌رگیز پیاوی‌ رق و کینه‌و تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ نه‌بوویت، پیاوی‌ پیلان گێڕو له‌پشته‌وه‌ خه‌نجه‌ر وه‌شێن نه‌بوویت، هه‌میشه‌یش دڵت دڵی‌ ئاشتی‌ و خۆشه‌ویستی‌ و ته‌بایی‌ بووه‌.
له‌وه‌یش زیاتر دڵت دڵی پاک و بێگه‌ردی منداڵێک بووه‌ که‌ به‌رده‌وام ده‌م به‌زه‌رده‌خه‌نه‌ بووه‌.
ته‌نانه‌ت له‌رۆژگاره‌‌ هه‌ره‌ تاڵه‌کاندا ئه‌و په‌پوله‌ی‌ زه‌رده‌خه‌نانه‌ له‌سه‌ر لێوت نه‌بڕاوه‌، له‌شاخدا له‌سه‌ر‌ده‌می‌ هه‌ره‌ سه‌خت و دژواردا تۆ به‌رده‌وام وره‌ی‌ خۆگری‌ و پشت هه‌ڵنه‌کردنی‌ چیاکانی‌ کوردستان بوویت، هاوڕێی‌ نزیکی‌ شاعیرو نووسه‌ران بوویت، چیت پێکرابێ بۆ کۆمه‌ک و یارمه‌تیدانی‌ ده‌زگاو کۆمه‌ڵه‌ ئه‌ده‌بی‌ و هونه‌رییه‌کان کردوته‌، وه‌فای‌ جوانیش به‌شێک بووه‌ له‌ سروشتی‌ خۆت، وه‌ک ئازادیخوازێکیش به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ‌ ئازادی‌ هه‌موو گه‌لانی‌ دنیادا بوویت، به‌هیوام ئه‌م رۆژانی‌ نه‌خۆشییه‌ت تێپه‌ڕێنی‌ و وه‌ک جاری‌ جاران به‌هه‌مان زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ بگه‌ڕێیته‌وه‌ ناومان و هه‌ربژین.
-------------------------------

شێرکۆبێکه‌س و فه‌رهاد پیرباڵ...دووڕوی یه‌ک ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵن!!

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=7f745baa


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە