جەمال غەمبار هەقی نەفرەت بارانکردنی هەیە

Saturday, 20/07/2013, 12:00

2316 بینراوە







بیرمەندێکی فڕەنسی دەڵێت: ڕۆشنبیر دەبێ لە ژوورەوە دابنیشێ، بنوسێ و بخوێنێتەوە تەنیا لەوکاتانە بێتە دەرەوە کە شار خەریکە ئاگری تێبەر دەبێ.
مانو هێربستاین دەڵێت : ساڵی ١٨٩١ وەزیری دارایی بەڕازیل وتی هەموو ئەو بەڵگە و کتێبانە بسوتێنن کە باس لە کۆیلایەتیی دەکەن.
سوتاندنی پەڕتوک شتیکی تازە نیە و لە میژووی مرۆڤایەتییدا بەردەوام بونی هەبووە ئیتر بە هۆکاری جیاواز جیاوازو لەلایەن کەس و دەسەڵاتی جیاواز جیاوازەوە ئەوەی سەرێکی لە مێژوو دابێت دەزانێت کە پەڕتوک سوتاندنی گەورەی مێژوو لەلایەن نازییەکانەوە بووە لە ساڵی ١٩٣١، بۆیە کاتێ هێرینج هاینس ئەکادیمیستی ئەڵمانی لە پەڕتوکەکانیدا بەتەواوەتی باسی ئەوە دەکا کە بۆ نازیەکان پەڕتوکی جولەکەیان سوتان نابێت لامان نامۆ بێت کە چۆن لە ئەڵمانیا پەڕتوک سوتێنراوە ؟

لە سیگی سەرایڤۆ ساڵی ١٩٩٢ سربیەکان چەندین پەڕتوک خانەو پەڕتوکیان سوتان لە دژی ئەوەی بۆسنیەکان داوای سەربەخۆیی و جیابونەوە دەکەن، لە تورکیا یەڵماز گونای گەورە سینەماکاری کورد لە ڕۆژنامەی یەک ڕۆژدا دەنوسێت لە دوای ١٢ی ئەیلولی کودەتای تورکیا بە هەزاران هەزار پەڕتوک سوتێرا، بۆیە سوتاندنی پەڕتوک شتێکی تازە نیە هەتا لەسەری بکرێتە هات و هاوار و خەڵکی پێوە سەرقاڵ بکرێ،
دیارە سوتاندنی پەڕتوک ترۆپکی ناڕەزایی دەربڕینە، ئەگەر وردبینەوە لەو کۆمەڵە گەنجەی کە پەڕتوکەکانی جەمال غەمباریان سوتان یەکێک لەوان بە ئاشکرا خۆشەویستی خۆی بۆ شیعر و پەڕتوک دەردەبڕیت بەڵام ئەوەندە لە جەمال بە ڕەخنەیە کە وای کردووە پەڕتوکەکانی بسوتێنێ، ئاخر گەنجی کورد لە هەموو شتێک بێ هیوا بووە شاعیرە باخەڵی هی حزبەکانەو سیاسیە بەسەر سکی میللەتدا دەڕواو بازرگانە خەریکی فەرهودکردنی وڵاتە و ڕۆشنبیرە لە پەنا حکومەتەوە قسەی زل دەکا، بۆیە هەرکەسێک کە ناوی ئەلف و ڕۆشنبیری لە خۆی نا ڕۆژێک لە ڕۆژان نابێت دەست بخاتە نێو دەسەڵاتی سیاسی و حکومەت، ئاخر کارەساتە لە ساڵی ٢٠١٣ شاعیری کورد لەسەر حزبێکی گەندەڵ و چەتە خۆی هەڵبژێرێ بۆ ئەندام پەرلەمانی جا خۆزگە پەرلەمانیش پەرلەمان بوایە زیاتر لە تەمبەڵخانەیەکی مۆدێرن دەچێ.
خۆم بۆ ماوەی چواردە ساڵ دەچێ کەم و زۆر شیعر دەنوسم و جارجارەش ئەگەر بۆم کرا بڵاویان دەکەمەوە شیعر وەک فەزایەکی مەعریفی بۆ وێناکردنەوەی مرۆڤی کورد و لەبەرامبەر خودو ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژیت.هەموو کاتیکیش لەگەڵ پیرۆزیەتی پەڕتوک دام بەڵام مرۆڤ پیرۆزترە لە پەڕتوک بۆیە کاتیک مرۆڤ بەهای خۆی نەزانێ ئەوەی بەرهەمی دێنێ دەبێتە موڵکی زبڵدان.

پێم وایە کە شاعیر بوو بە سیاسی شاعیر نیە سیاسیەکی درۆزن و جەلادە ئیتر بۆ خۆپەڕاندنەوە لەو زمانە سیاسیەیەی کە بەکاری دێنێ پەنا دەباتە بەر شیعر، ناکرێت لە جەمال غەمبار بێدەنگ بین و بەو کۆمەڵە گەنجە بڵێین دەستان ورد لەبەر ئەوەی پەڕتوکتان سوتاندووە،من پێم وایە ئەم جۆرە رادەبڕینە فۆرمێکی تازەی ناو ئەدەبیاتی کوردیە لەم چەند ساڵانەی دوایدا سەری هەڵداوە هەرکەسێ کە پیاوی دەسەڵاتێکی گەندەڵ بێ شایەنی ئەوەیە کە پەڕتوکەکانی ئەنجڕ ئەنجڕ بکرێ و پێی بڵێن ئیمە تۆ وپەڕتوکەکانی تۆمان ناوێ تۆیەک ئەندامی حزبێک بیت ئەو حزبەی کە بووە بە کەڵگا بەسەر خەڵکەوە ئاخر چ کەسێکیت چ ڕۆشنبیرێکیت ؟ دواترچ شاعیرێکە ئەو شاعیرە کە چاک چاک دەزانێ هەردوو حزبی دەسەڵاتدار پارتی ویەکێتی دەستیان ناوەتە قوڕگی میللەت و دەیخنێکنن کەچی ئەو دەچی خۆی هەڵدەبژێرێ بۆ ئەندام پەرلەمانی لەسەر لیستی یەکێتی؟
ئەگەر ئەمە هەڵوێستی شاعیرێک لەسەر گەندەڵی و ناعەدالەتی ئیتر نەوەک شایەنی ئەوەیە کتێبەکانی بسوتێنن بەڵکو شایەنی ئەوەی بەردەوام نەفرەت بارانیش بکرێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە