دروشمەکانی (گۆڕان) بەسەرچوون

Friday, 28/02/2014, 12:00

1584 بینراوە




لەم بارە ئاڵۆزە پڕ لە ناکۆکیەی نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا، ووشەکان بەزوویی کۆن دەبن، دروشمەکان بەخێرایی بەسەردەچن. بۆیە هێزە سیاسیەکان بە خەڵکیدا ڕاناگەن و فریای داواکانیان ناکەون. ئەوەتا دەبینین چالاکیەکانی (گۆڕان) لە چەند ووشەیەکدا وەستاوەو گۆڕانی بەسەردا نایەت: گەندەڵی، بودجە، شەفافیەت! ئەم ووشانەیش لەسەرەتاوە، لە چەند میدیایەکەوە بڵاوبوونەوە. تەنها گۆڕانێکیش لە (گۆڕان) دا ئەوە بوو کە گووتیان: سەوابتەکانی ئیسلام ئامانجەکانی گۆڕانە.
بەڵام جووڵانەوەکان لە فراوان بوونیاندا، بەخێرایی تاقیکردنەوەی نوێ بەدەست دێنن و لە فرتوفێڵەکانی دەسەڵات و بەرامبەرەکەی تێدەگەن و چیتر بەو چەند ووشەیە داناکەون. ئەو ووشانەی چیتر ناتوانن، دەربڕی خواستە شۆڕشگێریەکان بن. وە لە کاتێکا (گۆڕان) بەدەم جووینەوەی ئەو ووشە بەسەرچوانەوە، شەڕی وەزارەت دەکات، لەوکاتەدا، لاپەڕەکانی خۆیان و نووسەرو میدیا سوودمەندەکان لە دەسەڵات، هەڵدەدرێنەوە، وە خەڵکییش وەک سەیرو سەمەرە دەڕواننە داواکانی (گۆڕان) کە هیچ پەیوەندیەکیان بە ژیانی خەڵک و خراپبوونی باری گوزەرانی هەژارانەوە نیە، بەڵکو هەموو داهاتوویان بەستووە بە وەزارەتێکەوە کە خەڵکی نەیویستووە کەس لە پێناویدا بدات بە کوشت. وە هەر لە کاتی دەمەبۆڵەی (گۆڕان) و پێشوازی نەوشیروان مستەفادا لە جەندرمەکانی تورکیا، خەڵکی لە هەموو لایەکەوە، برەو بە چالاکی سەرشەقامەکان دەدەن و چیتر ئەوە بە ئامانج نازانن بکوژەکانی زەردەشت ببرێنە بەردەم دادگا، ئەمە لە کاتێکا ئەوان دەبینن دەیان کەس، لەسەر سادەترین داخوازی کۆمەڵایەتی، برانە ژێر گڵ و هێشتایش ژمارەی بکوژ هەر کۆتایی نایەت.
ئەوانەی دەبێت ببرێنە بەردەم دادگا ئەو سیاسیانەن کۆمەڵگایان بەخۆیانەوە گەندەڵ کرد، ئەوانەن بەبێ ئەوەی بۆ تەنها چرکەیەکیش بەشداری کارو ڕێکخستنیان کردبێت، بە ملیۆنان دۆلاریان کەڵەکە کردووە. ئەوان لەدوورو نزیکەوە ئاگاداری هیچ کاروبارێکی ڕێکخستن یان بەرهەمهێنان نین و کەچی داهاتی مانگانەیان، بەرابەری داهاتی ساڵانەی هەزاران کارگەرو فەرمانبەرن لەوانەی کە تەنانەت مووچەکانیشیان پێ نادرێت.
ئائەمە چیتر بە چەند ووشەیەک تەعبیر لێناکریت وەک بودجە، شەفافیەت، گرتنی بکوژەکان .. ئەمە دەبێت بە یەکجاری یەکلا بکرێتەوە. دەبێت سەر لەنوێ بگەڕێینەوە بۆ ئەو دروشمە وەدی نەهێنراوەی خواستی سەرەتاییمان بوو: گێڕانەوەی موڵک و سامانی گشتی بۆ خەڵک!
جێگای داوایەکی لەوجۆرەیش، پەرلەمان نیە کە بۆ ئەوە دانراوە داگیرکردنی موڵک و سامانی گشتی بە یاسا مەشروع بکات بۆ دەسەڵاتداران، بەڵکو سەرشەقام و سەنگەرەکانە. وە هەرکاتێش لەوەدا سەرکەوتووبووین، ئەوجا زۆر ئاسان، ئەو دەسەڵاتە تەختی سەر زەوی دەکرێت کە خۆی وەک خوای سەرزەوی نیشاندەدات.
بەبێ پەلاماردانی موڵک و سامانی دەسەڵاتداران و لێسەندنەوەیان، هەرگیز بزووتنەوەکەمان توانای چوونە پێشەوەی نیە. بەبێ شەڕی سەرشەقامەکان هەرگیز، تەنها هەنگاوێک ناچینە پێشەوە.
بەرەو خۆکۆکردنەوەیەکی نوێ!
بەرەو سەرشەقامەکان!
بەرەو لێسەندنەوەی سامانی دەسەڵاتداران‌!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە