دەولەتێکی سوننە لەسەر حیسابی مافی کورد بەڕێوەیە

Thursday, 25/09/2014, 12:00

4621 بینراوە


سوننە واتە حیزبی بەعس بەهەموو لق و شاخەکانیەوە کە لە ژێر ناوەگەلێکی جوراوجۆر ئەوانە هەولدەدەن بۆ پیکهینانی کیانێکی سوننە لە نیوان ئیراق و سوریا. بۆ دامەزراندنی ئەو کیانە هەندێک مەرج پیویستن بێگومان داراییکی بەهێز و هەروەها مەرزێکی پاریزراو.
ئەگەر بەووردی تەماشایکی ناوچە سوننەکان بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە لە رۆژهەلات ولە رۆژئاوا دەکەوێتە نیوان بەغدا و دەمشق لە باکوریش لەگەل کورد هاوسنوورە لەباشورە پەیوەستن بە بیابانی ئەردەن و عەرەبستان. زۆرینەی خاکەکەی بیابانە و خیلە عارەبی چادرنشین تیایدا دەژین. لە باکور ولە کەنار روباری فورات عارەبی جوتیارن و لە شارەکانیش بەڕادەی زۆرینە لە هیلی سەربازی ئەرکدارن.. لە ژمارەی دانیشتوان لە سەردەمی دامەزراندنی عیراق و هەرەها لەسەردەمی سەددام حوسین
بەدریژایی میژووی عیراق بەدەر لەو یانزدەسالەی دوایی دەسەلات هەمیشە بەدەست سوننە بووە. سوننە کەمایەتین لە عیراق . تەنیا پاریزگای رومادی یە لەناو ئیراق کە زۆرینەی سوننەن. دەنا لە موسل و دیالە و سەلاحەدین سێ پاریزگای جێناکۆکن و سوننەکان بەکەلەگایی دەیانوێت بیخەنە سەر عەرەب نەتەنیا ئەوەش بەلکو هەولدەدەن کەرکوک بخریتە ناو بازنەی ئەوان. لە سوریاش لە باریزگاکانی البوکەمال و دیرالزور و الرقە عارەبی سوننە مەزهەب زۆرینەن.
لیرەدا میژوو دەدوێت. لەروانگەی سوننە لەسەر ئاستی دەسەلات ڕکابەری سەرەکیان شیعەیە بەلام لەسەرئاستی خاک و جوگرافیا دوژمنی سەرەکیان کوردە. سوننە خیرا توانی ستراتیژی خۆیان دەستنیشان بکەن بەم شێوەیە ئەگەر بینەوێت لە ویراقدابەشداربن دەبێت دەسەلاتیان هەبێت واتە سرینەوەی مافی شیعە لە بەغداد ئەگەرنە ئامادەنین لە عیرقیکدا بەشداربن کە دەسەلاتداری لەدەست سوننە نەبێت. و ئەگەر جودابوونەوە بێت ئەوە پانتایی خاک و سەرچاوەی وزە سەنگی مەحەکە. بۆ ئەوەش روو لە کوردەکە دەکەن و دەرفەتی خۆیان لە باکور دەبینن. هەروەها سوننە لە هاوپەیمانیکی ستراتیژی دەگەڕین کە هەم هاوسنووربێت و هەمیش پەرژەوەندی هاوبەشیان هەبێت پیکەوە کە ئەویش تورکیایە. تورکیا هەردو مەرجەکەی هەیە.
ئیران و شیعە لاریان نیە بۆ دروستبوونی کیانێکی سوننە بەلام نەک لەسەر حیسابی شیعە بەلکو لەسەر حیسابی کورد.
چونکە لایەنێکی بەهیزی کوردی ئەمرۆ هاوپەیمانی تورکیایە ئەوەش ئیرانی بێهیواکردووە . بۆیە ئیران پێباشە دەولەتیکی سوننە لە کورد بەهیزتربێت. سنوورەکانی پیوەستە بێت بە وولاتیکی لاوازی کوردی کە هەرکات خواستی دەمکوتی بکات هەروەها ئاسانتر دەتوانێت کوردی رۆژهەلات دەستەمۆ بکات.
دوای ململانیکی خەست لەنیوان سوننە و شیعە لە ئیراق دوای روخانی رژێمی بەعس سونەکان بۆیان یەکلابۆتەوە کە ئیدی بەغدادیان لەدەست داوە و ناتوانن لە بەغداد کویخایەتی بکەن. سوننە ئەوەندەیان پێماوە کە بیر لە بژاردەی دووەم بکەنەوە ئەویش کیانێکە لە باکوری بەغداد تا سنووری تورکیا لەسەر حیسابی کورد. لیرەو بەدوا رکابەری سووننە بەغداد نیە بەلکو کوردە.
دوای تیکچونی بارودۆخی ناوخۆی سوریا ئەوهەلە میژوویە بۆ سوننەکان خۆشترکرد بۆ بەیەکگرتنەوەی پارچە سوننەکانی هەردوو لای سنوور. ئەوەش مایەی خوشحالی تورکیا و سعوودی و ئیسرئیل و رۆژئاوایە. لەبەر ئەوەی هەردوو وولاتی سوریا و ئیراقی پی لاواز دەکەن و لەلایەکیدی دەبیتە بەربەست لە دروستبوونی کیانیکی کوردی لە ناوچە. لە دیدی سیاسەتمەدارانی کورد دروستبوونی دوو کیانی کورد و سوننە ئەنجام پەزیرە. بەلام لە دیدی سوننەو هاوپەیمانەکانیان تەنیا یەک قەوارە دەتوانێت سەربکەوێت. بەمەرجێک ئەکیان لەسەر حیسابی ئەویتریان. ستراتیژی سوننە رۆنترە بۆیە ئەوان دەستیان پیکردووە بە پلان و هەنگاو بە هەنگاو. هەندی کوردە نەتەنها بی ستراتیژی یە بەلکو بەریاریشی بەدەست خۆی نیە بەدەست ئیران و تورکیای داگیرکارە. بۆ رێککەوتنێکی سیاسی ناوخۆیی پێویستیان بە ڕاویژکاری تورکیا و ئیرانە. ولە هەر دانوستاندنیکی نیوان بەغداد و هەولیر پیویستە سەدیسەد بە رەزامەندی ئەوە دوو وولاتە بێت. کەواتە دەسەلاتی باشور دەبی چاوەڕوانبن تا لەم دوو وولاتە دەستوور وەردەگرن ئایا لە گەل ئیراق بمێنەوە یاخود جودادەبنەوە. سیاسەتی باشووری کوردستان کاریگەری خستۆتە سەر سیاسەتی باکور و رۆژهەلات و رۆژئاوای کوردستانیش و بۆتە بەربەست لە پیشکەوتنی سیاسی ئەو کوردانە. باشوور نە بۆخوی ستراتیژی هەیە و قەبولیشناکات لایەنێکیدی ستراتیژی هەبێت. واتە بۆ کورد عیراقچیەتی دەکات و کاری بەپارچەکانیدی نیە. وبۆ داگیرکەران دەبیتە دەمراستی پارچەکانیدی. هیچ میللەتیک ئەم چەشنە سیاسەتە لەسەرۆکی خۆی قەبوول ناکات کورد نەبێت.

گومان لەوەدا نیە کە بارۆدۆخی ناوچەکە دوای شەری کەنداو و ژیوپۆلیتیکی کوردستان وایکردووە کە کورد لە ئاستی ئابووری هەناسەیک وەرگرێت و پیشکەوتنیک بەخۆیە ببینێت. هەم لە عیراق و هەل لە سوریا ناوچەی سوننە هەژارە لە بەرهەمی نەوت. ئەوان تا پیوەستەبن بە عیراق دەبێت لە بودجەی ناوەند بڕی نەوتی خۆیان وەرگرن بەلام ئەگەر بیانەوێت جیابنەوە پیوەستە ئەوەندە سنووری خۆیان فراوان بکەن کە کیلگە نەوتەکان بکەوێتە ناو سنووریان. ئەو سنوورانەش بە دلنیایەوە خاکی کوردە. بۆ سنوور فراوان کردن پیویستە ژیرانە بیربکەنەوە و تاکتیک بەکار بێنن.
سوننەکان وەکو هاوپەیمانێکی کورد خۆیان نمایش دەدەن بۆ نموونە ڕاکردنی تاریق هاشمی بۆ هەولیر و شالاوی کوچکردنی عەرەبی ئەنبار بۆ سلیمانی و هەولیر هەلاتنی نوجەیفی بۆ هەولیر هەمووی پیلان داریژراوون. ئەمە خۆی لەخۆدا شیوەیەک داگیرکردنی ئاشتیانەیە و لەهەمانکات دریغی ناکات ئاویتەی داعش بێت بۆ پاکتاوکردنی کورد و دەستداگرتن بەسەر چالە نەوتەکان. بەپیچەوانە کوردهیچ کاتیک دەستدریژی بۆ سەر خاکی میللەتیکیدی ناکات. کورد بە بەزەیە بۆ بیگانە ئیستاکە ئەگەر عەرەبی هەولیر زۆری لە کورد بکەن دەتوانن دەسەلات لەدەست کورد دەربینن و ببن بە کویخا بەسەرمان و ئیمەیش مەمنونین بەلام ئامادە نین کوردیکی سلیمانی لە دهوک دامەزرینین بێکیشە.
بۆ زانیاری لەسەر هیز و قەبارەو ئابووری ئەم دوولایەنە پشت دەبەستین بەو هەندێک داتە. ئەگەر سەیری کورد بکەین وەک تەنبها باشووری کوردستان و سوننەش سەیر بکەین وەک سوننەی نیوان سوریا و ئیراق.

بەگویرەی هەندی هەوال کۆژماری هیزی داعش لە نیوان چوار بۆ پێنج هەزار چەکدارن (سەرچاوە ئەمریکا و مەنسوور بارزانی). زۆربەی ئەوانش لەم چەند سالەی دوایی خۆیان فێری تەقەکردن و ڕێورەسمی شەرکردن کردووە. ئەوەش نەک بەڕیگای لەشکریکی نیزامی بەلکو بە شیوەی چەتەیی و جاشەتی دامەزراوون. هەرچەندە ئیمە دەزانین کە کەسانیکی سەربازی تیایان هەیە لە پارتی بەعسی سەددام حوسین و هەروەها لەشکری تورک و لەوانەیەش چەند پسپۆڕیکی ئیسرائیلی و ئینگلیز لە ریزەکانیان هەبن بۆ مەشق پیدانیان لە کەمپەکانی سەربازی ئەدەنا و ئەردەن و ئیسرائیل. گومان لەوەدانیە داعش لەلایەن عەرەبە سوننەکانەوە پشتگیری دەکرین. ژمارەی بیانی لە ناو داعش ناگاتە ئەوپڕی هەزار چەکدار ئەویتر لە عەشایری سوننە و لایەنگرانی بەعسی سەددامە.
جۆری چەکەکانی ئیستای لەشکری خورافەی ئیسلامی :

ئەو چەکانەی لە ریگای تورکیا و رۆژئاوا بەناوی یارمەتی ئۆپوزیسیۆنی سوریا دەگەنێتە ناو سنوری سوریا. بەشیک لەم چەکانە پاری داعشە.
ئەو چەکانەی لە موسل گیران دوای ئەوەی لەشکری ئیراق بۆیانی جێهێشت.
ئەو چەکانەی برا مەسولەکانی پێشمەرگە و زیرەڤانی دەیانفرۆشنەوە بە داعش وەک ڕیگایکیدی لە بازرگانکردن و دەولەمندبوون.
جۆری ئەو چەکانەش هەر لە چەکی سووک تا دەگاتە تانک و زریپۆشی ئەمریکی و هەروەها چەکی فرۆکەشکین و تۆپی دوورهاوێژن.
سەرچاوەی سامان و داهاتی داعش بەو شیوەیەیە:
یارمەتی وولاتانی عەرەبستان و قەتەر و ئەردەن.
تالان.
باج و سەرانە.
فرۆشتنی و بازرگانانیکردن بە نەوتی قاچاخ بە ڕیگای تورکیا و هەرێمی کوردستان.

تەخمین دەکرێت کۆژمی سەرمایەی داعش چوار تا پێنج ملیار دولاریان داکردووە کە نیازی پنج سالیان دابیندەکات. (سەرچاوە رۆژنامەی القدس العربی).
هەروەها ٣-٤ ملییون دولار رۆژانە لە بەرهەمی نەوت بەدەستیان دەگات. (سەرچاوە مەسعود بارزانی).

هیزی کورد :
ژمارەی چەکداری مەشقپیکراو لە هیزی نیزامی و نانیزامی بەو شیوە خوارەوەن:
باشووری کوردستان ٣٧٥٠٠٠ سێسەدو هەفتاو پێنج چەکداری سەرچاوە سی بی ئیس نیوز). خاوەن ئەزموونی دوورو و درێژ. مەشقپیکراو بەشێوەیکی رێکو پێک و نیزامی لەم پانزدە سالەی دواییە.
پالپشتی وولاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا لە ریگای ئاسمانی.

دارایی و دەسەلاتی کوردی:
باشوری کوردستان فیدرالی خاوەن بودجەیکی سالانە بیستوپینج ملیارد دولار.

کەواتە کورد هەم لە روانگەی لەشکری و پشتیوانی و دارایی دە بەرابەری سووننە بەهێزە.


کەموکورتی بەرچاو لە سیاسەتی هەریمی باشوور
نەبوونی ستراتیژی نە لە ئاستی عیراق و نە لە ئاستی نەتەوەیی کورد. (ئایندەی نادیار)
دواخستنی بەستنی کونگرەی نەتەوەی کورد بە هۆی سیاسەتی سەپاندنی بەرژەوەندی وولاتانی داگیرکار لە گوتاری ئەم کەنگرەیە. (یەکنەگرتنەوەی کورد و بیناسنامەیی لە ئاستی جیهانی).
یەکنەگرتنەوەی دوو ئیدارەی کوردی لە باشووری کوردستان. و دابەشکردنی دەسەلات لەنیوان بەرژەوەندی تورکیا و ئیران. (دەستتیوەردانی دەرەکی)
بایەخنەدان بە چەسپاندنی زانست و کەرتی پیشەسازی نیشتمانی لە هەرێم. و پشتبەستن بە کەرەستەی هاوردە. (میللەتیکی مشەخۆر).
هەژمونی حیزب لەسەر کایەکانی دەسەلاتی داد و سوپای باشوری کوردستان.(دەسەلات جەماوەر لەیەکتر دوورکەوتن)
ئەنجام نەدانی ڕاپرسی لەسەر مانەوەی کورد لە عیراق. (لاواز بوون لەبەرنبەر بەغداد).
راگرتنی مادەی ١٤٠ بەهەلواسراوی و ناڕۆشەنی سنووری کوردستان لە باشوور. (پیشرەوی سوننە).
کردنی بابەتیکی نەوت و بودجە بە بابەتیکی سەرەکی مشتومر لە بەغداد و کردنی چەند نوینەرێک بە مشەخۆر لە بەغداد لەسەر حیسابی کورد. (بێمتمانەی وولاتانی زلهیز لە پاشەرۆژی کورد).

سووننە لەو هەلۆمەرجە نازکەدا بە شیوەیەکی نافەرمی و بەناوێکی نەخوازراو دەولەتیکی دامەزراندووە و لەهەولدان دوای دەستبەسەرداگرتنی نەوت و فرەوانکردنی سنوورەکیان بەفەرمی بێنە پێشەوە و رووی راستەقینەی خۆیان ئاشکرابکەن دەولەتی خورافی ئیسلامی بکەن بە دەولەتێکی علمانی سووننە. لە بەراوردا کورد جاریک ڕاپرسی نەکردووە و سەرە داوەکانی لیتیکچوە لە نیوان جیابوونەوە و هاوپەیمانی. 
بەپێی ئەو ستراتیژی یەی سوننەکان بەڕیوەی دەبەن واتە داگیرکردنی خاکی کوردستان و قاونانی کورد بەناوی ئیرهاب و سەنگەرگرتن لە ناوەراستی شارە گرنگەکانی کوردستان هەنگاونانە بەرەو ڕێکەوتنیکی ئیقلیمی بۆ کیانیکی سوننە لە باکووری ئیراق و سوریا. بەهەند نەگرتنی ئەم دیفاکتۆیانە لەلایەن سیاسەتمەدارانی کورد دوورنیە لەپریکا بەرەو کارەساتیکی میژووییمان ببات لە هاوشێوەی ئاشبەتالی ١٩٧٤. ڕووداوەکانی رۆژهەلاتی ناوەڕاست و ڕەوشی وولاتانی ئیقلیمی ئاراستە ئارەستەکان بەرەو دابەشبوونی سیستم لە ئیراق و سوریا دەکەن کە دروستبوونی دەولەتێکی سوننە پیشهاتیکی حەتمی یە مەسەلەکە تەنیا کاتە.سوونەکان لە ئیستاوە سێ فاکتەر لەبەرچاو دەگرن.
دەستبەسەرداگرتنی کیلگە نەوتەکان.
فراوانکردنی سنووریان لە باکوور.
هەروەها هەولدان بۆ دەسترەسی بە دەریای ناوەڕاست.

ئەو هیڕشەی داعش بۆ سەر باشوری کوردستان ئاماژەیک بوو لە لایەن ئیران و تورکیا بۆ سیاسەتمەدارانی باشوری کوردستان کە پشتبەستن بە نەوت ناتوانێت حکومەتی هەرێم بکاتە دەولەتێکی سەربەخو. دەتوانن هەرکاتیک لە ماوەی چەند سەعاتیک ئەودەسەلاتە ئەگەر ویستیان لەناوی بەرن. وەلامدانەوەی رۆژئاوا بەیارمەتی فرۆکە جەنگییەکیان بۆ گەڕاندنەوەی چەند ناوچەیک هیچێک لە هاوکیشەکە ناگۆڕێت. سیاسەتمەدارانی باشوری کوردستان ناکۆکن و بێ ستراتیژین و لەهەموو گرنگتر وابەستەن و بێ هەلویستن. ئەگەر ئەو فاکتەرانە ڕاستنەکاتەوە بە ئەندازە چین سەربازی هەبێت و بە ئەندازەی ئەمریکا چەکی هەبێت هەر دەیدۆڕێنێت. جا بۆیە پێگەی سوننەکان لەم بوارەوە زۆر چڕترە. سوننەکان دریغی ناکەن لە تالان و داگیرکردن و ئیرهاب بۆ گەیشتن بە ئامانج.
کورد لەباشوور نەیتوانیوە بۆ چلۆن پیشهاتیک ئامادەیی هەبێت هەروەها چەماوەریکی ڕاستەقینەی نیە لە سەر بنەمای بیروباوەر. ئەو جەماوەری هەیتی جەماوەریکی دابەستەن و ئامادەنین پشتیوانی لە دەسەلاتیک بکەن ئایندەی لەسەر قەدەر بێت. لە ئاستی نەتەویش دەسەلاتی هەرێم هەنگاوی پێچەوانە دەهاویژێت و نەیتوانیوە ببیتە مایەی متمانە و دلگەرمی. شیسەتی هەرێم دابەش بووە بەسەر بەرژەوەندی دوو دەولەتی داگیرکار ئەوەش بۆ خۆی دردۆنگی لەناو خودی دەسەلاتداری دروستکردووە.

پاشەڕۆژی ئیراق هەردابەشبوونە:
ئیراق وولاتیکە لەسەر بنەمای تایفی دامەزراوە و هیچێک لە لەو پیکهاتانە باوەری بە ئەویتروە نیە. بۆ ئەوەی پیکەوە بتوانن لە یەک وقەواەی سیاسی بژین پیویستە یان تاکڕەوانە بەریوە بچێت یان لەیەکترترازان. ریگای تاکرەوانە نەوەد سالی خایاند ئیستا ماوە ریگای لەیەکتران تاقیکاتەوە. بەلام بابزانین چارەنووسی کورد بە چ دەگات لەم لیکرازانە.
هەموو ولاتانی هەریمی لەسەر ئەوە کۆکن کە کیانیکی سوننە هەبێت بەلام هەموو وولاتانی هەرێمی ناکۆکن کە کورد کیانی خۆی هەبێت. کەواتە لەو هاوکیشەیدا کورد دەبی لەژیر دەسەلاتی یان سوننە بێت یان شیعە. کورد تائەوکاتەی ئەو گیروگرفتانەی ناوخۆیی چارەسەر نەکات و خۆی لە وابەستەی بە تورکیا وئیران دوور نەکات و پەیمانێک وێرای پارچەکانیتر دروست نەکات ناتوانێت ببیت بەکیانیکی سەربەخۆ.
پرسیارێک ئایا ئەگەر سوننە خواستی جودابێتەوە کورد دەتوانوانێت چیبکات؟
ووەلام جارێک سوننە هەرگیز لە ئیراق جودانابێتەوە ببێ ئەوەی دەستی نەکەویتە سەر ناوچە نەوتەکانی باکووری ئیراق. ئەگەر بمێتەوە یان هەرکیشەیە وەیان دەست دەهاویژنە کودەتایک بەسەر بەغداد. کەواتە سوونە ئەگەر جودابێتەوە هیچ لەدەست کورد نامێنیت داوای جودابوونەوەی پێبکات ناچار ملکەچی ئەوە دەبێت یان ئاویتەی دەولەتی سوننە یاخود شیعە بێت وەک کەمایەتی. ئەو ڕەوشەی لە ئیراق هەیە شۆربۆتەوە ناو سوریا هەمان تایفەگەری هەیە. جودایی لەوەیە کە دەسەلاتی دیمەشق هەرگیز هیزی خۆی لەدەست نادات و حکومەتی باشدار لە دیمەشق دروست نابیت وەک ئەوەی لە ئیراق روویداوە.
ڕووداوەکان بەخیرای هەنگاو دەهاویژن و کات لەبەردەم دەسەلاتی باشوور گەلێک تەنگە. گەلی کورد پیویستی بە کاوە ئاسنگەریکە بتوانیت کۆی ئەم کەموکورتیانە بگەرینیتەوە سەر هیل و ئاراستەی راست و ئاسۆیەکی رۆناک بەم نیشتمانە ببەخشێت. رەوشی ئیستای رۆژئاوای کوردستان دەتوانێت ببێتە کەشتی فریاگوزاری باشووری کوردستان لەم گیژاوە. باشوور و رۆژئاوا دەتوانن پیکەوە پەیمانیکی کاتی ببەستن لەسەر ئاستی نەتەوەیی و سیستەمیکی فیدرالی کوردی دامەزرێنن بە ریبەراتی یکی هاوبەش لە کەسایەتی ئاکادیمی و خاوەن پیشینەی پاک لەناو جەماوەر بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە.
فرۆشتنی نەوت گرفتیک نیە کورد لیی بترسیت ئەگەر کورد ووشیارانە مامەلەبکات لەتەک دۆخەکە دەتوانێت سنووری باکور لە داعش بگرێت لە دزەکردن و نەوتفرۆشتن کە ئەوە بۆ خۆی ریگا بۆ کورد دەکاتەوە نەوتی خۆی بگەینی بە بازاری دەرەوە. لەم دوخەی هەیە کورد پیویستی بە کردنەوەی دەروازەیەکە بەرووی دەریای ناوەڕاست و بۆ ئەوەش پیویستی بە هەموو هەولیکی دیپلوماسی نیونەتەوەیی و سیاسی ناوخۆیە بخاتە گەڕ وەک سەرەتایک بۆ کردنەوەی هەموو گریکویرەکان. 









نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە