ئیتر ئێمەش نایگۆڕین

Thursday, 15/04/2010, 12:00

1187 بینراوە


هەموو چاوەڕێی ئەوەمان ئەكرد گۆران زۆر لەوە ئازاتر و بوێر تر بێت، بەڵام بە داخەوە وا نەبوو. گۆڕان رەنگە وا تێبگات لە بەر خاتری چاوی سەوز و قژی زەردی ئەوان بووە نیو ملیون خەڵك دەنگی داوەتێ . نازانن ئەو دەنگانەی  بەوان دراوە سەرجەم دەنگی ئەو خەڵكە نارازییەیە، كە لە ماوەی هەژدە ساڵی ڕابردوودا لەم دوو حیزبە بێزارن و چاوەڕوانی دەرفەتێك ئەكەن، كە زولم و ستەم و نادادی و گەندەڵی ئەو دوو حیزبە لە سەر خەڵكی كوردستان نەهێڵن .
دەمەوێت ئەوە بە بیر بزوتنەوەی گۆران بهێنمەوە، كە چەند مانگێكی تر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەست پێ دەكات و گۆڕان ئەگەر تاوەكو ئەو كاتە بمێنێ، وەكو بەفری بەهار نەتوێتەوە ئەوە بێگومان بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا ئەكات .  باشە ئێستا هەقی هەموو كەسێكە، كە دەنگی بە لیستی گۆران دابوو بپرسێت ئاخۆ لەو هەڵبژاردنەدا چی دروشمێك بەرز ئەكەنەوە و بەرنامەی كاریان چی دەبێت وەكو ئۆپۆزسیۆن؟ ئایا چی بەو جەماوەرەی خۆیان ئەڵێن، كە پێشتر بۆیە دەنگیان بە گۆران دابوو، تاوەكو ئەو هەموو گەندەڵكارە لە سەر كورسی دەسەڵات بهێننە خوارەوە .
من دەمەوێت لە سەركردەكانی گۆڕان بپرسم، كە بە راستیشس هەقی خۆمانە بپرسین چونكە دوو جارە دەنگ بەو لیستە ئەدەین، ئایا جەلال تاڵەبانی لە بەر ئەوەی دەنگتان داوەتێ ئەم جارە لە هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا دیسان ناكەوێتەوە تۆمەت و تەخوین كردنی، نەك هەر جەماوەری گۆران، بەڵكو خودی كەسی یەكەمی بزوتنەوەكەش كە نەوشیروان مستەفایە؟
ئایا هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و دژە تیرۆر ی یەكێتی دیسانەوە ناكەونەوە هەرەشە و لێدان و تیرۆر و تۆقاندنی جەماوەرەكەتان؟
ئایا دیسان ناكەونەوە هەڵرشتنی پارە دزراوەكانی میللەت بۆ كڕینی ویژدانی خەڵكی؟
ئایا شایەر و دەهۆَڵچیەكانی یەكێتی دیسانەوە ناكەونەوە تۆمەت هەڵبەستن و ناشرینكردنی خەڵكی گۆڕانخواز ؟
ئایا ئێوە، كە ئەوەندە رێزی مەسعودی مەلا مستەفاتان گرت و لەبەر خاتری جامانە سورەكەی هیچ داواكاریەكتان نەخستە سەر سفرەی دیوەخانەكەی سەرۆكی خێڵەكە ئەویش رێگە بە هەڵسوڕاوەكانی ئێوە ئەدات سبەی لە هەولێر و دهۆك بە ئازادانەو دیموكراسیانە كاری سیاسی بكەن و بانگەشە بۆ نوێنەرەكانتان بكەن؟
 ئایا ئەو هێزە زەبەلاحەی پارتی که‌ پێک هاتووه‌ له‌ (زێڕه‌ڤان و حیمایه‌ و چه‌کداری تر، و ئاسایش و پۆلیش و پاراستن) كە تەنها بە قسەی مەسعودی مەلا ئەكەن سبەی نابن بە عیزرایل بەسەر سەری ئەندامەكانتانەوە لە هەولێر و بادینان و پێتان ناڵێن لێرە سەد خەتی سور هەیە و كەس نیە بیبەزێنێ؟
ئایا لە خۆتان پرسیوە تا ئێستا زیندانە تۆقێنەرەكانی پارتی چه‌ند رۆڵەی ئەم میللەتەی تا ئێستاش تێدایە و كەس ناشزانێ لە كوێن؟
ئایا بەم ڕێزگرتنەی ئێوە لە پیاوە گرگنەكە، ئیتر ئەو واز لە دزیی و گەندەڵیی و  پیسخۆریی و شەوە سورەكانی خۆیان و نەوە بێ حورمەتەكانیان ئەهێنن؟
باشە ئێوە ئۆپۆزسییون بن و لە هەمان كاتیشا دەنگ بە جەلال بده‌ن و لەبەردەم مەسعودی سەرۆك خێلدا نقه‌ نەكەن و هەرچی ئەو بیڵێ ئیوە دڵی نەشكێنن و بە قسەی بكەن، ئیتر پێمان ناڵێن ئۆپۆزسیون بوونی ئێوە لە كوێدایە؟
ئەگەر وابێ ئەوە بە راستی هەقە ئیتر ئێمەش هەموو ئەوانەی، دەنگمان بە ئێوە دابوو داوای لێبوردن لەو یەكێتی و پارتی بكەین و پێیان بڵێین ئێوە هەمیشە و بۆ هەتا هەتایە هەر باوكی ئێمە بوون و دەبن، بەڵكو ئەوە ئێمەی وەچەین، كە بێ ئەمەك و حەرامزادەبووین بەرامبەر بە ئێوە و دەنگمان نەدانێ!
 ئەی باوكی میهرەبان و دڵ پڕ لە سۆز و خۆشەویستی دە ئێوەش بمانبەخشن و ئیتر ئێمەش هەرگیزا و هەرگیز بە ئێوە ناڵێین بەری چاوتان برۆیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە