هەرێمێكى دیموكرات لەژێر هەیمەنەى یاسایەكى دیكتاتۆردا!

Monday, 03/01/2011, 12:00

1410 بینراوە


ئیمزاكردنى یاسایى خۆپیشاندان لەلایەن سەرۆكى هەرێمەوە حاڵەتێكى چاوەڕوانكراو و ئاساییش بوو, پێشتر بارودۆخى ڕۆژنامەگەرى و ئازادى ڕادەربڕین و ئازادى قسەكردن لە ژێر نەشتەرى یەكێتى و پارتیدا هەناسەى مان و نەمانى دەدا, لەبەر ئەوەى بارودۆخى دونیا گۆڕاوە و باوى بەكارهێنانى هێز نەماوە وەسیلەى تر بەكار دەهێنرێن بۆ سەركوتكردن و بەرتەسكردنەوەى ئازادییەكانى مرۆڤى كوردى.
ئامادەكردنى یاسایەك لەجۆرى یاسایى خۆپیشاندان زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێت كە سەرۆك پەلەى لێبكا و خێرا ئیمزاى بكات بەڵام ئایا ئەو پێشتر ئاگادارى ئەوە نەبووە فراكسیۆنەكانى دەسەڵات خەریكن فریاى پشێوییەكانى هەرێم و سنوردانان بۆ ناڕەزایەكانى خەڵك دەكەون؟ئایا بەپرس و ڕاوێژى مەكتەب سیاسیەكان كارێكى لەمجۆرە نەكراوە؟ بەڵام نەیانزانى كە توشى پرسیارى سەرەكى دەبنەوە و ئەستۆ قورسى داهاتوو دەكەوێتە سەرشانیان بەتایبەت لەوانەى كە دیموكراتیەت وەك دروشم و زاراوە و وشە دەفرۆشنەوە بەخەڵكى كوردستان و هەمیش بیانیەكان دەبوا تێڕامابایەن ئەم یاساییە خەڵكى بێگانە و تەنات پەرلەمانى بەغداش دەیبینن و ئەوجا بەراوردێك دەكرێت لەنێوان قسە و گوفتارەكانى سەرۆك و بەرپرسانى وڵات دا! و دەشپرسرێت ئەگەر دەسەڵاتدارانى هەرێمێك ئەوەندە نەترسبێت و باسى حوكمێكى دیموكراتى دەكات ئەى ئەم یاسایە چییە؟
دیاردەیەكى زۆر گەورە لەلایەن سەرۆكى هەرێمەوە فەرامۆشكرا, گوێنەگرتن و نەخوێندنەوەى ئەو ناڕەزایەتیە بوو بەرامبەر بە یاساكە كە لەلایەن ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى و خەڵكانى دڵسۆز و ڕۆشنبیران .......تد بەجۆرەها شێواز گەینرایە سەرۆكى هەرێم بەڵام ئەو حسابى بۆ نەكردن و یاسایەكى ئیمزا كرد پێویست دەكات لەداهاتوشدا خۆى وەڵامى خەڵكى كوردستان بداتەوە ئەگەر خۆى بەسەرۆكى هەموو خەڵكى كوردستان دەزانێت نەك تەنیا چەند گروپ و ڕەنگێكى دیاریكراو.
ناوەڕۆكى یاساكە دەریدەخات بەكرداری ڕاستە ئەم هەرێمە دیموكراتە, چونكە خەڵكەكەى داواى یاسا و ڕیسا دیموكراتیەكان دەكەن و خوێن و قوربانیان بۆ داوە بە درێژایى مێژوو بەڵام ئەوە دەسەڵاتدارانن دەیانەوێ بەیاسا دیموكراتى لەقاڵبدەن و وەك ئەوەى خۆیان دەیانەوێ جێبەجێبكرێ نەك وەك ئەوەى خەڵكى دەیانەوێ. ئاسەوارێكى ترى ئەم یاسایە كە ئیمزا كراوە بۆ ئەوەى بچێتە بوارى جێبەجێكردنەوە سەرهەڵدانى ئەو دیاردە و كێشانەیە كە لەم یاساوە جێدەمێنێت, چونكە خەڵكى كوردستان ئەوە باشدەزانن ئەو خزمەت و پرۆژانەى بەم دواییانە كراوە, هەندێجار دەسەڵاتى سیاسى كەوتۆتە ژێربارى ڕاى گشتى و كەمێك هەڵوەستەى كردوە دەرئەنجامى ئەو فشار و ناڕەزایەتى و دەربڕینى ڕاوبۆچونە بووە كە پەراوێزێك هەبووە بۆ دەربڕینیان, بەڵام ئایا هەموو دەرگایەك لەمەودا و دابخرێ و لەڕۆژنامە كەس نەتوانێ بنوسێ و لەشاشەكانەوە هیچ پشاننەدرێ و كەسێك نەوێرێ بچێتە سەرشەقام دەبێت لەزیهنیەتى تاكى كوردیدا بەرامبەر هەموو ئەو كەموڕى و خەوشە سیاسى و ئابورى و دیاردە و كێشە كۆمەڵایەتیانە كە هەیە چ گەرایەك بچێنرێ؟ ئایا توندوتیژى بەرهەم نایەت؟ كێ لێى بەرپرسیار دەبێت؟ ئەوانەى كە بەدەنگى خەڵك چوونە پەرلەمان و بەڵێنیان دا هەرێم بەدیموكرات دەكەن یان ئەوانەى بۆچارەسەر كردن و پیشاندانى كێشەكانیان دەچنە سەرشەقام؟
پێش ئیمزا كردنى یاساییەكە لەلایەن سەرۆكى هەرێمەوە هەوڵەكانى ڕێگە گرتن بە ڕونكردنەوە و دیارى كردنى مەترسیەكانى و پێشنیاكردنى چاككردن و هەمواركردن و پەلە نەكردن لەتێپەڕاندنى ئاماژەیەكى ڕۆشنە بۆ سەلماندنى ڕاستیەك ئەوەش بۆشاییەكى زۆر گەورە لەنێوان خەڵك و سەرۆكایەتیەكانى هەرێم دا هەیە و بە گوێنەگرتن و ئیمزا كردنى ئەو یاسایە لەلایەن سەرۆكى هەرێمەوە دەركەوت دەنگە دڵسۆزەكانى میلەت لەدەرەوەى ئەو سێ دەسەڵاتەن چونكە بەخەمى لانەدان لەپرەنسپیە دیموكراتیەكان و ناشیرین نەكردنى هەرێم ڕاستیەكانیان خستە ڕوو.
كارێك كە دەبێتە پێویستیەك لەمەوداو بۆ ئازادیخوازان و دیموكراتخوازانى ئەم هەرێمە بەردەوام بونە لەسەر گەشبینیان بەو دەستكەوتانەى كە خەڵكى كوردستان بە خوێنى خۆى لەڕابردوودا هێنایە كایەوە, سەرەتاى سەنگەرگرتنێكى مەدەنیانەی سەردەمیانەیە بەقەڵەم و هەڵوێستێكى ئازادانە و ئازایانە بەرامبەر ئەوانەى بەچەوتى و بەكارهێنانى دەسەڵاتى خۆیان بەناسروشتى و لاڕێى و حوكمكردن بەیاسا دەیانەوێ تروسكاى ئومێد لە دەروونى تاكى كوردیا ڕەشبكەن و ڕەشبینیان بكەن بە ڕابردوى پڕ سەروەریان و دواجاریش بڵێن شۆڕش و ڕاپەرین و قوربانیدانى ئێوە هەر ئەوەندە دەستكەوتە وبشڵێن ئیتر كوردایەتى بەدەركردنى یاساى لەوجۆرە كۆتایى دێت, نەخێر ئومیدى خەڵكى كوردستان و قوربانیەكانى زۆر لەوە گەورەترن بەیاسایەكى نادیموكرات و شمولى بچوك بكرێتەوە و ئەزمونى هەرێم لەبەرچاوى خەڵكى كوردستانى گەورە و دونیا دەروەش بخرێتە ژێر سەدان پرسیارەوە.
[email protected]
تێبینى : ئەم وتارە لەژمارە (690) ڕۆژنامەى هاوڵاتیدا بڵاوبۆتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە