چیرۆکەکانی چیا : لەئاشبەتاڵدا. ئەو کاتەی باوکم تفەنگەکەی ناشت. هۆن هۆن دەگریا (چیرۆکی ژمارە ٦)

Friday, 21/03/2014, 12:00

4730 بینراوە


بەر لە دەستپێکردنەوەی شەڕ. باوکم، خێزانەکەی خۆی لە شار دوور خستەوە. هەموو چوینە گوندێکی هەژار. کە دەستی شارستانیی ڕێگەی نەکەوتبووە ئەو گوندەوە. بەڵام بەر لە ماوەیەک قوتابخانەیەکی تێدا کرابووەوە. ئێمە هەوارمان لەوێ خست.  مامۆستاکە، کە ناوی "محسین" بوو دوای ماوەیەک بەرەو ئێران چووبوو، قوتابخانەکەمان کە ژوورێک و بەرهەیوانێک بوو، باران خوسانبوویەوە. کاریتەکانیشی هەمووی خزابوو. دڵۆپە هەموو گڵی بانەکەی هێنابووە ناو ژووری قوتابخانەکەوە. قوتابخانەی گوندەکەمان لە منداڵی هەتیوو دەچوو. ئەو ساڵە دەتگوت ئاسمان کون بووە باران و هەورە بروسکە هەموو ڕۆژێک بەسەرماندا دەباری. من لەهەورە بروسکە زۆر دەترسام. چونکە زۆر چیرۆکی لەگەڵ خۆیدا دروست کردبوو. بیرمە هەر لەو ڕۆژانەدا ئەیان ووت شوانێک لەگوندێکی دوورتر لەو گوندەی ئێمە لێی دەژیاین. هەورە بروسکە کردوێتی بەقەقنەس. ئای خوایە گیان کە هەورە بروسکە دەبوو من ڕێک خۆم وەک یەک پارچە خەڵوز دەبینی. ئەم ووت ئێستا منیش دەبمە قەنقەس. چاکم لە بیرە کە هەورە بروسکە دەبوو دایکم دەیوت:
" ئەوە مانای وایە خوا زۆر لێمان توڕەیە"!
منیش لە دڵی خۆمدا دەمووت "خوایە گیان بۆ توڕەیت. خۆئێمە هیچ شتێکمان نەکردوە!؟"
پاش نیوەڕۆیەکی درەنگ. دنیا کەمێک ڕووناک بوو دایکم ئاگرێکی لە حەوشە خوار و خێچەکەدا کردەوە. هەرچی کتێب و دەفتەر و شت هەبوو هەمووی خستە ناو ئاگرەکەوە. ئیتر چووە ژوورەوە. من لەبەر هەیوانەکەدا بووم لە دایکمم دەڕوانی. بەدوای ئەو وەڵامەدا دەگەڕام، کە ئاخۆ بۆچی دایکم ئاوا توڕەیە؟ تۆ بڵێی بووبێت بە هاوڕێی هەورەبروسکە و لەوە توورەیی فێربووبێت؟! چرکەمان لە خۆمان بڕی بوو. باران لە دوورەوە دەباری. لای ئێمە تیشکی ڕۆژ دەدرەوشایەوە. گوندییەکان دەیان ووت "گورگە زێ". واتە کاتێک لە چیاکان باران دەبارێت و ئاوایی ڕۆژ تێیدا ڕوناکە. وادەی گورکەکانە کە بزێن. هەر جارێک هەورە ڕەشەکانمان دەدەی لە چیاکان و لای ئێمەش ڕووناک بوو دەمان ووت "گورگە زێ"یە.لە پڕێکدا لە حەوشەکەماندا ناڵەیەک هات خۆمان دا بە زەوییدا. دایکم هاواری کرد هەیڕۆ چی بوو. چی بوو؟ ئەوانەی گوێیان لە دەنگەکە بوو بەهاناومانەوە هاتن. گوللەیەکی دۆشکەی نەتەقیوو بوو لەناو کتێبەکاندا، کە زۆری وێنەی "شابانو و شاهەنشا"ی ئێرانی تیا بوو، دایکم دەیویست سزایان بدات و ئاوری تێبەردابوون. ئێمە سەلامەت دەرچووین. چیرۆکی ئەو گوللە دۆشکەیەش چیرۆکێکە درێژ. بەڵام گوللەکە ببووە توحفەی ماڵە کۆچەرەکەی ئێمە.

ئێوارە وەک هەموو ڕۆژەکانی تر ساوەرمان هەبوو، بۆنی نەوتی لێدەهات خوشکە بچوکەکەم دەیان جار لە کانێکە ساوەرەکەی دەشتەوە و خۆی ووتەنی بسمیلی دەکرد، کەچی کاتێک دایکم لێی دەنا. بۆن و تامی نەوتی لێ دەهات. ئەوە بوو بەر لەماوەیەک نەوت ڕژابوو بەسەر تورەکە و پریاسکەی خۆراکە ووشکەکانماندا. بۆیە هەمووی نەوتاوی ببوو، بەڵام ئێمە باوکمان پێشمەرگە بوو، ئەم نەوتە کاری لێنەدەکردین و بڕوامان بەوە بوو کە شۆڕش بە سەرفرازی گەیشت ئەمە دەبێتە شەوچرە بۆ گێڕانەوە. جگە لەوەش هەموو ژەمێک دایکم نزای دەکرد، تا خوا لە تەمەنی ماڵ و منداڵی هەڵگرێ و بیخاتە سەر تەمەنی سەرکردەی شۆڕش، بۆ ئەوەی بە ئازادیی بگەین. نزاکەی دایکم هەموو ژەمێک دووبارە دەبووەوە. بەیانیان نیوەڕوان. ئێوارانیش. گەر بەڕێگەوە بووینایە. هەمان نزای دەکردەوە. بەڵام لە کورتی دەیبڕێوە. ئەوەی سەیر بوو ئەو ئێوارەیە دایکم نەک نزای نەکرد. بەڵکو خۆشی نانی نەخوارد و وێنەکەی سەرۆکیش، کە چایەکی لەبەر دەمابوو لە ژوورەکە نەمابوو. برایەکی لە خۆم گەورەترم هەبوو هەموو جارێک وێنەکەی هەڵدەگێڕایەوە دەیپرسی: " ئەوە چییە ئەم چایە سارد نەبووەوە؟".

لە ناکاودا دایکم ووتی:
منداڵان گوێبگرن سبەینێ دەگەڕێینەوە بۆ شار!
من ووتم:
دایە. شۆڕش سەرکەوت؟ دایکم بێدەنگ بوو فرمێسک لەچاوەکانی هەڵوەری و هیچی نەوت. ئەو ڕۆژانە لە هەموو کەسەکان باران ئاسا فرمێسک دەباری.دایکم هیچی نەوت گوێمان لە پێی دەنگی باوکم بوو تارک ببوو هەموو ڕامان کرد بۆ بەر هەیوانەکە.
باوکم هاتە ژوورەوە سەیربوو کەسمانی ماچ نەکرد و کەسمانی لە ئامێز نەگرت.
باوکم وەک ژووری قوتابخانەکەمان گیانی هەمووی قوڕ و تەڕایی بوو. ئەتووت بەجڵەوە خۆی دا بە لە زەوییە تەرەکەدا. دایکم نە لەبەری هەستا و نە قسەی لەگەڵدا کرد و نەپێی ووت. نانت خواردوە؟
دایکم لە باوکم توڕەبوو. گەرچی باوکم تفەنگە بڕنەوەکەشی پێبوو، بەڵام هیچی نەوت هەر سەری دەلەقاند. دایکم ووتی:
پێم ووتی هەموو هێلکەکان مەکە ناو سەبەتەی شۆڕشەوە"
من ووتم:
باوکم بۆ وای کردوە دیارە سەبەتەکەی لەدەست بەربۆتەوە مانای وایە ماوەیەکی تر هەر دەبێت ئێمە ساوەر و قەرەخەرمانی نەوتاویی بخۆین ؟
دایکم بەدەم قیژە و نزاکردنەوە بە باوکمی دەوت:
دەی هەستە دوو پەراسوی ترم بشکێنە.
بەرلەوەی بێینە چیا لە شاردا بەر لەچەند ساڵێک باوکم ئابوونەوەی بۆ شۆڕش کۆدەکاتەوە. ئێمە هەژار دەبین دایکم بە باوکم دەڵێ:
"ئەم مانگە ئابونە بەشۆڕش مەدە "
باوکیشم توڕە دەبێت شەقێک لەپشتی دایکم دەدات پیی دەڵێت:
"فێری خیانەتم دەکەیت" ؟
باوکم ئەمجارە، کە وەڵامی دایکمی نەدەدایەوە. بەڵام هەستم دەکرد خۆی بە تاوانبار دەزانێت. دوای تۆزێک چووە لای ئاگردانەکەی بەر هەیوان و تەنەکە ڕۆنەکەی هێنا. ئێمە هەر سەیری ئەو شانۆیەمان دەکرد، کە تژی بوو لە قیژە و گلەیی و گازندە. باوکم تەنەکە ڕۆنەکەی دانا چەند دارێکی دیکەی نا بە زۆپاکەوە، ژوورەکە زۆرتر ڕوناک بووەوە. ڕوناکی ئاگرەکە ڕووی تەنەکە ڕۆنەکەی "شاپەسەن"ی جوانتر دیاری کرد، دوایش بنمیچی ژوورەکەمان بە نایلۆنێک درێژ کاریتەکانی داپۆشرابوو. بیرمە نایلۆنەکە هەمووی قاپی پڕ کەباب و پیاز و تەماتەی برژاو بوو. زۆر شەو لە سەر گازی پشت ڕادەکشام. بەتایبەت ئەو شەوانەی باوکمان لامان بوایە. من چاوەکانم دەبڕیە یەکێک لە دەفرە بڵاوە ڕەنگاو ڕەنگەکان و هەناسەی باوککم دەکرد و ناو دەمم پڕ دەبوو لەتامی خۆش و ئیتر بە باوکمم دەوت:
کە شۆڕش ڕزگار بوو دەبێ بچین بۆ کەبابخانەکەی "ئەزمڕ" و بەقەدەر ئەو دەفرە کەبابم بۆ بکڕی.
لەناکاودا باوکم دەستی کردە لێکردنەوەی نایلۆنی بنمیچی ژوورەکەمان لەو سەرەوە هێنای لە پڕێکدا چەند مشک کەوتنە خوارە. سور و بچکۆلە ئێمەش دەستمان کردە ڕاونانی. تۆزێک خۆشی گەڕایەوە ناومان و جوڵەیەک کەوتە ژوورەکەمان.

باوکم تفەنگەکەی لەبەر یەک هەڵوەشاند نایلۆنەکەی دانا و دەستی دەکردە بە ناو تەنەکەی ڕۆنەکەدا و ڕۆنی دەردەهێنا و لە تفنگەکەی دەسوو. من هەرگیر شتی وام نەدیبوو. بیرمە باوکم چەندین جار لەبەر چاوماندا تفەنگەکەی پاک دەکردەوە چەند دڵۆپێک ڕۆنی مەکینەی خەیاتی لێدەدا و بە دەستەسڕێکی زەرد دەیسڕی و بەدیوارەکەدا هەڵی ئەسپارد. منیش زوو زوو دەمکردە شانم. کە باوکم تەراشی دەکرد ڕیش و سمێڵم بە کەفی تەراشەکەی بۆ خۆم دروست دەکرد و جامانەکەیم دەکردە سەرم و دەمووت منیش حەزدەکەم وەک تۆم لێ بێت. دایکم دەیووت ئەم بایە لەم کونەوە بێت تۆش پێی دەگەیت. بیرمە بەر لەوەی بێین بۆ چیا. باوکم باڵەکانی دەکردەوە و باسی تۆپەکانی شۆڕشی بۆ دەر و دراوسێ و خزمەکانمان دەکرد. دەیووت ماوەیەکی کەمە و شۆڕش شارەکان دەگرێت و سەردەکەوین و بە سەربەرزیی دەگەڕێینەوە.
من ئەو دەمانە لە دڵەوە حەزم نەدەکرد شۆڕش سەرکەوێت. دەمووت خۆزگە سەرنەدەکەوتین تا منیش وەک باوکم دەبوومە پێشمەرگە. ئینجا دەمانچەکەی، کە لە ڕەشمارێکی ڕەش دەچوو بە دەستەسڕێکی زەرد دەیپێچایەوە و دەیکردە بەر پشتێنەکەیدا. ئەو دەمانە باوکم خۆی لێببوە ناپلیۆن پۆناپارت و زوو زوو باسی سەرکەوتنی دەکرد و منەتی بەهیچ نەبوو.خزم و ناسیاو دراوسێکانیشمان هەر سەریان دەلەقاند و باوەڕیان بەقسەی باوکم هێنابوو.

باوکم ڕۆنی لەناو تەنەکەکەدا نەهێشت هەمووی  لە تفەنگ و فیشەک سوا، فیشەک دانەکەی و لەناو نایلۆنەی پێچاو. هەستا چووە بەر هەیوانەکە و ماوەیەکی پێچوو گوریسێکی شینی هێنا، کە دایکم کردبووی بە تەناف و بە بەرهەیوانەکەدا هەڵی واسیبوو.باوکم لە دۆزینەوەی ئەو گوریسەدا هەستی بە شادمانی دەکرد ئەتووت گەنجینەی "عەلی بابا"ی دۆزیوەتەوە. تفەنگ و فیشەکدانەکەی وەک لاشەیەکی مردوو پێچایەوە بە تەنافەکە تون تون بەستی و دای بەشانیدا و ڕۆیشتە دەرەوە. من ووتم:
باوکە بێم؟
بە نیمچە توڕەبونێکەوە ووتی:
ئێستا دێمەوە دانیشە.
باران هەر دەباری ماوەیەک لە ژوورەکەمان چاوەڕوان بووین، خوشکە بچوکەکەم  بوکەشوشەیەکی ڕووتی بێقۆڵی لە ئامێز گرتبوو لەباوەشی دایکمدا خەوی لێکەوتبوو براکەشم وەنەوزی دەدا و خەریک بوو دەخەوت. من هەر لە بنمیچەکەم دەڕوانی. کە سفرەی پڕ کەبابەکەی پێوە نەمابوو. چراکەشمان تاقەتی نەبوو ڕوناکییەکەی پەخش بکاتە ناو ژوورەکە. ترپە ترپی دەکرد و لایەک لە بلورێکەی ڕەش کردبوو.من تۆزێک کزم کرد چاکتر بوو باوکم هاتەوە لە ئاو و قوڕ هەڵکێشرابوو. لێی پرسیم کوڕم بۆ نەخەوتووی؟
ووتم چاوەڕوانی تۆم کرد دانیشت. باوکم زۆر ئارەزووی چای دەکرد. کەچی ئەوشەوە حەوسەڵەی نەبوو چا بخواتەوە، ساوەرە نەوتاوییەکەشی نەخوارد، بەڵام جگەرە دوای جگەرە دایدەگیرساند.من سەرم کردە سەر ڕانی باوکم. باوکم بەهێواشی پۆستەری شەهیدانی قەڵادزێ دەنا بە ئاورەکەوە دەیخستە ناو زۆپاکەوە. ژوورەکە زیاتر ڕووناک بووەوە. گوێم لە هەنسکی دایکم بوو. هاواری خوای دەکرد. سەرم هەڵبڕی باوکمم دی هۆن هۆن دەگریا. بۆ یەکەمین جارم بوو باوکمم دیبوو بگری. من باوکم بەپاڵەوان دەزانی. وام دەزانی باڵەکانی لە بندا ببڕنەوە ناڵێت ئاخ و ناشگری. کەچی ئێستا باوکم دەبینم دەگری.ئیتر ماڵەکەمان بوو بە ژێر فرمێسکەوە ژوورەکەمان وەک دەرەوە تەڕەڕبوو.
بەیانییەکی بەهار بوو. زوو هەستاین نەمان دەزانی چی دەکەین باوکم چاوەکانی ئەتوت گۆمی خوێنن. ووتی:
 منداڵ گوێ بگرن ئێمە دەچینەوە بۆ شار بۆ ماڵەوە.
سواری تراکتۆرێک بووین، باوکمم دی جامانەکەی وەک پیاوە پیرەکان بەستوە لایەکی هێنابۆ خوارەوە. ماندوو. تۆڕە و بێحەوسەڵە. بە چرکەش جگەرەی لێنەدەبڕا. لەسەر پردەکەی تانجەرۆ ئەو هەموو سەربازەمان دی، باوکم هیچی نەکرد. دایکم سەرپۆشە سپێکەی توند کرد پڕچە ڕەشەکانی شاردەوە. ئێمە تەنها نەبووین زۆر کەسی تریش بوو. چەمەکە لە قوڕاودا ناڵەی دەکرد هەموو شتێکی لەگەڵ خۆیدا دەبرد. ماوەیەک وەستاین دوای ڕێگەیان پێداین سواری پاسێکی چەند نەفەریی بووین، گەیشتینە ناوشار لەبەر دەمی فیرقەدا. یەکە یەکە بە رێز پێشمەرگە تێک شکاوەکانم دی جامادانیەکانیان بەهەڵاو گێڕاوەی بەستبوو. لولەی بڕنەوەکانیان ڕووی لە زەوی بوو. دایکم دایە پرمەی گریان. خوشکەکەم هیچی نەوت. هەر هەموومان واقمان وڕمابوو. بیرمە، کە دوایی باوکم چوین بۆ چیا. لە ڕێگە هەموو ئەو جێبانەمان دی بەقوڕ سواغ درابوون. دایکم و خوشکەکەم هەر پۆلێک پێشمەرگەیان بدیایە نزایان دەکرد و دایکم قولوەڵای دەخوێن و بە فوو بۆ سەلامەتی ئەوان دەیناردە حەوا، کەچی ئەم جارە دایکم و خوشکە بچکۆلەکەم نە نزایان کرد نە قولوەلایان خوێند. بەهەر شێوەیەک بوو، گەیشتینە ماڵەوە. دراوسێکانمان هاتن بۆ لامان بەخێرهاتنەوەیان کردین. ئەو کەوانتەر و شتانەی، کە لای خۆیان شاردبویانەوە هەر ئەو عەسرە بۆیان هێناینەوە. کچەکانی گەڕەک ژوورەکانیان بۆ پاک کردینەوە. دایکم هەر دەگریا جاڵجاڵۆکەکان وەک ئێمە سەریان لێشێواو، کچە عەجولەکان بە گسکەکانیان ماڵی جاڵجاڵۆکەکانیان وێران کرد.من چوومە سەربان کاتێک ڕوانیم ئەو ئۆتۆمۆبێلە تەلەکەی، هەم بوو، ژەنگ لێی دابوو شوێن پێی پۆستاڵێکیشم دی بە ناوقەدییەوە. زانیم سوپا هاتووە ماڵەکەمانیان پشکنیوە.
ئیتر باوکم باڵەکانی نەدەکردەوە باسی تۆپەکانی شۆڕش بکات. ئێمە بە تێکشکاوی گەڕابووینەوە. باوکم خۆی بە تاوانبار دەزانی. لە ماوەیەکی کورتدا سەری هەموو سپی بوو. ئیتر حەوسەڵەی نەما زوو زوو لێمان توڕە دەبوو. دایکم لەو ماوەیەدا هەر باوکمی بە تاوانبار دەزانی. نازانم بۆ ؟ کە گەورەبووم ووتم:
 خۆزگە بەرپرسانی شۆڕشیش وەک باوکم دەبوون ئەوانیش تۆزێک تێکشکانی شۆڕشیان لەکۆڵ دەگرت و ژەمێک لەو ساوەرە نەوتاوییەی ئێمەیان دەخوارد.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە