كاروانى چاكسازى و گۆڕانكاریەكان بەكوێ گەیشتوە؟

Sunday, 01/05/2011, 12:00

1241 بینراوە






ئاشكرایە ئەو دەنگانەى كە داواى چاكسازى و گۆڕانكارى دەكەن لە تەواوى سیستەمە سیاسى و ئابورى و كۆمەڵایەتیەكەى كوردستاندا لەدواى 25/7/2009 وە بەئاشكرا وەك هێزێكى سیاسى ئۆپۆزسیۆن خۆیان ڕاگەیاند لەبەرامبەر هەردوو حیزبى دەسەڵاتداردا.. هەرچەندە پێشتریش لێرەو لەوێ دەنگى چاكسازى و گۆڕانكارى بەرزكرابۆوە لەلایەنى جیاوازەوە بەڵام بێهێز و شەرمن و ناڕێكخراو بوون. ئیدى لەدواى 25/7 وە كاروانى گۆڕانكارى و چاكسازیەكان بە ئاشكرا كەوتەڕێ و واماوەى 2 ساڵە خەباتێكى نەبڕاوە و بێوچان دەدەن لەو پێناوەدا. ئەم كاروانى چاكسازى و گۆڕانكاریانە لەسەرەتادایە و هێواش هێواش گەورەتر و گەشەكردووتر و ڕێكخراوتر و پێگەیشتووتر دەبێت. هەربۆیە ئاساییە كە هەندێ جار ئامانجەكانى نەپێكێت و ڕووداو وپێشهاتەكان وەكو خۆیان نەبینێت و خوێندنەوەى ڕاست و دروستیان بۆ نەكات و هەندێ جار تووشى هەڵە و نوچدانیش ببێت. لەلایەك بەهۆى نوێبوونى كارى ئۆپۆزسیۆنى لەكوردستاندا و نەبوونى ئەزمونێكى باش و كامڵ لەو بوارەدا و لەلایەكى تریشەوە هەڵپەى زوو دەسكەوتنى زۆرترین دەسكەوتى سیاسى و جەماوەرى و وەدیهێنانى ئامانجەكان وادەكەن كە هەڵە و هەڵەشەیى و بێبەرنامەیى و بێپلانى ڕووبدەن. لەلاى سێهەمیشەوە دەسەڵاتەكەى كوردستانیش بەهەمان شێوە نە لە دەسەڵاتدا قاڵبۆتەوە و درك بەهەموو بوارەكانى ژیان و گوزەرانى جەماوەر دەكات و نەسنگ فراوانیەكەشى هێندەیە كە قبوڵى ڕاى جیاواز و كارى ئۆپۆزسیۆن بكات. هەربۆیەش و لەبەر ئەم هۆكارانە كاروانى چاكسازى و گۆڕانكاریەكان تووشى سستى و خاوبونەوە و ڕێگرى زۆر بونە تەوە.
هێزەكانى ئۆپۆزسیۆن كە خۆیان لە بزوتنەوەى گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵى ئیسلامیدا دەبینێتەوە, ئەوانیش بۆ خۆیان لەسەرەتاوە دڕدۆنگ و دوور لەیەكتر بوون. بەڵام خۆشبەختانە و لە دواى 17/2/2011 وە و دواى ئەنجامدانى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكانى جەماوەرەوە, كەوتونەتە خۆ بۆ لێكنزیكبونەوە و هاوهەڵوێستى و هاوكاریكردنى یەكتر كە ئەم كارەیان بوە هۆى دروستبوونى شۆك لاى دەسەڵات.چونكە هیچ كاتێك دەسەڵات چاوەڕوانى ئەوەى نەدەكرد كە ئەم 3 هێزە جیاوازە لە بیروڕا و بۆچوون و ئایدیا و دروشم و پێكهاتە و تاكتیك و ستراتیژى خەباتیاندا, ئاوها كۆك و تەبابن لەسەر بەگژداچونەوەى دەسەڵات و داخوازیان بۆ چاكسازى و گۆڕانكاریەكان.
هەربۆیە دەسەڵات بە نهێنى و بە ئاشكرا فشارى ناوخۆیى و ناوچەیى و دەرەكى لە ڕووى مادى و مەعنەوى و ترس و تۆقاندنەوە بەكارهێنا بۆلێكدووركەوتنەوەیان و دابڕانیان لەیەكترى لەلایەك و لەلایەكى تریشەوە لە جەماوەرى ڕاپەڕیوو. بەڵام تائێستا نەیتوانیوە سەركەوتن وەدەست بهێنێت.بۆیە ئەم كارى پێكەوەیى و هاوكارى و هاوهەڵوێستیەی ئۆپۆزسیۆن و جەماوەر زۆر گرنگە و هەنگاوى بەرچاو و سەركەوتنیانە و زەرورە درێژەى پێبدەن و خۆڕاگریش بن لەبەردەم هەموو جۆرە فشارێكى تردا لە ئایندەدا.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە كە, ئایا چاكسازى و گۆڕانكارى بەكێ و بە چ هێزێك دەكرێت؟ بە چ شێوازێك ؟ ئامڕاز و داروپەردووى ئەو چاكسازی و گۆڕانكاریانە كێن و چۆنن؟ ئایا دەسەڵات دەتوانێت چاكسازى و گۆڕانكارى بكات یان ئۆپۆزسیۆن؟ پرسیارى گەورەتریش ئەوەیە, ئایا كامیان لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ڕاستگۆترن لە چێكردنى پڕۆسەى چاكسازى و گۆڕانكاریەكاندا؟ ئەى ئەم دروشمە جوان و سەرنجڕاكێشانە لە كۆتاییدا لە سوودو قازانجى كێ لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و جەماوەر دەشكێتەوە؟؟ و دەیان پرسیارى تریش...
سەرەتا وەك لۆژیكى لێكدانەوە و شیكردنەوەى پێكهاتەى ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لە كوردستاندا. ڕاستەوخۆ ئەندێشە و بیرى مرۆ بۆ ئەوە دەچێت كە ئەو هێزەى دەتوانێت چاكسازى و گۆڕانكارى بكات , سەرەتا دەبێت نیەتێكى ڕاستگۆیانەى هەبێت لەو پێناوەدا و هێندەى بیر لە بەرژەوەندى كۆمەڵگە دەكاتەوە نیوهێندە بیرى لاى دەسكەوت و ئیمتیازات بۆ سەركردە حیزبەكانى خۆیان نەكاتەوە..
هێزێك دەتوانێت گۆڕانكارى و چاكسازى بكات كە ترسى نەبێت لە لەدەستدانى پلە و پایە و ئیمتیازاتە مادى و مەعنەویەكانى.
هێزێك دەتوانێت چاكسازى بكات كە كۆنەپارێز نەبێت و عەقڵ و بیر و بەرنامەى نوێخوازى و پێشكەوتنخوازى هەبێت.
هێزێك دەتوانێت كە چاكسازى و گۆڕانكارى بكات كە بڕواى بە بنەما سەرەكیەكانى سیستەمێكى دیموكراسى هەبێت لە ئازادى و یەكسانى و ئاشتى و پێكەوە ژیان و ئاڵوگۆڕى دەسەڵات بە ئاشتیانە و ڕێزگرتنى مافەكانى مرۆڤ و یاسا و سەربەخۆیى میدیاو زانكۆ و خوێندنى لا پیرۆزبێت.
هێزێك دەتوانێت گۆڕانكارى و چاكسازى بكات كە بڕواى بە عەدالەتى كۆمەڵایەتى و شەفافیەت و كاركردنى پێكەوەیى هەبێت. نەك هێزێك توندڕەو و توندوتیژ و شەڕەنگێز و خۆسەپێن و پاوانخوازى دەسەڵات و كورسى حوكم بێت و گەندەڵى و مشەخۆرى پیشەى بێت.
جا ئەم پڕۆسە گەورە و گرنگ و زۆر هەستیارەى چاكسازى و گۆڕانكاریە, پێویستى بەكەش و هەوایەكى هێمن و ئارام هەیە دوور لە توندوتیژى , پێویستى بە عەقڵ و بەرنامەى وورد و زانستى هەیە. نەك بە تەنگەنەفەسى و نەفەس كورتى, پێویستى بە نەرم و نیانى و لەسەرخۆیى هەیە, نەك هەڵپەكردن و هەنگاوى خێراو بێ بەرنامە.
لەهەمان كاتیشدا ئەم پڕۆسەیە ئامڕاز و داروپەردوو و پێداویستى مادى و مەعنەوى و نەفسى هەموانیشى گەرەكە لە تاك بەتاكى كۆمەڵگاوە تاڕێكخراوە جەماورى و پیشەیى و دیموكراتیەكان و كۆمەڵگەى مەدەنى و تادەگاتە پارت و ڕێكخراو و بزوتنەوە سیاسیەكان و لەناویشیاندا سەركردە و خاوەن نفوزەكانى نێو دەسەڵات. چونكە هاوڕابوونى هەموان و كۆكبون و كۆبونەوەى هەموان و لێكتێگەیشتن لە چەمك و ناوەڕۆك و ووردەكارى و ئامانج و پلانى چاكسازى و گۆڕانكلاریەكە سەركەوتنى پڕۆسەكە ساناتر و خێراتر دەكات. هۆشیارى تاكەكان و ڕوونى و شەفافیەتى ئامانجەكان و ڕۆشنى ڕێچكە و ئامڕازەكانیش هۆكارى ترى سەركەوتنێكى مسۆگەرن.
بەڵام بەداخەوە دەڵێم لانى كەم لە ئێستادا كە نە دەسەڵات و نە ئۆپۆزسیۆن و نە جەماوەریش بە باشى لە ئامانج و دروشم و ئامڕاز وڕێباز و شێوازى ئەم پڕۆسەیە نەگەیشتوون و بەم شێوەیەش بێت ئومێدى سەركەوتن زۆر ڕۆشن نابێت. چونكە دووڕوویى و تەنگەنەفەسى و گیانى تۆڵەكردنەوە و یەكدى قبوڵنەكردن لەلایەن دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە زاڵترە لە گیانى بیركردنەوە و پێكەوەكاركردن ولێكتێگەیشتن لەسەر زەمینەى واقیعدا .
دەكرێت دەسەڵات بۆ خۆى بەرنامەیەكى باش و ڕۆشن و سەرتاپاگیرى بۆ چاكسازى و گۆڕانكاریەكان پێبێت گەر نیەتێكى باش و ڕاستگۆیانەى هەبێت.لەو كاتەشدا پڕۆسەكە ساناتر و خێراتر بە ئەنجام دەگات. بەڵام ماوەى 20 ساڵ حوكم و ڕووداوەكانى دواى 17/2 ئەو ڕاستیەى لاى دۆست و دوژمنان سەلماند كە دەسەڵاتى كوردى گەرەكى نیە یان نایەوێت یان نیەتى چاكسازى و گۆڕانكارى نیە, چونكە دەركەوت لە جیاتى وشە و ڕەخنە و ناڕازیبونى ئاشتیانە گولە و توندوتیژى و عەسكەرتاریەت و ڕەشبەگیرى و گرتن و ڕاوەدوونان و ئەشكەنجەدانى بەكارهێنا و لە جیاتى گوێگرتن و قبوڵكردنى بەرامبەر خۆگێلكردن و ڕەتكردنەوەى بەرامبەرى هەڵبژارد.
لەبەرامبەریشدا, هێزەكانى ئۆپۆزسیۆنیش تواناى ئەو چاكسازى و گۆڕانكاریانەیان نیە. چونكە نەخۆیان و نە لایەنگرانیان و نە جەماوەریش پلان و پڕۆژەیەكى زانستى و واقعى و عەمەلی شەفاف و ڕۆشنیان نیە بۆ ئەو پڕۆسەیە و بە تەنها لە چوارچێوەى هەندێ دروشمى باق و بریقدا ماوەتەوە و هیچ كامیانیش بەرنامەى دواى سەركەوتنى پڕۆسەكەیان لا نیە. هەرچەندە نیەتێكى ڕاستگۆیانە هەستپێدەكرێت لە و خەباتەیاندا. بەڵام دەسەڵات بۆتە ڕێگر و نە خۆى پڕۆسەكە چێدەكات و نە ڕێگەش دەدات ئۆپۆزسۆن ئەو كارە بكات.
بەدڵنیایشەوە و لەو ڕاستیانەى لاى سەرەوەدا بۆمان ڕووندەبێتەوە كە دەسەڵات نیەتێكى ڕاست و ڕاستگۆیانەى نیە بۆ چێكردنى گۆڕانكارى و چاكسازیەكان و گەرەكێتى درێژە بەم بارودۆخە بدات و مانەوەى خۆى و هێز و جەبەروت و پاوانخوازى خۆى بۆ ماوەیەكى تر درێژ بكاتەوە.
لەبەرامبەریشدا ئۆپۆزسیۆن گەرەكێتى بە زووترین كات ئەو پڕۆسەیە سەربگرێت و خەبات و قوربانیشى لەو پێناوەدا بەخشیوە لە شەهید و بریندار و سووتاندنى بارەگا و بڕینى یارمەتى و نانبڕینى لایەنگرانیان و بەردەوامیشە لە مقاوەمەتى ڕەواى خۆى لەبەرامبەر فشارەكانى دەسەڵاتدا.
زۆر ڕوون و ئاشكراشە كە هەموو پڕۆسەیەكى چاكسازى و گۆڕانكارى لە هەر دەسەڵاتێكدا داوابكرێت و ببێتە مەتڵەبێكى سیاسى و جەماوەرى ئەوە لە ئەنجامى ناعەدالەتى و نایەكسانى و نەبوونى ئازادى و دیموكراسى و نەبونى شەفافیەت و بوونى گەندەڵى و پاوانخوازى و زوڵم و زۆر و چەوساندنەوە و خۆسەپاندنەوە هاتووە.
هەربۆیەش بەسەركەوتن و بە ئەنجام گەیاندنى پڕۆسەیەكى وا زیندوو و هەستیار و ژیارى بە دڵنیایى لە قازانجى زۆرترین جەماوەر و كۆمەڵگا تەواو دەبێت كە سەرچاوەى شەرعیەت و حوكم و دەسەڵات و سیستەمەكەن.
بۆیە لەم قۆناغەى ئێستاى كوردستاندا دەكرێت دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و جەماوەریش پڕۆژەیەكى ئاشتەوایى ڕاستەقینە پیادەبكەن و دواتر مێزى گفتوگۆى ڕاشكاوانە بكەنە مەیدانى ململانێكان و گۆڕەپانى یەكلاكردنەوەى سەرجەم كێشە و خاڵە ناكۆكەكان و هەرسێ لا ببنە سێ كوچكەیەكى تەبا و كۆك بۆ سەرخستنى ئەو پڕۆسەیە و هەرێمەكەمان لەم قەیرانە ڕزگار بكەن و ئێستا و ئایندەى ئەزمونەكەمان بەرەو ئاسۆیەكى ڕوونتر بەرن و هەموان تەنها مەبەست و ئامانجیان قازانجى گەلەكەمان بێت و سەرخستن و چەسپاندنى زیاترى ئەم ئەزمونى حومكڕانیە خۆماڵیە كوردیە بێت دوور لە بیركردنەوە لە بەرژەوەندى تەسكى سەركردە و بنەماڵە و حیزب و ناوچە و عەشەرەتچێتى, بەڵام پڕاوپڕ بێت لە گیانی كوردانەى ڕاستەقینە و ڕەسەن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە