یاسا و مردن

Sunday, 05/09/2010, 12:00

1420 بینراوە


لاى هەمووان روون و ئاشكرایە كەهەر ووڵاتێك و گەلێك یاسا پەیرەو بكەن پێش دەكەون و هاوولاتیەكانى لەژیانێكى ئارام و یەكساندا ژیان بەسەردەبەن ، زۆرن ئەو قسە و ووتانە كەدەربارەى یاسا لەم هەرێمەى خۆمان دەوترێت تەنها بۆمەسەلەى بریقەداركردنى پرۆسەكانە و بۆرووپۆشكردنى ئەو كارانەیە كەنایاسایى و پێچەوانەى یاسان ، ووتە و دێرە شیعرەكان دەربارەى یاسا ووتن و ووتنەوەیان ئاسانە بەلام جێبەجێكردن و پەیرەوكردنیان بۆهەمووان بەیەكسانى بەتایبەتى لەكوردستان دەتوانین تائێستاش بڵێین مەحالە ، زۆرجار دەچینە فەرمانگەیەك ووتەیەكى بریقەدار دەربارەى یاسا لەسەركاغەزێك نووسراوە و لەدیوارەكانى فەرمانگەكە هەلواسراوە هەر لەهەمان فەرمانگەكەدا یاسا پێشێل دەكرێت كەجێگاى نیگەرانییە ، ئاشكرایە ماوەیەك لەمەوبەر یاساى قەدەغەكردنى جگەرەكێشان بەتایبەتى لەشوێنەگشتیەكان لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكراو گشتگیركرا بەسەر دامودەزگاكانى حكومەت و لەزۆربەى فەرمانگەكانى هەرێمیش ئاماژە بەویاسایە لەپۆستەرێكدا كراوە و لەدیوارەكانى فەرمانگەكە هەلواسراوە بەلام ئەگەر گوزەرێك بەناو خودى ئەو فەرمانگەیەدا بكەى دەبینى دەیان فەرمانبەرى ئەوفەرمانگەیە یاساكە پێشێل دەكەن و جگەرە دەكێشن ، ئەمە نمونەیەكى سادە و ساكار و واقیعى بەرچاومانە كەرۆژانە بەرچاومان دەكەوێت و كەسیش لێپێچینەوە لەومەسەلەیەدا ناكات ،لەلایەكیترەوە دەبینین هاولاتیەكى ئەم هەرێمە كەبەشێوەیەكى یاسایى كارەباى راكێشاوە كەتەنها تاكە موبەریدەیەكى هەیە بەلام سەرى مانگ دونیایەك پارەى بۆدێتەوە كەكورت هێنان دووچارى پرۆژەكانى دەبێتەوە كەبریاریداوە لەرێگەى مووچەكەیەوە جێبەجێیان بكات و لەولاشەوە بەرپرسێك بەنایاسایى چەندجۆرەكارەبایەكى راكێشاوە و دەیان سپلیت هەلدەكات بەلام كەسیش ناتوانێت لێپێچینەوەیان لەگەلدابكات و یەك دینارى كرێى كارەباش نادەن ئاخر ئەمە كەى یاساسەرەوەرییە ؟ لەكوردستان یاسادەركردن ئاسانە بەلام جێبەجێكردنى ئەستەمە بەهۆى ئەوەى حزب دەستى خستۆتە نێو كون و كەلەبەرەكانى دامودەزگاكانى حكومەت ، لەكوردستان زۆرجار یاسایەك دەردەكرێت بەلام تەنها بەسەر هەژاران جێبەجێدەكرێت و توێژێكى كەمى نێو كۆمەلگە دەگرێتەوە ، زۆرجار نایەكسانى لەجێبەجێكردنى یاساكان بەسەر تاكەكانى ئەم هەرێمە نیگەرانى لێدەكەوێتەوەو زۆرجاریش ئینتیماى نەتەوەیى بۆخاك و خەلك كەمدەكاتەوە ، پێویستە بپرسین كێ بەرپرسە لەجێبەجێنەكردنى یاسا بەشێوەیەكى یەكسان بەسەرهەمووتاكەكان؟ كاتێك شوفێرێكى سادە سەرپێچیەك دەكات راستەوخۆ لەلایەن براى پۆلیسى هاتوچۆوە ژمارەكەى تۆماردەكرێت بەبرێك پارەى دیاریكراو سزاى دەدات كەلەیاسادا هاتووە بەلام ئەگەر بەرپرسێك رۆژانە سەدان سەرپێچى لەیاساكانى هاتوچۆدا بكات پۆلیسى هاتوچۆ تواناى ئەوەى نیە لێپێچینەوەى لەگەڵدا بكات !!! ئەگەر بمانەوێت لەژێر سێبەرى یاسادا پشوو بدەین ئەوا دەبێت یاسا سەروەربێت و بەشێوەیەكى یەكسان بەسەرهەمووان دا جێبەجێبكرێت جیاوازى لەنێوان كەسدا نەكات ، بۆیە من خۆزگە دەخوازم یاسا لەم كوردستانەى خۆمان وەكو مردن وابوایە كاتێك كەهات كەس نەناسێت و جیاوازى لەنێوان كەسدا نەكات چونكە تەنها مردنە كەكەس ناناسێت و جیاوازى لەنێوان كەسدا ناكات و لەكەسیش ناترسێت و سڵیش لەكەس ناكاتەوە ، بۆیە باهەموومان پابەندى یاساكان بین و داواش لەحكوت بكەین كەلەكوردستان تەنها یاسا سەروەربێت نەك ئینتیماى حزبى و خزمایەتى و خێلایەتى ، باهەمووانیش لەرێگەى رێكخراوەكانى كۆمەلگەى مەدەنیەوە فشاربخەینە سەردەزگاكانى حكومەت بۆئەوەى دادپەروەرى بكەن لەجێبەجێكردنى یاساكان بەسەر هەمووتاكێكى ئەم كوردستانە بەبێ جیاوازى .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە