وێنەکەی مەلا مستەفا لە پەرلەمان بهێننە خوارەوە...!

Sunday, 12/10/2014, 12:00

2343 بینراوە


هەڤاڵبەندیی، لەسیاسەتدا، مێتۆدو ئامرازێکە هەر دەوڵەت و هێزو لایەنێکی گەورە یان بچوک، پەنای بۆدەبات و هیچ هێزێک چەندە مەزنیش بێت نییە پێویستیی بەهەڤاڵبەندیی نەبێت. و شێوازو ئاستەکانیشی پەیوەستەی بارودۆخ، کێشەو قەیرانەکان، پێگەو تواناکان، گەورەیی و بچوکی و گەلێک شتی تریشە. بەم واتایەی مرۆڤ بۆئەوەی شتێک کەنیەتی لەهەڤاڵبەندەکانی وەربگرێت، شتێک بەهەڤاڵبەندەکانی دەدات کە ئەوان نییانە، یان کەموکوڕیان هەیە. ئەمەش لە سوودی ئابووری و بازاڕەوە بگرە تا دەگاتە هاوکاری سەربازیی و بۆئەمەش مامەڵە لەسەر زۆرشتی وەک: بەکارهێنانی زەوی و ئاسمانی یەکتر، هاوکاریی دارایی، هاوکاری سەربازی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، پشتگیریی دیپلۆماتیکیی و هیتر دەکرێت... بەڵام هەندێک شت هەن کە هیچ لایەنێک مامەڵەی لەسەر ناکات وەک: خاک، خەڵک، چارەنووس، ئاسایشی نەتەوەیی، چوونە ناوشەڕێک کەهی ئەو نییە... بەم واتایەی هیچ کەس و لایەنێک لەپێناو بەدستخستنی شتێک چەندە گەورەو پێویستیش بێت ناچێت خاکەکەی خۆی پێ ببەخشێت، یان مرۆڤەکانی خۆی لەناو ببات، ی یان چارەنووسی خۆی و ئەو خەڵکەی نوێنەرایەتیان دەکات، بخاتە مەترسیەوەو ئەمانە پێیان دەگوترێت هێڵی سوور کە هەرگیز نابێ ببەزێنرێن وهەر لایەنێک پەنای بۆ ئەم کارانەبرد، ئیتر لەچوارچێوەی هەڤاڵبەندیی دێتە دەرێ و چەمکەکانی تری وەک: خیانەت، خۆفرۆشی، بەکرێگیراوی... بەسەردا تەتبیق دەبێت.
لەدیرۆکی سیاسیی هەر دەوڵەت، و نەتەوە، وهێزێکدا، هەم هەڤاڵبەندیی، بەواتا ستانداردەکەی، و هەمیش خیانەت هەبوون و دەبن. جار هەیە خیانەتکاریی بەکەسێک یان گروپێکی بچوک و بەتەنیا قۆناغێک سنوورداردەبێت. جاری تریش لایەنێکی خاوەن هێزوتوانا ئەم کارە دەکات و بۆی دەبێتە نەریت. و لەناو نەتەوەی کوردیشدا هەمیشە لەئاستی جۆربەجۆردا هەڵەی سیاسیی واهەبوون گەیشتونەتە ئاستی خیانەت، و پاشان ڕاستکراونەوە. هەشبووە بەردەوام دووبارەبۆتەوە.
لەناو کوردا ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەنێوان دوو چەمکی هەڤاڵبەندیی و خیانەتدا زۆر دێت و دەچێت. و ئەم پارتە بەدرێژایی ژیانی سیاسیی خۆی، هەمیشە خۆی لەپاڵ دەوڵەتێکدا حەشارداوەو، بەردەوامیش بەپێی هەلومەرج و بەرژەوەندییەکان دەیانگۆڕێت. دەوڵەتەکانی وەک: عێراقی سەدام حوسێن، ئێرانی شا و کۆماری ئیسلامی، تورکیا، سوریای حافز ئەسەد، لیبیای قەزافی، ئیسرائیل، ئەمەریکا، یەکیەتی سۆڤیەت... ئەو دەوڵەتانە بوون، کە پارتی پشتی پێ بەستوون یان خۆی پێیانەوە هەڵواسیوە. زۆر ئاشکرایە کەپارتی ئەم سیاسەتەی خۆی نەشاردۆتەوەو خستوێتییە چوارچێوەی هەڤاڵبەندییە و مرۆڤ ڕاستیش بێژێ، سوودێکی باشی لەم کارەی بەدەستخستووە و هەر ئەمەشە کەتائێستا ئەم پارتەی بەسەر پێوە ڕاگرتووە. و ئەگەر لەسۆنگەی سوودمەندییەوە هەڵی سەنگێنین، کارێکی زۆر ئاساییەو هەموو هێزە کوردییەکانی تریش پەنای بۆدەبەن. ئیتر چما هێندە ڕەخنەو تۆمەت ئاراستەی پارتی دەکرێت..؟
بۆئەوەی بەباشی وەڵامی ئەم پرسەی سەرەوە بدەینەوە، دەبێ وەڵامی دوو پرسیاری تریش بدەینەوە، یەکەم: بۆچی لەناو تەواوی پارت و هێزە سیاسییەکانی چوارپارچەی کوردستاندا پارتی تاکە حزبێکە کە لەسەر خواستی دەوڵەتێک شەڕی تەواوی لایەنە سیاسییەکانی تری کوردستانی لەدەرەوەی سنووری هەرێمیی خۆیدا کردووە..؟ هەروا بۆچی پێشمەرگەکانی پارتی (لەگەڵ ڕێزدا بۆ ناوو شکۆی پێشمەرگە)، ترسنۆک، و بێتواناو بێ ورەن؟
بۆوەڵامدانەوەی ئەم دوو پرسە دەبێ بگەڕێینەوە بۆسەرەتای دیرۆکی پارتی. هەموو دەزانین کە ئەم حزبە بەبێ پێوەلکاندنی تۆمەت و سوکایەتی پێکردن بەڵکو وەک ڕاستییەکی دیرۆکی، لەناو خێڵێکەوە پەیدا بوو، پەنابردنیشی بۆچەک هیچ پەیوەندییەکی بە کوردایەتیی و ماف و ئازادییەوە نەبوو. بەڵکو کێشەی داکۆکیکردن لە پارێزگارییکردنی قەوارەی خێڵ و هەوڵدان بۆ پاراستنی هەژموونی ئەو ماڵباتە بەسەر خاک و خەڵكێکەوە کەلەلایەن دەسەڵاتی سیاسیی حکومەتی عێراقی سەردەمی پاشایەتیەوە ڕووبەڕووی هەڕەشەو مەترسیی دەبۆوە. ئەمەش هیچ کەموکوڕیەک نییەو هەر شۆڕشێک دەتوانێ بەمجۆرە دەستپێبکات و پاشان بە پلەی شکۆمەندی بگات.
کاتێک هەلومەرجێکی نوێ لە مهاباد هاتە کایەوە، مەلامستەفا بەخۆی وچەندسەد چەکدار بۆپاراستنی گیانی خۆی کەلەباشووری کوردستان لەلایەن ڕژێمی پاشایەتییەوە تەنگەتاو کرابوو پەڕیەوە مهاباد، و لەوێ هەلومەرجێک لەئارادابوو کە چەکدارەکانی ئەو وەک پشتیوانێک قبوڵکران و ئەرکی پاراستنی ئەوکۆمارە بەو سپێردرا. بەڵام کاتێک کۆمار ڕووبەڕووی مەترسی بۆوە مەلامستەفاو هێزەکەی فیشەکێکیان نەتەقندو لەڕێگای ئاوی ئاراسەوە بۆیەکیەتی سۆڤیەت هەڵات. کەچی ئەم هەڵاتنەی بۆکرا بەئەفسانەی سەرکەوتن و عەقڵی سادەو پاکی کوردیش باوەڕی بەم ئەفسانەیە کردو هەمیشە مەلامستەفا وەک سیمبۆلێکی قارەمانیی لەمێشکیدا چەسپا. و کاتێکیش لەسۆڤیەت هاتەوەو دواتریش شۆڕشی مەزنی ئەیلول دەستی پێکرد، شۆڕش خاوەنی دووئاست بوو، ئاستە جەماوەرییەکەی ، ورەبەرز، ئازا، لەخۆبووردو، بەباوەڕو خاوەن متمانە بە ڕێبەرایەتییەکەی کە لەکەسایەتی مەلامستەفای بارزانیدا بەرجەستە دەبوو. وهەر کەس پێیوابوو سەرکردەیەکی وەها لەجیهاندا وێنەی نییەو، هەرچی بیکات ڕاستەو سەکەوتن حەتمییە. بەڵام ئاستی دووەم: ڕێبەرایەتییەکەی، نەزان، بێتوانا، دواکەوتوو، پشتبەستوو، بەهێزی دەرەکی بەتایبەتی ئێران. و لەتەواوی چەندساڵی شۆڕشی ئەیلولدا ئەوەی قارەمانی دەنواند کەسانی دڵپاک و فیداکاری ئەم خاک و نەتەوەیەبوون، و هەرگیز نەمەلامستەفاو ناپارتی، نەخاوەنی ئایدیۆلۆژیاک، و نەپلان و پرۆژەیەک، و نە مەشقێکی سەربازیی، نەدامودەزگایەک... بوون. تاکە دەزگا پاراستن بوو، کەهەتا ئێشتاش بەهەمان شێواز بەردەوامە. دەنا حزبەکە لەشێوازی دامەزراوەی خێڵ خەڵکێکی ملکەچی بێ ئیرادە و بێدەنگ. بێگومان خەڵکێکی وا نە خاوەنی ورەدەبێت، و نەدەشزانێ چی بەچیە. هەربۆیە ڕێکخراوێکی وا ناتوانێ ببێتە خاوەن هێزێکی خودی کارییگەر گەرچی لەڕواڵيتیشدا و لەڕووی ژمارەوە خەڵكێی زۆری لەدەورە بێت کە بەشی هەرەزۆریان بەپارەو دەستکەوتی مادی ڕاگیراون. لەئاکامدا ئەو حزبە هیچی بۆنەمابۆوە جگە لەوەی خۆی بەدەوڵيتێکەوە هەڵپەسێرێت. بەڵام ئەو دەوڵەتانە بەهایان لەپارتی و مەلامستەفا دەخواست کە هەمیشە بێ دوودڵی ڕایان دەپەڕاند. شا بەمەلامستەفای گووت، سلێمانی موعینی بکوژێت، بێ سێودوو کوشتی. ئێرانی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر داڵدەدانی پارتیدا خواستی بە گژ دیموکراتیاندا بکات لەکاتێکدا دیوکرات لە دۆخی ڕاپەڕین و شۆڕشدا بوو، ئەمەشیانی کرد، پاشان هەلومەرج گۆڕانی بەسەردا هات و لەباشووری کوردستان ڕاپەڕینی خەڵک بەرپابوو، پارتی هیچ ئاگای لێ نەبوو، بەڵام ئەوان کەخاوەنی چەک و پارەو پشتیوانی دەرەکی بوون هاتنە سەر حازری، و ئەمجارەیان خۆیان بە تورکیا سپارد و ئەوانیش داوایان لێکردن دژی شۆڕشی باکوور نبنەوە ئەمەشیان بەوپەڕی نامەردیەوە ڕاپەڕاندو دەیان ڕۆڵەی کوردی قارەمانیان کوشت و چەندان کێشەو دەردی سەریشیان بۆ خوڵقاندن. ئەمە جگە لە شەڕەکانی ناوخۆش کە پتری بە خواستی دەوڵەتانی داگیرکەر بەڕێوەدەچوو.
بەمجۆرە پارتی بۆتە حزبێک کەبێ پشتیوانی دەوڵەتێک هەرگیز ناتوانێ خۆی بەپێوە بگرێت، و لەئاکامدا ئەندامەکانی ئەم حزبە بە پێشمەرگەکانیشییەوە بێ ئیرادە، لاواز، خۆپەرەست، دڵچەرێن، نەوسن، گەندەڵ، چاوحیز... کە خواردنی ژەمە نانوکەباب یان سەروپێیەکیان لاگرنگترو بەبایەخترە لەگوندێکی کوردستان کە بکەوێتە دەستی داعش. و بەئاسانی دەتوانن واز لە گوندەکە بهێنن بەڵام ناتوانن بەسەر نانوکەبابەکەدا بازدەن.
پارتی هیچی نییە، تەنانەت تاکەسەروەریەکیش. هەرچی شکۆمەندییەکیش لەشۆڕشی ئەیلولدا هەیە، هەرچی شەڕی گرنگ و قارەمانانەیە، یان ئەفسەرە عەرەبە شیوعییەکان ئەنجامیانداوە، یان بەدەستپێشخەریی و فیداکاریی شەخسی بووە. هەربۆیە پارتی ئەفسانە بۆخۆی دادەتاشێ و شتێکی هێناوەتە گۆڕێ ناوی ناوە ڕێبازی بارزانی.
مەلامستەفای بارزانیش تەنیا بەکەڵکی ئەوە دەهات ئاغای دێیەکی بچوک بێت، بەڵام ڕۆژگارو ڕێکەوت، شتی چاوەڕواننەکراویان تێدایەو جارهەیە وەک بیتاقەی یانسیب بۆکەسێک دردەچێت، دەبێتە خاوەن پلەو پایەیەک بۆخۆشی نازانێ چۆن پێی گەیشتووە.
ئەو لەئاستی خوێندەواریدا کۆلکە مەلایەک بوو، بۆسەردەمی خۆشی بەنەخوێندەوار حساب بوو. لەتەواوی ژیانیدا نەک هەر هیچی پێ نەنووسرا، بەڵکو پەرتووکێک و بگرە وتارێکی نەخوێندەوە. ئەمەش بەمەدا دەسەلمێ. کەلەژیانیدا نەکورتە وتارێکی نووسی، نەچەند خولەک قسەو لێدوانی واتاداری پێ کرا. و تەواوی کاتی خۆی بەدرووستکردنی دارسەبیلە پڕدەکردەوە.
ساڵی ١٩٦٣ من منداڵ بووم مەلا مستەفا هاتە قەڵادزێ و شار بۆ پێشوازی خرۆشا. بەڵام کاتێک ئەو ڕووبەڕووی خەڵکەکە بۆوەو خەڵک لەچەپلەڕیزانیان دا، نەیتوانێ دوو دەستەواژەی بەکەڵک و بێ کەڵک وەک هەرکەسێکی ئاسایی بڵێت و تەنیا گووتی: چەپەچەپ مەکەن چەپەچەپ مەکەن..! و تەنانەت لەتەواوی کۆبوونەوەو کۆنگرەکانی پارتیشدا هەرگیز دوو وشەی لەپاش بەجێنەماوە. و کاتێکیش دەزانن هیچی نییە تا بۆی بکەن بەدیرۆک، دێن و دەچن و دەگەڕێن و خۆیان دەگوشن، لەئاکامدا شتێک دەبیننەوە، ئەها بارزانی نەمر هێندە خاوەن کەسایەتی بوو، کە هەرگیز نەچووە بەغداو هەمیشە لەبەغداوە دەهاتن بۆلای ئەو. ئاخر کەسێک دوو قسە نەزانێت بچێتە بەغدا چی بکات..؟ لەمەش بترازێت ئەو نەچۆتە بەغدا بەڵام وەک دکتۆر مەحمود دەگێڕێتەوە مەلامستەفا دەچێتە لای شاو یەکسەر دەستی ماچ دەکات. چ کاتێکیش؟ ئەوکاتەی شا پشتیوانی خۆی بۆ شۆڕشی ئەیلول ڕاگرتووە. ئەمە کەسایەتی مەلامستەفا بوو کەچی کاتێک دەیانگووت مەلا مستەفا لەسەر کورد گوێی ستالینی گرتووە، باوەڕمان دەکردو تەنانەت دەگوترا بە پاڵ تانکێکی لەسەر گردێک فڕێداوەتە خوارێ باوەڕمان بەمەش دەکرد.
ڕیبازی بارزانی ڕێبازی هەڵاتنەو ئەم قسەیە بەهەوای شان ناکەم ئەو دیرۆکە درۆیەی نەوەکانی بۆیان نووسیوەتەوە، دەیسەلمێنێ. و تەواوی ژیانی بریتی بووە لەهەڵاتن و مەیدان چۆڵکردن و چوونە باوەشی داگیرکەرێکەوە. و ئەم پارتەی ئەمڕۆش ئەمەکدارانە هەمان ڕێباز پەیڕەودەکاتەوە.
کوبانێ جیهانی هەژاند، و هەزاران فارس و عەرەبی ئازادیخواز بەدەنگ هاتن. ویژدانی ئەوان نەبێت. کوبانێ خەوی لەچاوی دانەدانەی گەورەو بچووکی کوردانی جیهان حەرامکرد، هی ئەوان نەبێت. کوردێک نییە پارووەنانێکی ئارامی بەقوڕگدا بچێتە خوارێ، کەچی ئەوان هێشتا خەمی نەوت و پارەیانە.
نێچیر دەچێتە تورکیاو بێئەوەی شەرم بیگرێت دەڵی ئێمەو تورکیا پەیوەندی ستراتیژیمان لە نێواندایە. ئاخر مرۆڤێک خاوەن پێگەیەکی سیاسیی ئاوا، و لەڕۆژگارێکدا کە کوبانێ بەپلانی دەوڵەتی تورک سەردەبڕدرێت، چەتەکانی داعش بەپاڵپشتی تورکیا ئاگربارانی کوبانێ دەکەن و ڕۆژانە لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە نامرۆڤی ئەردۆگان دەبینین کە شارێک بەبەر چاوی تانکەکانی تورکیاوە ڕەشەکوژ دەکرێت کەچی کاردانەوەکەی ئەمەبێت کە پەکەکەو داعش وەکویەک وان، خەڵکی کوبانێ با کوردیش نەبن و بەشێک لەخاکی کوردستانیش نەبێت، مەگەر مرۆڤ جانەوەرێکی دڕندەو بێ ویژدان بێت دەنا بەو بێباکیە دەبێتە دۆستی وڵاتێک کەداعش بەگژ مرۆڤایەتیدا بکات.
حەرامتان بێت پارەی نەوتێک بەم ڕەزیلییە بیفرۆشن. حەرامتان بێت دەسەڵات و پێگەیەک بەم بێ غیرەتییە مسۆگەری بکەن. کوردان هەتا دیرۆک هەیە شانازی دەکەن کەخاوەنی کوبانێن، و شەرم دەکەن کە پارتی و بارزانیش ناویان لەگەڵ ئەواندا دێ.
مەلا مستەفاش شایستەی ئەوە نییە وێنەکەی لەپەرلەمان هەڵبواسرێ، ئەو سیمبۆلی نەتەوەیی نییەو سیمبۆلی هەڵاتن و ترسنۆکیی و بێ غیرەتییە. وێنەی شەهید هەر شەهیدێک بێت، شایستەی ئەوەیە ببێتە سیمبۆلی نەتەوایەتی و ئەم وێنەیە بهێننە خوارەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە