کۆمەکی وڵاتان بۆ داعش، بۆ تێک شکاندنی شۆڕشی ڕۆژئاوی کوردستانە

Friday, 13/06/2014, 12:00

1740 بینراوە



 پەیەدە ئەو پارتە تەواو جیاوازەیە کە ئامادە نیە ببێتە بەکرێگیراوێکی دەوڵەتانی ناوچەکە و زلهێزانی سەرمایەداری، بۆیە هەموو لایەک ئاگادارین لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردودا، چۆن دەوڵەتی فاشی تورکیا،بەڕابەرایەتی پارتە ئیسلامیەکەی ئەردۆغان بەردەوام دژایەتی پەیەدەی کردوە و لە ژێرەوە کۆمەکی بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کردوە،بێجگە لەوەی پشتی پەدەکەشی گرتوە لە دژایەتی کردنی دژی پەیەدە.
  وڵاتانی دیکەی سونە نشین،بە شێوازی دیکە کۆمەکیان بەو ڕێکخراوە ئیسلامیە سونەیە کردوە،تا لە ناوچەکانی سوریا بونیان هەبێت و دژی ڕژێمەکەی ئەسەد و بەرەی ئێران و پەیەدەش بجەنگن. جەنگی سوریا زیاد لە سێ ساڵە درێژەی هەیە و ئاگری جەنگە ماڵوێران کاریەکەش تا دێت بڵێسەی زیاتر دەکرێت، دیارە ئەوەی لە سوریا دەگوزەرێت نەک تەنها جەنگێکی ناوخۆییە، بەڵکو بۆخۆی جەنگێکی جیهانیە لە نێوان بەرژەوەندیە قازانج پەرستەکانی زلهێزانی سەرمایەداریدا، کە لە پێناو یەکلایی کردنەوە و هێز هاوسەنگی لە نێوان بەرەی دەوڵەتی ڕوسی چینی و ئێرانی و بەرەی دەوڵەتی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوادایە و تا ئێستا ئایندە تاریکەکەی دیار نیە، بەرەو کوێیتر هەنگاو دەنێت و هاوسەنگی هێزیان ئارامی دەگرێت لەو ناوچانەدا.
  سیستەمی سەرمایەداری، هەمیشە، بەبێ جەنگ و قەیران ناتوانێت درێژە بەتەمەنی خۆی بدات. قەیرانی بەناو دارایی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٨ وە تا ئێستا درێژەی هەیە و ئاماری بێکاری و برسێتی لە جیهاندا تا دێت ڕوو لە هەڵکشانە. لە نێو خودی وڵاتانی ڕۆژئاوادا، قەیران بەردەوامە و بە شێوەی جەنگێکی هێمن یەخە بە ژیانی ملیۆنان کرێکار و خەڵکی بەش مەینەت دەگرێت، وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژ هەڵاتیش، بەشێکی کاریگەرتریان لەو قەیرانە بەرکەوتوە لە چاو خودی وڵاتانی سەنتەردا. دیارە دەرئەنجامی ئەو قەیرانە و نەبونی چارەسەری ڕیشەییانە بۆ بنبڕکردنی کێشەی بێکاری و برسێتی، جەنگ، بەشێک دەبێت لە پڕ کردنەوە و بەرچاو تاریک کردنی کۆمەڵگا بەرانبەر بە بوونی قەیرانی ئابوری، بۆیە درێژەدان بەجەنگە تائیفی و مەزهەبی و داگیرکاریەکان لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکاوە درێژەی دەبێت و هەر جارەی لە وڵاتێکەوە سەردەردێنێت و ژیان و گوزەرانی ملیۆنان لە دانیشتوانی وڵاتی خزێنراوە نێو جەنگ وێران دەکات.
  ململانێی نێوان دەوڵەتی روسیا و ئۆکرانیا، بەشێکی ترن لە درێژەدانی قەیرانی  نێو جیهانی سیستەمی سەرمایەداری، بەڵام هەڵگیرسانی جەنگی ڕاستەقینە لە ئەوروپا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، هەروا کارێکی ئاسان نیە و لەلایەن خودی خەڵکی مەدەنی و بزوتنەوە کرێکاریەکانەوە قابیلی قبوڵ کردن و چونە ژێر باری نیە، وەک چۆن کۆمەڵگاکان لە جەنگی یەکم و دەوەمی جیهاندا خرانە نێو جەنگی نەخوازراو و ماڵوێرانەکەرەوە. بۆیە سەرانی خاوەن شریکەتە باڵاکان کە بەشی سەرەکین لەنێو سیاسەتی دەوڵەتی حاکمدا، ئەو قەیرانانە وەدەر دەخەن لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕووی وەردەچەرخێنن بۆ نێو وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ئاسیای ناوەراست و وڵاتانی ئەفریقا، کە تا ئێستاش کار بە سیستەمی کۆیللایەتی تەواوی کۆمەڵگا دەکرێت و دەسەڵاتەکانیش بە کۆی گشتیان بەکرێگیراوی  بنەڕەتی وڵاتانی زلهێزی سەرمایەدارین. عێراقیش، وەک وڵاتێکی پەرتەوازە و وێرانکراو، لەنێو بارودۆخێکی هەمانشێوەی وڵاتی سوریادایە و گەمەکەرانی زلهێز بە ئەندازەیەک ئامادەییان هەیە، یان لە ڕێگای وەکیلە ناوخۆییەکانیانەوە درێژە بەو جەنگە ماڵوێرانکەرە دەدەن.
  من وای دەبینم، ئەو ئەڵتەرناتیڤە وا قعیەی کە ئاپۆ هەیەتی لە جێگرتنەوەی بۆ سیستەمی سەرمایەداری،یانی کۆمەڵگای شارستانی دیموکراتی، باشترین ئەڵتەرناتیفە بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان لەو بندەستیەی تێی کەوتون لە ماوەی سەدان ساڵ لەمەو بەرەوە، شۆڕش لە پێناو سەرکەوتنی ئەو ئەڵتەرناتیڤە واقعیەیە، کە کۆی سیاسەتی دەوڵەت نەتەوە ڕەت دەکاتەوە، وە لە جێیدا کۆمەڵگای خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی جێگا دەگرێت، باشترین و زانستیانە ترین چارەسەرن بۆ دوور خستنەوەی کۆمەڵگاکان لە جەنگ و ئایدیای ڕاسیستی و شۆڤێنستیانە. ڕۆژئاوای کوردستان نمونەیەکە لەو ئەڵتەرناتیڤە. بەڵام، ئەو ئەڵتەرناتیڤە،بۆ سیستەمی سەرمایەداری بە خەتەری هەرە سەرەکی دەبینرێت، بەتایبەتیش لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا،(چونکە سیستەمی سەرمایەداری هێشتا زۆرترین قازانجی ئابوری خۆی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتەوە وەدەست دێنێت) پێگەی هێزە قەومی و ئیسلامیە سیاسیەکان،بەکۆیان،بەشێکن لەو کۆمەک کردنەی کە دەستی دەوڵەتانی زلهێزی سەرمایەداری لە پشتیانەوەیە،لە هێشتنەوەو درێژەدانیان و تەنانەت بە جەنگدانیان دژی یەکتریش.
  ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، باشترین داردەستە بەدەست دەوڵەتانی ناوچەکە و زلهێزانی جیهانەوە، تا لەو ڕێگایەوە شکست بەبەرەی یەکسانیخوازی پێکاکا بهێنن  و کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتیش بۆ دەورەیەکی نادیار بخرێتەوە نێو پێکدادانە مەزهەبی و قەومیەکانەوە. عێراقیش، یەکێکە لەو وڵاتانەی،هەردەم، بەرەی ئەو جەنگەی تێدا گەرم دەکرێت. من دڵنیام لەوەی، سبەی داعش، پێگەی خۆی قایم کرد لەو ناوچانەی ئێستا خستۆنیەتە ژێر دەستی خۆیەوە،بۆ دوو سبەی هێرشە وەحشیەکانی تونتر دەکات بۆسەر خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و هێزی پەیەدە و یەپەگە، چونکە ئەم بەکرێگیراوانەی داعش، خۆیان بە دووژمنی سەرسەختی پەیەدە دەزانن،وە دەزانن سەرکەوتنی پەیەدە،بەمانای مردنی ئەوان و بەرنامە جەنگەڵستانیەکەیان دێت. بۆیە، پشتیوانی کەرانی داعش، کۆی دەوڵەتانی دڕندەی ناوچەکەن لەگەڵ، دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەتی ئەمەریکاشدا.
  مرۆڤ دەبێت وریایانە خوێندنەوە بۆ ئەم هەلومەرجەی ئێستا بکات و بەو وتانە هەڵنەخەڵەتێ کە گۆایە ئەمەریکا دژی داعش و ئەلقاعیدەیە. هەزاران، پیلانی ژێر بەژێر هەیە لە نێو ستراتیجی دەوڵەتانی زلهێزدا بۆ قایم کردنی پێگەی سیاسی و ئابوری خۆیان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، کە کۆی پێگە ئابوری و سیاسیەکانیان بۆ دەیان ساڵی ئایندە بەهێز دەکەن و لەم نێوەدا،خەڵکێ زەحمەتکێش و هەژارکراو دەبێت باجەکەی بدات و، بەرەی بەکرێگیراوی قەومی و دینیش،تەنها گیرفانەکانی خۆیان پڕ دەکەن و دوژمنایەتی بێچارەسەر دەخەنە نێو عەقڵیەتی خەڵکە ژێر دەستەکەی خۆیان. سەدەی بیستویەک یان دەکرێتە سەدەیەک کە مرۆڤایەتی تێیدا دەگاتە ژیانی هەرەوەزی و یەکسانی خوازی دیموکراسیانە،یان کۆمەڵگا نوقمی بەربەریەتی ڕاسیستی و فاشیزمی نێو نەتەوەیی دەبێت، چونکە لەنێو سیستەمی سەرمایەداریدا،چارەسەری کێشەی هەژاری و چارەسەری کێشەی تەعەسوبی قەومی و دینی بەدەست نایەت،بەغەیری، توند کردنەوەیان نەبێت،توند کردنەوەش بەمانای جەنگی ماڵ وێرانکاری بەردەوام کۆتایی دێت.
 تاهیر حاجی حەسەن
 13/6/2014
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە