جامی جیهانی و جامی جیهانی عێراق!

Wednesday, 11/06/2014, 12:00

2098 بینراوە





سبەی پێنج شەمە ڕێکەوتی ١٢/٦/٢٠١٤ لە وڵاتی بەرازیل یاری جامی جیهانی دەست پێدەکات، ئەو یاریە پێم وابێت لە نێوان ٣٢ وڵاتدایە و بە ملیۆنان مرۆڤ لەم گێتیە، بینەری ئەو یاریە نێو نەتەوەییە دەبن، تا بزانن لە دوا یاریدا کێ براوەی یەکەم دەبێت. دیارە یاری تۆپ تۆپێن و وەرزشەکانی دیکە، گەر بۆ تەندروستی گونجاون ، لەلایەکی ترەوە، ئەو یاریانەش کراون بە کارێک بۆ وەدەست هێنانی قازانج بۆ وڵاتەکان و بۆ ئەو کۆمپانیا وەرزشیانەی کە ڕێک خەری تیپە وەرزشیەکانن. وە کۆی یاریزانەکانیش پشکی باشیان هەیە، لە پەیدا کردنی ئەو قازانجانەدا.
جیاوازیەک هەبێت لێرەدا، تەنها ئەوەیە، بینەری یاریەکان خەڵکی گشتی نێو کۆمەڵگان و بۆ تام و چێژ وەرگرتن لە یاریەکان و، بەتایبەتیش هەر لایەک پەیوەستە بەوەی ئەو تیپەی خۆشی دەوێت، خوازیارە بیباتەوە و لە دواساتدا کاسە زێرینەکە بەری ئەو تیپە بکەوێت کە ئەمی هەوادار بۆی لە بزەو دڵە ڕاوکێدایە. ئەم یاریە تۆپ تۆپێنە، وەک ئیشارەم پێدا، بینەرێکی زۆری دەبێت و هەر چوارسال جارێک دەکرێت و هەرجارەی لە وڵاتێکدا یاریەکە بەڕێوە دەچێت و، لێرەدا مرۆڤەکان کەمتر چاوەڕێی جەنگ و باری نائاسایی دەکەن، لەوەی لە دۆڕانی یەکێکیاندا، جەنگ بەرپا بکرێت و کۆمەڵگای تێدا بکرێتە سوتەمەنی.
یاری جامی جیهانی عێراق، تۆپ تۆپێنە ئاساییەکە نیە لە نێوان دوو تیپی وەرزشەوانیدا، بە پێچەوانەوە، ئەو جامی جیهانیەی لە عێراقدا هایە، جەنگێکە، کە سیاسیە نێونەتەوەییەکان تێیدا بەشدارن و خەڵکی عێراق، وەک یاری زانە کۆیلەکانی سەردەمی ئیمبراتۆریەتی ڕۆمایان لێکراوە و، هەرجارەی لایەک دەبێت بمرن و لاکەی تر دەپارێزرێت بۆ گێمێکی تر لە پێناو خۆشبەتی و سەرفرازی سیاسیەکاندا. کاتی خۆی وەک لە پەرتوکە مێژوویەکاندا و لە زۆر فلیمدا کە تەعبیر لەو سەردەمانە دەکات، دەبینرێت چۆن کەسێکی بەتوانا لە بەرانبەر شێردا دادەنرێت و دەدرێنە شەڕ، وە کەسایەتیە سیاسیەکانیش چۆن لە دوورەوە دانیشتون و دەست لەملانێی کەنیزەکەکانیان، چێژ وەر دەگرن لەو جەنگەی کراوە بەیاری. خەڵکی عێراقیش زەمانێکە، ئابەوشێوازە، خەڵکەکەی کراونەتە گاڵتەجاڕی نێو حیزبە دەسەڵاتدارە شیعی و سونی و قەومیەکان و لەگەڵ بەرەی داگیرکەری وڵاتانی جیهاندا، خەریکی درێژەدانن بەو گەمە قێزەونەیان.
جامی جیهانی ئەم جارەی عێراق، لە نێو دوو تیپی ڕاستەوخۆدایە و پێکهێنەرەکەی(بەرەی مالیکی و بەرەی داعشی هاشمیەکانە) ئەم دوو بەرەیە، خۆیان حەکەمە بنەڕەتیەکەش نین، بەڵکو، حەکەم لەودیوو سنورەکانەوە، ئیعازیان پێدەدات و ئاگری جەنگەکەیان پێ گەرم تر دەکات. ئەم جامی جیهانیەی لە عێراقدا بەردەوامی هەیە، ئیتر ملیۆنان لە مرۆڤی ئەم سەرزەمینە بینەری نین و ئامادە نین، لە کاتی خۆیان بگرن و دیقەتێک لەو وەحشیخانەیە بدەن، بەڵکو بینەری سەرەکی، ئەو سیاسیە چەتانەن کە گیرفانەکانیان هەمووی بە خوێنی ملیۆن لە مرۆڤی چەوساوەی عێراق پڕ کردوە و ئامادەش نین کۆتایی بەو یاریە نامرۆڤانەیە بهێنن. ئەو سیاسیە بەکرێگیراوە چەتانەی، خەڵکی سیڤیلی عێراقیان دابەش کردوە بەسەر بەرەی شیعی و سونی و تائیفیدا، ئەوان، گەورە دڕندەکەن لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی عێراق و هیچ جیاوازیەکیان لەگەڵ ئەو پاشا و سەرکردانەی سەردەمی ڕۆمدا نیە، کە دادەنیشتن و سەیری جەنگی نێوان شێر و مرۆڤی کۆیلەیان دەکرد.
سیاسیەکانی عێراقی نوێ، پێکهاتەیەکن، لە چەتەی نێو دەوڵەتی نوێی بەرەی ئیسلامی سیاسی و بەرەی قەومی شۆڤێنی. بەرەی داعش بەهەموو پێناسەیەک بەرەیەکی یەکجار فاشیستین و دژی کۆی ئازادیە سەرەتاییەکانی مرۆڤن، ئەم بەرە چەتەیە، گەر، دەسەڵاتە دیکتاتۆریەکەی مالیکی و بەرەی شیعی مەزهەب نەبوایە، ئەوا ئەم چەتانە بەئاسانی نەیان دەتوانی سەردەربێنن و بگەڕێنەوە نێو مەیدانی جەنگ، تاوانبارە سەرەکیەکان ئەو دەسەڵاتە حیزبیانەن کە لە نێو دەسەڵاتدان و کۆمەڵگایان دابەش کرد بەسەر ئەو دوو مەزهەبەی ئیسلامدا. گەر ئەوان لە خزمەتی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی عێراقدا کاریان بکردایە، چۆن خەڵکی ئامادە دەبێت بەدەستی خۆی چەتە بێنێتە نێو ماڵی خۆیەوە؟ وا چەتەکان بەردەم دەرگایان لە خەڵکی سیڤیل گرتوە و ڕەشە کوژی دەکەن و، نامالیکیش تازە بەتەمایە چواردەوری پایتەخت بکاتە خەندەق. ئاخۆ هونەری خەندەق هەڵکەندن لە کوێدایە وا ئەو سیاسیانەی عێراق و باشوری کوردستان هێندە عاشقی بوون؟ ئاخۆ خەندەقەکان توانیان بەر بەبەرەی داعشی چەتە بگرێت؟ ئاخۆ خەندەقەکەی پارتی دژی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و پەیەدە بوو یان دژی نەهاتنە ناوەوەی بەرەی تیرۆریستان؟ ئەوە ئەرزی واقیع وەڵام دەداتەوە و بەرەی داعش لە جەنگدایە!
بابزانین ئەم یاریە نێونەتەوەییە نامرۆڤانەیە کەی کۆتای دێت و خەڵکی هیلاک کراوی عێراق هەناسەیەکی بێترس دەدات! من وادەبینم، ئەم یاریە نێونەتەوەییە لەگەڵ کۆتای هاتنی نەوتی ژێر زەوی عێراق و هەرێمی باشوری کوردستاندا کۆتایی دێت؟ ئاخۆ تا چەند ساڵی دیکە ئەو نەوتە بەکۆتایی دەگات؟
تاهیر حاجی حەسەن
١١/٦/٢٠١٤

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە